کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

براوەی ئەم نەبەردە لە فەڕانسە کێیە؟

265

جارێکیتر کۆمەڵگای فەڕانسە لە ئاكامی ئاخێزی جەماوەریدا کەوتە جوڵە. ساڵ و نیوێک پێویست بوو تا ئەوانەی کە لە ناخی وەرشکست بوونی ئەحزابی سوننەتی و لە دژایەتی لەگەڵ ماری لوپێن کاندیدی حیزبی ڕاسیستی” بەرەی نەتەوەیی” دا دەنگیان دا بە مەکرۆن، تێبەگەن کە ئەو باشترین نوێنەری سه‌رمایەی فەڕانسەیە. ڕۆژی شەممە ٢٤ی مانگی نۆوامبر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٣ی سەرماوەز، بە سەدان هه‌زار کەس لە خەڵکی ناڕازی، پاریس و گەلێک لە شارەکانی دیكه‌، وڵاتی فەڕانسەیان کردە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی خۆیان لەدژی مەکرۆن. دەوڵەت تەنیا لە پاریس ٣ هەزار پۆلیسی دەژی شۆڕشی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ خەڵکی توڕە جێگیر کردبوو. شه‌قامی شانزه‌لیزە گۆڕه‌پانی سەنگەر بەندی دوو هێزی دژ بەیەک بوو. خەڵکی ناڕازی لە بەرانبەر هێرشی وەحشیانەی پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و باتوم خۆڕاگریەکی ئازایانەیان ڕێکخست. جاریکیتر دەرکەوت کە چەنەبازیەکانی” دێمۆکراسی بۆرژوایی” كاتێك کە خەڵکی ناڕازی دێنە سەرشەقام، کاڵ دەبێتەوە و جێگای خۆی ئەدات بە هێزی سەرکوتگەر.

ناڕەزایەتی ڕۆژی شەممە درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری ناسراو بە” جلیقە زەردەکان”ە کە لە ٢٦ ی مانگی خەزەڵوەردا لە ناڕەزایەتیی بە بەرز بوونەوەی ماڵیات لەسەر وزە دەستی پێکرد و درێژەی هەبووە. بە وتەی وەزیری نێوخۆ لە ناڕەزایەتییەکانی حه‌فته‌ی ڕابردوودا کە لە زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٠ شار بەڕێوەچوو، ٣٠٠ هەزار کەس بەشداریان کردووە. بەڵام گەلێک لە هەواڵنێران ژمارەی ناڕازیانیان نزیک بە نیو میلیۆن کەس ڕاگەیاندووە. ئەوان سەرجەم شوێنە هەستیارەکانی هاتووچۆ، ئوتوبان و جادە سەرەکییەکانیان خستبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

هەرچەند کە بزوتنەوەی” جلیقە زەردەکان” بە ڕواڵەت لەدژی زیاد بوونی ماڵیات لەسەر وزە دەستی پێکرد، بەڵام داخوازیەكان لە ڕێپێوانەکاندا گەلێک واوەتر چووە و لە ڕاستیدا ڕووی لە سەرجەم سیاسەتە نیئۆ لیبڕاڵیەکانی دەوڵەتی مەکرۆنە. ئەوان لەوەی کە کەس دەنگی ئەوان نابیستێ، توڕەن. ئەوان لەدژی کەم بوونەوەی توانایی کڕینیانن. زۆربەی خۆپیشاندەران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێران وتویانە کە ” کاسەی سەبریان لێوڕێژبووه‌”. زیاد بوونی ماڵیات لەسەر وزە، خوسوسی سازی ڕێگای ئاسن، بێکار سازی ١٢٠ هەزار کەس لە بەشی دەوڵەتی، پەسند کرانی کۆسپگەلی نوێ بۆ چوون بۆ زانکۆکان تەنیا بەشێک لەسیاسەتی هێرشکارانەی مەکرۆن بوون لە ماوەی یەکساڵ و نێوی ڕابردودا لەدژی موزد بگیران.

سەرۆک وەزیرانی فەڕانسە لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی حەفتەی ڕابردودا و بەرەو پێش چوونیان بە تێپەڕاندنی بەربەستەکانی پۆلیس تا نزیک پاڕلمان، ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی وا بوونەتە هۆی ڕێبەندان شوێنە گشتیەکان بە دوو ساڵ زیندان و دانی ٤ هەزار یۆرۆ جەریمە مەحکوم دەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا خۆپیشاندانی رۆژی شەممە و هەڵکەندنی باریگادەکانی هێزی سەرکوتگەر و دروست کردنی سەنگەر بەندی لە لایەن ناڕازیانەوە نیشانیدا کە ئەم هەڕەشانە لەسەر ئیرادەی خەبات و خۆراگری خەڵک کاریگەری نییە. ئامارەکان نیشانی ئەدەن کە هەشتا لەسەدی خەڵکی فەڕانسە پشتیوانی لە بزوتنەوە” جلیقە زەردەکان” دەکەن و ئەمەش سەرمایەیەکی کەم نییە بۆ ئەم بزوتنەوەیە. هاوکات ٤٠٩ کەس لە ژنانی ژورنالیست، ٢٥٠ کەس لە ژنان و پیاوانی هونەرمەند و ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی ژن و پیاو لە بەیانیەیەکەدا بە ئاماژە کردن بە ٢٥ ی نوامبر رۆژی جیهانی خەبات لەدژی توندوتیژی لەسەر ژنان، خه‌ڵكیان بۆ خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌ بانگەواز کردبوو. کاردانەوەی وەحشیانەی دەوڵەت لە ڕاستیدا ترسێکە کە ئەوان لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان لە حەفتە و مانگەکانی داهاتودا هەیانە. هەرچەند کە مەکرۆن زیاد بوونی ماڵیات لەسەر وزە ی لە زەڕوەرەتی پاراستنی ژینگە پێچاوە، بەڵام له‌ ڕاسیتدا ئەو بۆ بەرز کردنەوەی توانایی ڕقابەتی سەرمایەی فەڕانسەوی، هیڕشەکانی بۆسەر ژیانی توێژی خوارەوەی کۆمەڵگا ڕێکخستوە. ناڕازیان ئەو کەسانەن کە زۆربەیان ناچارن لە پەڕاوێزی شارە گەورەکاندا بژین تا توانایی دانی ئیجارەی مەسکەنیان هەبێت و هاوکات دەبێ رۆژانە دەیان و سەدان کیلۆمیتر ڕێگا بۆ گەیشتن بە شوێنی کار ببڕن. رۆژنامەی لیبراسیۆن بە ئاماژە کردن بە هەڕەشەکانی دەوڵەت ئەو پرسیارە ده‌كات کە” چۆن دەکرێت بە میلیۆن کەس لە کرێکارانی پیشەسازی و کەشاوەرزی، تەعمیرکاران کە زۆربەیان لانیکەم حەقدەست وەردەگرن، بڵیی کە ناڕەزایەتی لەدژی گرانی بەنزین کارێکی هەڵەیە. مەعلوم نییە بۆچی بۆ بە ناو پاراستنی ژینگە دەبێ گوشار بخەیتە سەر توێژی خوارەوەی کۆمەڵگا.”

ناڕەزایەتی حەوتوی ڕابردو سێهەمین ناڕەزایەتی بەرینی کرێکاری و جەماوەری لەدژی سیاسەتەکانی نیئۆ لیبڕاڵی مەکرۆنە. هێشتا چەند مانگ لە چوونی مەکرۆن بۆ کۆشکی ئیلیزە تێنەپەڕی بوو کە ئەو گەڵاڵەی ” ڕیفۆڕمی بازاڕی کاری”ی خستە دەستوری کاری خۆیەوە. هەر ئەو کات واتە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردودا بە سەدان هەزار کەس لە موزد و حقوق بگیرانی فەڕانسە بە بەڕێوەبردنی ١٧٠ میتنگی ناڕەزایەتی بە بانگەوازی سەندیکاکانی” س ژ ت”، ” ئێف ئێس ئۆ” و ” یەکێتی نەتەوەیی خوێندکاران” دەستیاندایە یەکەم زۆرانبازی لەگەڵ دەوڵەتی تازە. ئەو بە پشت بەستن بە زۆرینە پاڕلمانیەکەی و بە حوکمی مادەیەکی تایبەت لە یاسای بنەڕەتیدا گەڵاڵەکەی خستە بواری جێبەجێ کردنەوە. مەکرۆن وەک قوتابیەکی مەدرەسەی نوخبەکانی فەڕانسە و یەکێک لە مودیرانی بونگای ماڵی” روتشلد” قەت نەیشاردەوە کە نوێنەری سەرمایەی فڕانسەوی بووە و لە ڕێگای” ڕیفڕۆڕم لە بازاڕی کار”دا خوازیاری بەرز کردنەوەی توانایی ڕقابەتی ئەم سەرمایەیە لە بەرانبەر ڕەقیبە ئوروپایی و جیهانیەکانیدا.

دەوری دووهەمی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان لە فەرانسە بە هێرشی مەکرۆن بۆسەر کرێکاران و کارمەندانی ڕێگای ئاسنی دەوڵەتی و درێژەی هەوڵەکان بۆ لیبڕاڵی کردنی بازاڕی کار لە مانگی مارسی ئەمساڵدا دەستی پێکرد. تەرحەکەی بۆ خوسوسی سازی گەرە ترین بەشی گواستنەوە و گەیاندنی فەرانسە ڕاگەیاندنی شەڕێکی ئاشکرا بووە لەدژی کرێکاران. هەر ئەوکات ٤ یەکێتی گەورەی فەڕانسە لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا وتیان:” به‌هۆی ئه‌وه‌ی کە دەوڵەت هیچ مەیلی لەوە نییە کە وتووێژ بکات و شەڕی ڕاگەیاندووە، کەوایە دەبێ خۆ بۆ دەرگیریەکی دژواتر و درێژماوە ئامادە بکەن”. کرێکارانی ڕێگای ئاسن وڵامی مەکرۆنیان بە مانگرتنێکی گشتی دوو رۆژە دایەوە. ناڕەزایەتی، ڕێپێوان و مانگرتنەکانیان ٣ مانگ بەردەوام بوو. حەفتەیەک بەر لە دەستپێکی ئاخێزی” جلیقە زەردەکان”، دانش ئاموزان و مامۆستایان لە ناڕەزایەتی بە تەرحی بێکار سازی دوو هەزار و ٦٥٠ موعەلیم و خوسوسی سازی قوتابخانەکان دەستیان دابوە دەربڕینی ناڕەزایەتی. ئەم تەرحە لە سەرەتای ساڵی داهاتوی زاینیەوە دەچێتە بواری کردارییەوە. لە ئێستاوه‌ کەرتی تایبەت خۆی بۆ قازانجی ١٥ میلیارد یۆرۆ لە ساڵدا لە پێوەند لەگەڵ خوسوسی کردنی مەدرەسەکان ئامادە دەکات.

بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستا ده‌نگی ناڕەزایەتی دژبە گشت ئەو سیاسەتانە بووە و نیشانی ئەدات کە بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری فەڕانسە خاوەنی چ پوتانسیەلێکی بەهێزە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم پاڵەوانەی نیئۆ لیبڕالی ئۆرووپایه‌. ئەو ڕەنگە بتوانێ بە زۆرینە پاڕلمانیەکەی تەرحە دژی کرێکاریەکانی و گوشار بۆسەر چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بەرەو پێش بەرێت. بەڵام بێ گومان ناتوانێ شەقام داگیر بکات. داهاتو نیشانی ئەدات کە ئایا پێوەندی نێوان خەبات لە خیابان و کارخانە بەدی دێت و ئایا ئەو ٨٠ لەسەدەی کە خۆیان بە پشتیوانی ئەم بزوتنەوەیە دەزانن، عەزم و ئیرادە بۆ هاتنە سەرشەقام بە دەست دێنن. چارەنووسی نەبەردی ئێستا وڵامێکی دروستە بەم پرسیارانە.