ئێستا ٣ مانگ و ١٢ رۆژە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی داسی مەرگی به سەر سهری زیندانی سیاسی ڕامین حسێن پەناهی دا ڕاگرتووه. ئەم زیندانیە سیاسیە کە لاوێکی ٢٤ ساڵ تەمەنە لە مەترسی نزیک بە لە سێدارەدان دایە. ڕامین حسێن پەناهی لە رۆژی دووهەمی مانگی پوشپەڕی ٩٦وە گیراوە و دوای تێپەڕ کردنی نزیک بە ٧ مانگ لە ژووری تاکەكهسیدا و تەحەمول کردنی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕەوانی زۆر گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی سنە. ئەم زیندانیە سیاسیە، رۆژی ٢٥ی مانگی بەفرانباری ٩٦ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە ئێعدام مەحکووم کرا. ئەم حوکمە، سەرلەنوێ، رۆژی ٢٢ی مانگی خاکەلیوەی ١٣٩٧ لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕژیم لە شاری قوم جەختی لەسەر کرایەوە. دیوانی باڵای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پەروەندە و حوکمی ئێعدامی ڕامینی داوەتە لقی ٤ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای سنە. بەپێی ڕاپۆرتەکان بەرپرسانی زیندان پێشتر بە ڕامینیان وتبوو حوکمەکەی دوای کۆتاییهاتنی مانگی ڕەمەزان بە کردەوە دەردێت. ڕامین حسێن پەناهی لە ئێستادا لە چاوەڕوانی مەرگدایە کە پارێزهرهكهی حوکمی ئێعدامی ئەوی بە چاوەڕوان نەکراو و نادادپەروەرانە زانیوە و پێشتریش جەختی کردبۆوە کە “دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ڕامین حسێن پهناهیی بە دەستێوەردانی دەزگای ئیتلاعات و سپای پاسداران بەڕێوە چووە.
گومانی تێدا نییە کە دەرکردنی ئەحکامی ئێعدامی ڕامین حسێن پەناهیی بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیاسەتی گشتی توند کردنەوەی فەزای سەرکوت بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ڕەوتی روو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لە سەرتاسەری ئێراندا، کە مانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیان خستۆتە مەترسیەوە. کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بە گرتن و زیندانی کردنی ڕێبەران و ڕێکخەرانی مانگرتنە کرێکارییەکان و بە تووندوتیژی نواندن بەرانبەر به خۆپیشاندهران، بە دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ ئەو ژنان و خوێندکارانەی کە لە ناڕەزایەتیەكاندا بەشداریان کردوە و هەروەها بە دەرکردنی حوكمی ئێعدام بۆ زیندانیانی سیاسی، به ههمووی ئهوانه دەیەوێ خەڵکی ناڕازیی و وەگیان هاتوی ئێران چاوترسێن بکات. ڕژیم بەم کردارانەی دەیەوێ بەر بە هەموو جۆرە حەرەکەتێکی خەباتکارانە لە سەرتاسەری ئێران و کوردستاندا کە بەردەوام سەنگەرێکی گرنگ بۆ پاراستنی دەستەکەوتەکانی خەباتی خەڵک و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان بووە، بگرێت.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری زل هێزە رۆژئاواییەکان و ڕەقیبە ناوچەییەکانیدا هەنگاو بە هەنگاو لە پێگەکانی دەکشێتەوە و لەژێر گوشاری مانگرتنی بەردەوامی کرێکاری و بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا قەڵای قەدەر قودرەتیەکەی بەلای خەڵکەوە روخاوە. ئەم ڕژیمە دەیەوێ لەوپەڕی داماویدا بە توند کردنەوەی فەزای ئەمنیەتیی و ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی توانایی ماشێنی سەرکوتی بە رووی خەڵکێکدا بداتهوه کە کەوتۆتە ژێر مەنگەنەی بێکاری و هەژاری و گرانی و بێ مافیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە. ئەحکامی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و توند بوونەوەی فەزای سەرکوت لە ئێران، نەک نیشانەی بە هێزی ڕژیمی ئیسلامی نیه، بەڵکوو کردارێکی داماوانە و لە رووی بێ دەرەتانیەوەیە لەسەر ناوەرۆکی قەیرانێکی هەمەلایەنە کە تێیدا گیری خواردوە.
خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە دەتوانن بە ناڕەزایەتیی یەکپارچەی خۆیان لەدژی حوکمی ئێعدامی ڕامین حسێن پەناهی لەدژی کۆماری ئیسلامی بوەستنەوە و رابگەیەنن کە بە بهڕێوهبردنی ئەم حوکمە جەنایەتکارانەیە، نە تەنیا قین و توڕەیی پۆنگ خواردوی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان هەڵدەخڕێنن، بەڵکوو نەفرەتی سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانیش بەرەو ڕووی خۆیان دەکەنەوە. خەڵکی شاری سنە هەر ئەو جۆرەی کە تا ئێستا گەلێک جار بە ئیبتیکاری خۆیان بەریان بە ئیجرای سزای دژی ئینسانی ئێعدام گرتوە و پەتی مەرگیان لە ملی مهحکوم کراوان بە ئێعدام پچڕاندوە، ئەمجارەش دەتوانن یەکگرتوانە و بە عەزم و ئیرادەیەکی قایمەوە بەر بە ئێعدام کرانی ڕامین بگرن. نابی بێڵین کۆماری ئیسلامی بەبێ ترس و شکۆ لە هەڵچوونی قین و توڕەیی خەڵک ڕامین بەرێتە بەردەم داری ئێعدام.
خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە و باقی شارەکانی کوردستان! لەم رۆژانەدا کە کۆماری ئیسلامی بۆ بهڕێوهبردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین حسێن پەناهی ژماردنی پێچەوانەی دەست پێکردوە، دایک و باوک و کەسوکاری، پێویستیان بە پشتیوانی بێ دریغی ئێوە هەیە بۆ ڕزگار کردنی گیانی منداڵەکەیان. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لەدژی حکومی ئێعدامی ڕامین حسێن پەناهی نەتەنیا بنەماڵەکەی دڵگەرم دەکات بەڵکوو ستایش و پشتیوانی و هاوپشتی سەرجەم ئینسانەکانی تینوی ئازادیشی sبه شێونهوهیه. نابێ ڕێگه بدرێت کە ڕژیمی کۆماری ئێعدامی زیندانی سیاسی ڕامین حسێن پەناهی بکاتە وەسیلەیەک بۆ توند کردنەوەی فەزای ئەمنیەتی لە شارەکان کوردستان. نابێ بێڵین ڕامین لە زیندان و لەژێر مەترسی ئێعدامدا ساتەکانی ژیانی تێپەڕێنێت. ئەوە عاملین و سەبەبکارانی بارودۆخی ئێستان کە دەبێ بچنە زیندان، واتە ئەو کەسانەی کە جگەر گۆشەکانی خەڵک دەکوژن و لە گۆڕی بە کۆمەڵ و بێ ناو و نیشاندا دەیانشارنەوە، ئەو کەسانەی کە منداڵەکانی خەڵک لە کەهریزەکەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا دەکوژن، ئەوانەی کە خوێنی لاوانی ناڕازیی لەسەر سەنگ فەڕشی خیابانەکان دەڕێژن، واتە ئەوانەی کە سەروەتی کۆمەڵگا بە تاڵان دەبەن و ئەم بارە قورسەی هەژاری و بێکاری و ڕەنج و بێ بەشی و بێ مافیان بەسەر خەڵکدا سەپاندەوە.
بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شاری سنە و باقی شارەکانی کوردستان و درێژەی کەمپەینە سیاسی و تەبلیغیەکان لە دەرەوەی وڵات، لەدژی حوکمی ئێعدامی ڕامین حسین پەناهیی لە بارودۆخی سیاسی ئێستادا دەتوانێ خەبات لەدژی سزای حوکمی ئێعدام لە ئێران چەند هەنگاو بباته پێشەوە و پێوەندی خەباتکارانەی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لە سەتاسەری ئێراندا پتەو تر بکات.