لە ئاخرین کاتژمێرەکانی رۆژی پێنجشەممە ٣١ مانگی جۆزەردان دوایین کرێکارانی دەستبەسەر کراوی گوروپی میللی فولادی ئەهواز ئازاد کران. ئازادی ئەوان بە خەبات و خۆڕاگری ئەو کرێکارانە بەرهەمهات کە نەیاندەویست ڕێگه بە پاسدارانی سەرمایە بدەن کە هاوکارەکانیان لە زینداندا ڕابگرن. و ئەمەش هەڵبەت دەسکەوتێکی پڕ بایەخە. خەباتێک کە لە ٩ ی مانگی جۆزەرداندا بە کۆبونەوەی هەموو رۆژە لە یەکێک لە شوێنەکانی شاری ئەهواز دەستی پێکرد، لە رۆژەکانی دواتردا لێدانی دڵی شاری ئەهوازی خستە ئیختیار خۆیەوە. نزیکەی چوار هەزار کرێکاری لەسەرکار لە گوروپی میللی فولاد کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە وەدوا کەوتنی حەقدەستەکانیان چەند مانگی ڕابردویان چەندین رۆژی بەردەوام دەستیان دابووە کۆبوونەوە و هەموو جارێکیش بەرەو رووی وەعدە و وەعیدی کاربەدەستانی ئوستان دەبوونەوە بە کردەوە بۆیان دەرکەوت کە کاربەدەستانی ئوستان و بەرپرسانی کارخانە گوێ نادەنە داخوازیەکانیان. ئەم کرێکارانە یان دەبێ هەروا دڵیان بە وەعدە و وەعیدەکانی بەرپرسان خۆش بکردایە و یان ئەوەیکە دەستیان بدایەتە خەبات و خۆڕاگری. بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووری و ئاڵوگۆڕێک کە لە زەینیەتی جەماوەری خەڵکدا دوای ئاخێزی نان و ئازادی لە مانگی بەفرانباری ڕابردودا بەدیهاتبوو، هیچ گومانێکی نەهێشتەوە کە ئەوان دەبێ ڕێگیەکی دووهەمیان هەڵبژاردایە. لە بەرانبەر ئیرادەی لێبڕاوانەی ئەواندا بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان، سەرکوتگەران بە بانگ کردنی هەشت کەس لە کرێکاران لە رۆژی ١٦ ی مانگی جۆزەرداندا هەوڵیاندا کە جەوی ترس و تۆقاندن لەنێو کرێکاراندا بەدی بێنن و ئەوان بگەڕێننەوە بۆ سەرکار. بەڵام کرێکاران سور تر لەوە بوون پاشەکشە بکەن. سەرکوتگەران لە نۆبەی دواتردا شەوی ٢١ ی مانگی جۆزەردان هێرشیان کردە سەر ڕیزی کرێکاران و زیاتر لە ٥٠ کەسیان لێ دەستبەسەر کردن. ئەم هێرشە وەحشیانەیە ئەمجار نە تەنیا بەرەو رووی کاردانەوەی کرێکارانی ناڕازی بەڵکو خەباتێکی بەرین تر و یەکگرتوانە تری ئەوان و بنەماڵەی کرێکارە گیراوەکانی بەدوای خۆیدا هێنا. دەنگدانەوەی شکۆداری کرێکارانی گوروپی فولادی ئەهواز، بنەماڵەی گیراوەکان و خەڵکی ناڕازی بە دروشمی” کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت” کە لە هەمان رۆژی دوای هێرشی وحشیانەی مەئمورانی ڕژیم دەستی پێکرد، ڕێگایەکی بۆ سەرکوتگەران نەهێشتەوە جگە لەوەی ئازادیان بکات. لەم روەوە بەشێکی بەرین لەوان لە رۆژەکانی دواتردا بەرە بەرە ئازاد کران. بەڵام هێشتا ٥ کەس لەوان لە گرتوخانەدا ماون. کرێکارەکان ڕایانگەیاند کە تا ئازاد بوونی سەرجەم هاوکارەکانیان دەست هەڵناگرن و ئەگەر قەرارە کەسێک لە گرتوخانەدا بێت، ئەو کەسانەن کە بە جێگای وڵامدانەوە بە داخوازیە ڕەواکانیان، هێرشی وەحشیانەیان سازماندا. درێژەی ئەم ناڕەزایەتیانە لە دڵی خەباتێکدا کە هاوکات لە شوینە جۆراو جۆرەکانی وڵاتدا لە ئارادایە، ڕێگایەکی بێجگە لە ئازاد کردنی سەجەم گیراوەکان نەهێشتبۆوە و ئەوە بوو کە کرێکارانی گوروپی فولاد لە ئاخرین کاتژمێرەکانی رۆژی پێنجشەممە هاوکارانی دەستبەسەر کراوی خۆیان لە ئامیز گرت.
زیاتر لە ٣ حەفتە خەباتی ئەم کرێکارانە لە درێژەی ناڕەزایەتیەکدا بوو کە لە رۆژەکانی کۆتایی مانگی گوڵاندا بە کۆبوونەوەی کرێکارانی کارخانەی هیپکۆی ئەراک دوای کۆتای کاتی دیاری کراو لە لایەن ئەوانەوە دەستی پێکرد. لە دوی مانگی جۆزەردان زیاتر لە ٦ هەزار کەس لە کرێکارانی نەی بوڕی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری حەوت تەپە لە ناڕەزایەتی بە بیلاتەکلیفی پیشەیی دەستیان دایە کۆبونەوە. لەم رۆژەدا لە زۆرێک لە شارەکانی ئوستانەکانی یەزد، هەمەدان، مازندەران، گوڵستان، لوڕستان، قوم، کهگیلۆییە و بویرئەحمەد، قەزوێن، فارس، سمنان، خوزستان، خۆراسانی شومالی ئیسفەهان شۆفیر کامیۆنەکان دەستیاندایە کۆبونەوەی ناڕەزایەتی. ئەم خەباتە کە لە ئەوەڵی مانگی جۆزەرداندا دەستی پێکردبوو وە شۆفیرەکان لە زۆرێک لە ئوستانەکان جادەکانیان گرتبوو وە لە زۆربەی شارەکاندا پۆمپی بەنزینەکان پێدانی سوتەمەنی شاریان ڕاگرتبوو، رۆژی ٤ ی جۆزەردان بە دەستەبەر کردنی هێندێک لە داخوازیەکانیان کۆتایی هات. لەم مانگەدا مانگرتن و کۆبونەوەی کرێکارانی ڕێگای ئاسنی سەرتاسەری وڵات لە ناڕەزایەتی بە نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و نەدرانی داواکاریەکان، کۆبونەوەی کرێکارانی بێکارکراوی فازی ١٩ ی پارسی جنوبی، کۆبونەوەی کرێکارانی گشت و سەنعەتی شومال، کۆبونەوەی کرێکارانی ئەڵماسی کەویری سمنان، کۆبونەوەی دوو رۆژەی ئێران جوکا، کۆبونەوەی کرێکارانی پڕۆژەی ڕاهسازی قەزوێن، کۆبونەوەی کرێکارانی خانەنشین و لەسەرکاری نەیشەکەری حەوت تەپە تەنیا بەشێک لە ناڕەزایەتی و هێرشی پڕ جوڵەی بزوتنەوەی کرێکاری بوو لە مانگی جۆزەرداندا.
هاوکات لەگەڵ ئەم حهرهكهته بەرینەی بزوتنەوەی کرێکاری لە نێوەوە، ٣ کەس لە هەڵسوڕاوانی ناسراوی ئەم بزوتنەوەیە ڕەزا شەهابی، داود ڕەزەوی و لوقمان وەیسی لەسەر بانگهێشتی ٥ سەندیکای فەڕانسەوی دەچن بۆ ئەروپا. بۆ یەکەم جارهەیئەتێکی ٣ کەسی لە نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکارانی ئێران لە ژنێو ناوەندی سازمانی جیهانی کار دەرفەتی ئەوەیان دەبێت کە لەگەڵ زۆرێک لە تەشەکولە کرێکاریە جیهیانیەکان لە نزیکەوە ئاشنا بن، پەردە لەسەر سیاسەتە سەرکوتگەرانەکان و دژی کرێکاریەکانی ڕژیم هەڵماڵن، و دەمامکی درۆینەی نوێنەرایەتی کرێکارانی ئێران لە ڕواڵەتی نێردراوانی فەرمایشی کۆماری ئیسلامی لابدەن. ئەوان لە کۆنفرانسە مەتبوعاتیەکانیاندا و لەو جەلەسانەدا کە لەسەر داوای سەندیکا کرێکاریەکانی فەرانسە و سوئێد و ئاڵمان بەڕێوەچوو، توانیان هەنگاوێکی گرنگ بۆ زانیاری گەیاندن سەبارەت بە پێگەی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران، بارودۆخێکی دژوار کە لە ناخی ئەودا دەبێ خەبات بکەن، و دروست کردنی هاوپشتی نێونەتەوەیی هەڵبگرن. قسەکانیان لە دیفاع لە تەشەکولە سەربەخۆ کرێکاریەکان، پێوەندی خەباتی سینفی و چینایەتی لە ئێران، لەدژی خوسوسی سازی لە حەوزە جۆراو جۆرەکاندا، ناوەرۆکی کۆنەپەرستانەی کتێبە ئاموزشیەکان و تەرویج و نیهادینە کردنی ئیدئۆلۆژی کۆنەپەرستانەی مەزهەبی و پیاو سالارانە لە پێکهاتەی ئاموزشی ئێران، هاو چارەنووسی کرێکارانی ئێران لەگەڵ کرێکارانی جیهان بە تایبەت لەگەڵ کرێکارانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە رۆشنی نیشاندانی ئەدا کە ئاسۆیەکی گەلێک واوەتریان لە خەباتی سینفی بۆ خۆیان دیاری کردوە.
هەڵسوڕاوان و داکۆکیکارانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە دەرەوەی وڵاتدا دەبێ لە فەزای بەدیهاتو لە ئوروپا کەڵک وەربگرن پێوەندیەکی و واوەتر لە بەرژەوەندی سکتاریستی لەگەڵ خەباتی کرێکاران لە ئێراندا ڕێکبخەن. ئەو کۆمیتانەی کە ئەندامانی یەکیتیە کرێکاریەکانن لە ئوروپا لەولای بوروکراسی زاڵ بەسەر یەکێتیەکاندا دەتوانن دەورێکی گرنگ لەم کۆمیتانەدا و لە دیفاع لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا بگێڕن.