دوای چەندین ساڵ خەبات و دەستکەوتی بەنرخ لە بواری بەڕێوەبردنی دێموکراتیکی کۆمەڵگا و مافی ژنان و هەروەها هاوپشتی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، ئێستا بزووتنەوەی ڕۆژئاوا لە یەکێک لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی خۆیدایە. ئەو گرژییانەی کە چەند مانگێک بوو بە نهێنی بەردەوام بوون، ئێستا بوون بە ململانێ و تێکهەڵچوونی ئاشکرا و چارەنووسی خەڵکی ئەو ناوچەیەی؟ خستووەتە دۆخێکی نادڵنیاییەوە.
هێزەکانی سووریای دێموکراتیک کە بە پاڵپشتی ئەمریکا ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شکستدانی داعشدا گێڕا، لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانیان سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی تاڕادەیەک سەرکەوتوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دابمەزرێنن. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان لە سووریا و داڕمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەم هێزانە لەگەڵ ئاستەنگی نوێ بەرەوڕوو بوونەتەوە. حکوومەتی نوێی دیمەشق کە بە ڕێبەرایەتی ئەحمەد شەرع پێکهێنرا، ئێستا داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزە کوردییەکان و تێکەڵکبوونیان لەگەڵ ئەرتەشی ناوەند دەکات.
ئەم داواکارییە کە لەڕوانگەی هێزە کوردییەکانەوە بە واتای لەدەستدانی هەموو دەستکەوتەکانی چەندین ساڵە و بە شێوەیەکی گشتی تەسلیمبوونە بە پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوەند، لەگەڵ خۆڕاگریی و بەرخۆدانێکی جیددی بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەزموونی مێژوویی خەڵکی کورد لە ناوچەکە دەریخستووە کە ئەم جۆرە تەسلیمبوونە زۆرجار بووەتە هۆی پەراوێزکەوتن و سەرکوت و لەناوچوونی ناسنامەی نەتەوەیی. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی حکوومەتی سووریا توانیویانە بەشێکی زۆری باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بگرنەوە کە ساڵانێکە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دێموکراتدا بوو. ئەم پێشڕەوییە خێرایە لەکاتێکدا ڕوودەدات کە هێزە کوردییەکان ڕایانگەیاندووە بەرگری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەم هێزانە ئێستا لەژێر گەمارۆی چەندین گوشاردان.
لە لایەکەوە حکوومەتی ناوەندیی سووریا کە خۆی لە ژێر گوشاری تورکیادایە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی تەواوی سەرزەمینە کوردییەکان بەدەستەوە بگرێت، خوازیاری تێکەڵبوونی تەواوی هێزە کوردییەکانە لەگەڵ ئەرتەشی ئەو وڵاتە. لە لایەکی دیکەوە گرووپە میلیشیاکانی ژێر فەرماندەیی ئەحمەد شەرعیش هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک. ئەم گوشارە دوو لایەنە مەودای مانۆڕی بۆ ڕێبەریی کورد لە هێزەکانی سوریای دێموکراتیک بە توندی بەرتەسک کردووە.
یەکێک لە خاڵە ئومێدبەخشەکان لەم قەیرانەدا، بریتییە کاردانەوەی خێرا و بەربڵاوی خەڵکی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان. ئەو شەپۆلە پاڵپشتییەی کە لە شارەکانی کوردستانی عێراق و تورکیادا کەوتە ڕێ، نیشانەی هەستێکی قووڵی هاوپشتی نەتەوەییە لەنێو خەڵکی کورددا. دەیان هەزار کەس هەوڵیان داوە بە هەر جۆرێک بێت خۆیان بگەیەننە سنوورەکانی کوردستانی سووریا بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی کورد لەو وڵاتە. یەکەم شەپۆلی پشتیوانی جەماوەریی لە کوردستانی تورکیا سەرەڕای بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و ماشێنی ئاوپژێن لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە، توانی سنوور تێپەڕێنێت. ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە خۆڕسکە ئەوە نیشان دەدات کە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا لە سووریا تەنیا پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە خەباتێکی بەرفراوانتری خەڵکی کورد لە سەرانسەری ناوچەکە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی.
یەکێک لەو ئاڵەنگارییە جیددییانەی بەردەم بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، بریتییە لە قەیرانی شەفافییەت و متمانە. ڕاپۆرتەکان باس لە کۆبوونەوەیەکی ئاڵۆزی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزە دێموکراتیکەکانی سووریا و ئەحمەد شەرع دەکەن، دوای ئەوەی عەبدی ڕێککەوتنێکی ١٤ خاڵیی واژۆکرد. بەڵام وتەبێژی یەپەگە ئەو قسانەی ڕەتکردۆتەوە و بە “ناڕاست” ناوی بردووە. ئەم دژوازیانە هەڵگری وانەیەکی ڕوونن، واتە: لە کاتی قەیرانەکاندا دەنگۆ و شەڕی گێڕانەوەکان دەتوانن جێگەی سیاسەتی ڕاستەقینە بگرنەوە. هێزێکی کە داکۆکی لە مافەکانی خەڵک بکات، دەبێت شەفافییەت بکاتە پڕەنسیپی کارەکانی. هەر گفتوگۆیەک، هەر پێشنیارێک بۆ تێکەڵبوون یان پاشەکشە و هەر میکانیزمێکی ئەمنی، دەبێت تا ئەو جێگایەی ئیمکانی هەیە جەماوەری لێ ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکان لە پشت دەرگا داخراوەکان و بەبێ ئاگاداری خەڵک نەدرێن.
نەبوونی شەفافییەت نەک هەر متمانەی گشتی لەناو دەبات، بەڵکوو زەمینە بۆ دزەکردنی دەنگۆ و پڕوپاگەندەی دوژمنیش خۆش دەکات. لە ئاوا بارودۆخێکدا، پاراستنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەماوەر و بەرپرسیاربوون بەرامبەریان گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە. ڕەنگە تاڵترین بەشی ئەم قەیرانە سیاسەتی ئەمریکا بێت. ئەمەریکا کە ساڵانێک بوو هێزە کوردییەکانی وەک هاوپەیمانی سەرەکی خۆی لە شەڕی داعشدا بەکارهێنا، ئێستا هەنگاو بە هەنگاو لە پاڵپشتییەکانی بۆ ئەو هێزانە پاشەکشەی کردووە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەحمەد ئشەرع دا دروستکردووە. ئەم ڕەفتارە دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو سیاسەتەیە کە ئەمریکا لە مێژوودا چەندین جار بەرامبەر بە کورد بەکاری هێناوە.
سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەرگیز بەپێی پرەنسیپی ئەخلاقی دانەڕژاوە، بەڵکوو بەشێک بووە لە بەرژەوەندی ماددی و بەرجەستەی ئەم وڵاتە. ئەوانەی تا دوێنێ گەشبینییەکی ناواقیعییان هەبوو سەبارەت بە پشتیوانی ئەمریکا لە خەڵکی کورد، ئێستا بێهیوا بوون. بەڵام بۆ ئەم بێهیواییە زۆر درەنگە؛ ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە کە پشت بەستن بە زلهێزە دەرەکییەکان بەبێ بوونی ستراتیژێکی سەربەخۆ و پشتیوانی بەهێزی ناوچەیی، هیچی لێ سەوز نابێت. بزووتنەوەی خەڵکی کورد لە سووریا لە قۆناغێکی هەستیاردایە کە بڕیارەکانی ئەمڕۆ چارەنووسی نەوەکانی داهاتوو دیاری دەکات. ئەو ڕێگایانەی لەبەردەمدان زۆر نین بەڵام ڕوونن. یەکەم: پاراستنی یەکێتی و یەکڕیزی ناوخۆیی و شەفافییەت لە بڕیارەکاندا، دووەم: پتەوکردنی هاوپشتی لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان و بەهرەمەندبوون لە پشتیوانی جەماوەریی؛ سێیەم: گەڕان بەدوای ئەو ڕێگاچارە دیپلۆماسییانەی کە مافی خەڵک بپارێزێت بەبێ تەسلیمبوونی تەواو و چوارەم، ئامادەبوون بۆ بەرگریی ڕەوا لە کاتی پێویستدا.
ئەزمونی چەندین ساڵەی خۆبەڕێوەبەریی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەریخست کە ئەم بزووتنەوەیە توانا و پۆتانسێلی دروستکردنی پێکهاتەیەکی دێموکراتیک و فرەنەتەوەیی هەیە. ئەم دەستکەوتە نابێت بە ئاسانی لەدەست بدرێت. بەڵام پاراستنی، پێویستی بە وشیاری و واقیعبینی ستراتێژی دروست هەیە؛ ستراتیژییەک کە نەک لەسەر بنەمای گەشبینییەکی ساویلکانە بە زلهێزە دەرەکییەکان و نە لەسەر بنەمای تەسلیمبوونێکی بێ ئەملاولا بە گوشارەکانی حکوومەتی ناوەندی. چارەنووسی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا لە سووریا نەک تەنیا بۆ خەڵکی کورد لەو وڵاتە، بەڵکوو بۆ خەڵکی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت بۆ داهاتووی سووریاش گرنگە. پاراستنی ئەم دەستکەوتانە ئەرکێکە لەسەرشانی هەموو ئەو کەسانەی کە پابەندن بە ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکان.
