به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: لە ماوهی رۆژانی رابردوودا لانیکەم ٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود، بانە و چاڵدێران بریندار کران.
بە پێی ئهم ڕاپۆرته، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ، هێزەکانی ڕژیم لە سنووری چالدێران دەستڕێژییان لە پۆلێك له کوڵبەران کرد و بەو هۆیەوە کۆڵبەریک بە ناوی “وەیسی حسێن نژاد” خەڵکی گوندی “سگریک” بە سەختی بریندار بوو. شایانی باسه، ناوبراو بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی گوازتراوهتهوه بۆ ناوەندەکانی چارەسەریی پزیشکی لە شاری وانی توركییه. لە لایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، کوڵبەرێکی خەڵکی شاهۆ لە ناوچەی روانسەر بە ناوی “ئومید محەممەدی” لە کاتی هەڵاتن لە دەستی هێزەكانی ڕژیم لە بەرزاییەکانی سنووری نەوسوود کەوتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو. بە پیی هەواڵێکی دیکە ههر لهم پێوهندهدا، رۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “میکائیل خوسرەوی” لە سنووری هەنگەژاڵەی بانە کەوتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم و بە سەختی بریندار بوو. شایانی باسه، ناوبراو بههۆی سهختی برینهكانییهوه لە بەشی چاودێریی تایبەت (ئای سی یوو)ی نەخۆشخانەی بانە بهستهری كراوه. هەر ئەو رۆژە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “رامین بەلخکانلوو” خەڵکی گوندی “کشمش تەپە”ی ماکۆ، لە بەرزاییەکانی چاڵدێران کەوتە بەر دەستڕێژی گوللە و بە سەختی بریندار بوو و ئێستا لە ناوەندیی چارەسەریی پزیشکیی ورمێ بهستهری كراوه.