کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

براوەکان و دۆڕاوەکانی شەڕی چل ڕۆژە وتەیەک سەبارەت بە ئاگربەستی دوو هەفتەیی

IMG 4209

براوەکان و دۆڕاوەکانی شەڕی چل ڕۆژە

وتەیەک سەبارەت بە ئاگربەستی دوو هەفتەیی

لە چلەمین ڕۆژی شەڕی وێرانکەری ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، سەرەنجام هەردوولا لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕێککەوتن. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم ئاگربەستە کاتییە دوای هەڕەشە کەموێنەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ فراوانکردنی هێرشەکان و بە ئامانجگرتنی ژێرخانە مەدەنییەکانی ئێران هاتە ئاراوە، هەروەها لە ئەنجامی نێوەندگیریی پاکستان و قبوڵکردنی کردنەوەی کاتیی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە پێکهاتووە. بەڵام لە پشت ئەم هاتوچۆ دیپلۆماسی و سەربازییانەوە، ڕاستییەکی تاڵ هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە لەم شەڕەدا، حکومەتەکان هەریەکەیان شتێکیان بۆ پێشکەشکردن بە ڕای گشتی خۆیان پێیە، بەڵام خەڵکی ئێران دۆڕاوی سەرەکین.

ئەمریکا دەتوانێت ئەم ئاگربەستە وەک نیشانەیەک لە نواندنی هێزی خۆی ناوزەد بکات، دەتوانێت بڵێت بە هەڕەشە، گوشار و نیشاندانی ئیرادەی سەربازی، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناچار کردووە سەبارەت بە گەرووی هورمز پاشەکشە بکات و مل بدات بە دانوستانی نوێ. ئیسرائیلیش دەتوانێت ئیدیعای ئەوە بکات کە جارێکی دیکە توانیویەتی یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی ناوچەکەی بخاتە ژێر گورزی خۆی و لۆژیکی سەربازیگەری وەک ئامرازێک بۆ چارەسەری کێشەکان بچەسپێنێت. کۆماری ئیسلامیش لە لایەکی دیکەوە، ئەم ئاگربەستە وەک بەڵگەیمانەوەوڕاوەستانبانگەشە دەکات، ئەوەی کە لەژێر گوشاری ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەرەسی نەهێنا و توانی لایەنی بەرامبەر ناچار بکات کە بوونی سیاسیی ئەو قبوڵ بکەن.

بەڵام ئەگەر هەر سێ ئەم لایەنە شتێکیان هەیە بۆ نمایشکردن، خەڵکی ئێران چییان هەیە؟ دەستکەوتی ئەوان لە چل ڕۆژ شەڕ چییە؟ ئایا ئاسایشی زیاتریان دەستکەوتووە؟ ئایا ئازادیی زیاتریان بەدەستهێناوە؟ ئایا داهاتوویەکی ڕوونتر لەبەردەمیان دایە؟، وەڵامەکە ڕوونە: نەخێر. ئەوەی بۆ خەڵکی ئێران ماوەتەوە، بریتییە لە وێرانی، هەژاری، دڵەڕاوکێ و ئەو هەموو گیانەی کە لەدەست چوون.

حکومەتەکان دەتوانن بە وشەی بریقەدار قسە لە سەرکەوتنی خۆیان بکەن، بەڵام ئەوەی دەبێتە نسیبی خەڵک، مەرگ و هەژاری و پەککەوتنی ژیانی ڕۆژانەیە. لەم شەڕەشدا هەر وا بوو. هەڕەشەی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر پردەکان، وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانە مەدەنییەکان، تەنها هەڕەشەیەکی سەربازی نەبوو، ئەمە هەڕەشەیەکی ئاشکرا بوو بۆسەر ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان مرۆڤ. تەنانەت ئەگەر ئەم هێرشانە ئێستا وەستابن، خودی دەست نیشانکردنی ئەم ئامانجانە، نیشانی دا کە لە لۆژیکی هێزە شەڕخوازەکاندا، خەڵکی ئاسایی هیچی تر نین جگە لە ئامرازی گوشار.

لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامیش ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی ئەم کارەساتە بدزێتەوە. حکومەتێکی کە ساڵانێکە ئێرانی بەرەو قەیرانی هەمیشەیی، سەرکێشیی ناوچەیی، دابڕانی نێودەوڵەتی و ئەمنییەتیکردنی کۆمەڵگە بردووە، ناتوانێت ئەمڕۆ خۆی تەنها وەک قوربانیی دەستدرێژیی دەرەکی بناسێنێت. هەروەک چۆن مووشەک و بۆمبی ئەمریکا و ئیسرائیل ئازادی بۆ خەڵکی ئێران بەدیاری ناهێنێت، مانەوەی کۆماری ئیسلامیش بۆ ئەوان ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسایش دابین ناکات. خەڵکی ئێران لە نێوان دوو هێزی وێرانکەردا گرفتار بوون: لە لایەک ماشێنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل، و لە لایەکی دیکەوە حکومەتێکی کە مانەوەی خۆی لەپێش بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەوە دادەنێت.

ئاگربەست، ئەگەرچی ئێستا لە توندیی کارەساتە دەستبەجێیەکە کەمدەکاتەوە، بەڵام بەواتای کۆتایی ڕەنج و ئازارەکانی خەڵک نییە. بۆ خەڵکی ئێران، شەڕی ڕاستەقینە لە سبەینێی دوای ئاگربەستەوە بە شێوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت، لە گرانبوونی زیاتر، لە بێکاری، لە گوشار بۆ سەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کەمیی سەرچاوەکان و لەو ژێرخانەدا کە لە ئاکامی شەڕدا زیانی بەرکەوتووە و بە دروشم نۆژەن ناکرێتەوە. ئەو ئابوورییە پەککەوتووەی کە لەژێر گەمارۆ، گەندەڵی و بێتواناییدا هەناسەی لێبڕاوە، بە ئاگربەست ناژیێتەوە. ئەو بنەماڵەی پێش شەڕیش لەژێر باری هەڵاوساندا پشتی چەمابووەوە، دوای شەڕ هەژارتر و زەرەرمەندتر دەبێت.

لەم نێوەندەدا، نابێت لە مەترسییەکی گرنگی دیکە غافڵ بین، ئەویش بریتییە لە کەڵکوەرگرتنی ناوخۆیی لە دۆخی شەڕ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ توندکردنەوەی سەرکوت. ئەزموون نیشانی داوە کە حکومەتە دیکتاتۆرەکان قەیرانی دەرەکی وەک دەرفەتێک بۆ داخستنی کەشی سیاسی، دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان و ئەمنییەتیکردنی زیاتری کۆمەڵگە بەکاردەهێنن. لەمڕووەوە تەنانەت ئەگەر بۆردومانەکانیش بوەستن، ئەم ئەگەرە تەواو جدییە کە گوشار بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکانی سیاسی، میدیاکان و شارۆمەندانی ناڕازی زیارتر دەبێت. بە واتایەکی دیکە، خەڵکی ئێران ڕەنگە هاوکات هەم تێچووی شەڕ و هەم تێچووی سنووردارکردنی هەرچی زیاتر لە ناوخۆدا بدەن.

ئەم شەڕە تەنها بە زیانی خەڵکی ئێران نەبووە. ناوچەکەش جارێکی دیکە سەلماندی کە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ کات بە سنوورداری و کۆنتڕۆڵکراوی نامێنێتەوە. هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز، نائارامی لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی وزە، گواستنەوەی شەڕ بۆ وڵاتانی دیکە و فەزای گشتگیری ناسەقامگیری، هەمووی ئەمانە نیشان دەدەن کە خەڵکی ناوچەکەش لەم ئاگرە جگە لە وێرانکاری و دڵەڕاوکێ، هیچیان دەستناکەوێت.

بۆ ئێمە و ئەو خەڵکەی خوازیاری کۆتایی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی شەڕبوون، خودی ئەم ئاگربەستە کاتییەش دەتوانێت دەستکەوتێک بێت. بەڵام لە دۆخێکدا کە بێ متمانەییەکی قووڵ دروست بووە، هەڕەشەکان کۆتاییان نەهاتووە و هیچ گەرەنتییەکی ئەوتۆ نییە بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی خولێکی نوێی شەڕ. ئەوەی ئەمڕۆ زەروورە، بریتییە لە بەرگریکردن لە خەڵک لە بەرامبەر هەردوو لۆژیکی وێرانکەری شەڕخوازیی ئەمریکا و ئیسرائیل و دیکتاتۆریی و قەیرانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامی.

واقیعییەت ئەوەیە کە هیچ کام لە لایەنە ناکۆکەکان نوێنەری بەرژەوەندییەکانی خەڵک نین. ئەمریکا هێزی خۆی دەوێت، ئیسرائیل داگیرکاری و پەرەپێدانی خۆی بە ناوی ئاسایش لە ڕێگەی لۆژیکی سەربازییەوە پێناسە دەکات و کۆماری ئیسلامیش لە هەوڵی مانەوەی خۆیدایە. بەڵام خەڵکی ئێران ژیان، نان، ئازادی، ئاسایش و کەرامەت و ژیانێکی سەربەرزانەیان دەوێت. بێگومان ئەم جەماوەرە تێکۆشەرەی کە بە خەباتی خۆیان ئەم ڕژێمەیان چەندین جار گەیاندووەتە لێواری ڕووخان و لەناوچوون، سەرەنجام هەموو ئەو شتانەی کە شایستەین، بە هێزی وشیاری، یەکگرتوویی و خەبات و تێکۆشانی خۆیان بەدەستی دەهێنن.