ئه‌حمه‌د وه‌حیدی وه‌زیری ناوخۆ له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ریی به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی كاروباری ژنان و بنه‌ماڵه‌ی ئۆستاندارییهكانی سه‌رتاسه‌ری ئێران، ڕاشكاوانه وتوویه‌تی كه:
“ئێمه پێویسته ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كان له لایه‌ن ژنانه‌وه بناسین. ئه‌گه‌ر ئینقلاب زه‌ربه ببینێت هۆكاره‌كه‌ی ژنانن و ئه‌گه‌ریش سه‌ركه‌وتوو بێت دیسان بۆ ژنان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ناسینی ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كان له بواری ژناندا یه‌كجار گرینگه و كاركردی دوژمن له‌سه‌ر بیر و ئه‌ندێشه و ده‌روون و ئه‌خلاق و كرده‌وه‌ی ژنان زۆر گرینگه.” ناوبراو له‌م پێوه‌نده‌دا خوازیاری پێكهاتنی تۆڕێك له ژنانی هاوبیر له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی بووه و ده‌ڵێت: “پێویسته تۆڕێكی باش و جێگای متمانه له ژنانی هاوبیر پێكبێت.” نیگه‌رانیی واقعیی وه‌زیری ناوخۆ له‌خۆڕا نییه. له ماوه‌ی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا و له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامییه‌وه، ژنانی ئێران له لایه‌كه‌وه یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌تاییه‌كانی ڕژیم و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ستوونی سه‌ره‌كیی خۆڕاگری و خه‌بات دژبه كۆنه‌په‌رستیی ئیسلامی بوون.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای مه‌ده‌نیی بنه‌ماڵه و دانانی یاسای ئسیلامیی فێقهی شیعه له جیاتی، كه ژنان كه‌م ئه‌قڵ و دابڕاو و له هه‌موو بواره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به نیوه‌ی پیاو ده‌زانێت، ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیریی بۆ ٩ تا ١٣ ساڵ هێناوه‌ته خوارێ. یاسایی كردنی به‌ربه‌ستی جیددیی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، پیشه‌یی و خوێندن و هیتر، له ئاكامه‌كانی پێكهاتنی حكوومه‌تی ئیسلامی دژبه ژنان بووه.
مه‌زهه‌ب له جه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆكی خۆیدا هه‌ڵاواردنی دژبه ژنانی فۆرمووڵه كردووه و هه‌ركات ده‌رفه‌تێكی بۆ هه‌ڵكه‌وتووه، هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له ئێران، تاڵه‌بان له ئه‌فغانستان، داعش له عێراق و شام، كۆیله‌تی و بێ مافییه‌كی بێسنووری به‌سه‌ر ژناندا سه‌پاندووه.
له‌ماوه‌ی یه‌ك سه‌ده‌ی ڕابردوودا ژنانی ئێران بۆ گه‌یشتن به مافه سه‌ره‌تاییه‌كانیان خه‌باتیان كردووە و هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌شێك له مافه ئینسانی و پێشێلكراوه‌كانی خۆیان به‌ده‌ست هێناوە. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر كاری ڕژیمی ئیسلامی له ساڵی ١٣٥٧ه‌وه هه‌موو ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی جیددی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆنه‌په‌رست و دژه‌ژنی ئیسلامی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه. له‌و كاته‌وه كه “تاهێره قورهتۆلعهین” لە ساڵی ١٢٢٧ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی “بەدەشت”دا حیجابی لەسەر خۆی کردەوە و ڕوو بە جەمعییەتی ژنان و پیاوان وتارێکی پێشکەش کرد، تا ده‌ستپێكی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له ڕێكه‌وتی ٢٢ی ڕێبه‌ندانی ١٣٥٧ی هه‌تاوی و له‌وێوه تا ڕێكه‌وتی ٦ی به‌فرانباری ١٣٩٦ی هه‌تاوی كه “وی‌دا موحێدی” له‌سه‌ر به‌رزایی شه‌قام ڕووسهرییهكهی به‌دارێكه‌وه به‌ست و تا بەئەمڕۆ کە وەزیری ناوخۆی ڕژیمی ئیسلامی بە ترسەوە باس لە مەترسیی بزووتنەوەی ژنان بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ڕژیم دەکات، خه‌بات، موقاومه‌ت و ناڕه‌زایه‌تی دژبه بێ مافیی ژنان درێژه‌ی بووه. له ئاكامی وه‌ها هەڵمەتێکی پڕهه‌زینه و گیانفیدایانهدا، بێگومان ده‌توانین بڵێن كه ڕژیم سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی هێزی ڕێكخراوی پۆلیسی، گه‌شته جۆراوجۆره‌كان، مه‌ئموورانی بارهاتوو و داسه‌پاندنی هه‌مووجۆره وه‌حشیگه‌ری و كرده‌وه‌یه‌كی دژه‌مرۆیی، له داسه‌پاندنی حیجابی ئیجباری به‌سه‌ر ژناندا شكستی خواردووه.
ڕژیمی ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تای گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، یه‌كه‌مین هێرشه‌كانی خۆی بۆسه‌ر كرێكارانی بێكار و ژنان ده‌ستپێكرد. خومه‌ینی، كه له به‌شداری كردنی به‌رینی ژنانی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌ب له شۆڕشی ٥٧دا ئاگادار بوو، له ٨ی مارسی ١٩٧٩ به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٧ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٥٧ی هه‌تاوی، فتوای دا كه ژنان له ئیداره و وهزارهتخانهكاندا پێویسته به پۆشش و حیجابی ئیسلامییه‌وه حزووریان بێت. ژنانی خەباتکار و یەکسانیخواز توانییان به ٦ ڕۆژ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی، پاشه‌كشه به حكوومه‌تی نوێ بكه‌ن. له‌وێدا بوو كه سه‌رانی ڕه‌وتی ئیسلامی به‌وه گه‌یشتن كه بۆ سه‌قامگیر كردنی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له‌گه‌ڵ چ حهریفێكی به‌هێز به‌ره‌وڕوون.
ژنانی ئێران و کوردستان لە هەموو بوارەکانی کار و ژیاندا، دەسەڵاتی ئسیلامی و یاسای کۆنەپەرستانەیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە و ئەم خەبات و خۆڕاگرییە گەیشتووەتە ئاست و بەریناییەک کە سەرانی ورد و درشتی حکوومەت، ژنان بە هۆکاری ناسەقامگیربوون و بە هەڕەشە دژبە مانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی پێناسە دەکەن. وتەکانی وەزیری ناوخۆی ئێران بەئاشکرا دان پێدانان بە شکست و ترس لە هێزی ژنانە.
ژنان هاوڕێ لەگەڵ پیاوانی شه‌ریف و ئازادیخواز، ئەم توانا و وزه‌یان هەیە کە نەتەنیا سیاسەتی یەکجار کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتی ئیسلامی بەرەوڕووی شکست و ناکامی بکەنەوە، بەڵکوو دەتوانن شان بە شانی پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، ئەم نیزامە دژەژن و دژە ئازادی و بەرابەرییە بڕووخێنن و سیستمی سیاسییەک دابمەزرێنن کە بەرابەریی کامڵ و بێ شەرت و مەرج لە هەموو بوارەکانی ژیانی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتیدا بەڕەسمی بناسێت و دابین و زەمانەتی بکات.