کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

بانگەوازی هاوبەشی، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وهەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

ژینا

با بە هەموو توانامانەوە ساڵیادی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا بەرز ڕابگرین

لە سەروبەندی یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیداین. ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە ڕێبەرایەتی ژنانی بوێر و خۆڕاگری ئێران، ڕواڵەتی ئێرانی گۆڕیوە؛ هاوپشتی و یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێرانی بەهێزتر کردووە، خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە و دادخوازیی، بەیەکەوە گرێداوە، هاوسۆزی نێونەتەوەیی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران مسۆگەر کردووە و پیلانگێڕیی و هەژموونگەرایی ئەو هێز و لایەنانەی دەیانویست سواری شەپۆلی بزووتنەوەکە بن، تاڕادەیەک پووچەڵکردووەتەوە و بە پێکهێنانی کەلێنێکی قووڵ لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، داهاتووی ئەم سیستەمە کۆنەپەرست و پارێزەری هەژموونی سەرمایەدارییەیی، تاریک کردووە.

دەسەڵاتی ئیسلامی بە کۆکردنەوە و وەگەڕخستنی هەموو هێز و ئامرازەکانی سەرکوتگەرانەی خۆی، بەکردەوە دۆزەخێکی بە پانتایی ئێران خوڵقاندووە و بە حکوومەت نیزامییەکی ڕانەگەیەندراو هەوڵیداوە وانیشان بدات کە ئەم بزووتنەوەیە کۆتایی پێهاتووە و هیوای خەڵک تێک بشکێنێت. بەڵام بەردەوامبوونی خەباتی بەرینی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، پەرستاران و کارمەندانی بەشی تەندروستی، دادخوازان، نەتەوە ستەم لێکراوەکان و ژینگەپارێزان، تەواوی ئەم هەوڵە دزێو و نامرۆڤانەیان کردووەتە بڵقی سەرئاو. ئەم خەباتە درەوشاوەیە بە درێژایی یەکساڵی ڕابردوو بەردەوام بووە. هەربۆیە یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ساڵیادی شۆڕشی ژینا، جەختکردنەوەیەکی دووبارەیە لەسەر بەردەوامبوونی ئەم بزووتنەوەیەی کە تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش ڕانەوەستاوە.

ئێمە لەسەر بنەمای ئەم بارودۆخە، پشتیوانی خۆمان لە هەر چەشنە هەوڵ و کۆششێکی جەماوەریی لە ئێران دەردەبڕین کە بەمەبەستی ڕێزلێنان لەم ڕۆژە بەڕێوە دەچێت. لە کوردستان کە هەر لە سەرەتای دەسپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژیناوە، بووەتە سەنگەری خەبات و خۆڕاگریی بەردەوام، کۆمەڵانی خەڵک خەریکی ئامادەکارین بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی گشتی شکۆدار و کۆبوونەوە لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووانی شۆڕش بە بۆنەی ٢٥ی خەرمانان، ساڵیادی قەتڵی حکوومەتی ژینا (مەهسا) ئەمینییەوە.  ئێمە داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین کە ڕۆژی  ٢٥ی خەرمانان لە هەموو شار و شارۆچکە و گوند و پارێزگاکانی کوردستان لە ئاستێکی بەربڵاودا بەشداری مانگرتنی گشتی بن و بە کۆبوونەوە لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، یادی ئەو ئازیزانە بەرز ڕابگرن.

ئێمە پشتیوانی خۆمان لە بانگەوازی هەموو کۆڕ و کۆمەڵ و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری ئێران بە مەبەستی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و هەروەها سەرجەم هەوڵ و داهێنانێکی مومکین و کاریگەری جەماوەریی لەلایەن ژنان و  لاوان و ڕێکخراوە جەماوەرییە مەدەنییەکانەوە دەکەین لەپێناو تێکشکاندنی ئەو زەخت و زۆر و حکوومەت نیزامییە ڕانەگەیەندراوەی ڕژیمدا.

لەدەرەوەی وڵاتیش ئێمە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان لە هەموو ئەو کۆڕ و کۆبوونەوە و ئاکسیۆنانەی کە لە لایەن ١٩ ڕێکخراوی چەپ و دێموکراتیک و ٢٧ ناوەند و دامەزراوەی جەماوەرییەوە ڕێکدەخرێت، دەردەبڕین و پشتیوانی لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕێکخراو و لایەنە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی تر دەکەین.

لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا، لە ئاست فیداکاریی و شکۆی گیانبەختکردووانی ئەم بزووتنەوەیە و لاوانی جەسوور و قارەمانی تری هاوشێوەی ژینا، نیکا، سارینا، یەڵدا، حەنانە، مێهرشاد، حەمیدڕەزا و جەواد ڕۆحییەکان و بنەماڵەی سەربەرزی دادخوازاندا، سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین. ئەوان بە خۆڕاگریی سەربەرزانە و درەوشاوەی خۆیان، لمبۆزی دەسەڵاتی فاشیستییان لەخاک وەرداوە و ڕێگای ڕزگاریی و دەربازبوونیان لە دۆزەخی کۆماری خۆشکردووە.

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی و دێموکراسی و سۆسیالیزم

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ / ١٠ی سپتامبری ٢٠٢٣