دوشنبه – ۳ تیر – ۱۳۹۸ , 24 – 06 – 2019
نزیکەی ٦ مانگە کە قوتابیان حەفتە بە حەفتە لە ناڕەزایەتی بە وێران بوونی ژینگە دەڕژێنە سەر شەقامەکان. ئەم هەینیەش قوتابیان لە زیاتر لە سەد شاری ١٦وڵات بە باندرۆڵێکەوە کە نیگەرانی ئەوانی سەبارەت بە داهاتوی گۆی زەوی دەر ئەبڕی لە حەرەکەتدا بوون. لە میتینگی ناوەندی شاری ئاخنی ئالمان، کە لاوان و تازەلاوانی ١٦ وڵاتی ئوروپایی تێدا بەشدار بوون. ئەم ڕێپێوانە بە بەشداری زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس گەورە ترین خۆپیشاندان بوو کە بۆ پشتیوانی لە ژینگە لە ئاڵمان بەڕێوەچوو بوو.
یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە لە سوخەنرانی خۆیدا وتی کە” ئێـمە تەسلیم نابین. ئێـمە خوازیاری پاراستنی ژینگەی واوەتر لە سنورە جوغرافاییەکانین. ئێمە خواریاری ئەوەین کە دەوڵەت بە جێگای معاشقە لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک” ئار، دبلیو، ئیی” دەست بەکار بێت”. ئەو کۆمپانیایە یەکێک لە چوار کۆمپانیای گەورەی ئوروپاییە لە بەرهەمهێنانی وزەدا. ڕێپێوانان ئاگاهانە شاری” ئاخن”یان هەڵبژاردبوو کە لە مەودایەکی نزیک لە کۆمپانیاکەدا هەڵکەوتوە. كومپانیای چهند نهتهوهیی ئاڕ، دبلیو. ئێی” زۆر ترینی گازی کەربونیک لە ئوروپادا دەنێرێتە نێو جەوی زەویەوە. لە دەرهێنانی بەردی خەڵوزی ئەو ناوچەدایە کە زیاتر لە ١٠ لەسەدی گازی گوڵخانەیی ئاڵمان بەرهەمدێت. سەد ساڵ لەوەپێش زانایهكی وەک” ئارهنیوس” کە دواتر خەڵاتی نۆبێلی وەرگرت، ڕایگەیاندبوو کە ئەو گازانەی بەرهەمهاتوون لە پڕۆسەی دەرهێنانی بەردی خەڵوزدا دەبنە هۆی ئاڵوگوڕی گەورەی ئیقلیمی لە گوی زەویدا. ئەم پێش بینیە زانستیە ئیستا بابەتێکی حاشاهەڵنەگەرە.
هاوکات لەگەڵ ڕێپێوانی شاری ئاخن نزیک بە ٤ هەزار کەس بەرەو مەعدەنی بەردی خەڵوز لە نزیک شاری کۆڵن لە حەرەکەتدا بوون. ئەوان دەیانویست کە هەرچەند بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت بەرهەمهاتنی بەردی خەلوز لەو ناوچەیە ئینفلیج بکەن. بەشێک لە بەشداران لە ڕێپێوانەکەدا سەرەڕای ئەوەی کە پۆلیس لە گەلێک لە ئیستگاکانی قەتار هاتوچۆی قەدەغە كردبوو، رۆژی شەممە بەو ناڕازیانەوە کە لە شەوی پێشترەوە خۆیان بە ڕەیلەکانی ڕێگای ئاسنەوە بستبۆوە، پەیوەست بوون. لەگەڵ ئەوەدا کە هێزە تایبەتەکانی پۆلیس رێگای چوونە ژووری مەعدەنەکەیان داخستبوو، بەڵام ژمارەیەک لە ناڕازیان توانیان خۆیان بگەیەننە نێو حەوشەکەی. وتەبێژی کۆمپانیای ئار، دەبلیو، ئێی بە توڕەیی زۆرەوە لە بەرانبەر دووربینەکان دەرکەوتوە و روو بە دەوڵەت وتویەتی کە” ئەمە جێی قەبوڵ کردن نییە بێنە نێو حەریمی مالیکیەتی ئەوانەوە”. و هەڵبەت لە لۆژیکی سەرمایەدارانەی ئەو و گشت هاوتاکانیدا مافی ئەوەیان هەیە کە بچنە نێو حەریمی بە ملیۆن ئینسانەوە و نابودی بکەن. رۆژی یەکشەممە پۆلیس بە هێرش بۆسەر ناڕازیان ڕەیلە داخراوەکانی ئازاد کرد. لە جەریانی هێرشی پۆلیسدا ژمارەیەک لە ناڕازیان بریندار و دەستبەسەر کران.
سەرەڕای ئەوەیکە قوتابیان هێزی سەرەکی ڕێپێوانی رۆژی هەینی بوون بەڵام بە روونی حوزوری ٣ نەسل دەکرا بناسرێتەوە. نەسڵێک کە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی گەورەی ساڵی ٦٧ ی لە ئوروپا و ئەمریکا ڕێکخستوە و ئێستا بوونەتە دایەگەورە و بابەگەورە. نەسلێک کە لە ناڕەزایەتی بە گواستنەوەی زبڵە ئەتۆمیەکانی دەیەی ٨٠ و ٩٠ مەسیری تێپەڕ بوونی زبڵە ژاراویەکانیان داگیر دەکرد و لە ناخیەوە ئەحزابی سەوز لە سەرتاسەری ئەوروپادا دروست بوون و ئیستا بەرەی سێهەم کە لە ناخی شکست و پاشەکشەی دوو نەسڵی پێشو ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
ساڵێک لەوە پێش بە سەختی دەکرا بە زەیندا بێت کە” مەکدوناڵد و فست فود” بوونەتە گوتمانی زاڵ، بزوتنەوەیەک بەم بەرینایی و ئاسۆیەوە سەری هەڵدا. و ئێستا ئەم بزوتنەوەیەیە کە خەریکە هاوسەنگیەکان دەشێوێنێ. شکستی ئەحزابی سوننەتی لە هەڵبژاردنی چەند حەوتو لەوە پێشی پاڕلمانی ئوروپا و چوونی لاوان بەرەو ئەحزابی سەوز وەها بەرچاو بووە کە ئیستا هەموو حیزبەکان لە چوارچێوەی داکۆکی کارانی ژینگەییدا دەردەکەون. هەر ئەوانەی کە تا دوێنێ هەموو ئیمکاناتی ماڵی و یاساییان بۆ دروست کردنی ڕیئاکتۆڕە ئەتۆمیەکان، بۆ ڕەونەق دان بە پیشەسازی دروست کردنی ماشێن وێڕای کڵاوبەرداری بە ئاشکرا لە پێوەند لەگەڵ دەستکاری کردنی ماتۆڕەکان بۆ کەم نیشاندانی درۆینەی ڕادەی پیس کردنی هەوا، و پەرەدان بە مەعدەنی بەردی خەڵوز فەراهەم دەکرد، ئیستا بەگشتی عەوامفریوانە بەرگی سەوزیان لەبەر کردوە.
ئەم لاو و تازە لاوانە مافی خۆیانە کە دڵنیگەرانی دنیایەک بن کە تێیدا دەژین. ئەوان هەموو رۆژێک هەواڵێکی دەڵتەزێنی بەناو بەڵا سروشتیەکان لە چوار گۆشەی دنیادا دەبینن. توانەوەی بەرینی کێوە سەهۆڵەکان لە قوتبی جنوب باشور خێراتر لەوەی کە چاوەروان دەکرا، بەرەپێشەوە دەچێت. ئاگر کەوتنەوە بەرینەکان لە ئەمریکا، روسیە، ئوسترالیا، ئوروپا، وشکەساڵیە بەردەوامەکان لە قارەی ئەفریقا، تەنیا بەشێک لەم هەواڵانەن. قوربانیانی ئەم شەڕە لەگەڵ سوروشت هەڵبەت زیاتر لە هەموان ئەو خەلکەن کە لە وڵاتانی ههژاردا دەژین و لەگەڵ برسیەتی و قاتوقڕی و ئاکامی وەحشەتناکیدا بەرەو روون. مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە هەر لەم حەفتەی ڕابردودا سازمانی ملەل هەواڵی ڕەقەمێکی زیاتر لە ٧٠ ملیۆن کۆچبەری بڵاو کردەوە کە لە سەر زەویەکانیان هەڵکەندراون و ئەوەش یانی ئەوەی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردودا زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس بە سێلاوی کۆچبەرانەوە زیاد بووە. و هەڵبەت ئەوە تەنیا بە ملیۆن خەڵکی دنیا نین کە دەبنە قوربانی لەنێو چوونی ژینگە. نابود بوونی هەموو جۆرە گیان لەبەرێک لە ئاسەوارەکانی تری نابود بوونی ژینگەیە. کاتێک پەیگەری نەهەنگە دەریاییەکان لە لێوارەکاندا ئەدۆزرێنەوە و لەنێو سکیاندا بە سەدان کیلۆ پەلاستیک و نایلۆن دهردهكهوێ کاتێک کە بەرهەمی کشتوکاڵی بە بەرەکەتی دەستکاری ژنەتیکی و کەڵک وەرگرتن لە هەموو جۆرە مادەیەکی شیمیایی دهچێته گیرفانی خاوەنانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانەوە، کاتێک کە شوێنێ ژیانی مێشەنگەکان کە هۆکاری سەرەکی گەرد ئەفشانین، سات بە سات بەرتەسک تر دەبێتەوە، لەوێوە دەکرێ بە هاسانی بزانی کە لەنێوچوونی ژینگە مەترسیەکی زۆر گەورەیە بۆ درێژەی حەیاتی گۆی زەوی و دانیشتوانی.
ئەم مەترسیە بەڵام ئەو نەزمە ئابووریە بەدی هێناوە کە لە بەستێنی بە کۆیلە کردنی ئینسان و شەڕ لەگەڵ سروشتدا توانایی بەردەوام بوونی هەیە. دەرک نەکردنی ئەم مەترسیە و کەم بەهادان پێی دەتوانێ پاشنە ئاشیلی بزوتنەوەی” جومعەکان بۆ داهاتو” بێت. ئەگەر ئەم بزوتنەوەیە نەتوانێ ئاسۆی تێپەڕ بوون لە نزمی زاڵی ئێستا لەبەر دەم خۆیدا وێنا بکات، وەک هەر بزوتنەوەیەکی تری لەم چەشنە ئیمکانی مهار یان لەخۆدا تواندنەوە لە لایەن دوژمنانیەوە هەیە. سالانێکی زۆر بەسەر بزوتنەوەی” واڵ ئیستریت” و یان” ٩٩ لەسەدیەکان” دا تێنەپەڕیوە. ئەو ئەزمونانە نابێ لەبیر بکرێن.