ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی گوڵان ساڵڕۆژی مانگرتنی گشتیی شکۆداری خەڵکی کوردستانە. حەوت ساڵ لەوەپێش لە وەها ڕۆژێکدا لاپەڕەیەکی دیكه لە مێژووی درەوشاوەی خەباتی مافخوازانە و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان هەڵدرایەوە. خەڵکی سەرتاسەری کوردستان لە باکورەوە تا باشور وڵامێکی ئەرێنیان بە بانگەواز بۆ تەعتیلی گشتیی دایەوە و لە هەنگاوێکی هاوئاهەنگ و لێبڕاوانەدا، سەرتاسەری کوردستانیان لە ناڕەزایەتیی بە ئێعدامی جەنایەتکارانەی٥ تێکۆشەری سیاسیی بەند کراو ” فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مێهدی ئیسلامیان”، یەکپارچە تەعتیل کرد. بانگەوازی کۆمەڵە بۆ مانگرتنی گشتیی لەم ڕۆژەدا، بەرەوڕووی پشتیوانی و هاوهەنگاوی حیزب و هێزە سیاسییەکان لە کوردستان و پێشوازی بەرینی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئێران بۆوە.
کرێکارانی کارگا و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان مانیان گرت، کاسبکاران دوکانەکانیان داخست، کارمەندی ئیدارە دەوڵەتی و خوسوسییهكان نەچوونهوه سەر کارەکانیان، قوتابیان و خوێندکاران و مۆعهلیمان، کلاسەکانی دەرسیان داخست. بەم جۆرە هاوپشتیەکی گشتیی لە ناڕەزایەتیی بە جەنایەتی کوشتاری زیندانیانی سیاسی بەندکراو شکڵی گرت. کاریگەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەم حەرەکەتە ئیعتڕازییە یەکپارچەیە لەم ڕۆژە واوەتر چوو. ورەی گشتیی خەڵکی بەرز کردەوە و ئیجازەی نەدا کە پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ چاوترسێن کردن و بێ هیوا کردنی خەڵکی کوردستان بەکردەوە دەربێت. بڕیاردان لەسەر ئێعدامی ” فەرزاد کەمانگەر” و چوار کەس لە تێکۆشەرانی سیاسی بەندکراو، لە بانترین پلەکانی دەسەڵاتی حکومەتییەوە و بە دەستوری شەخسی خامنەیی بەڕێوەچوو..
بەڵام مانگرتنی گشتی ٢٣ی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ هەموو حیساباتی ڕژیمی جەنایەتکاری لێک هەڵوەشاند. کوشتاری ٥ کەس لە لاوانی بهندكراوی سیاسی نە تەنها نەیتوانی خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکات، بەڵکوو ئاگری قین و توڕەیی ئەوانی بڵێسەدار تر کرد. خەڵکی کوردستان دەیانزانی کە ئەگەر ڕێگایەک بۆ ڕزگار کردنی گیانی باقی ئازیزانی بەندکراویان بوونی هەبێت، لەم ڕێگایەوە مسۆگەر دەبێت..
مانگرتنی گشتیی ٢٣ی گوڵان وڵامێکی ددان شکێن بوو کە خەڵکی کوردستان دایانەوە بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی. ئەم حەڕەکەتە بەرینە، لێبڕاوانە و بە وەختە، به ڕژیمی نیشاندا کە ئەگەر بێت و کاردانەوەی خەڵک بە هەند وەرنگرێت، توشی چ هەڵەیەکی لێدانەوەیی بووە. خەڵکی کوردستان نیشانیان دا کە هێرش بۆسەر گیانی ڕۆڵه زیندانی کراوەکانی ئەم خەڵکە چ هەزینەیەکی قورسی بۆ کۆماری ئیسلامی بەشوێنەوە ئەبێت. بەم حەڕەکەتە، ڕژیم بۆی دەرکەوت کە ئیتر ناتوانێ بهندكراوانی سیاسی یەک لە دوای یەک و دەستە دەستە ئێعدام بکات تا لەم ڕێگایەوە لە دەرەوەی زیندان جهماوهر چاوترسێن بکات و بەرۆکی خۆی لە چنگ دواهاتەکانی ڕزگار بکات. خەڵکی ئازادیخواز و تێکۆشەر لە کوردستان و لە سەرتاسەری ئێران لاوانی بەند کراوی خۆیان لە داوی ئەم ڕژیمەدا بە تەنها ناهێڵنەوە..
مانگرتنی یەکپارچە، ڕیکخراو و بوێرانەی خەڵکی کوردستان نیشاندا کە ئەو دەورانە تێپەڕی کە بە فەرمانی خومەینی ٥ هەزار بهندكراوی سیاسیی لە ماوەی دوو مانگدا لە ساڵی ٦٧ ئێعدام بکەن و خەڵکی ئازارچێشتوو لە شەڕ و زەبری جەنایەتکارانەی ڕژیمی عێڕاق، له دڵی شهڕی كۆنهپهرهستانهی ئێران و عێراقدا ئیمکانی کاردانەوەی پڕ لە ناڕەزایەتیی و بەرینیان نەبێت. مانگرتنی گشتیی لە کوردستان، پەرەسەندنی بۆ هێندێک لە شارەکانی دەوروبەر و هاوخەمی بەرینی خەڵکی باقی ناوچەکانی ئێران لەگەڵی نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی قەیران لێدراو ناتوانێ بەبێ تەحەمۆل کردنی دواهاتە دژوارەکانی، دەستدرێژی بکاتە سەر گیانی ڕۆڵه بەندکراوەکانیان. ئاخیزی خەڵکی کوردستان لە ڕێگای ئەم مانگرتنە یەکپارچە و لێبڕاوانەوە گەیشتە بەرگوێی خەڵکی ئێران و جیهان. ئەم حەڕەکەتە پیشانی دوژمنی دا کە نوقمی چ دەریایەک لە نەفەرەت و بێزاری خەڵکە..
ئەم حەڕەکەتە نیشانیدا کە مانگرتنی گشتی شێوەیەک لە ناڕەزایەتییە کە تێیدا درووشم و سیاسەتەکان لە ڕێگای کردارێکی هەمەگانی و گشت گیرەوە دەبنە هێزێکی مادی، ڕێگایەکە بۆ ئەوەی کە ڕژیم بەرەوڕووی نەبەردێکی فەرسایشی بکاتەوە و هێز و توانایی سەرکوتی سست بکات و ئیمکانی هەڵێنانەوەی هەنگاوەکانی دواتری فەراهەم بکات. خەڵکی کوردستان بە بەکار هێنانی تاکتیکی مانگرتنی گشتی ئیمکانی جوڵەیان لە هێزە سەرکوتگەرەکانی دوژمن زەوت كرد و ڕێگای پوچەڵ کردنەوە و بێ کاریگەر کردنی سەرکوتگەرانەی ئەم هێزەیان بە خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانیش نیشاندا. ئەم ئەزمونە و هاوشێوەکەی لە ١٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٤ دا، دەچنە پاڵ ڕووداوە گرنگە مێژووییەکان لە بزوتنەوەی خەڵکی کوردستاندا لەوانە کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان لە ساڵی ١٣٥٨ و مانگرتنی یەک مانگەی خەڵکی سنە بۆ دەرکردنی سپای پاسداران لەمشاره لە هەمان ساڵدا. ئەگەر ئەم ئەزمونانە دەبنە ڕێنمای خەڵکی کوردستان لە ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکانی داهاتودا، بۆ کۆمەڵەش مەیدانی ئازمون و سەنگی محەکن تا خاڵی بەهێزی خۆی کە بەهرەمەند بوون لە ڕەوتێکی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی لە پێگەی کۆمەڵایەتیدا، بناسێت و کەمبودەکان و خاڵی لاوازیشی لەم بوارە چارەسەر بکات. بێگومان ڕۆژ و ڕووداوی گرنگ لەپێشدان و کۆمەڵە بەرپرسیاریەتی خۆی لە بەرانبەر تێپەڕاندنی کۆمەڵگە لە كاته ههستیارهكان و خاڵە گرنگە مێژووییەکان بەرەو ئاسۆی گەشی ئازادی، دەناسێ و بە پشت بەستن بەم مەوقعیەتە بەرپرسیاریەتیەکانی بەکردەوە دەردێنێ. سیاسەتەکانی کۆمەڵە لە وەها ئهزموونێكی کۆمەڵایەتیدایە کە لە محەک دەدرێت..
ئەمڕۆ و لە حاڵیکدا کە کەمتر لە یەک ههفتهی ماوە بۆ ئیجرای شانۆی هەڵبژاردن لە ئێران، کۆمەڵە هەموو هەوڵی خۆی لەسەر دابین بوونی ریزی یەکپارچەی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر ڕژیمی ئیسلامیدا چڕ دەکاتەوە. کۆمەڵە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات بە نەچوون بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان، حەماسە پڕشورەکانی ڕابردوو لە پیشاندانی یەکپارچەیی و ئیرادەیەکی یەکگرتوودا تێکرار بکەنەوە. ڕۆژی هەینی داهاتوو نە ڕۆژی مۆری تەئید دانە لە هەژاریی، بێکاریی و دواکەتوو ڕاگرتنی ئابووریی، سووکایەتی بە ژنان، هەڵاواردن و پێشێل بوونی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان، ئەو خەسارە ئازاردەرە کۆمەڵایەتیانەی کە ڕژیم سەبەبکاریانە، بەڵکوو ڕۆژێکە کە تێیدا خەڵکی کوردستان بە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنێکی فەرمایشیدا، بە چۆڵ کردنی مەیدان، شەقام و کۆڵانەکان و یان چوون بۆ گەشت و گەڕان لە داوێنی سروشتی بەهاریدا، “نا” یەکی گەورە بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەڵێن..
لە ساڵڕۆژی ڕۆژی شکۆداری مێژوویی ٢٣ی گوڵاندا، یادی “فەرزاد کەمانگەر” و یارانی کە قارەمانانە خۆڕاگریان کرد و گیانیان لە پێناو ئەم خۆڕاگریەدا دانا، ڕێز لێ دەگرین و سڵاو و دروودیش ئاڕاستەی خەڵکی ئهمهگناسی کوردستان دەکەین کە بەم شێوەیە ڕیزیان لە یادی خۆشەویستانی گیانبەخت کردوویان گرت.