دوێنی پازدەهەمین رۆژی مانگرتنی کرێکارانی بەشە جۆراو جۆرەکانی شیرکەتی نەیشەکەری ههفت تەپەدا سەرجەم ئەندامانی مەجمەعی نوێنەرانی کرێکارانی ئەم شیرکەتە لەگەڵ چەند هەڵسوڕاوی کرێکاری و هەواڵنێڕێکی ژن لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیمەوە گیران. لەم پێوەندەدا سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک وێڕای ڕاگهیاندنی ناوی گیراوەکان، ئەم کردارەی دەزگا ئەمنیەتیەکانی ڕژیمی بە توندی مەحکوم کرد و خوازیاری بە خێرایی ئازاد کرانیان بوو. بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە گیراوەکان بریتین لە: پویا پەشمە، سەعید مەنسوری، جەلیل ئەحمەدی، عەزیم سورخە، سەعید کەسیر، عەلیزادە، سەید حەسەن فازلی، سەمیرا ئەحمەدی، مێهری داودی، موهەندیس سڵامەت نیا، عیماد کەسیر، مەحمەد سەعدی، ئیسماعیل بەخشی، سپیدە قلیانی، موسلم ئارمەند، محەممەد خنیفەر و خالد تەمیمی. دوایین ههواڵهكان باس له ئازاد كردنی ژومارهیهك له گیراوهكان دهكهن. لە بەشێک لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە:
<< هاو چارەنووسان! نوێنەرەکانتان تەنیا بە هۆی ماف خوازی لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە گیراون. ئەمە خەیالێکی خاوه کە بە گرتنی کرێکاران و نوێنەرەکانیان، دەنگی ناڕەزایەتی ئێمە کپ دەبێت. ئێمە هاوکات کە دەچین بەشوێن ویست و داخوازی ڕاگهیهندراوی خۆمان دا، دەبێ بە ناڕەزایەتیی دهربڕین، خوازیاری ئازادی هەرچی زوتری هەموو گیراوەکان بین. ئەوە تەنیا بەشێکی کەمە لە شەڕافەت، حورمەت و کەرامەتی کرێکاری ئێمە کە لە بەرانبەر ئەم زۆر وێژیانەدا بوەستینەوە. نەهێڵین هاوڕێیانی کرێکارمان زیندانی بکرێن. بە درێژەدان بە مانگرتن و حوزوری بەرینی خۆمان لە سەر شەقامەکانی شوش جارێکی تر بیسەلمێنین، کە نە هەڕەشە و نە زیندان ئیتر کاریگەری نییە… لەم ڕێگایەوە داوا لە سەرجەم ڕێكخراو، کەسایەتی و هەموو ئەوانهی کە لایەنگری بەرژەوەندی بزوتنەوەی چینی کرێکار لە ئێرانن، دەکەین وێڕای پشتیوانی لە کرێکارانی حەوت تەپە لە هەموو ڕێگایەکی گونجاوەوە بۆ ئازاد کردنی کرێکارانی بەند کراو بچنە ڕیزی کرێکارانی حەوت تەپەوە.>>
لە وڵام بەم بانگەوازە، کرێکارانی مانگرتو درێژەیان بە کۆبوونەوەی خۆیاندا و لەسەر داخوازیەکانیان پێداگرییان کرد. کرێکاران بە کۆبوونەوە لەبەردەم فەرمانداری شوش خوازیاری ئازادی گیراوەکان بوون. لە هەمان حاڵدا پشتیوانی لە کرێکارانی حەوت تەپە لە بەشەکانی تری بزوتنەوەی کرێکاریدا لە حاڵی پەرەسەندن دایە. کرێکارانی فولادی ئەهواز لە دەیەمین رۆژی مانگرتنی خۆیاندا بە کۆبوونەوە لە بەردەم ئوستانداری خوزستان خوازیاری ئازادی کرێکارانی حەوت تەپە بوون. کرێکارانی شیرکەتی هپکۆی ئەراک، بەشێک لە مامۆستایان لە شارە جۆراو جۆرەکانی خوزستان، بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی گیرانی نوێنەرانی کرێکارانی حەوت تەپەیان مەحکوم کرد و پشتیوانیان لە داخوازی کرێکارانی مانگرتو کرد.
دوێنێش هەروەها بەیانیەیەک بە ئیمزای ٢٠٠ کەس لە کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری بۆ پشتیوانی لە كرێكارانی مانگرتووی ههفت تەپە و فولادی ئەهواز بڵاو کرایەوە. لەم ڕاگەیاندنەدا هاتوە:
<< چینی کرێکار وەرزێکی نوێی لە خەبات لە بەردەم خۆیدا دەبینێ. مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری لە بەشە جۆراو جۆرەکاندا لە ماوەی ئەم مانگانەی دواییدا بە روونی نیشانی ئەدات کە چینی کرێکار بۆ بەرگرتن لە بە هەدەر چوونی توانای جەستەیی و ڕەوانی خۆی بۆ دەرخستنی ئینسانیەتی خۆی، هیچ ڕێگایەکی بێجگە لە خەباتێکی یەکگرتوانە دژ بە بارودۆخی مەجودی زاڵ بەسەر ژیانیدا نییە. مانگرتن و ناڕەزایەتی ئێستا لە شیرکەتی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری حەوت تەپە و گەروپی میللی فولادی ئەهوازدا کامڵتر بوونی خەباتی تا ئێستای چینی کرێکاری ئێڕانە. ناڕەزایەتیەک کە ئاسۆیەکی تری لە خەباتی کرێکاریدا بە رووی ئێمەدا کردۆتەوە. لە هاتنهوه گۆڕی باسی شوڕا سەربەخۆکانی کرێکاریدا بە پشت بەستن بە هێزی چینی کرێکار لە شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنان، وەک ئامرازێکی گونجاو بۆ کاناڵیزە کردنی خەباتی کرێکاران و دخاڵەت دانی بەشێکی بەرین تر لە کرێکاران لهم خهباتهدا گرتویەتی تا حوزوری بەرچاوی ژنان وەک بەشێک لە هێزی کار، فەزای پیاو مێحوەری ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێكاری بە گشتی گۆڕیوە، گوازرانەوەی خەباتی کرێکاران لە شوێنی کارخانە و کارگاکانی کار و بەرهەمهێنانەوە بۆ شوێنەکانی ژیانی کرێکاران و پشتیوانی و پشتگیری خەڵک لە داخوازی و داواکاری کرێکاران لە دوو موجتەمەعی گەورەدا، لەدەوری داخوازی هاوبەشیان وێڕای ئەوەیکە خاڵێكی بەهێزی چینی کرێکار لەم قۆناغە دیاری کراوە دایە، هاوکات ئەم خەباتە پێویستی و بە پشتیوانی و پشتگیری سەرتاسەری و هەمە لایەنەی کرێکارانی بەشە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان و پێشەسازی و هەروەها باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، بزوتنەوەی مۆعهلیمان، خوایندکاران، ژنان، و سەرجەم هەڵسوراوانی سیاسی لە بوارە جۆراو جۆرەکان هەیە. وەها بابەتێکیش خۆی پێویستی بە پێكهێنانی کۆمەڵێیک تەشەکول لە ئاستی سەرتاسەری و لە شوێنەکانی کار و ژیانی کرێکاراندا بۆ هاوئاهەنگی و پشتیوانی و هاودڵی زیاتر لە نێو سەرجەم چینی کرێكاردا هەیە.>>
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کومونیستی ئێرانیش بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک وێرای مەحکوم کردنی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆسەر کۆبوونەوەی کرێکاران و گرتنی نوێنەر و ڕێبەرانی، سەرجەم ئەحزاب و سازمانە سیاسییە چەپ و سۆسیالیست، ناوەندەکانی کاری خەباتی چینی کرێکار و سەرجەم ئینسانە ئازادی خوازەکان بۆ هەڵێنانەوەی هەنگاوێکی هاوبەش لە دەرەوەی وڵات، بۆ دیفاع لە خەباتی روو لە پەرەسەندنی کرێکاری و جەماوەری بانگەواز کردوە. با ئەم خاڵەش بەم هەواڵە هیوابهخشانه زیاد بەکەین:
ئەوەی کە ئێستا لە ئێراندا دەگوزەرێ، نیشانەی دەرفەتێکی نوێیە کە بۆ هێزی چەپ و کومونیست لەم کۆمەڵگایەدا خولقاوه. بەڵام ئەم دەرفەتە بەر لەوەی کە کاریگەری دانان بێت كاریگهری وهرگرتنه. هیچ هێزێکی سیاسی تر نە لە تیئۆری و نە لە کردەوەدا، بیلقوە بە ئەندازەی گوروپە چەپ و کۆمۆنیستەکان خاوەنی زەرفیەت و ئیمکانی کاریگەری پەزیری لە وەها حەرەکەت گهلێك نین. سهنگی محەکی تازە هاتۆتە گۆڕێ و هێزە چەپەکان لەبەر دەم تاقی كردنهوهیهكی تازەدان. تاقی كردنهوهیهك کە ئەگەر قەرار بێت بە ئەنگیزە، فەرهەنگ، ئەخلاق و شێوازی باوی ئێستاوە بچنە نێوی، ئەم دەرفەتی کاریگەری وەرگرتنەش لەدەست ئەدەن. چاوێک لە دروشم، تاکتیک، لە قسە و باس، لە ئامانجی شیاوی دەستەبەر بوونی کرێکارانی حەوت تەپە و فولاد و ئەوانیتر بکەن، هەر ئەڵێی هاوکات هەم بوونەتە سیاسەتمەدارانێکی خاوەن ئەزمون و هەم ئاژیتاتۆری هەڵکوتوو. سیاسەتمەدارانێک کە هێزی خۆیان دەناسن، هێزی دوژمن دەناسن و تاکتیکی دروست دەگرنە بەر. ئەو سیاسەتمەدارانەی کە دەزانن هێشتا ڕێگایەکی تا ڕادەیەک درێژیان لەبەردەم دایە و دەبێ یەک پارچەیی ڕیزەکانیان بۆ پێوانی ئەم مەسیرە دوور و درێژە بپارێزن. تاژیتاتۆر گهلێك کە ڕێگهی نادەن دوژمن هێزی ژێر فەرمانیان چاوترسێن بكات، باوەڕ بەخۆبوون و هیوا بهسهر كردن دروست دەکەن.