لە سەرودەمی ١٦ ی ئازەر رۆژی خوێندکار داین. خوێندکارانی تێکۆشەر لە زۆربەی زانکۆکانی ئێران بە پشتیوانی کردن لە خەباتی کرێکارانی حەوت تەپە و فولاد و لە ناڕەزایەتی بە دەستبەسەر کردنەکانی ئەم دواییە، چوون بەپیر ئەم رۆژەوە. دیاردەکان نیشان دهدهن کە مەڕاسمەکانی رۆژی خوێندکاری ئەمساڵ بەرین تر و بە شور و شەوقی زیاترەوە و بە دروشمی ڕادیکاڵ ترەوە بەڕێوەدەچن.
٦٥ ساڵ بەسەر کوژرانی بزورگ نیا، قەندچی و ڕەزەوی، ٣ خوێندکاری زانکۆی تاران، لە ١٦ ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٣٢ دا تێپەڕیوە. مێژووی ئەو ساڵانەی تێپەڕیون لە عەینی حاڵدا مێژووی هەوراز و نشێوی بزوتنەوەی خوێندکارییە. ئەم تاریخە دەرخەری ئەم ڕاستییهیه کە خوێندکاران سەرەڕای ئەوەی کە وەک توێژێكی کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک داخوازی تایبەتیان هەیە بەڵام وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەلێک سیاسی بوون و گرنگ تر لەوەش خهبات و تێكۆشانیان ڕهنگدانهوهی داخوازییەکانی چین و توێژە جۆراو جۆرەکانی كۆمهڵگایه. چاو گێڕانێک بەسەر هەوراز و نشێوەکانی بزوتنەوەی خوێندکاری و ناوەرۆکە سیاسیەکەیدا دوای کودتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٣٢ نیشانەی کاریگەری، کێشمەکێشە سیاسی و چینایەتییەکان بهسهر ئهو بزووتنهوهی دایه. مانگرتن و خۆپیشاندانی خوێندکاران لە ١٦ ی سەرماوەزی ١٣٣٢ چەند مانگ دوای کودتای ٢٨ ی مورداد و گیان لەدەستدانی ٣ خوێندکاری زانکۆی تاران لە جەریانی هێرشی نیزامی ڕژیمی کودتا، هەولێکە وا بەشی ڕادیکاڵ و پێشڕەوی بزوتنەوەی خوێندکاری لە غیابی ئەحزابی چینایەتیدا دەستی ئەدەنێ. بەشوێن ئەم هەوڵەدا، بزوتنەوەی خوێندکاریش وەک باقی بزوتنەوە گشتیەکان لە ئاکامی گوشار و خەفەقانی ڕژیمی کودتا، ناچار بە پاشەکشە کرا.
لە مەودای نێوان ساڵەکانی ٣٢ تا ٣٩ هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان زهربهیهكی قورسیان له ڕژیمی کودتا خوارد. لە ساڵەکانی ٣٩ تا ٤٢، لە غیابی هێزە چەپەکاندا دەرفەتێک بۆ حوزوری سیاسی ئەحزابی جهبههی میللی و نێهزەتی ئازادی دەکرێتەوە. لەم ساڵانەدا لەژێر کاریگەری فەزای سیاسی دروست بوو لە کۆمەڵگادا، شاهیدی دەورەیەکی تر لە بوژانەوەی بزوتنەوەی خوێندکارین. لەم دەورەیەدا بزوتنەوەی خوێندکاریش ئەساسەن دەکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسەتی حیزبەکانەوە. لەگەڵ سەرکوتی حەرەکەتی ١٥ ی خوردادی ١٣٤٢ ئەم دەورەیەش کۆتایی دێت. ساڵەکانی دواتر ساڵانی دوورکەوتنەوەی ڕووناك بیرانی ڕادیکاڵی بزوتنەوەی خوێندکاری لە ئەحزابی سوننەتین، پێکهاتنی هەستە و گوروپە ڕادیکاڵ و چەپ و کومونیستەکان، سنوربەندی لەگەڵ ڕیفۆڕمیزم و چوون بەرەو تیئۆری و پڕاتیکی شۆڕشگێڕانە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا بەشێک لە بزوتنەوەی خوێندکاری ئێران کە لە دەرەوەی وڵات لە “کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانیدا” کۆببونەوە لە حیزبی تودە و جبهەی میللی جیا دەبنەوە و ئەحزاب و جەریاناتی شٶڕشگێڕی نوێ پێکدێن. کەشی سیاسی و ڕادیکاڵی نیونەتەوەیی سەرچاوە گرتوو لە خەباتی قارەمانانەی خەڵکی هێند و چێن و ئاخێزی پێشکەوتوانە و چەپ لە ئەمریکای لاتین و پەرەسەندنی خەباتی چەکدارانەی خەڵکی فەلەستین لەدژی داگیرکەرانی سەهیۆنیست، ئەو فاکتۆڕە گرنگانەن کە بزوتنەوەی خوێندکاری ئێران لەنێو خۆ و دەرەوەی وڵات کاریگەرییان لەسەری دەبێت. لەبەر رۆشنایی ئەم کەش و فەزا گشتیە نێو نەتەوەییەدا و پڕاتیکی خەباتکارانە لە نێو کۆمەڵگادایە کە بزوتنەوەی خوێندکاری زیاتر لە پێشو بەرەو چەپ و بەرەو پڕاتیکی شۆڕشگێڕانە دەچێت. لە گشت ئەم دەورەیەدا، خوێندکاران دەور و نەخشێکی بەرچاویان لە شکڵ گرتن و کامڵ بوونی گوروپ و سازمانە چەپ و کومونیستەکان و گرایش بەرەو کرێکاران و زەحمەتکێشان و دیفاع و پشتیوانی لە خەباتی ئەواندا دەگێڕن. ئەم ساڵانە، دەورەیەکی تولانی گەشە و هەڵدانی بزوتنەوەی خوێندکاری تا کاتی روخانی ڕژیمی سەڵتەنەتییە. لەگەڵ روخانی ڕژیمی سەڵتەنەتی و لە حاڵێکدا کە کێشمەکێشێکی قوڵ لەسەر چلۆنایەتی درێژەی شۆڕش لە ئارادایە، زانکۆ دەبێتە پێگەی هێزە چەپەکان و ئەو سازمانانەی کە خۆیان بە پشتیوانی چینی کرێکار و کومونیزم دەزانن. چوونی بەرینی خوێندکاران بەرەو ئەدەبیاتی ماڕکسیستی یەکێک لە تایبەتمەندییهكانی دەورەی یەک ساڵەی دوای روخانی ڕژیمی پەهلەوەیە. ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتو بارودۆخی مەوجود لە زانکۆکانی بۆ تەحەمول ناکرێت و لە حاڵێکدا خۆی بۆ هێرش کردنە سەر زانکۆکان ئامادە دەکات کە هێزە چەپەکان لە زانکۆکاندا کەمترین ئامادەیی عەمەلی و تەشکیلاتیان بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم هێرشە نەبوو.
” شۆڕشی فەرهەنگی” و هێرشی هەوسار پچڕاوانەی باندەکانی حیزب الهی ئاخرین خۆڕاگریەکانی بزوتنەوەی خوێندکاری تێکدەشکێنی. بە سەدان مامۆستای زانکۆ و بە هەزاران خوێندکار دەرکران. زانکۆکان بۆ ماوەی دوو ساڵ داخران و دوای کرانەوەیان بۆ ساڵانێک بوونە مەیدانی تەڕاتێنی باڵە خوێندکاریەکانی باندەکانی ڕژیم و بە تایبەت ئیسلاح خوازان. بەڵام ١٨ ی پوشپەڕی ٧٨ خوێندکاران ئەگەرچی لە ناڕەزایەتی بە داخرانی رۆژنامەی سەلام دێنە سەر شەقام بەڵام بەربەرەکانی و سەرکوتی خوێناوی ئەم حەرەکەتە دەبێتە هۆی ڕژانی گومانی چەند بەشێک لە بزوتنەوەی خوێندکاری و جەمسەری بوونەوەی ئەم بزوتنەوەیە. شکستی بزوتنەوەی سەوز ئاخرین هەوڵەکانی باڵی ئێسلاح خوازانی دەوڵەتی لە بزوتنەوەی خوێندکاری دایە. لە ئاخیزی مانگی بەفرانباری ڕابردودا بزوتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ جەماوەری خەڵک درووشمیان ئهدا ” ئیساح تەڵەب، ئوسولگەرا، ئیتر تیەواوبوو ماجەرا” و ئەمە هەمان ئەو ئاڵوگۆڕەیە کە دوای ئەو ئاخیزە سەرتاسەریە لە ئاگاهی جەماوەری خەڵک و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا بەدی هاتووە. بزوتنەوەی خوێندکاری ئیستا بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز و بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی دەکەوێتە حەرەکەت. لەگەڵ ئەوەدا دەبێ بوترێت کە بزوتنەوەی خوێندکاری پوتانسیەلی گەلێک زیاتری لە تەنیا ڕاگەیاندنی پشتیوانی لەم ناڕەزایەتیانە هەیە. پێكهێنانی شوڕاکانی ڕادیکاڵی خوێندکاری، ڕێکخستنی جەماوەرێکی هەرچی زیاتر لە خوێندکاران، پێوەندی ئۆرگانیک لەگەڵ خەبات و مانگرتنی کرێکاری ئەو ئەرکانەن کە دهتوانن گەڕانەوە بۆ سوننەتی ڕادیکاڵی بزوتنەوەی خوێندکاری واقعی تر بکەنەوە. دروشمی” منداڵی کرێکارانین، پشتیوانیانین، پێوستە خۆی لە پڕاتیکیشدا نیشان بدات. کاتێک ڕادەگەیەندرێت زیاتر لە ٧٠ لەسەدی ئەو کەسانەی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە بێکارن کەوایە بۆچی نابێ بچنە شەڕی ڕژیمێک کە سەبەبکاری ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارەیە. ئەمە هەمان ئەو ئاڵقەیە کە خوێندکاران بە ئەڕتەشی ملیۆنی بێکاران و بە حقوق بگیرانەوە گرێ ئەدات. و ئەمە هەمان ئەو ئهركێكه کە لە بەردەم بەشی ڕادیکاڵ و پێشڕەوی بزوتنەوەی خوێندکاریدا قەراری گرتووە.