بزووتنەوەی دادخوازی، وەک یەکێک لە لقەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“، بەردەوام لەگەڵ کاربەدەستان و بەکرێگیراوانی ڕژیم لە ململانێ دایە. بنەماڵەی دادخوازان و بەتایبەتی ژنان و دایکانی ئەم بزووتنەوەیە بەهۆی خۆڕاگرییانەوە زۆرترین گوشاریان لەسەرە، بەڵام لەئاست ئەو زەخت و گوشارانەدا بەچۆکدا نەهاتوون. چاوخشاندنێکی کورت بەسەر دیمەنەکانی خەبات و بەرخۆدانی ئەم ئازیزانەدا، وانەی بەنرخی تێدایە. جەواد حەیدەری ئەندازیاری کشتوکاڵی، ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژ لە قەزوێن لە کاتی ناڕەزایەتی بە کوشتنی “مەهسا ئەمینی” لە لایەن گەشتی ئیرشادەوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا. ستادی فەرماندەیی هێزە ئینتیزامییەکانی قەزوین ڕێک دەکەوێتە بەردەم پارکی میلەت و وەک شایەتحاڵەکان باس دەکەن، یەکێک لە مەئموورەکانی ئەو ستادە تەقەی لە جەواد حەیدەری کرد: ” بنەماڵەی جەواد تەنانەت ناسنامەی تەقەکەرەکەشیان ئاشکرا کرد. پاشان بنەماڵەی ناوبراو لەلایەن جینایەیتکارانی ڕژیمەوە کەوتنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی بڵێن منداڵەکەیان بە سەکتەی مێشک گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەوان لە هەموو ڕوونکردنەوەکانیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە یەکێک لە مەئموورانی ڕژیم و بە فەرمانی فەرماندە جینایەتکارەکەی لە مەودایەکی نزیکەوە و لە پشتەوە تەقەی لە منداڵەکەیان کردووە. باوکی بەساڵاچووی جەواد و دوو برای ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژ دەستبەسەر کران و یەکێک لە براکانیشی دوای دەستبەسەرکرانی مانی لە خواردن گرت“. فاتمە حەیدەری خوشکی جەواد حەیدەری ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیوی: “ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکان پەیامێکی ڕوونی بۆ ئێمە تێدایە، زیاتر لەوەی کە ئێمە لە لەشکری پڕ چەک و چۆڵی ئەوان بترسین، ئەوان لە ئێمە دەترسن“. ناوبراو سەبارەت بە خۆڕاگریی بنەماڵەکەی نووسی، کاتێک هێزە ئەمنییەکان چەکەکانیان لەسەر ڕاگرتبوون، خوشکەکەی بوێرانە هاواری کرد و وتی “ئێمە لە گولەی ئێوە ناترسین“. فاتمە حیدەری هەروەها باسی پشتیوانیی خەڵک بۆ ڕزگارکردنی بنەماڵەکەی دەکات لەو ڕۆژەدا کە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەریان و دەڵێت: خۆزگە وێنەی ئەو خەڵکە فیداکار و قارەمانەم هەبوایە بۆ ئەوەی بیبینن کە چۆن بوێرانە و بە دەستی بەتاڵ هاتبوونە دەوروبەری گوندەکە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بکەن. ئەو گوشارەی کە سەرکوتگەران لەو ماوەیەدا خستوویانەتە سەر بنەماڵەی ئەندازیاری گیانبەختکردوو جەواد حەیدەری، نموونەیەکی ئاشکرایە. ئامانجی هەموو گوشارەکان ئەوە بووە و ئێستاش هەر ئەوەیە کە بنەماڵەکان واز لە خەبات و دادخوازی بهێنن. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ڕژیم لەم بوارەشدا بە تەواوی شکستی هێناوە. بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕوونکردنەوەکان، بەڕێوەبردنی بە کۆمەڵی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لەیادی گیانبەختکردووان، سەردان و دیدار و چاوپێکەوتنی ئامانجدار و سیاسی لەسەر ئاستی وڵات و سەرەنجام درووستکردنی ڕێکخراو، بەشێکن لەم واقیعییەتە. ئەو نموونانەی کە ئاماژەیان پێکرا تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا لە کوردستان شاهیدی بووین: ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بنەماڵە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کرماشان سەرەڕای هەوڵی بەکرێگیراوانی ڕژیم، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی سینا نادریدا کرد کە ساڵێک لەمەوبەر لە لایەن بکوژانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانی بەختکرد. ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەر، بنەماڵە و دۆستان و خەڵکی ناڕازی، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کەماڵ فەقیهی یەکێک لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان، لەسەر گڵکۆکەی کۆبوونەوە و یادیان بەرز ڕاگرت. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی نگین عەبدولمەلیکی، ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ئەم گیانبەختکردووەی ڕێگا ئازادی، لە سەر گڵکۆکەی لە شاری قوروە بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکارەکەی بەڕێوەچوو. نگین عەبدولمەلەکی لەدایکبووی شاری قوروە لە ئوستانی کوردستان و تەمەنی ٢١ ساڵ و هەروەها خوێندکاری بەشی ئەندازیاری_ پزیشکی بوو لە زانکۆی سەنعەتی هەمەدان، کە ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ بەهۆی زەربەی باتۆمی هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمەوە گیانی بەختکرد. هێزە ئەمنییەکان پەیوەندییان بە خوێندکارانی بەشەناوخۆیی و ئەندامانی بنەماڵەی نگینەوە کرد و هەڕەشەیان لێکردن کە درکاندنی هەر زانیاری و بەڕێوەبردنی بۆنە و مەراسیمێکی سیاسی، ئاکامی سەختی بۆیان دەبێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشە و چاو سوورکردنەوانە، بنەماڵەکەی لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و دانی زانیاری و دادخوازی پاشگەز نەبوونەوە.
ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەر بنەماڵەی سارینا سەعیدی لەگەڵ ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی شاری سنە لە سەرگڵکۆی ئەو تازەلاوە ١٦ ساڵانە کۆبوونەوە و ڕێزیان لە یادی گرت. چەند ڕۆژێک پێشتر بەکرێگیراوانی ڕژیم هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردووەی ڕێگای ئازادی کردبوو کە نابێ لە ساڵیادی گیانبەختکردنەکەیدا هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن. بەڵام ئەو بنەماڵەیە تەسلیمی ئەو هەڕەشانە نەبوون، لە ڕۆژی ساڵیادەکە دا دەرگاکانی ئارامستانەکە بە فەرمانی کاربەدەستانی ئیتلاعات داخران. بەڵام ئەندامانی ئەو بنەماڵانەیە و دۆستان و هاوڕێیانیان، چەند ڕۆژ دواتر، خۆیان گەیاندە سەر گڵکۆی جگەرگۆشە تازەلاوەکەیان و یادی گیانبازی و قارەمانەتی سارینایان بەرز ڕاگرت. ئەم گیانبەختکردووەی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بەهۆی بەرکەوتنی زەربەی باتۆمی جینایەیتکاران لەسەری، گیانی بەختکرد. بنەماڵە و بەتایبەت باوکی زۆرترین گوشاریان لەسەر بوو بۆ ئەوەی ڕاستییەکان نەدرکێنن و ئەوی ئیدارەی ئیتلاعات دەیڵێت، وەک واقعی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی باس بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بنەماڵە و کۆمەڵێک خەڵکی ناڕازی و خەباتکاری سەرپۆلی زەهاو لە سەر گڵکۆی ڕامین کەرمی کۆبوونەوە و وێڕای ڕێزگرتن لە یاد و ڕێبازی ناوبراو، نەفرەت و بێزاری خۆیان لەدژی جینایەتکاران و بکوژەکانی دەربڕی. ڕامین دانیشتووی شاری کرماشان بووە و ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ لە شۆڕشی ژینادا بە دەستی بەکرێگیراوانی ڕژیم گیانی بەختکرد.
لەماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ڕژیمی ئیسلامییەوە تا ئەمڕۆ، بە هەزاران کەس لە نەیارانی سیاسی ئەم ڕژیمە، هەرلە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە بگرە تا هەر دژبەرێکی دیکە و بەهاییەکان و بیرجیاوان تا سەرنشینانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، بە دەستی ئەم ڕژیمە گیانیان لەدەستداوە. ئەگەر بنەماڵەی ئەو قوربانیانە بەدرێژایی تەواوی ئەو ساڵانە هەوڵیانداوە کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەو جینایەتانەدا ناچار بە وڵامدانەوە بکەن، ئەمڕۆ لەگەڵ دەیان میلیۆن ئینسانی ئازادیخوازی تر، خوازیاری ڕووخاندنی ئەو ڕژیمەن.