کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

بانگەوازێک بۆ تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە لە کوردستان هاوڕێیانی ئازیز، خەباتکارانی ماندوویی‌نەناس!

IMG 3924

بانگەوازێک بۆ تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە لە کوردستان

هاوڕێیانی ئازیز، خەباتکارانی ماندوویی‌نەناس!

ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو ڕۆژە پڕ لە جۆش و خرۆشانەدا تێدەپەڕێت، ئەو ڕۆژانەی کە لە شار و گوند و کێو و دەشتەکانی کوردستاندا، شانبەشانی یەک خەباتمان دەکرد، ئامانجێکی هاوبەشمان لەناخدا بوو و پێکەوە بیروباڕێکی یەکسانمان بوو. زۆربەتان تافی لاوی و باشترین ساتەکانی تەمەنتان لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا تێپەڕاند. وانەتان وەرگرت و وانەتان بەخشی، ڕەنجتان کێشا و ئومێدتان لە دڵی خەڵکدا زیندوو ڕاگرت. پاشان بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک مەسەلەی ژیان، بنەماڵە و گۆڕانی هەلومەرج، گەڕانەوە بۆ ناو شار و گوندەکانی کوردستان و لەناو خەڵکدا مانەوە. بەڵام ئایا ڕۆژێک هەبووە کۆمەڵەتان لەبیر چووبێتەوە؟ ئایا ساتێک هەبووە ئەو ئامانج و بیروباوەڕە لە دڵتاندا خامۆش بووبێت؟ ئێمە دەزانین کە نا، وانییە و ئێوەش دەزانن. لە ماوەی چل و حەوت ساڵی ڕابردوودا، هەزاران تێکۆشەر لە قوتابخانەی کۆمەڵەوە سەریان هەڵدا، لە قوتابخانەیەکدا کە بەهای مرۆڤی بە سەروەت و سامان پێوانە نەدەکرد، کە ئازادیی ژنی بە پرسێکی جیانەکراوە لە ئازادیی کۆمەڵگە دەزانی، کە هاوکات لە دژی ستەمی نەتەوایەتی و چەوسانەوەی چینایەتی دەوەستایەوە. ئێوە لەو قوتابخانەیەدا پەروەردە بوون. ئەم وانانە نەک لە دووتوێی کتێبدا، بەڵکوو لە ناو جەرگەی ژیان و خەباتدا فێر بوون.

ئێستا هەر ئەو تێکۆشەرانە، لە گەڕەک و شار و گوندەکانی کوردستاندا دەژین و لەناو جەماوەردان. سیمایەکی خۆشنێو و ناسرا و جێگەی متمانەی خەڵکن و لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییە مەدەنییەکاندا دەوری کاریگەریان هەیە. ئەم ئامادەییە، ئەم متمانەیە و ئەم پەیوەندییە لەگەڵ جەماوەری خەڵک، شتێکی کەم‌بایەخ نییە، ئەمە سەرمایەیەکی زۆر گەورەیە. بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕاوە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ئەم هەیکەلە کۆن و ڕزیوە، لە هەموو لایەکەوە لەژێر گوشاردایە. گوشاری ئەو خەڵکەی کە چیتر تەحەمولی ستەم و هەژاری و سەرکوتیان نەماوە. گوشاری قەیرانە سیاسییە یەک لە دوای یەکەکان کە ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبنەوە. گوشاری گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییەکەی کە دەرگاکانی جیهانی بەسەر ئەم ڕژێمەدا داخستووە. گوشاری گەمارۆی ئابووری کە پشتی خەڵکی چەماندووەتەوە، بەڵام هەیمەنە و دەسەڵاتی ڕژێمیشی خستووەتە لەرزە و هەروەها شکستی هێزە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکەدا کە دوایین پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی ئەم حکوومەتە لاداوە.

لە کوردستان، خەڵک نەک بە چاوی دەسەڵاتدار سەیری هێزەکانی ڕژێم ناکەن، بەڵکوو وەک داگیرکەر دەیانبینن. ئەم تێڕوانینە، ئەم وشیارییە و ئەم تووڕەیی و بێزارییە سەرکوتکراوە، نیشانەی شتێکە کە هەموومان ساڵانێکە چاوەڕێین: ئەو ساتەی کە مێژوو سەرلەنوێ دەکەوێتەوە بزووتن. لە ئاوا ساتەوەختێکدا، کۆمەڵە پێویستی بە ئێوەیە، بە ئێوەیەک کە لەناو جەماوەردان، کە دەنگتان دەناسن و ناوتان بە خەباتەوە گرێ دراوە. دەزانین کە ڕەنگە لەم ساڵانەدا، لە هەندێک بواردا، خاوەنی ڕا و بۆچوونی جیاوازتر بن لەگەڵ هەڵوێستە فەرمییەکانی کۆمەڵە. دەزانین کە ژیان، ئەزموون و تێڕامان، مرۆڤ دەگۆڕێت. ئەمە نەک هەر جێگەی نیگەرانیی ئێمە نییە، بەڵکوو وەک بەهایەک چاوی لێدەکەین. کۆمەڵەیەک کە پێویستی بە ئەزموون و ڕەخنەی ئێوە نەبێت، کۆمەڵەیەکی چالاک، پڕجۆش و خرۆش و زیندوو نابێت. ڕوانگە و بۆچوونی فرەچەشن، هێزە، نەک لاوازی. ڕەخنەی ڕاستگۆیانە ڕووناکی دەبەخشێت نەک تاریکی. ئێمە گوێ لە دەنگی ئێوە دەگرین و ئەزموونەکانتان بەرز دەنرخێنین. وەرن با بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە، لەسەر ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە هەمانە دەست بخەینە ناو دەستی یەک. کۆمەڵە ڕێکخراوی ئێوەیە. هی ئەم یان ئەو کەسایەتی نییە، بەڵکوو بەرهەمی ڕەنج و خەباتی هەزاران مرۆڤی وەک ئێوەیە. کۆمەڵە نوێنەری ئەو خولیا و ئاواتانەیە کە ئێوە لە تافی لاویدا لەپێناویان هاتنە مەیدان: ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مرۆڤ. ئەم ئاواتانە هێشتا زیندوون. ئەم خەباتە هێشتا بەردەوامە و ئەم ساتەوەختە، قۆناغێکی مێژووییە کە بەدەگمەن هەڵدەکەوێت.

هاوڕێیانی هێژا،

ئەمڕۆ داواتان لێ دەکەین کە خۆتان ئامادە بکەن. ئامادە بن بۆ گێڕانی ئەو دەورەی کە مێژوو، ئەزموون و پێگەی جەماوەریتان پێتان دەبەخشێت. شانبەشانی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە شار و گوندەکانی کوردستان هەنگاو هەڵبگرن. بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن، لە ڕێکخستنی گەڕەک، لە وشیارکردنەوەی خەڵک، لە پشتیوانیکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە هەر بوارێکی تردا کە بۆتان دەکرێت، ئامادەییتان هەبێت. کۆمەڵە پێویستی بە ئەزموونەکانتانە. پێویستی بە تۆڕی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ جەماوەرە. پێویستی بەو متمانەیە هەیە کە لە ماوەی ساڵانێکدا بە ڕەفتار و ڕاستگۆیی خۆتان بەدەستان هێناوە. کۆمەڵە پێویستی بە ئێوەیە.

ئامانج هەمان ئامانجە. خەبات بەردەوامە. کاتی ئەوە هاتووە دووبارە پێکەوە بین.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

یازده‌ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴