زیاتر لە مانگێک بەسەر کۆمەڵکوژیی جینایەتكارانەی جەماوەری خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی ئێران تێدەپەڕێت. کۆمەڵگا هەروا لێوانلێوە لە ڕق و بێزاریی بەرامبەر بکوژانی جگەرکۆشەکانمان. لە ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار دا، یەکێک لە ترسناکترین و جیناکارانەترین لاپەڕەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی هەڵدرایەوە و بە دەیان هەزار کەس بە گوللەی ڕاستەوخۆی ڕژیمی کۆنەپەرستی دەسەڵاتدار خەڵتانی خوێن کران. دەیان هەزار کەس دەستبەسەرکراون و مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە. ئەم ڕێژیمە جینایەتکارە ناتوانێ و نابێ بەسەر ئەم ڕووداوە بە سانایی تێبپەڕێنێت و بە تێپەڕبوونی زەمەنی بسپێرێت.
ئێستا بە نزیکبوونەوە لە ڕۆژەکانی سێشەممە و چوارشەممە، ٢٨ و ٢٩ی بەفرانبار- چلەمین ڕۆژی ئەم جینایەتە، جموجۆڵێکی بەرچاو و بەربڵاو لە نێو بنەماڵە و دۆستان و نزیکانی گیانبەختکردوان لە هەموو شارەکاندا دەستی پێکردووە. با بنەماڵە و کەسوکاری ئەو دەستبەسەرکراوانەی کە نیگەرانی گیانی ئازیزەکانیان، بە تەنیا نەهێڵینەوە و لە هەر کوێیەک بین، لەو دوو ڕۆژەدا دەست لەکار بکێشینەوە و لە سەر گڵکۆی قارەمانانی بوێر و چانەترسی ڕێبازی ئازادی کۆببینەوە. بەیادی ئەو شانازی خوڵقێنەرانە چەپڵە لێبدەین، سەما بکەین و دروشم بڵێین. با بنەماڵە سەربەرزەکانی گیانبەختکردوانمان لە ئامێزی خۆشەویستی خۆمان بگرین، بۆ ئەوەی ئەوان سۆز و هاوخەمی و هاوپشتی قووڵی کۆمەڵگایەک لە ناخەوە هەست پێبکەن و دەسەڵاتدارانی سەرکوتگەریش لە ئاست تووڕەیی و بێزاریی جەماوەردا ترسی مەرگیان لێ بنیشێت.
ئەم دوو ڕۆژە زۆر تایبەتە، چونکە وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژانێکن لە مێژووی حکومەتێکدا کە تەنیا بە سەرکوت و جینایەت، بەرەوڕووی جەماوەری مافخواز بووەتەوە. با ئەم ڕۆژانە وەبیر هەموو لایەک بێنینەوە. با شار و گەڕەک و ناوەندەکانی کار و خوێندن لە سەرتاسەری ئێران دابخەین و لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردوان، ڕێوڕەسمی شکۆدار و شایستە بەڕێوە ببەین. با بە دوژمنان ڕابگەیەنین کە ئەم کۆمەڵگایە پاشەکشە ناکات. با نیشان بدەین کە ئەم حکوومەتە جینایەتکارە لەم وڵاتەدا هیچ جێگایەکی نییە. خوازیاری ئازادیی دەستبەجێی دەستبەسەرکراوان بین و نیشان بدەین کە دەست لەناو دەستی یەکتر و یەکگرتووانە تا کۆتایی، ڕاوەستاوین.
هەرچی شکۆدارتر بێت ڕێوڕەسمی یادی قارەمانانی ڕێبازی ئازادی و ڕزگاریی.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤
١٣ی فێوریەی ٢٠٢٦
