کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

بانگه‌وازی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بۆ ده‌ربرینی ناره‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به‌ ژاراوی كردنی قوتابخانه‌كانی كوردستان

2023 04 09 21 53 48 053

 

بڵاوكردنه‌وه‌ی گازی ژاراوی له‌ قوتابخانه‌كانی ئێران هه‌ر وا درێژه‌ی هه‌یه‌ و به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ له‌ ‌دوو رۆژی رابردوو دا بڵاوبونه‌وه‌، ئه‌و كرده‌وه‌ جینایه‌تكارانه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاوتر قوتابخانه‌كانی كوردستانی گرتۆه‌ته‌وه‌. به‌ دوای شاری نه‌غه‌ده‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠ ی مانگی خاكه‌لێوه‌ قوتابخانه‌كانی میعراج، سومه‌ییه، تاله‌قانی، ئیستێقلال له‌ شاری سه‌قز، جماران له‌ شاری سنه‌، عیسمه‌ت و زه‌ریین له‌ هوه‌توو كه‌تونه‌ته‌ به‌ر ئه‌م هێرشه‌ جینایه‌تكارانه‌یه‌ و ژوماره‌یه‌كی زۆر له‌ خوێندكاران گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كان و گیانیان له‌ مه‌ترس دایه‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ قونابخانه‌كانی ئێران و كوردستان روو ئه‌دات، له‌ راستیدا تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كۆنه‌په‌ره‌ستانی ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ خوێنداكارانێك كه‌ له‌ جه‌ریانی شۆرشی ژینا دا په‌چه‌ی زۆره‌ملیان له‌ سه‌ر لادا و ده‌نگی دروشمی ” ژن، ژیان، ئازادیان” به‌ گوێی هه‌موو جیهان گه‌یاند.
بڵاو كردنه‌وه‌ی گازی ژاراوی له‌ مه‌دره‌سه‌كان له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كرده‌وه‌یه‌كی قیزه‌ونی تاوانكارانه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتدا نیشانه‌ی داماوی رژیمی ئیسلامی به‌رامبه‌ر به‌ شۆرشی رزگاریبه‌خشی ژینایه‌، ئه‌و شۆرشه‌ی كه‌ زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ گه‌رووی رژیمی ئیسلامی گرتۆه‌ و بێ راوه‌ستان، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ره‌ و سه‌ركه‌وتن رێگا ده‌بڕێ.
ئێمە هێرشی تیرۆریستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و باندە مافیاییەکانی بۆسەر کچانی قوتابی بە توندی مەحکوم دەکەین. كۆمه‌ڵه‌ به‌م بۆنه‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و به‌ تایبه‌ت جه‌ماوه‌ری شاری سه‌قز كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ر‌بڵاوتر كه‌وتوونه‌ته‌ ‌ به‌ر ئه‌م په‌لاماره دژه‌ مروڤیه‌ ده‌كه‌ین ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خۆیان به‌رز كه‌نه‌وه‌ و رێگا نه‌ده‌ن ده‌ست و پێوه‌نده‌كان و بانده‌ مافیایه‌كانی ناو رژیم كه فه‌رمانی ” ئاته‌ش به‌ ئیختیار” یان راسته‌وخۆ له‌ خامنه‌یی وه‌رگرتۆه‌، ئاوا بێ به‌زییانه‌ بكه‌ونه‌ گیانی رۆله‌كانمان و بنه‌ماله‌كان تووشی نیگه‌رانی و دڵه‌راوكێ بكه‌ن. با رۆژانی داهاتوو هه‌موو كوردستان بكه‌ین به‌ مه‌یدانی ناره‌زایتی ده‌ربرین و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ئه‌منیه‌تی رۆڵه‌كانمان له‌ مه‌دره‌سه‌كان به‌ هیمه‌تی خه‌باتی راسته‌وخۆ خۆمان دابین بكه‌ین.

كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌
رێكخراوی كوردستانی حیزبی كمونیستی ئێران
٢٠ ی خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠٢