یه‌كیه‌تی كامیۆندارانی ئێران له بانگه‌وازێكدا داوای له هه‌موو هاوكاره‌كانیان كرد، دژ به دۆخی خراپی پیشه‌یی و مه‌عیشه‌تی له ڕۆژی یه‌كی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ دا په‌یوه‌ست به مانگرتنی سه‌راسه‌ری بن.
له به‌شێكی ئه‌و بانگه‌وازه‌دا هاتووه، هاوكارانی ئازیز ساڵانێكه دانمان به خۆماندا داناوه و گوشاری چه‌رخی ئابووری وڵاتمان به سه‌ر شانه‌وه بووه، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر دا حكوومه‌ت بێڕێزی پێ كردووین و به‌رده‌وام به‌ڵێنی درۆی پێ داوین. سووته‌مه‌نی ده‌ست ناكه‌وێت، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت كار بكه‌ین، نرخی بیمه‌یان گران كردووه و ده‌یانه‌وێت گیانمان له جاده خراپه‌كانی ئێران دا بخه‌ینه مه‌ترسییه‌وه، هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك پێشكه‌ش به شۆفێران ناكرێت و كرێ بار و حه‌قده‌سته‌كان له كاتی خۆی دا په‌رداخت ناكرێت. ده‌یان شیركه‌تی په‌یمانكاریان داناوه كه خوێنی كامیۆن‌داران ده‌مژن، له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌ر ڕه‌جایی دا ده‌یان هاوكارمان گیانیان به‌خت كرد، به‌ڵام به‌رپرسانی حكوومه‌ت بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد، چی تر نابێت له ئاست ئه‌و نادادپه‌روه‌ریانه بێده‌نگ بین. داوا له هه‌موو هاوكاره‌كان ده‌كه‌ین ڕۆژی یه‌كی جۆزه‌ردان ده‌ست له كار بكێشنه‌وه و به خۆپێشاندان ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له ئاست ئه‌و باروودۆخه به‌رز بكه‌نه‌وه.