کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بانگەوازی خۆڕاگری جەماوەری، لەبەرانبەر هێرشی نیزامی تورکییەدا

280

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی مانگی سەرماوەز ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان لە هەمایشی پیشەسازی نیزامیدا لە ئانکارا لە سوخەنڕانیەکدا ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی داهاتەدا ئۆپڕاسیۆنێكی نیزامی بۆ داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لە کوردستانی سوورییە دەست پێ دەکات. ناوچەی عەمەلیاتی کە ئەردۆغان ئیدیعای دەکات بەرە بەرە سەرجەم سنوورەکانی کوردستانی سوورییە لە عەفرینەوە تا شه‌نگال لە کوردستانی عێڕاق دەگرێتەوە. ئه‌ردۆغان لە قسەکانیدا بەم ئیستدلالەی کە باکوری سوورییە باشوری تورکییەیە و ئەمنییەتی تورکییە لە لایەن بەناو” تیرۆریستەکانەوە” لە باکوری سوورییە کەوتووه‌تە مەترسیەوە، بە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە هاوپەیمانەکانی وتی:” ئێمە لە هەوڵداین بۆ دابین کردنی ئەمنییەتی نەتەوەییمان، تیرۆر لەو ناوچەیە خاشەبڕ کەین، بەڵام هاوپەیمانە ستڕاتێژیکەکانمان و لە پێشیانەوە ئەمریکا دەڵین ئەوان تیرۆریست نین. لە حاڵێکدا کە لە ئێدله‌ب بەرمان بە کەوتنە ڕێی شەپۆلێک لە پەنابەران بەرەو ئۆرووپا گرت، ئەوان ئێمەیان لە مه‌نبه‌ج فریودا و هێشتا لەوێ هیچمان دەست نەکەوتووە، ئەمریکاییەکان حوزورەن هەڵوێستێکی ئەرێنیان سەبارەتی بە ئێمە هه‌یه‌، بەڵام بەکردەوە جوداییخواز و تریۆریستەکانیان وەک هاوپەیمان لە خەبات لەگەڵ داعشدا هەڵبژاردووە. ئەوانیان بەچەکی قورس تەیار کردووە و ڕۆژانە لە مه‌نبه‌ج بە پەرچەمەکانیانەوە گەشتی هاوبەشیان هەیە”.

بە تیرۆریست ناوبردنی ڕێكخراوه‌ سیاسیەکانی خەڵکی کوردستان لە سوورییە وێڕای ئەوەی کە نیشاندەری ده‌مارگرژی بێ ئەوپەڕی شۆوینیستی دیکتاتۆڕێکی وەک ئه‌ردۆغان سەبارەت بە خەڵکی کوردستانە، پاساوێکیشە بۆ شەڕئەنگێزی، لەشکرکێشی و دخاڵەتی توورکییە لە کاروباری سوورییەدا. لە ڕاستیدا یەکێک لە هۆکارەکان و ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورکییە لە داگیرکاری و بەرپا کردنی شەڕ، دوورخستنه‌وه‌ی کێشە و گرفتەکانییەتی بۆ دەرەوەی سنوورەکان. له‌ ڕاستیدا ئابووری تورکیە بەهۆی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکانی ناوەندی ماڵی جیهانی سەرمایەداری بە نزیک بە ٥٠٠ میلیارد دۆلار قەرزی دەرەکی ئێستا لەگەڵ قەیرانێکی کەمەر شکێندا بەرەوڕوو بووه‌تەوە. ئەرزشی لیری تورکییە زیاتر لە ٥٠ لەسەد دابەزیوە و هەژاری و بێکاری زۆر یه‌خه‌ی به‌ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی تورکییە گرتووه‌.

لە وەها بارودۆخێکدا حوزوری یەکە نیزامیەکانی ئەڕتەشی ئەمریکا لە سوریە لەم دواییانەدا، ئه‌ردۆغانی خستە بیری ئەوەی تا بەڵکو بتوانی لە ڕقابەتی نێوان ئەمریکا و روسیەدا، بە مانۆڕی سیاسی- نیزامی دەست بکات بە ساتوسەودا و بەشێک لە قەیران و کێشە و گرفتەکانی کەم بکاتەوە. گەڵاڵەی لەشکرکێشی و داگیر کردنی کوردستانی سوریە بە سەرنجدان بە حوزوری هێزەکانی ئەمریکا و روسیە لە ناوچەکەدا ڕێگایەکە کە بە خەیاڵی خۆی تێیدا بە تیرێک دوو نیشانە دەپێکی. ئێستا گرفتی ئه‌ردۆغان بۆ دەست پێکی ئەم عەمەلیاتە بوونی پێگە و هێزەکانی ئەمریکایە لەوێدا کە گۆیا ” ئەوان بۆ لەنێو بردنی داعش هاتونەتە ئەوێ”. ئەم هێزانە بە ناچاری لەگەڵ ” یەکینەکانی پاراستنی رۆژئاوا” لە ناوچەکەدا خەریکی هاوکارین. ئه‌ردۆغان بە لەحنێکی ناڕازی و لە عەینی حاڵدا هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز بە ئەمریکاییەکان وتی:” دامەزراندنی پێگەکانی کۆنترۆڵ و ڕادار لە لایەن ئێوەوە نەک بۆ پاراستنی تورکیە بەڵکو بۆ پاراستنی تیرۆریستەکانە. ئێمە دەڵێین ئەوان تیرۆریستن بەڵام هاو پەیمانە ئیستراتیژیکەکانمان و لە پێشیانەوە ئەمریکا دەڵێت تیرۆریست نین. بەم حاڵەوە بەمەرجی وتووێژ لەنێوان ئێمەدا، تورکیە ئامادەیە هەروا هاوپەیمانی ئیستراتیژیکی ئەمریکا بێت. ئێوە بۆچی نایەن بە هەڵێنانەوەی هەنگاوی هاوبەش لەگەڵ ئێمەدا داهاتوی ناوچەکە دیاری بکەین.؟”. وڵامی نەرمی ئەمریکا بە تورکیە بە لەبەرچاو گرتنی پێگەی لاوازی لە ناوچەکەدا و نیازی حەیاتی ئەو بە ” یەکێنەکانی پاراستنی گەل” وەک تەنیا هێزێک کە دەتوانێ جێگا پێیەک بۆ حوزوری ئەمریکا لە سوریە فەراهەم بکه‌ن،” جیگای قەبوڵ نەبوونی هێرشی تورکیە لە ئێستادا بووە.” ئه‌مریكا له‌ هه‌مان كاتدا دان به‌وه‌ داده‌نێ كه‌: کوردەکان وەک گرنگ ترین هێز لە شەڕ لەگەڵ داعشدا هاوپەیمانی هێزەکانی ئیئتیلافن.” هەڵبەت ئەمریکا لە هەمان حاڵدا هەوڵی داوە بە دروست کردنی چەند پۆستێکی کۆنترۆڵ و بازڕەسی لە سەر سنورەکان دڵنیایی بدات بە تورکیە کە ئەمنیەتی سنورەکانی دابین کراوە.

لەم ماجەرایەدا روسیە کە وەک براوەی شەڕی دژی ئینسانی لە سوریە حوزوری نیزامی ئەمریکای پێناخۆشە، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئه‌ردۆغان بەرەولای خۆی لە دەرفەت کەڵکی وەرگرتوە و بەم بیانوە کە ” یەکپارچەیی خاکی سوریە” لە لایەن کوردەکانەوە کەوتۆتە مەترسیەوە، بە شێوەیەک بۆ ئەنجامدانی ئەم عەمەلیاتە گڵۆپی سەوزی مەرجداری پیشانی تورکیە داوە. له‌ ڕاستیدا وڵاتی سوریە ساڵانێکە بۆتە مەیدانی ڕقابەت و تەڕاتێنی زل هێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە. تا ئەو جێگایەی کە لە ئاکامی ئەم ڕقابەت و کێشمەکێشانەدا ئێستا له‌م وڵاته‌ بووه‌تە وێرانەیه‌ك. نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی بێدیفاعی سوریە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار و کەم ئەندام بوون و بە ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون و لە کەمپەکان و وڵاتانی تردا لە بارودۆخێکی فەلاکەتباردا دەژین. ده‌وڵه‌تانی جینایه‌تكار لەبەر خاتری دەستەبەر کردنی سەهمی زیاتر بۆخۆیان بە وەڕێخستنی شەڕی ڕاستەخۆ و نیابەتی، وەها هەزینەیەکی قورسیان بەسەر خەڵکی سوریەدا داسەپاندوە.

لەم نێوانەدا کورستان تەنیا جێگایەک لە سوریەدا بوو کە لەوێدا خەڵک بە پێكهێنانی” حاکمیەتی خۆ بەڕێوەبەری دیموکراتیک” دەستیان دایە دیفاع کردن لە خۆیان لە شەڕ و کوشتار و وێرانی دەوڵەتەکان و گوروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانی سەربە تورکیە، عەرەبستان و باقی وڵاتانی تر تا ڕاده‌یه‌ك بە دوور بوون. لە حاکمیەتی ناوچەیی کانتۆنەکانی” رۆژاوا دا” ژنان شان بە شانی پیاوان لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشدارن. هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بەبێ جیاوازی ڕەگەز و جنس و مەزهەب بە یەکەوە له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كه‌یاندا بەشدارن و بە یەکەوە دەژین. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی زۆرلێکراو و ئاوارە لە سەرتاسەری سوریەوە پەنیایان بۆ ئەوێ بردوە و تێیدا حەواونەتەوە.

تا ئیستا یەکینە چەکدارەکانی ژنان و پیاوانی پارێزەری خەڵک گەلێک جار هێرشی گوروپە ترۆریستەکانی داعش و نوسرە و ئەوانیتریان تێکشکاندوە. بەڵام لە مانگی بەفرانباری پارەکەوە دەوڵەتی فاشیستی تورکیە لە پێكهاته‌یه‌كی شاراوە لەگەڵ ئەمریکا و روسیەدا شەڕێکی وەحشیانە و نابەرابەری بەسەر خەڵک و خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی عەفریندا داسەپاند و دوای دوو مانگ توانی ئە ناوچەیە داگیر بکات. لەو کاتە بەدواوە ژیان و گیان و ماڵی خەڵکی ناوچەی عەفرین رۆژانە له‌ لایه‌ن ئه‌ڕته‌شی توركییه‌ و به‌كریگیراوانی ئه‌ڕته‌شی ئازاد مەترسی مەرگ و دەزی و تاڵان کردن دایە و ئاسایش و ئەمنیەتیان لێ زەوت کراوە. بێ گومان ئەگەر بێت و تورکیە سەرکەوێت وەک هەڕەشەی کردوە باقی ناوچەکانی دیکەی کوردستانی سورییە لە ساتوسەودا لەگەڵ ئەمریکا و روسیە داگیر بکات، خەڵکی ئەو ناوچەیەش توشی چارەنووسی خەڵکی ستەمدیتوی عەفرین دەکات. لەم بارەیەوە بە دڵنیاییەوە وەها هێرشێک بەرەو رووی خۆڕاگری توند و دیفاعی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ دیفاع لە ژیان و دەستکەوتەکانیان دەبێتەوە و دەوڵەتی تورکیە ناتوانێ بە هاسانی بە ئامانجەکانی بگات. ئەوەی شیاوی سەرنجە ئەوەیە کە خەڵک نابێ بەگشتی حیسابێک لەسەر ناكۆكی ئەمریکا یان روسییە له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركییه‌ به‌رانبه‌ر بە هێرشی تورکیەی و بۆ دیفاع لە خۆیان و دەستکەوتەکانیان نابێ پشت بە هیچ شتێک بێجگە لە هێزی خۆیان ببەستن. بانگەوازی خۆڕاگری جەماوەری بۆ بەرەنگار بوونەوەی هێرشی تورکیە لە لایەن ڕێبەریی ” خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریە”وە هەنگاوێکی بەجێیە لەم ڕاستایەدا.