کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

باروودۆخی کارەساتباری ئیمەنیی شوێنەکانی کار

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی مانگی بەفرانبار سێ کرێکار لە کاتی کار بەهۆی تەقینەوەی شەش مەخزەنی سووتەمەنی لە “شیرکەتی سامن مێهران گوستەر”ی هەڵکەوتوو لە شارەکی سەنعەتیی چەرمسازیی شارستانی بوئین زەهرا تووشی ڕووداو هاتن و بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەست دا. بەر لەم کارەساتە دڵتەزێنە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی مانگی خەرمانان چەند کرێکار لە کاتی خاوێن کردنەوەی پۆمپی تەخلییەی مەشعەلی سەرەکیی پێترۆشیمیی “شازەند” تووشی سووتان هاتبوون. لەم ڕووداوەشدا یەکێک لە کرێکارانی ئەم ناوەندە گیانی لە دەست دا و  دوو کرێکاری دیکە بە سەختی بریندار بوون.

باروودۆخی ئیمەنیی شوێنی کار هێندە کارەساتبار و ژمارەی ڕووداوەکان ئەوەندە لەسەرێن کە هێندێک جار خودی بەرپرسانی ڕژیم ناچار دەبن دانی پێ دابنێن. بۆ نموونە عەلی حسێن ڕەعیەتی فەرد (جێگری وەزیری کار) دانی بەوە داناوە کە ساڵانە ١٣ هەزار ڕووداو بەهۆی نەبوون و یان لاوازبوونی فێرکاری و دابین کردنی کەرەستەی پێوەندیدار بە ئیمەنیی شوێنی کار ڕوو دەدەن. ناوبراو وتی کە تەنیا لە ساڵی ٩٩دا نۆسەد کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان زۆرترین ئاماری ئەو ڕووداوانەی کە دەبنە هۆی مەرگ، لە سەنعەتی بیناسازی دایە و هۆکارەکەشی بەربوونەوە لە بەرزاییەوەیە. کارناسێکی باڵای ئیمەنی و تەندرووستی، بەناوی “شەهرام غەریب” لە ٢٥ی مانگی بەفرانباردا لە وتووێژ لەگەڵ ئیلنا وتی کە ئامارەکانی بەربوونەوە لە بەرزایی، یەکجار لەسەرێ و سەرسووڕهێنەرن. پتر لە ٥٠٠ کرێکار لە ساڵی ٩٩دا لە بەرزایی بەربوونەتەوە. ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت کە نزیکەی ٧٥ لەسەدی ڕووداوەکانی کار لە کاتی بیناسازی و لەوانە بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی ڕوو دەدەن کە لە زۆرێک لەم ڕووداوانەدا کەسەکان دەستبەجێ گیانیان لەدەست دەدەن. هەروەها وتیشی کە ماوەیەکە شایەدی ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی ڕووداوەکانی کارین.

شەهرام لەم وتووێژەدا ئەگەرچی زۆر پارێزکارانە قسەی کرد بەڵام واقعییاتێکی باس کرد کە جێگای سەرەنجن. لە ڕوانگەی ناوبراوەوە بەربوونەوە لە بەرزایی بووەتە ڕووداوێکی باو و بەردەوام ڕوو لە زیادبوون. بەوتەی ئەم کارناسە لە وەها باروودۆخێکدا چاوەدرێری بەسەر ئیمەنیی بیناسازیدا یەکجار لاوازە. ئاماری ڕووداوەکان لە مەعدەنەکانی ئێرانیش لەسەرێن. ئاماری ڕووداوی مەرگبار لە مەعدەنەکان لەمساڵدا یەکجار چووەتە سەرێ. ڕۆژ نییە کە هەواڵی ڕووخان و تەقینەوەی مەعدەن یان بەربوونەوەی پێکهاتە مەعدەنییەکان بڵاو نەکرێتەوە. لەو نێوەدا کرێکارانی مەعەدەنە ژێرزەمینییەکان زۆرترین مەترسییان لەسەرە. کارەساتی مەعدەنی یۆرتی ئازادشار کە سەر بە بەشی خسووسییە، هێستا کۆن نەبووە. لە ١٣ی مانگی گوڵانی ١٣٩٦ بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە توونێلە بنبەستەکانی مەعدەن لە قووڵایی هەزار و ٣٠٠ میتری، ٤٣ کرێکاری مەعدەن گیانیان لەدەست دا. یەکێک لە کرێکارانی مەعدەن هەر ئەو کات وتبووی کە ئەم مەعدەنە سنێسۆڕی شناسایی گازی نییە و ئەم ڕووداوەش ڕێک بەم هۆکارە ڕووی دا.

ڕووداوەکانی سەرچاوەگرتوو لە نەبوونی ئیمەنی شوێنی کار تەنیا بە کاری مەعدەن و بیناسازی سنووردار نین. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٠دا، تەنیا یەک ڕۆژیش نەبووە کە ڕووداوێکی کار ڕوو نەدات و نەبێتە هۆی مەرگ یان برینداربوونی کرێکاران. باروودۆخەکە هێندە کارەساتبارە کە میدیاکانی ژێر سانسۆڕی توندی ڕژیمیش دەنووسن کە مانگی بەفرانباری ١٤٠٠ یەکێک لە خوێناویترین مانگەکانی ڕووداوی کرێکاری بووە. ١٤ کرێکار لە مەودای زەمانیی کەمتر لە ١٤ ڕۆژدا تووشی ڕووداو هاتوون و گیانیان لەدەست داوە و ٣٩ کرێکاری دیکەش لەم ڕووداوانەدا بریندار بوون.

ئەم ئامارانەی باسیان لێکرا بێگومان تەنیا کارەسات و ڕووداوەکانی کرێکارانی ئێرانی لە خۆیاندا دەگونجێنن. کرێکارانی ئەفغانستانی کاتێک بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست دەدەن و یان بریندار دەبن خاوەنکاران بەیارمەتیی ئیدارات و بەرپرسانی گەندەڵ بەناو خوێنیان گوم دەکەن.

بەدەر لە ناوەندە نائەمن و مەترسیدارەکانی کار، جادەکانی مەسیری کارخانە، مەعدەن و باقیی شوێنەکانی کاریش بوونەتە قەتڵگای کرێکاران.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی مانگی بەفرانبار بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆبووسێکی هەڵگری کرێکارانی شارەکی موورچەخورت لە شاری ئیسفەهان ١٨ کرێکار بریندار بوون. لەماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا پێنج ئۆتۆبووسی هەڵگری کرێکاران تووشی ڕووداوی مەرگباری هاتووچۆ بوون. یەکێک لەم ڕووداوانە، ڕووداوی دڵتەزێنی هاتووچۆی ئۆتۆبووسی هەڵگری کرێکارانی نەوت بوو لە میحوەری ئەهواز – خورەمشەهر لە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباردا کە بەهۆیەوە ١٠ کرێکار گیانیان لەدەست دا.

لە کۆماری ئیسلامیدا کوشتاری کرێکاران لە ناوەندەکانی کار و یان لەسەر جادەکان بۆ خاوەنانی کارگە و کارخانەکان و پەیمانکاران هەزینەیەکی زۆری نییە. چونکە دامودەزگای گەندەڵی پێوەندیدار هەمیشە سەبارەت بە ڕووداوەکان ڕاپۆرتی درۆیین ئامادە دەکەن. ئەوان لە ڕاپۆرتەکانیاندا خەتای کرێکار بە هۆکاری ڕووداوەکان پێناسە دەکەن و پاکانە بۆ خاوەنکار و پەیمانکار دەکەن. هەربۆیە ئەوە تەنیا بنەماڵە کرێکارییەکانن کە دەبێ نەهامەتییەکانی لەدەستدانی ناندەرهێنەری بنەماڵە تەحەمول دەکەن.

بێگومان قازانجپەرستیی خاوەنکاران و پەیمانکاران و هەزینە نەکردنیان بۆ ئیمەن کردنی شوێنەکانی کار لە لایەن ئەوان و دەزگای گەندەڵی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی ڕووداو و کارەساتەکانی شوێنی کارە و کرێکاران تەنیا لەڕێگەی خەباتەوە دەتوانن خاوەنکار، پەیمانکار و بەرپرسانی دەوڵەت ناچار بکەن تا ناوەندەکانی کار ئیمەن بکەن.

کرێکارانی نەوت، گاز و پێترۆشیمییەکان لە خەباتێکدا کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ وەدی هاتنی خواستەکانیان دەستیان پێکرد، ئیمەن کردنی شوێنی کاریان لە لایەن خاوەنکارەوە خستە ناو خواستەکانی خۆیانەوە. شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت لە یەکەمین بەیانییەی پێوەندیدار بە دەستپێکی مانگرتن کە لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا بڵاویان کردەوە نووسییان:

ئێمە خوازیاری ئیمەن کردنی شوێنی کارەکانمانین. شوێنەکانی کاری ئێمە هاوشێوەی بۆمبن. ئاگرکەوتنەوەی خۆفناک، بەربوونەوە لە بەرزایی، دەنگی تەقینەوەی ماددەی نەوتی، هەڵمژینی ماددەی ژەهراوی و شیمیایی لەپەنا ناستاندارد بوونی باروودۆخی ناوەندە دەرمانییەکان، بەردەوام دەمانکاتە قوربانی و زیانی جەستەیی و دەروونیی زۆری بە کرێکاران گەیاندووە.  کار لە گەرمای تاقەت پڕووکێنی هاوین و نەبوونی کەرەستەی فێنککەرەوە و ئامێری ستاندارد خاوێن کردنەوەی هەوا، گوشارەکانی چەند هێندە کردووە. سەنعەتی نەوت بەشێکی گەورەی بەهرەدەری کۆمەڵگایە. پێویستە ناوەندەکانی کاری ئێمە ئەمن بکرێت و باڵاترین ستانداردیان بێت. پێویستە لە سەنعەتی نەوتدا بوودجەی تایبەت بۆ ئەمن کردنی شوێنەکانی کار، تەیار کردنی ناوەندەکانی کار بە سیستەمی سەرما و گەرمادەری پێویست و دەزگای خاوێنکردنەوەی هەوا، بردنەسەرەوەی ستانداردی تەندرووستی شوێنی خەو و شوێنە گشتییەکان لەوانە دەستشوویی و حەمام و شوێنەکانی تر تەرخان بکرێت”.

پێویستە سەرەنجدان بە مەسەلەی ئیمەنیی شوێنی کار لە لایەن کرێکارانی پەیمانکاریی نەوت و پێترۆشیمییەکانەوە بکرێتە سەرمەشقێک بۆ کرێکارانی ناو کارگە و کارخانە و مەعدەن و ناوەندە پڕ مەترسییەکانی دیکە لە جەرگەی خەباتیان دژبە خاوەنکاران و دەوڵەت.

بابەتی پەیوەندیدار

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-