هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە دوو کارکردی سەرەکی هەبووە.یەکەم، شانۆی مەشروعیەتدان بە ڕژیم. شانۆیەک کە بەردەوام باڵەکانی رژیم وەک یەک پێویستیان پێی هەیە. هەرچەند خەڵک زیاتر لەم شانۆگەری هەڵبژاردنەدا بشداری بکەن، کاری کۆماری ئیسلامی لە بە یاسایی کردنی زەوت کرانی مافەکانی خەڵکی ناڕازی و درێژەی ئەم حاکمیەتە، ئاسانتر دەبێت.دووهەم، دیاری کردنی ئاڕایشی سیاسی باڵ باڵێنەکانی نێو خۆی ڕژیم. ئەگەر قسە لەسەر نا دیموکراتیک بوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، دخاڵەتی “شوڕای نیگابان” و ڕەدکرانەوەی سەڵاحیەتەکان و تەقەلوب لە دەنگداندا و بابەتی لەم چەشنە لە گۆڕێدایە، گشت ئەم خاڵانە دەگەڕێنەوە بۆ پێشێل کرانی قاعیدەی یاریەکە لە نێوان باڵە حکومەتیەکاندا. ئەوەیکە ئایا ئەوان قەواعیدی تەوافوق لەسەرکراو لە بەینی خۆیاندا ڕیعایەت دەکەن، یان پاشقول لە یەکتری دەگرن و پەنا دەبەنە بەر تەقەلوبە باوەکان، دەگەڕێتەوە بۆ تەشخیسی هێزێک کە کاری موهەندیسی کردنی هەڵبژاردنی لە بانترین ئاست و سەربەخۆ لە تەمایولی ئەم یان ئەو باڵ هیدایەت دەکات. ئەم هێزە سپای پاسدارانە و بڕیاری کەڵان لەم بارەیەوە لە بازنەی سیاسی سپادا دەدات. ئەوەی کە لەم رۆژانەدا و لە منازرەکان و تەبلیغاتی کاندیدەکاندا دەیبینین، سیناریۆیەکی کەم و زۆر تەوافوق لەسەر کراوە کە بۆ دابین بوونی نیازی یەکتر سازمان دراوە. باڵێک کە دەسەڵاتی سەرەکی ڕژیمی بە دەستەوەیە، هیچ گرفتێکی لەگەڵ ئاکامی هەڵبژاردن نییە. چۆنیان بوێت ئاکامەکەی بەو شێوەیە لە سندوقەکاندا، یەکلایی دەکەنەوە. هیچ هێز و چاودێرێکی سەربەخۆش بوونی نییە کە نزارەتی بەسەر پرۆسەکەدا هەبێت، خۆیان دەیبڕن و خۆشیان دەیدورن. ئەگەر ویستیان ڕیفۆڕمخوازانی نێوخۆی ڕژیم بێنە سەر دەسەڵات، چاوپۆشی دەکەن، وەک دەورەی خاتەمی، ئەگەر نەیانویست هەڵبژاردنەکە موهەندیسی دەکەن، وەک دەورەی ئەحمەدی نیژاد. بەم جۆرە مەسەلەکە لەسەر ئاکامی هەڵبژاردن نییە. مەسەلە لەسەر چلۆنایەتی بەرەو پێش بردنی پرۆسەی کارەکەیە. ئەم پرۆسەیە، دەبێ بە شێوەیەک بەرەو پێش بچیت کە خەڵک بە هەر حیلە و شگردێک بووە، بهێندرێنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و لە عەینی حاڵدا لە ئاکامی زیادە رۆییەکان لە تەبلیغاتدا، کۆنترۆڵیان لە دەست نەچێت. لە هەڵبژاردنی ساڵ ١٣٨٨ دا لە لایەکەوە ڕێبەریی ڕژیم بەو ئاکامە گەیشتبوو کە “میر حسێن موسەوی” کەسێکی گونجاو نییە بۆ بەدەستەوە گرتنی ئەم پۆستە و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ جیاوازیەکی بەرچاو لە دەنگەکاندا، بەرەوروو بوون کە خرابوونە سندوقەکانەوە. لەم دەورەیەدا لەبەر ئەوەی هێزی ناڕەزایەتی خەڵکیان بەلاوە گرنگ نەبوو، دەستیاندایە گزی و تەقەلوبێکی بە ئاشکرایی و ئەحمەدی نیژادیان لە سندوقەکان دەرهێنا. بەڵام وادیاربوو لەم دەورەیەدا بەرەو رووی وەها کێشیەک نەبنەوە. زۆربەی خەڵک بۆیان دەرکەوتوە کە هەموو لە یەک قوماشن و ئەمجارە کەس دروشمی “کوا دەنگەکەی من” بەرز ناکاتەوە. لەم رۆژانەدا یەکێک لە مێحوەرەکانی تەبلیغاتی روحانی لەدژی ڕەئیسی ئەوەیە کە بە شێوەی ناڕاستەخۆ ئەو وەک عامل و بکەری کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ دا دەناسێنێ. خەڵک مافی خۆیانە بە ڕیشی ئاغای روحانی پێبکەنن، کاتێک دەزانن یەکێک لە ئەندامانی ٣ کەسەی کوموسیۆنی مەرگ، “مستەفا پور محەممەدی” وەزیری کابینەکەی ئەو بووە و یان خۆی ساڵانێک لە پۆستی ئەندامیەتی شوڕای باڵای ئەمنیەتی میللیدا یەکێک لە بەرنامە دارێژەرانی ئەم جۆرە جەنایەتانە بووە. یان کاتێک خودی روحانی بە قاڵیباف ئەڵێ “ئەگەر لە کاتی خۆیدا پەروەندەکەتم ئاشکرا بکردایە، ئەمرۆ تۆ لێرە نەبووی”، روحانی دەبێ شعوری خەڵکی بە کەم گرتبێت کە ئەم قسەیە وەک ئیمتیازێک بۆ خۆی بە حێساب بێنێ.
بەڵام منازرەی توندی کاندیدەکان لەدژی یەکتر، بەهەر مەبەستێک سازمان درابێت، نیشانەی لێڵ بوونی ئاسۆی مانەوەی ڕژیمە لە ڕوانگەی باڵە جۆراو جۆرەکانەوە. هیچکام لە باڵەکان ڕێگا چارەیەکیان بۆ دەرباز بوون لە قەیرانێکی حکومەتی کە داوێنگیری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە، نییە. وشەی توند و زبر کە لەم رۆژانەدا، کاندیدەکانی سەرۆک کۆماری لەدژی یەکتر بەکاری دێنن، ئەو ڕاستیە نەوتراوانەن کە لە بارەی یەکترەوە ئاشکرای دەکەن، ئەگەر لە لایەکەوە لە خزمەت بازاڕ گەرمی بۆ شانۆی هەڵبژاردن دایە و بەم هۆکارە چاوپۆشی لێدەکرێت، لە هەمانحاڵدا دەرخەری گەندەڵیەکی قوڵ و بەرینە کە سەرتاپای ئەم ڕژیمەی داگرتوە.
خامنەیی وەک کەسی یەکەمی ڕژیم، لە هەمانحاڵدا کە ئاگاداری خاسیەتی فریوکارانەی ئەم جۆرە تەبلیغاتەیە لەدژی یەکتره، نیگەرانی خۆشی لە ئاکامی ئەم یارییە ناشارێتەوە. ئەو دەڵێ: “دوژمن سێ ئامانجی کورت ماوە، میان مودەت و درێژماوەی لەدژی ئێمە لەدەستوری کاردا هەیە. ئامانجی کورت ماوەی تێکدانی ئەمنیەتی وڵات و دروست کردنی ئاشوب و فیتنەیە لە جەریانی هەڵبژاردندا. ئامانجی میان مودەتی ئابووری و بەڕێچوونی خەڵکە و ئامانجی سێهەم و درێژ ماوەشی، بەرەنگار بوونەوەی ئەسڵی نیزامی ئیسلامیە کە لە ڕێگای گۆڕینی هەڵسوکەوتی نیزامەوە دەیەوێ بەكردەوەی دەربێنێ”.
خامنەیی بە ئاگادار بوون لەو موشکلات و گرفتە واقعیانەی خەڵکی ناوچە بێبەشەکان و نەتەوە ستەم لێکراوەکان و ئاگادار بوون لە نەفرەت و بێزاریەکی لە ڕژیمیان هەیە، شەییادانە ستەم و هەڵاواردن و نایەکسانیەکان ناودەنێ “لێک بەربوونە ئیعتیقادی و زمانی و قەومیەکان”. خامنەیی لە هەمانحاڵدا لەو سوخەنرانیەدا شمشیر بەرووی خەڵکدا لە کالان دەردەکێشێت کە ئەگەر بێت و لەدژی “ئەمنیەتی وڵات” بجوڵێن، ئەوا بە توندترین شێوە وڵامیان ئەدرێتەوە.
بەڵام نیگەرانیی سەرەکی خامنەیی لە ئاخێز و ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکی ئێران لەدژی بارودۆخی بەڕێچوونی فەلاکەتبارە کە حاکمیەتی سەرمایەداری ئیسلامی بۆ خەڵکی بە دیاری هێناوە. لەم روەوە خامنەیی سیناریۆی دووهەمیشی “ئابووری و بەڕێچوونی خەڵک” ناودەنێ و ئەو بە “ئامانجی میان مودەت” دەزانی. ڕێبەری ڕژیم لە روون کردنەوەی ئەم سیناریۆیەدا وتی “لە تەڕاحی نەیاراندا، ئابووری وڵات نابێ چالاک بێت، بەڕێچوونی خەڵک دەبێ سست و لاواز بێت، کار و بەرهەمهێنان گەشە نەکات و بێکاری وەک بەڵایەک دەبێ گشتگیر بێتەوە تا لە کۆتاییدا، خەڵک لە کۆماری ئیسلامی هیوا بڕاو بن.”
بەڵام دوژمنێک کە خامنەیی وەسفی دەکات کەسێک نییە بێجگە لە جەماوەری خەڵکی توڕە و ناڕازی و وەگیان هاتووی ئێران لە دەست ئەم نیزامە و جەهل و جەنایەتی ئیسلامی سەرمایە. هەڕەشەکان و چاو سور کردنەوەکانی خامنەیی نەک نیشانەی بەهێزیی، بەڵکو دەلیلی بارودۆخی شپرزی ڕژیم و تەنانەت ترسیەتی لە سێبەری خۆی. بایکۆتی بەرینی هەڵبژاردنی فەرمایشی، خۆ بواردن لە چوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، وڵامی شایستەی خەڵکە بە هەڕەشەکانی خامنەیی.