دوای ئەوەیکە دەوڵەتی ڕوحانی بە ئیستناد بە بەرنامەی پێنجەمی ” تەوسعە” ڕەشنووسی گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کاری ڕاده‌ستی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی كرد و دەقەکەشی بەشێوەی عەلەنی بڵاو کرایەوە، ناوەڕۆکی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه له‌گه‌ڵ ناڕەزایەتیی و کاردانەوەی کۆڕ و کۆمەڵە پێشڕەوەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی به‌ره‌وڕوو بووه‌تەوە. لەم ماوەیەدا بە ئیبتیکاری ئیتتحادییه‌ی ئازادی کرێکاران، کۆبونەوەیەکی ناڕەزایەتیی لە بەرامبه‌ر مەجلیسی شوڕای ئیسلامی‌دا بەڕێوەچوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، كرێكارانی بیمارستان بە لایه‌نگریی و کرێکارانی “چادێرملو”ش له‌ڕێگه‌ی ئامادەکردنی توومارێکی هەزاران ئیمزایی، ناڕەزایەتیی خۆیان له هه‌مبه‌ر ئەم گه‌ڵاڵه‌یه دەربڕی. له لایه‌كی دیكه‌وه چه‌ند ته‌شه‌كۆلی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵسووڕاوانی کرێکاریش له‌ڕێگه‌ی ده‌ركردنی چه‌ندین ڕاگه‌یاندنه‌وه ئامانجه دژه کرێکارییه‌كانی دەوڵەتی ڕوحانییان بۆ گۆڕینی یاسای کار ڕسوا و مەحکووم کردووە کە لە لایەن کرێکارانەوە پێشوازیی و پشتیوانیی لێکراوە. هاوکات سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحێدی ئۆتوبووسڕانیی تاران و دەوروبەر له درێژه‌ی کارزارێکیاندا كه بە شێوەی ئامادەکردنی توومارێكی ناڕەزایەتیی له‌سه‌ر ئەم گه‌ڵاڵه‌یه دەستیان پێكردبوو، بانگه‌وازی كرێكارانی ئه‌م شێركه‌ته‌ی كردووه كه ڕۆژی ٢٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ر له ناڕه‌زایه‌تیی به گۆڕینی یاسای كاردا، له به‌رامبه‌ر مه‌جلێسی ئیسلامی‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیی ڕێكبخه‌ن.دوڵەتی ڕوحانیی له‌ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌وه بە مەجلیسی ڕژیم کە زیاتر لە ٧٠ ماددەی لەخۆ گرتووە، به‌نیازه سه‌رجه‌می ئه‌و کۆت و بەندە دەست و پێگرانه بسڕێته‌وه كه له‌سەر ڕێگه‌ی خاوەنکاران و خاوەنانی پیشەسازیی هه‌یه بۆ داسەپاندنی بارودۆخێكی کۆیله‌ئاساتر بەسەر کرێکاراندا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە حاڵێکدا دەیەوێ لەژێر ناوی گۆڕینی یاسای کاردا لایەنی یاسایی ببەخشێتە شەپۆلی هێرشێکی تازە بۆسەر کار و ژیانی چینی کرێکار کە، کرێکارانی ئێرانیی هه‌تا ئێستاش لە بارودۆخێکی گەلێک دژوار‌دا دەژین. لە کەس شاراوە نییە کە درێژەی بێکارسازییەکان و زیادبوونی ڕۆژانەی ڕیزی میلیۆنی کرێکارانی بێکار، هەقدسەستەکانی چەند جار لەژێر هێڵی هەژاریی، دواکەوتنی درانی هه‌ر ئەم هەقدەستە کەمانەش، بەهرەمەندنەبوون لە مەسکەنی گوونجاو و لە لایەکی دیکەشه‌وە، هێرشی هەوسارپچڕاوی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و ڕەواجی قەراردادی کاتیی، چینی کرێکاری ئێرانی خستووه‌تە دۆخێکی گەلێک دژوارەوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا نەك هه‌ر باری قورسی قەیرانی سەرمایەداریی ئێران و گوشاری تەحریمە ئابوورییەکان واتە قەیرانێکی چەند لایەنه‌ی خستووه‌تەسەر شانی چینی کرێکاری ئێران، بەڵکوو بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکیی و بەئەندامبوون لە سازمانی بازرگانیی جیهانیی، هەوڵیداوە كه له‌ڕێگه‌ی گۆڕینی ئەم یاسای کارە دژه کرێکارییەشه‌وه بارودۆخێکی “کۆیلەئاسا”تر بەسەر چینی کرێکاردا بسەپێنێ. به‌واتایه‌كی دیكه ئه‌وه چینی کرێکاره كه دەبێ هەم هەزینەی قورسی قەیرانی چەند لایەنەی ئێستا و هەم هەزینەی به ئیستلاح” تەوسه‌عەی” سبەی ڕۆژی سەرمایەداریی ئێران یەکجێ بدات.
ئەمە یەکەمجار نییە کە دەوڵەتە ده‌سه‌ڵاتداره‌كان لە ڕێگه‌ی گۆڕینی ئەم یاسای کارە دژه کرێکارییەوە هێرشه‌كانیان بۆسەر مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران ڕێکدەخەن. ساڵی ١٣٧٨ له‌سه‌ر پێشنیاری دەوڵەتی خاتەمیی، مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ڕژیم، له‌ڕێگه‌ی پەسندکراوێکه‌وه کرێکارانی کارگه‌کانی کەمتر لە ٥ کرێکاری لە بازنه‌ی یاسای کار دەرهاویشت. هه‌مدیسان لە دەورەی ئیسلاحخوازانی حکومەتیشدا و لە ساڵی ١٣٨١دا بوو کە کارگه‌کانی بە کەمتر لە ١٠ کرێکاریان بە شێوەی کاتیی لە شموولی ٣٧ ماددەی یاسای کار دەرهاویشت. ئەم پەسه‌ندکراوەیه لە دەورەی ئەحمەدی نه‌ژادیشدا درێژ کرایەوە و دواتریش بە کردەوە دەرهات.
دەوڵەتی ئەحمەدی نه‌ژادیش لە ساڵی ١٣٨٥ و لە درێژەی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەتانی ڕەفسەنجانیی و خاتەمیدا بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکیی و دابینکردنی پێشمەرجەکانی بەئەندامبوون لە ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانیی و هاندانی سەرمایەداران، پێویستیی گۆڕین و به‌قه‌ولی خۆیان “ئیسلاح”ی ئەم یاسای کارە کۆنەپەرستانەیان هێنایه گۆڕێ، بەڵام بەهۆی ترس لە کاردانەوەی بزووتنەوەی کرێکاریی، لە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه جێی سه‌رنجیان بوو، خۆیان پاراست. سەرئەنجام دوای ٥ ساڵ، ڕەشنووسی به‌ناو “ئیسلاحییە”ی یاسای کار بە شێوەی ئاشکرا بڵاو کرایەوە. ڕەشنووسی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه دوای ئەوەیکە كه‌وته‌به‌ر ناڕەزایەتیی و کاردانەوەی بەرینی تەشەکۆل و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاریی به‌دواوه بوو، لە لایەن دەوڵەتەوە وەرگیرایەوە. به‌ڵام ئێستا و ئه‌مجاریان دەوڵەتی ڕوحانی دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک هەمان ڕەشنووسی گه‌ڵاڵه‌ی به‌ناو “ئیسلاحییە”ی یاسای کاری لە بایەگانییه‌كه‌ی دەوڵەتی ئەحمەدی نه‌ژاد كێشاوه‌ته ده‌رێ و به‌مه‌به‌ستی پەسه‌ندکران داویەتە مەجلیس. تەنها ئاماژە بە چەند خاڵ لەم گۆڕانكارییانه، ماهیەت و ناڤه‌ڕۆكی سەرمایەدارانە و دژه کرێکارییانه‌ی ئەم گه‌ڵاڵانه بە باشیی ده‌رده‌خات.
یەکێک لە ماددەکانی ئەم “ئیسلاحییە” کە ناڕەزایەتیی بەرینی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بەدواوە بووە، ماددەی ٢١ی یاسای کارە له‌سه‌ر کۆتاییهاتنی قەراردادی کاری نێوان کرێکار و خاوەنکار. بەهۆی گۆڕانكارییه‌ك کە لەم ماددەیەدا کراوە، نەك هه‌ر دەستی خاوەنکار بۆ دەرکردنی کرێکاران زیاتر دەکاتەوە، بەڵکوو دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکارانیشی بەیاسایی کردووە. لەم به‌ناو “ئیسلاحییە”دا وێڕانی ئەو شەش خاڵەی پێشوو بۆ کۆتایی هاتنی قەراردادی کار، سێ بەندی دیكه‌شی پێ زیاد کراوە کە باس لە گۆڕانی پێکهاتەیی بەهۆی ئیلزاماتی بارودۆخی ئابووریی و سیاسیی، تەوافوقی نێوان کرێکار و خاوەنکار و هەڵوەشاندنەوەی بە بڕیاری کومیتەی ئینزباتیی دەکات.
لەسەر بنەمای ئەم بەندە تازانە، دەرکرانی بەکۆمەڵی کرێکارانیش دەبێتە یاسایی. به پێی ئەم خاڵ و به‌ندانه، خاوەنکاران و دەوڵەت زۆر به هاسانی دەتوانن بە بیانووی سودئاوەرنەبوونی کارخانە، بە بیانووی ئامادەسازیی بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکیی، بە بیانووی خسوسی سازیی و بەکارهێنانی تێکنۆلۆژیی نوێ و هەزار و یەک بیانووی دیكه، کرێکاران بەشێوەی بەکۆمەڵ لەسەر کار دەربکەن. لەسەر بنەمای ئەم بەندانە، “بازخەرید”ی کرێکارانیش زیاتر برەو پەیدا دەکات و ئیختیاری دەرکرانی کرێکاران بە کومیتەیەکی دەوڵەتیی و خاوەنکاریی دەسپێردرێت. ئاشکرایە کە بە ئیجڕای هه‌ر ئەم یەک قەڵەمە لە گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕێنی ئه‌م یاسای کاره‌ی ئێستا، واتە بەیاسایی کردنی دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران و بێکارسازییەکان، چ ڕۆژگارێکی پڕ لە دژواریی بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنن.
لە به‌ناو “ئیسلاحییە”كه‌ی ماددەی ٤١دا کە پێوەندیی بە دیاریکردنی ڕێژەی لانیکەمی هەقدەستەکانەوە هەیە، نەك هه‌ر جیاوازی لانیکەمی هەقدەستەکان لەبەر خراپی كه‌شوهه‌وا یان کار لە پیشەسازییە دژوارەکاندا لابراوە، بەڵکوو فاکته‌ری “بارودۆخی ئابووریی” وڵاتیش، لە دیاریکرانی لانیکەمی هەقدەستەکاندا ڕێی پێدراوه. بەشیوەیەک کە شوڕای باڵای کار بتوانێ بەبێ بەربەستی یاسایی لەبەر بارودۆخی قەیراناویی ئابووریی وڵات، هەقدەستەکان سابت ڕابگرێت یان لانیکەمی هەقدەست، به خوارتر لە ڕێژه‌ی ئاوسانی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی مه‌ركه‌زییه‌وه دیاریی بکات.
یان ئەگەر لەسەر بنەمای ماددەی ٢٣ی ئه‌م یاسای کاره‌ی ئێستا و دوای تێپەڕبوون به “حەوت خانی ڕۆستەم” حقوقی بێکاریی بە توێژێکی زۆر کەم له کرێکاران دەدرێت، بەڵام بە پێی به‌ناو “ئیسلاحییە”كه‌ی ئەم یاسای کارە، خاوەنکار دوای بێکارکردنی کرێکار دەبێ بەپێی دوایین هەقدەستی کرێکار بە نیسبەتی کارکردی، لە بەرانبەر هەر ساڵێک پێشینەی کار، هه‌قی سه‌نەواتێك بە ڕێژەی ٣٠ ڕۆژ هەقدەست بداته کرێکار.
بە پێی ئه‌م یاسای كاره‌ی ئێستای ئێران، منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ ته‌مه‌ن نابێ کاری سەختیان پێ بکرێت. ئەوان تەنها دەتوانن وەک کارئاموز و ئه‌ویش ئه‌وپه‌ڕی بۆ ماوەی سێ ساڵ کاریان پێ بکرێت. بەڵام به‌پێی ڕەشنووسی گه‌ڵاڵه‌ی ئیسلاحییه یان له‌ڕاستیدا گۆڕینی یاسای کار به قازانجی سه‌رمایه‌داران و خاوه‌نكاران، بەربەستی تەمەنی ژێر ١٥ ساڵیش لابراوە و به‌و پێیه بەئاشکرا بەهرەکێشیی لە کاری منداڵان مۆری تەئیدی لێدراوە و لایەنی یاسایی پێدراوه. ئەم کارئاموزییە دەبێتە بیانوویەک هه‌تا منداڵانی ژێر ١٥ ساڵیش بەبێ مەحدودییەتی زەمانیی لە کارخانەکان، مەعدەنەکان و کارگه‌کاندا لە ئاستێکی به‌رینتردا بچەوسێنەوە و جەستە و ڕه‌وانیان بەرەو له‌ناوچوون بچێت.
ئەم ئاماژە کورتە بە چەند بەندی ڕەشنووسی “ئیسلاحییە”ی یاسای کار نیشانی دەدات کە ئەم ڕژیمە هه‌تا چ ڕادەیەک بە بەرنامە و سیستماتیک لەدژی بزووتنەوەی کرێکاریی هه‌نگاو ده‌نێت و گه‌ڵاڵه‌كانی به‌كرده‌وه ده‌ردێنێت. گه‌ڵاڵه‌ی به‌ناو “ئیسلاحییە”ی یاسای کار بەشێکە لە پڕۆژەیەکی بەرینتر کە بە ئامانجی هاندانی سەرمایەگوزاریی دەرەکیی و زەمانەتی سودئاوەریی زیاتر بۆ خاوەنکاران و خاوەنانی پیشەسازییەکان ئامادە کراوە. بەڵام کاردانەوە و هەڵوێست گرتنی هەڵسووڕاوان، كۆڕ و كۆمه‌ڵ و تەشەکولە سەربەخۆ کرێکارییەکان و بۆچوونی هاوبه‌شیان لە هه‌مبه‌ر گه‌ڵاڵه‌كه‌ی ڕژیم بۆ به‌ناو “ئیسلاحی یاسای کار” و هێرشێكی بەئاشکرا و بەرنامە بۆ داندراو کە لەدژی چینی کرێکار ڕێکی خستووه، به‌ستێن و بواری عەینیی هاوکاریی و ئیتتحادی عەمەلێکی بەرینی ئەم تەشەکولانە و كۆڕ و كۆمه‌ڵه کرێکارییه‌كانی بەدیهێناوە. ئێستاش کە دەوڵەتی ڕوحانی ” لایەحەی ئیسلاحکردنی یاسای کاری” داوەتە مەجلیس، ڕاگەیاندنی یەک هەڵوێست و هەڵگرتنی هەنگاوێکی هاوبەش لە لایەن ئەم تەشەکولانە و کۆڕ و کۆمەڵە سەربه‌خۆ کرێکارییەکانه‌وه، بووه‌تە پێویستییەکی چینایەتیی. ناوەند، کومیتە و تەشەكکولە سەربه‌خۆ کرێکارییەکان و تێكڕای هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریش پێویستە بە هەستێكی به‌رپرسانه‌وه وڵامی ئەم نیازە چینایەتییە بدەنەوە. هێرشی هەمە لایەنەی ڕژیم لەژێر ناوی “ئیسلاحییەی یاسای کار” بەگشتیی تێكڕای بەشەکانی چینی کرێکاری ئێرانی کردووه‌تە نیشانە. پێوستە کە ناوەند، تەشەکۆل و هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی بە هەوڵدانی هاوئاهەنگ بۆ پێكهێنانی ئیتتحادی عەمەل و له‌ڕێگه‌ی کاردانه‌وه‌ی بەرینی کرێکاریی لەدژی ئەم هێرشە ئاشکرایەی ڕژیم دەست بدەنە خەبات و خۆڕاگریی.