کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزوتنەوەی” جومعەکان بۆ داهاتو”

64

دەیان هەزار دانش ئاموز لە سەرتاسەری دنیا رۆژی هەینی لە ناڕەزایەتی بە سیاسەتە ناوچەییەکان بە جێگای ئامادە بوون لەسەر کلاسەکانی دەرس، شەقامەکانیان داگیر کرد. بە ڕاشکاوی دەکرێ بڵێین کە ئەمە گەورە ترین مانگرتنە بۆ دیفاع لە ژینگە کە لە مێژوودا رووی داوە.

چەندین مانگە کە رۆژانی هەینی قوتابیان لە زیاتر لە سەد وڵاتی دنیا بزوتنەوەی داکۆکی لە داهاتوی خۆیان و بۆ دیفاع لە داهاتوی دنیا ڕێکخستوە. کاتێک کە چەند مانگ لەوەپێش بۆ یەکەم جار قوتابیەکی سوئیدی بەناوی” لیونێل” بە جێگای چوون بۆ سەر کلاسی دەرس لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوکلاسیەکانی لە ناڕەزایەتی بە سیاسەتە ئیقلیمیەکانی دەوڵەتانی دنیا دەستیان دایە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی چەند کەسی لە بەردەم پارلمانی سوئید، ڕەنگە بە دژواری کەسێک دەیتوانی بیر لەوە بکاتەوە کە ئەم کۆبوونەوە چەند کەسیە زەمانێکی ئه‌وتۆی نەوێت تا ببێتە بزوتنەوەیەکی جیهانی. پەرەسەندنی بە خێرایی ئەم بزوتنەوەیە ئەم پرسیارەی هێنایه‌ گۆرێ کە ئایا لەگەڵ دەستپیکی بزوتنەوەیەکی جیهانی لاوان بەرەو رووین. لە ڕاستیدا لە سەر تاسەری دنیادا لە نیۆیۆرکەوە تا ڕیودۆژانیرۆ لە برلینەوە تا ژوهانس بۆرگ، لە بەمبەئیەوە تا سیدنی و لە چینەوە تا بریزیل بە سەدان هەزار قوتابی ئێستا بە بزوتنەوەیەک لەژێر ناوی” هەینیەکان بۆ داهاتو” مەیدان و خیابانی شارەگەرەکانی دنیایان کردۆتە شانۆی ناڕەزایەتی خۆیان. ئەوان روو بە دەوڵەتانی سەرمایەداری دەڵێن کە” ئێوە خەریکن داهاتوی ئێمە و منداڵەکانمان پێشێل دەکەن.” ئەوان دەڵێن” هه‌ساره‌یه‌كی ترمان نییە بۆی بچین”. ئەم قوتابیانە بە پێچەوانەی دەوڵەتانی سەرمایەداری کە وەک کاربەدەستانی سەرمایە دەجوڵێنەوە هیچ چەشنە قازانجێکیان لە نابوود کردنی ژینگەدا نییە، ئەگەر بۆ خاوەنانی رئاکتۆرە ئەتۆمیەکان، بۆنگاکانی بەرهەمهێنان ماشێن، بەرهەمهێنەرانی بە میلیارد تۆن پلاستیک، لەنێو بردنی دارستانە سروشتیەکان، بەرهەمهێنەرانی وەزەی فوسیلی ئامانجی سه‌ره‌كی زیاد بوونی قازانجه‌، بەڵام دڵەڕاوکێی ئەم قوتابیانە لەنێو چوونی ژینگه‌ی گۆی زەویە کە دەبێ تییدا بژین. له‌ناوچوونی ئەو شارانەی کە لەئەگەری درێژەی ئەم بارودۆخەدا دەچنە ژێر ئاو. نیگەرانی ئەوان سەبارەت بەو باهۆزانەیە کە بەردەوام روو لە زیاد بوونن و لە کۆتاییدا نیگەرانیان لە وشکە ساڵی و قاتوقڕی بە تایبەت لەو بەشە لە دنیادایە کە دەورێکی لە نابوود کردنی ژینگەدا نەبووە بەڵام قوربانیانی شەڕ لەگەڵ سروشتی سەرمایەدارانن.

دوو حەفتە لەوە پێش ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لەسەر بنەمای توێژینەوەیەک ڕایگەیاند کە تەنانەت به‌ڕێوه‌بردنی بەتەواوەتی پەیمانی ئیقلیمی پاریس ناتوانێ بەر بە بەرز بوونەوەی ٣ تا ٥ پله‌ی گەرما لە قوتبی شیمال بگرێت. رۆژی ١٤ ی ماڕس، ٢٣ ی مانگی ڕەشەمە شکایەت نامەیەک لەدژی دەوڵەتی فەڕانسە لە بواری ناکافی بوونی کردارە ژینگەییەکان بە ئیمزای زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس پێشکەشی دادگا کرا. عەینی ئەم شکایەتە لە ئاڵمان چەند مانگ لەوە پێش درابووە دادگای باڵا. لە هولەند ئەم شکایەتە بەرەو رووی سەرکەوتن بۆوە و دەوڵەتی هولەندی ناچار کرد تا چالاکی ڕئاکتۆرە بەردی خەڵوزەکانی بە جێگای ساڵی ٢٠٢٤ هەر ئەمساڵ رابگرێت.

سروشتیە کە بەشداران لە بزوتنەوەی قوتابیانی دیفاع لە ژینگە وەک هەموو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی تر بیر و بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بە ڕێگاچارەی ڕزگار کردنی گۆی زەوی هەیە. کەسانێک دەتوانن لەنێو ئەواندا ئەم گومانەیان هەبێت کە دەکرێ بەناو” سەرمایەداری سەوز” بەدی بێنن و کەسانێکیش هەن کە دەڵێن ڕێگا چارە لە گۆڕینی سیستمی ئێستادایە. ئەوەیکە لە هەموو ئەو بزوتنەوانەی لەم جۆرەدا پرسیاری سیستمی ئابووری- کۆمەڵایەتی ئێستا تەرح دەکرێت، کێشەیەکە کە لە بەر دەم هەموو هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی دنیا دایە. لە راستیدا پرسیاری ڕزگار کردنی ژینگە پرسیارێکە کە لە ناوەرۆکی خۆیدا بابەتی بەرابەری لە بەرانبەر بەهرەکێشیدا دێنێتە گۆڕێ. ئەگەر چەپی جیهانی دەڵێ بۆ هەموو لایەنەکانی ژیانی ئینسان بەدیلی خۆی هەیە کەوایە ناکرێ و نابێ لە بەرانبەر نابوود بوونی ژینگەدا تماشاچی بێت. بابەتی ناوەندی لێرەشدا ئەوەیە کە پاراستنی گۆی زەوی پێوەندیەکی چڕوپڕی لەگەڵ پرسیاری نەزمی ئابووریدا هەیە. ئەم نەزمە ئابووریە یان دەبێ لە خزمەت سەرمایەدا بێت و یان لە خزمەت ئینساندا.

ئەگەر قەرار بیت کە بەشەریەت لە ئاشتیدا بژیت، ئەگەر قەرار بیت کە هەژاری ئینسانەکان ببێتە بابەتێکی مێژوویی، ئەگەر قەرارە ئینسانێکی کە لە بنگلادێش و یان گتیوەکانی وڵاتانی ئەفریقاییدا دەژیت لەگەڵ ئینسانێک کە لە پێشکەوتو ترین کۆمەڵگا سەرمایرداریەکاندا نیشتە جێن بە شێوەیەکی یەکسان لە نێعمەتەکانی ئەم دنیایە بەهرەمەند بن، کەوایە دەبێ وڵامی دروست و روون به‌م پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م گۆرانكاریانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی كام چینی كۆمه‌ڵایه‌تی جێبه‌جێ ده‌بێت؟ پاراستنی سروشت و بەهرە کێشی له‌گه‌ڵ نیزامی سەرمایەدرانەدا ناته‌بان. ئەم نەزمە ئابووریە کە لەسەر بنەمای دەرهێنانی هەرچی زیاتری وەرزەی فوسیلی لە سەر بنەمای ڕیئاکتوۆرە ئەتۆمیەکان و بەردی خەڵوز و لە خزمەت زیاد بوونی ئەرزشی سه‌هامی ئینحساراتی زەبەلاحدا بنیاد نراوە. دەستەبەر کردنی ئەم ئامانجانە تەنیا بە هێرش بردن بۆسەر سروشت مویه‌سه‌ر ده‌بێت. ئاکامی ئەم هێرشە ئەو شەڕانەیە کە بۆ سوڵتە و زاڵ بوون بەسەر سەرچاوەی وەزدا بەڕێوەدەچن. کە گۆی زه‌وی لە ئاکامی بە جیهانی بوونەوە بۆتە گوندێک، ناکریت لەم ئاواییە بە جیهانی بووەدا کە بەشێکی بەسەر بەشەکەی تریدا زاڵ بووە، بە بەشێک لە دەست ڕەنجەکانی بەشەکەی دیکە خەریکی کەڵەکە کردنی سەروەت و سامانە، باسێک لە ئاشتی و ئازادی و یەکسانی بکرێت. ئاشکرایە نیزامێک کە لەسەر بنەمای بەهرە کێشی، لەسەر بنەمای پەرەدان بە ناوچەی نفوز و ڕقابەت دامەزراوە، ناکرێت بەرژەوەندیەکانی داکۆکی کاری لە پیوانە ئینسانیەکان بێت. ئەم پێوانانە و سیستمە کە لە ناوەرۆکی خۆیاندا لەگەڵ یەکتردا لە ناکۆکیدان.

له‌ڕاستی دا دیفاع لە ژینگە و ئاشتی لەگەڵ سروشتدا بابەتێکی سروشتییە و ڕاست لەم ڕوانگەیەوە وڵامی چینایەتی دەخوازێت. هەموو چینێک وڵامی خۆی بەم بابەتە ئەداتەوە. ئەگەر سەرمایەداران سیاسەتی شەڕ لەگەڵ سروشتیان گرتۆتەبەر، کومونیستەکان سیاسەتی خۆیان لەسەر بنەمای ئاشتی لەگەڵ سروشتدا بنیاد ئەنێن.