ڕۆژی سێشه‌ممه ١٢ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ چه‌نده‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له ڕێگه‌ی په‌هبادی ئینتحاری و تۆپخانه‌وه به چڕی بۆردوومان كرد.
به‌پێی زانیارییه‌كان، سپای پاسداران له ڕێگه‌ی په‌هباده‌وه بنكه‌كانی حیزبه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی بۆ جارێكی دیكه بۆردوومان كردووه و ناوچه‌كانی “به‌ربه‌زین” و شه‌ش گوندی ناوچه‌ی سیده‌كانی له هه‌رێمی كوردستان تۆپباران كرد. به‌وته‌ی به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌دان كه‌س به‌هۆی بۆردوومانه‌كانی سپای پاسدارانه‌وه ناچار بوون ماڵ و حاڵیان به‌جێ بێڵن. جێگای ئاماژه‌یه كه له ڕۆژی ٢ی مانگی ڕه‌زبه‌ره‌وه هێرشه تۆپخانهیهكانی سپای پاسدران بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردووه و ڕۆژی شه‌شی ئه‌م مانگه‌ش به‌هۆی هێرشی په‌هبادی و تۆپخانه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر مه‌قه‌ڕی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ١٧ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ٥٠ كه‌سی دیكه‌ش به‌سه‌ختی برینداربوون.