ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر بۆ جارێكی دیكه ده‌ریخست كه له ناخی كۆمه‌ڵگادا هێزێكی به‌رین و خرۆشان شاراوه‌یه كه به‌ره به‌ره خه‌ریكه خۆی نیشان ده‌دا. هه‌ر بۆیه ئه‌م ئاخێزه بۆ ماوه‌یه‌ك زۆربه‌ی مه‌یدان و شاره‌كانی گرته‌وه و دیاره ئه‌مه‌ش خۆی به‌شێكی چكۆله بوو له كوڵ و كۆیه‌ك كه له قووڵایی كۆمه‌ڵگادا له ئارادایه. ئه‌گه‌رچی نزیك به سێ ده‌یه‌ی پێچوو تا له ساڵی ٨٨دا به‌شێك له كۆمه‌ڵگا له ڕووی خۆشباوه‌ڕی به ئاكامی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه له سندووقه‌كانی خستووه و لای وابوو له مه‌یدانی كایه‌ی بانده‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌توانێ ده‌ور و نه‌خشی بێت، هاته سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌خاتری پێشێل كردنی مافی مووسه‌وی و كه‌رووبی كه خۆیان له داڕێژه‌رانی پایه‌كانی نیزامن هاواریان به‌رز بۆوه، به‌ڵام زۆر زوو ده‌ركه‌وت كه زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه به‌شی سه‌ره‌وه‌ی توێژی مامناوه‌ندی كۆمه‌ڵگایان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرد. به‌ڵام هه‌شت ساڵ دواتر له مانگی به‌فرانباری ٩٦دا خه‌ڵك، قۆناخێكی نوێیان له ناڕه‌زایه‌تی ده‌ست پێكرد و ئه‌مجاره‌یان له‌گه‌ڵ دوایین خۆشباوه‌ڕیه‌كانی كۆمه‌ڵگا سه‌باره‌ت به ڕێفۆرمخوازه‌كان ماڵاوایی یان كرد. دوای تێپه‌ڕبوونی كه‌متر له دوو ساڵ له مانگی خه‌زه‌ڵه‌وه‌ردا ئاخێزێك به‌رینتر له‌وه‌ی مانگی به‌فرانبار كۆمه‌ڵگای گرته‌وه. ئه‌گه‌ر له جه‌ریانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی مانگی به‌فرانباردا ڕژیم هه‌وڵی ده‌دا تا ده‌ستپێكی ئه‌م ئاخێزه كه له شاری مه‌شهه‌ده‌وه ده‌ستی پێكرد بخاته‌وه چوارچێوه‌ی فراكسیۆنه‌كان و باڵی ویلایه‌تی فه‌قیه به هانده‌ری ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه له قه‌ڵه‌م ده‌دا، ئه‌مجاره‌یان بڕیاری هاوبه‌شی سه‌رۆكی سێ قووه و پشتیوانی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای خامنه‌یی له چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی سێ سه‌د له سه‌دی نرخی بێنزین، بیانوو و پاساوێكی بۆ میدیاكانی ڕژیم نه‌هێشته‌وه. ئه‌مجاره‌یان ڕێگایه‌ك بۆ سه‌رانی ڕژیم نه‌مابۆوه كه هه‌موویان یه‌كده‌نگ و بێشه‌رمانه له میدیاكانیانه‌وه ده‌ركه‌ون. ڕووحانی ئیدعای كرد كه له‌و فیلمه‌ی كه دیتوویه‌تی، به قسه‌ی ئه‌و “شه‌ڕفرۆش و ئاژاوه‌گێڕه‌كان” له چه‌ند ده كه‌سێك زیاتر نه‌بوون. به‌ڵام خامنه‌یی له وته‌یه‌كی شاراوه‌ی دا كه لێیان بڵاوبووه‌ته‌وه، باس له ملیۆنان كه‌س ده‌كات كه هاتوونه‌ته مه‌یدان. فه‌رمانده‌ی به‌سیجیش ده‌ڵێ “ئه‌مه شه‌ڕێكی ته‌واو عه‌یاره دژبه نیزام و ئینقلاب”. هه‌ڵبه‌ت له هه‌موو قسه‌كانیاندا له‌بیریان ناچێ كه بڵێن ده‌ستێكی ده‌ره‌كی له پشت ئه‌م ئاژاوه‌یه دایه. ده‌ستی ئه‌مریكا، عه‌ره‌بستان، مونافقین، په‌هله‌وه‌ی چییه‌كان. هه‌ڵبه‌ت چ خه‌ڵك و چ خۆشیان به باشی ده‌زانن كه ئه‌م ئیدعایانه زیاتر ئادره‌سی هه‌ڵه و وره‌دانه به لایه‌نگرانی ڕژیم. هه‌مووان به باشی ده‌زانن كه موجاهدین و په‌هله‌وی چییه‌كان، پێگه‌یه‌كیان له‌ناو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران‌دا نه‌ماوه. مه‌گه‌ر جگه له‌وه‌یه كه پاشماوه و موده‌عیه‌كانی پاشایه‌تی، به ملیارد دۆلار سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م خه‌ڵكه‌یان له چه‌مه‌دانه‌كانیان خست و به فڕۆكه‌كان له كاتی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكدا به‌ره‌و وڵاتانی ده‌ره‌وه ڕۆیشتن. مه‌گه‌ر جگه له‌وه‌یه كه موجاهدین خوشیان له جنس و جه‌وهه‌ری ئه‌م ڕژیمه‌ن و له كۆریدۆره‌كانی كۆشكی سپی و كۆشكی شێخ نشینه‌كانی عه‌ره‌بستان له هاتووچۆ دان. هه‌ڵبه‌ت خه‌ڵك به ڕوانینی وڵاتانی ده‌ورووبه‌ری خۆیان به باشی بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه چلۆن هێزه ئیمپریالیسته‌كان و شوێن كه‌وتووه ناوخۆییه‌كانیان، تار و پۆی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌یان لێك هه‌ڵوه‌شاندووه و به‌ره‌و وێرانی بردوویانن. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه له په‌نا خۆیانه‌وه ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی لۆبنان و عێراقیان دژبه ده‌ست نیشانده‌ی هێزی جیهانی و ناوچه‌یه‌یی بینیوه، بۆ ده‌بێ ئێستا له چاڵێكه‌وه خۆیان بخه‌نه‌وه چاڵێكی تر؟! ئاشكرایه كه هه‌موو ئه‌م ئیدعایانه له به‌رابه‌ر ڕاستیه‌كاندا بێ بنه‌ما و بێ ناوه‌رۆك ده‌ردێن. نوێنه‌ری ده‌ماوه‌ند نووسیوێتی : “له ناڕه‌زایه‌تی دژبه گرانی بێنزین، پتر له ٥٠٠ شوێن له وڵات‌دا، گیرۆده‌ی نائارامی بوون”. وته‌بێژی كۆمیسیۆنی ئه‌منیه‌تی مه‌جلیس باس له ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ٧ هه‌زار كه‌س له ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی حه‌فته‌ی ڕابردوودا ده‌كات. ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی باس له كوژرانی ١٤٣ كه‌س ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه كه ئاماری كوژراو و ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌كان زۆر له‌وانه زیاتره. نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ئیتلاعات له كۆمیسیۆنی ئه‌منیه‌تی مه‌جلیسدا وتی: “ئێمه هه‌موو به‌رئاورده‌كانی خۆمان له یه‌كساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه پێشكه‌شی مه‌جلیس كردووه، قه‌یرانی ئه‌منیه‌تیمان پێش بینی كردبوو و له‌مباره‌وه یه‌كساڵ له‌مه‌وبه‌ر نامه‌یه‌كمان بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ نووسیبوو”. نوێنه‌ری ئیتلاعاتی سپای پاسداران هه‌ر له‌م دانیشتنه‌دا وتی كه “ئه‌م ڕووداوانه دوایین ڕووداوه‌كان نابن” و هه‌ڵبه‌ت له مانگی خه‌رمانانی هه‌ر ئه‌مساڵدا نوێنه‌ری خامنه‌یی له ئۆستانی مه‌ركه‌زی به له‌به‌رچاوگرتنی ناڕه‌زایه‌تیه كرێكاریه‌كان وتبووی كه “ئه‌گه‌ر ڕه‌وتی ناڕه‌زایه‌تی كرێكاری به‌م شێوه‌یه درێژه‌ی بێت، دوور له چاوه‌ڕوانی نییه كه ڕووداوه‌كانی ساڵی ٩٦ دووپات ببنه‌وه.”
له ڕاستیدا سه‌ركوتی به‌رینی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، نیشانه‌ی ترسی ڕژیمه له ڕق و نه‌فره‌تی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك. تاكتیكه‌كانی ڕژیم له به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكدا چیتر وه‌ك جاران كاریگه‌ر نه‌ماون. چیتر به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردن و كێشمه‌كێشی بانده‌كانی ڕژیم، ناتوانێ به‌ر به هێزی به‌رینی جه‌ماوه‌ری كۆمه‌ڵگا بگرێ. ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ مان و نه‌مان به‌ره‌وڕووه، ملیۆنان خه‌ڵكیش له دۆزه‌خێك دا ده‌ژین كه له تاقه‌ت به‌ده‌ره. باروودۆخه‌كه به‌جۆرێكه كه ته‌نانه‌ت ئه‌و كۆمه‌ڵناسانه‌ی كه خوازیاری شۆڕش نین و هێستاش هۆمێدوارن كه سه‌رانی ڕژیم عه‌قڵیان بێته‌وه سه‌ر جێ، دۆخی مه‌ترسیداریان ڕاگه‌یاندووه و وتوویانه كه: “زۆر به زوویی به ده‌یان ملیۆن برسی وه‌ك لافاوێكی به‌هێز هه‌ڵده‌ستن و هه‌موو شتێك وێران ده‌كه‌ن”. كۆمه‌ڵناسێكی دیكه كه ماموه‌ستای ئابووریه له زانكۆی سه‌نعه‌تی شه‌ریف وتوویه‌تی كه: “ژماره‌ی په‌راواێزنیشینه‌كانی وڵات زیاتر له ١٩ ملیۆنن و تا ساڵی ١٤٠٠ ئه‌م ڕێژه‌یه ده‌گاته زیاتر له بیست و سێ ملیۆن كه‌س”. ئه‌و بۆ نیشاندانی ڕێژه‌ی هه‌ژاری وتی “له ساڵی ١٣٦٧ سه‌رانه‌ی به‌كارهێنانی گۆشت له ئێران له ساڵدا ١٢٢ كیلۆ بووه. به‌ڵام له ساڵی ١٣٩٠دا له‌وپه‌ری داهاتی نه‌وتی ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا ئه‌م ڕێژه‌یه هاتووه‌ته ژێر ٤٠ كیلۆگره‌م له ساڵدا”. به پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی شه‌رق، ڕێژه‌ی هه‌ژاری و بێكاری له پاییزی ١٣٩٧دا گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی ٥٠ له‌سه‌د و هه‌موو ئه‌مانه‌ش له باروودۆخێكدایه كه ڕۆژانه ئاماری دزی و گه‌نده‌ڵی كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم له ئاستی ملیاردیدا له به‌رچاوی خه‌ڵك ئه‌نجام ده‌درێ. ڕێك له‌م ڕوانگه‌وه‌یه كه پێویسته بوترێ ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر ته‌نیا بزووتنه‌وه‌كی موتالباتی نه‌بوو به‌ڵكوو له ناوه‌رۆكدا ڕاپه‌ڕینێكی سیاسی بوو دژبه ڕژیم كه خۆی له ڕواڵه‌تی ناڕه‌زایه‌تی به گران بوونی نرخی بێنزین ده‌رخست.
له ڕاستیدا، چاره‌نووسی ئه‌م خه‌باته‌ی ئێستا له جه‌ریانی شه‌ڕی چینایه‌تی داهاتوودا ده‌رده‌كه‌وێ. به‌ڵام بێ گومان بۆ سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕی چینایه‌تی پێویسته پێداویستیه‌كانی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه دابین بكرێ. ئاشكرایه كه بوێری و هه‌ستی شۆڕشگێڕانه یه‌كێكه له پێداویتسیه‌كان به‌ڵام نابێ له‌بیرمان چێته‌وه كه له به‌رامبه‌ر ده‌زگای سه‌ركوتی ده‌وڵه‌تی بورژوازیدا، چینی شۆڕشگێڕ ناتوانێ به بێ ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ر و به بێ حیزبی سیاسیی سه‌رتاسه‌ریی خۆی، له‌م شه‌ڕه چینایه‌تیه‌دا سه‌ركه‌وێ. خه‌ڵكی ناڕازی له جه‌ریانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ڕۆژانی ڕابردوو، بوێری و قاره‌مانێتی و بێ باكیی خۆیان نیشان دا. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه له‌و نێوه‌دا نه‌ده‌بیندرا ڕێكخراو بوونی جه‌ماوه‌ر و حیزبی سیاسی و سه‌رتاسه‌ریی چینی شۆڕشگێڕ بوو.