لە ڕۆژژمێری خەباتی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژانی ١٨ تا ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٨ لە زومرەی ئەو ساتانەن کە تێیدا بزووتنەوەی خوێندکاری لە وەهمی “ڕیفۆرمخوازیی” ڕێژیمدا، باجێکی گرانیدا بۆ ئازادیخوازی. بیست و حەوت ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت، بەڵام ڕووداوەکانی ١٨ی پووشپەڕ هێشتاش وەبیرهێنەرەوەی لاچوونی دەمامکی درۆینەی ڕیفۆرمخوازیی لەسەر ڕوخساری ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە.
بەسەرهاتەکە ئێوارەی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٧٨ بە کۆبوونەوەیەکی هێمنانە لە بەشی ناوخۆیی زانکۆی تاران دەستی پێکرد. خوێندکاران دژ به پەسەندکردنی گەڵاڵەی سنووردارکردنی ڕۆژنامەگەری و ڕاگرتنی ڕۆژنامەی ڕیفۆرمخوازی “سەلام“، ناڕەزایەتییان دەربڕی. بەڵام وڵامی حکومەت، بریتی بوو لە هێرشێکی بێوێنە لە نیوەشەودا. هێزە ئەمنییەکان، سپای پاسداران بە جلی مەدەنی و گرووپەکانی گوشار ناسراو بە “ئەنساری حزبوڵڵا“، بە گەمارۆدانی بەشی ناوخۆیی زانکۆ، وەرزێکی خوێناوییان تۆمار کرد. بیستنی وردەکاریی ڕووداوەکانی ئەو شەوە ترسناکە مچورک بە لەشی هەر مرۆڤێکی شەریفدا دێنێت.
بەڵام دوای ئەو شەوە خوێناوییە خوێندکاران بێدەنگ نەبوون. ناڕەزایەتییەکان زانکۆکانی دیکەی تاران و شارەکانی تری وەک تەورێزی گرتەوە و بۆ یەکەمجار، دروشمی ئاشکرای دژە حکومەتی لە ئاستێکی بەربڵاودا لە شەقامەکاندا دەنگی دایەوە. ١٨ی پووشپەڕ، دەمامکی لەسەر ڕوخساری ڕیفۆرمخوازیی حکومەتی لادا و نیشانی دا کە پێکهاتەی دەسەڵات، هیچ چەشنە دەنگێکی نەیار، تەنانەت لە چوارچێوە پێناسەکراوەکانی خۆیشیدا، قبووڵ ناکات. لە مەودای نێوان ١٨ تا ٢٣ی پووشپەڕدا، ئەم سەرکوتکارییە ڕهەندێکی بەربڵاوتری بەخۆوە گرت، لانی کەم ٧ خوێندکار گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە ٤٠٠ کەس تووشی برینداری و زیانی جەستەیی بوون و سەدان کەسیش دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کران.
ترسی ڕژێمە ستەمکار و سەرەڕۆکان، چ پاشایەتی و چ ئیسلامی، لە زانکۆ ڕیشەیەکی قووڵی هەیە. زانکۆ بەردەوام شوێنی لەدایکبوونی هۆشیاریی سیاسی و چەقی پەروەردەکردنی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان بووە. لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، جگە لە قۆناغێکی کورت کە هەژموون لە دەستی ڕیفۆرمخوازانی حکومەتیدا بوو، ئەوە خوێندکارانی چەپ و سۆسیالیست بوون کە بزوێنەری ناڕەزایەتییەکان و ڕەنگدانەوەی داخوازییە ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگە بوون. زۆرێک لە هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە خەباتکار، ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکان لە زانکۆکان دەرچوون و قۆناغێک لە چالاکییەکانی خۆیان لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا بەسەر بردووە. خۆڕاگرترین زیندانیانی سیاسی لە هەردوو حکومەتی پاشایەتی و ئیسلامیشدا لە نێو ئەم بەشە لە خوێندکاراندا سەریان هەڵداوە.
بێهۆ نییە کە دیکتاتۆرەکان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خوێندکاری دەترسن و بە هەر شێوازێک بێت زۆر زوو دەستدەکەن بە سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتی خوێندکاران. ئەو ترسەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی چەپی خوێندکاری هەیانە، بەو ڕەوتی دژە خورافات، دژە دیکتاتۆری و دژە سەرمایەدارییە بەهێزەیەوە، ڕیشەیەکی قووڵ و مێژوویی هەیە. ئاخوندەکان، لەوانەش خومەینی، بە باشی دەیانزانی کە ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیست لە زانکۆدا لە هەوڵی کۆتاییهێنان بە چەندین سەدە لە بڵاوکردنەوەی خورافات، تاڵانکاری و گەندەڵیدایە.
لەبەر ئەوە، لە چل و حەوت ساڵی ڕابردوودا، بە خەرجکردنی هەزینەیەکی زۆر و زەوەند و بەکارهێنانی ئەشکەنجەگەران و کۆنەپەرستەکان، زۆرترین سەرکوتی تەبلیغاتی و ئەمنییان ئاراستەی خوێندکاران و موعەلیمانی چەپ و پێشکەوتنخواز کردووە. ئەم سەرکوتکارییە زەبری قورسی لە جەستەی کۆمەڵگە و زانکۆ داوە، بەڵام بۆ بەپرسانی داماو و سەرلێشێواوی ڕژێم، هیچ ئامرازێک جگە لە سەرکوت بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕۆڵی بەربڵاوی بزووتنەوەی خوێندکاری بۆ نەماوەتەوە.
ئەمڕۆ لە ساڵیادی ١٨ی پووشپەڕدا، دەزگای سەرکوت لە زانکۆکاندا بەوپەڕی توندوتیژییەوە چالاکە. کۆمیتەکانی ئینزیباتی بوونەتە ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی سیاسی، و خوێندکارانی ناڕازی، تەنانەت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکاندا، لەگەڵ سزاکانی وەک هەڵپەساردن، بێبەشکردن لە خوێندن و دەرکردن ڕووبەڕوو دەبنەوە. ئەمە نیشان دەدات کە بەرپرسانی داماو و سەرلێشێواوی ڕژێم، هیچ ئامرازێکیان جگە لە سەرکوتی ئاشکرا بۆ کۆنترۆڵکردنی زانکۆ بەدەستەوە نەماوەتەوە.
ئەگەرچی سەرکوت دەتوانێت بزووتنەوەکە بۆ ماوەیەکی کاتیی پاشەکشە پێ بکات، بەڵام ڕیشەکانی ناڕەزایەتی، بێ عەداڵەتی، هەڵاواردن، هەژاری و ستەمکاری لەناو نابات. زانکۆ بەردەوام وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی خۆڕاگریی دەمێنێتەوە. بزووتنەوەی خوێندکاری لە ساڵی ١٣٧٨ بەملاوە، بەرەبەرە جێگە و پێگەی شایستەی پێشووی خۆی لە بزووتنەوەی چەپدا بەدەست هێناوەتەوە، ڕەوتێکی کە گرێدرانی بە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و ژنانەوە، لە بزووتنەوەیەکی پیشەیی سنووردار بە زانکۆوە، بووە بە بەشێک لە ڕیزبەندییەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاوتر. ١٨ی پووشپەڕ، تەنیا یادەوەری کۆمەڵکوژییەک نییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە ئاگری ناڕەزایەتی خوێندکاران، ئەگەرچی چەندین جار لەژێر خۆڵەمێشی سەرکوتدا کپکراوە، بەڵام هەرگیز خامۆش نەبووە.
لە بەرامبەر ئەم گوشارەدا، سێ گۆڕانکاری گرنگ ئاسۆی بزووتنەوەی خوێندکاری پێکدەهێنن:
• یەکەم، بەدەستهێنانەوەی جێگە و پێگەیەکی ڕادیکاڵ: دوای قۆناغێک لە هێوربوونەوەی ڕێژەیی، بزووتنەوەی خوێندکاری لە ساڵی ٧٨ بەدواوە بەرەبەرە پێگە مێژووییەکەی خۆی وەک بەشێکی پێشڕەو لە بزووتنەوەی چەپ بەدەست هێناوەتەوە. ئەم بزووتنەوەیە چیتر خۆی تەنیا لە چوارچێوەی داواکارییە پیشەیی یان ڕیفۆرمخوازییەکاندا نابینێتەوە و داخوازییەکانی گۆڕانکاری پێکهاتەیی کۆمەڵگە نوێنەرایەتی دەکات.
• دووەم، لێکهەڵپێکران لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر: نیگەرانی سەرەکی حکومەت، پەیوەندی و لێکهەڵپێکرانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی بزووتنەوەی خوێندکارییە لەگەڵ بزووتنەوەکانی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و بەتایبەت بزووتنەوەی ژنان. ئەم هاوپشتییە کە لە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی“دا گەیشتە لووتکە، توانایی و پۆتاسێلی بوون بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گشتگیری هەیە کە دەتوانێت تەواوی پێکهاتەی دەسەڵات تووشی ئاڵەنگاری بکات.
• سێیەم، شکستی پڕۆژەی بە ئیسلامیکردن: سەرەڕای چەندین دەیە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵی ئایدۆلۆژی، زانکۆ هێشتا وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی خۆڕاگریی و هۆشیارکردنەوە ماوەتەوە.
بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران نیشانی داوە کە سەرەڕای هەموو گوشارەکان، یادەوەریی مێژوویی خۆی لەدەست نەداوە و هێشتاش وەک یەکێک لە کارەکتەرە هەرە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران، ئامادەیە ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە ڕەوتی خەبات بۆ ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و خۆشگوزەرانی لەم کۆمەڵگەیەدا بگێڕێت.
