لە ماوەی ڕۆژانی ڕابرددوو کاسبکارێکی خەڵکی کامیاران کە لە نزیک شاری کەنگاوەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار کرا، ڕۆژێک دوای نەشتەرگەری کردن بۆ زیندانی ناوەندی شاری کرماشان گوازراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە نزیک سێ ڕێیانی شاری کەنگاوەری سەر بە ئوستانی کرماشان دوای ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆ پارس تەقەیان لە شۆفێرەکەی بە ناوی “ڕەزا عەبدی” تەمەن ٣٤ ساڵ کردووە و لاقیان بە سەختی بریندار کردووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاوڵاتیە هەمان ڕۆژ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “تاڵقانی” و نەشتەرگەری بۆ کراوە و دواتر ڕەوانەیی زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان کراوە. جێگای ئاماژەیە کە “ڕەزا عەبدی” خێزاندار و باوکی منداڵێکە و هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ ئۆتۆمبێلەکەیان ڕاگرتووە و دواتر برینداریان کردووە.