ڕۆژی چوارشهممه ١٢ی مانگی گهلاوێژ، لە مەراسیمێکی شکۆداردا بە دروشمی “زامی شەنگال و ئێزیدییەکان بە ئاوەدانکردنەوە ساڕێژدەبێت” هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە سلێمانی کرایەوە و تێیدا چەندین وێنەی ئەو کۆمەڵکوژییە نمایشکرا.
ڕۆژی چوارشهممه لە هۆڵی “خاک” لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانییانی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی شەنگال، مەراسیمێک بە دروشمی ” زامی شەنگال و ئێزیدییەکان بە ئاوەدانکردنەوە ساڕێژدەبێت” بەڕێوەچوو. لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی نمایشکرا کە ١٠٠وێنەی چرکەساتی ئەو کۆمەڵکوژییەی لەخۆگرتبوو، دواتر چەند وتارێک پێشکەشکرا و تێیدا جەخت لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ئاوارە ئێزیدییەکان بۆ سەر زێدی خۆیان کرایەوە ، هەروەها داوای پاراستنی سەقامگیری شەنگال، قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال لە حکومەتی عێراق کرا.
