کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزوتنەوەی خۆڕاگری عەفرین درێژەی هەیە

بەپێی ڕاپۆرتە بەڵگە مەندەکانی سازمانی دیدەبانی مافەکانی مرۆڤ کە ناوەندەکەی لە بریتانیایە هێزە سوریەکانی سەربە دەوڵەتی ئیسلامی تورکیە دوای داگیر کردنی عەفرین لە لایەن ئەڕتەشی ئەو وڵاتەوە، شارەکەیان تاڵان کردوە. دوای بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتانە، ڕاگەیەنەرەکانی بی بی سی، سکای نیوز، سی ئێن ئێن، دوچویلە ی ئاڵمان، هەواڵنێری فەرانسە و … بە ئاب و تابی زۆرەوە هەواڵی پێوەندیدار بە تاڵان کرانی شاری عەفرینیان بڵاو کردوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە لە جەریانی هێرشێکی بەریندا ئیداراتی دەوڵەتی، دوکانەکان، ماڵ و ماشێنی خەڵک، ئامێرەکانی کشتوکاڵ، تەراکتۆر و ترێلیەکان تاڵان کراون. ڕاپۆرتەکانی هەواڵنێریی فەرانسە لە زمان شاهیدەکانەوە گیڕاویانەتەوە کە داگیرکەران هێرشیان کردۆتە سەر دوکانەکان، ڕیستوڕان و ماڵەکان و خۆراک، کەلوپەلی بەرقی، بەپتو شتی دیکەی ئەو شوێنانەیان هەڵگرتوە و لەشار بردویاننەتە دەرێ.

ئەم ڕاگەیەنەرە بەکرێگیراوانەی سەرمایەداری کە لەم رۆژانەدا باس لە تاڵان و دزی و چەپاوڵ کردنی شاری هەمیشە قارەمانی عەفرین دەکەن بە رووی خۆیانی ناهێنن کە ئەوانە خۆیان بە پەڕاوێز خستنی ئاگاهانەی هەواڵەکانی تایبەت بە هێرشی نیزامی دەوڵەتی ئیسلامی تورکیە بۆسەر عەفرین و جەنایەتەکانی ئەڕتەشی داگیرکەری ئەو وڵاتە لەدژی خەڵکی ئەو ناوچەیە، ناڕاستەوخۆ لەو جەنایەت و تاڵان کاریەدا شەریکن. ئەم ڕاگەیەنەرانە کە ناتوانن شادی خۆیان لە داگیر کردنی عەفرین لە چاوی خەڵکی دنیا بشارنەوە، نایانەوێ باوەڕ بکەن کە سەرەڕای داگیر کردن و تاڵان کرانی ئەم شارە بزوتنەوەی خۆڕاگریی عەفرین درێژەی هەیە. بزوتنەوەی خۆڕاگری عەفرین و رۆژئاوا بە دیفاع لە دەستکەوتە دیموکراتیک و بایەخە ئینسانیەکانی ئیعتیباری جیهانی دەستەبەر کردوە، بە شێوەیەک کە لە نیودڵی ئوروپاوە لاوان بە شور و شەوقەوە دەچن بەرەو بەرەکانی شەڕ تا لە ڕیزی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و یەکینەکانی ئەنترناسیۆنالیستیدا بۆ دیفاع لەم ئەرزشانە تا ئاخر خەبات دەکەن. هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆسەر عەفرین و جەنایەتەکانی و پشتیوانی ناڕاستەوخۆی دەوڵەتانی ئوروپایی لە ئۆردوغان جارێکیتر ماهیەتی درۆینەی دیموکراسیە رۆژئاواییەکان و ئیدیعای دیفاع لە مافەکانی مرۆڤیانی ئاشکراتر کرد. بۆ دەوڵەتانی ئوروپایی دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بەشێک بووە لە بەرژەوەندیە ئابووری و ئەمنیەتیەکانیان.67

تورکیە بە پێگەی جوغڕافیای سیاسی کە هەیەتی خاوەنی شوێنێکی تایبەتە لە سیاسەتی ئەمنیەتی و دیفاعی دەوڵەتانی ئوروپایی، ئەمریکا و ئەندامانی ناتۆدا. وێڕای معامەلاتی پڕ سود و قازانجی توجاڕەتی تورکیە لەگەڵ یەکێتی ئوروپا کە ساڵانە دەگاتە ١٤٠ میلیارد یۆرۆ، جێگیر کرانی ٩٠ بۆمبی هەستەیی ناتۆ و بوونی پایەگایەکی گەورەی ئاسمانی ئەمریکا و ئینگلیس لە خاکی تورکیەدا، جێگیر کرانی موشەکەکانی پاتریوت وەک بەشێک لە سامانەی سپەری دیفاعی موشەکی ئەمریکا لەم وڵاتەدا، دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆی بۆ بەرگرتن لە نفوزی چین و روسیە گەلێک بە توانایی و زەرفیەتەکانی تورکیە وابەستە کردوە. بەم ئاڕاستەیەوە ناتۆ بۆ پاراستنی بۆمبە هەستەییەکانی پشتیوانی لە بەردەوامی بارودۆخی نائاسایی و سەقامگیری جێی سرنجی ئۆردوغان دەکات. دەوڵەتی تورکیە بە پشت بەستن بە پشتیوانی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ناتۆیە کە هەوای بوون بە هێزی بانتری ناوچەیی لە کەللەی داوە، و دەست دەکات بە ماجەراجویی نیزامی و بە هێرش کردنەسەر عەفرین دەست لە ئەنجام دانی هیچ جەنایەتێک ناپارێزێت.

ئەوەی کە ئەم رۆژانە لە عەفرین لە ئارادایە، وەبیر هێنەرەوەی ئەو جەنایەتانەیە کە شۆوینیستەکانی حاکم لە تورکیە لە دەورە جۆراو جۆرەکاندا ئەنجامیان داوە. کوشتاری ئەرمەنیەکان لە ساڵەکانی کۆتایی سوڵتەی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانیدا، کوشتار “لە درسیم” بە چەکی شیمیایی لە ساڵەکانی ١٩٣٧- ١٩٣٨، کوشتاری کوردە عەلەویەکان بە دەستی ” گورگە خۆڵەمێشیەکان” و دەزگا ئەمنیەتیەکان لە “مەرعەش” لە دسامبری ١٩٧٨ و جەنایەتەکانی ئەڕتەشی فاشیستی دەوڵەتی تورکیە لە ساڵەکانی دەیەی نەوەد دا کە لە جەریانیدا ٤ هەزار ئاوایی کوردستان لە دانیشتوانی چۆڵ کران، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ماڵی خەڵک سوتێندران، ٤ ملیۆن کەس لە خەڵکی کوردستان وادار بە کۆچی ئیجباری کران و بە هەزاران کەس لە خەڵک یان دەستبەسر کران و یان گیانیان لەدەست دا. ئەم جەنایەتە سازماندراوە لە کارنامەی پێشینیانی دەوڵەتی ئاک پارتیدا تۆمار کراوە. ئەردوغان لە ڕاستیدا بە داگیر کردنی عەفرین و ئاوارە کردنی سەدان کەس لە دانیشتوانی و بە تاڵان بردنی ماڵ و مڵكیان هەمان مەسیر دەرێژە پێئەدات. بەڵام دیاردەکان نێشانی ئەدەن کە ئەمجارە سەری ئەردوغان لە رۆژئاوا لە بەرد ئەدرێت. لە رۆژئاوا زێدەخوازیەکانی ئەردوغان لەگەڵ بزوتنەوەیەکی خۆڕاگرانەی جەماوەری بەرەو روویە. لە جەریانی شەڕی خۆڕاگرانەی عەفرین دا و لە گشت شەڕە مافخوازانە و ڕزگاری بەخشەکاندا هێندێک جار روو ئەدات کە بۆ بەرگرتن لە تەلەفاتی قورسی ئینسانی چۆڵ کردنی شارێک یان بەرەیەک لە شەڕ دەبێتە ئەمرێکی ناچاری. هونەری ڕێبەری کردنی خۆڕاگری لەوە دایە کە ئەم ساتانە تەشخیس بدات. لە شەڕی خۆڕاگری رۆژئاوا یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ڕێبەری خۆڕاگری ئەوە بووە، کە بە نەرمی نواندن لە دیاری کردنی تاکتیکە نیزامیەکاندا بەری بە تەلەفاتی قورسی ئینسانی لە شار و دێهاتەکاندا گرتوە. هەڵبەت ئەم نەرمیە لە بەرەوپێش بردنی سیاسەتە جەنگیەکاندا پێوەندیەکی نەپساوەی لەگەڵ ماهیەتی خۆڕاگری و ئەو ئەرزشانەدا هەیە کە بۆ پاراستنیان دوژمنیان توشی کێشە و ئاستەنگ کردوە.

خۆڕاگری دوو مانگە و سەربەرزانەی عەفرین لە بەرانبەر دووهەمین ئەڕتەشی ناتۆدا بە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار پرسونێلی نیزامی، ٦٠٠ فرۆکەی جەنگی، نزیکەی ٩٠٠ فرۆکەی هێلی کوپتێر و زیاتر لە ١١ هەزار تانک و نەفەربەری زرەهی جارێکی تر زەرفیەت و پوتانسیەلی مەجود لە بزوتنەوەی رۆژئاوای بە هەموان نیشاندا. عەفرین بەم خۆڕاگریە سەربەرزانەی چووە نێو مێژوی خەباتی ماف خوازانەی خەڵکی دنیاوە. بەڵام دەوڵەتی ئیسلامی ئەردوغان هێشتاش گەورە ترین دۆڕاوی قەیرانی سوریەیە. ئەردوغان لە سوریە بە پشتیوانیە هەمە لایەنەکانی لە” داعش و بەرەی نوسرە” بۆ هێنانە سەرکاری حکومەتێکی ئیسلامی و لێکدانی لەگەڵ دیموکراسیە ئیفلیجەکەی حیزبی داد و گەشەپێدان لە هیچ جەنایەتێک سڵی نەکردوە تا بەڵکو بە یارمەتی ئەوان ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا تێکبشکێنێ. بەڵام دخاڵەتی روسیە لە شەڕی نیوخۆی سوریە، هیوا و ئاواتە ئیستراتیژیکەکانی ئەردوغانی بۆ گۆڕینی ئەسەدی بە دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ڕاستای دەستەبەر کردنی هێژمونی ناوچەییدا کردە بڵقی سەرئاو. پلان و ئامانجەکانی ئەردوغان لە سوریە یەک لە دوای یەک شکستیان هێناوە.

لە بارودۆخێک دا کە ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركییه‌، بە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و روسیە و بێدەنگی ئاوێتە بە ڕەزامەندی دەوڵەتانی ئوروپایی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، عەفرینی داگیر کرد و هەر رۆژە و جەنایەتێکی تازە دەخوڵقێنێ و لە بارودۆخێکدا کە خۆڕاگری خەڵکی تێکۆشەری کانتۆنی عەفرین لەژێر ئاگربارانی چەکە قورسەکانی دوژمندا بۆ دیفاع لە دەستکەوتەکانی خەباتیان بەردەوامە، لە ئاوا بەرودۆخێکدا پشتیوانی کردن لە خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی عەفرین ئەرکێکی ئینسانی و شۆڕشگێڕانە و پێویستیەکی سیاسییە.