لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی ١٤٠٣دا، وێنەیەکی تاڵ لە بێدادی پێکهاتەیی لە ئێران دووبارە بووەوە: کۆمەڵێک لە کەمئەندامان لە بەردەم بینای سەرۆک کۆماریی کۆبوونەوە، تا دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بگەیەننە گوێی بەرپرسانێکی کە ساڵانێکە، وادە و بەڵێنەکانیان لە پشت کێوێک لە بروکراسییە ئیدارییەکاندا شاردووەتەوە. ئەم ناڕازییانە، هێمایەکن لە نزیکەی ٩ ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەسی کەمئەندام لە ئێران، کە نەک هەر بەردەوام بەهۆی گرفت و بێتوانایی جەستەیی و زەینی، لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگ بەرەوڕوو دەبنەوە، بەڵکوو لە ژێر باری گوشاری ئابووری و پشتگوێخستنی سیستەماتیکی حکومەتیشدا، پەراوێز خراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی بێهزیستی، تەنها ٣ ملیۆن کەس لە کەمئەندامان لە ژێر چاوەدێری و خزمەتگوزاریی ئەم ڕێکخراوەدان و لەم ژمارەیەش، ملیۆنێک و شەش سەد هەزار کەسیان مووچەی لەکارکەوتوویی وەردەگرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە یارمەتی مانگانەی ئەم کەسانە لە نێوان ١ بۆ ٣ ملیۆن تمەن یان بە واتایەکی تر (١٠ بۆ ٣٠ دۆلار)دایە. یارمەتییەکی کە تەنانەت لە باشترین حاڵەتدا، کەمترە لە یەک لەسەر دەی هێڵی هەژاری فەرمی وڵات. سەید جەواد حوسەینی، سەرۆکی ڕێکخراوی بێهزیستی، بە بانگەشەی زیادکردنی یارمەتییەکان لە ٣٢٠ هەزار تمەنەوە بۆ ٣ ملیۆن تمەن، شانازی بە خۆیەوە دەکات، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەم بڕە زیادکردنە، لە سایەی هەڵاوسانی بەردەوامی ٤٠ لە سەدی، لەوەش کە هەیە بێبایەختر دەبێت.
بابەتێکی دیکەی جێگەی نیگەرانی، بریتییە لە قورسایی هەژارییەکی لەڕادەبەدەر لەسەر ژیانی ٥٣٠ هەزار کەمئەندامی توند و زۆر توند، کە نە کاریان هەیە، نە هیچ سەرچاوەیەکی داهات و نە هیوایەک بە گۆڕدرانی دۆخەکە. حکوومەت بە تۆمارکردنی فەرمی تەنها یەک ملیۆن و حەوت سەد هەزار کەمئەندام، بەکردەوە بوونی زیاتر لە ٨٠ لە سەدی ئەم کەسانە پشتگوێ دەخات، وەک ئەوەی کە ئەم مرۆڤانە لە حیساباتی سیاسی ئەو سیستەمەدا هیچ جێگایەکیان نەبێت.
کەمئەندامان لە ئێران لە گێژاوێکی بێبەشییەکاندا گرفتارن و وا پێدەچێت هیچ ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لێی بوونی نییە.
٢ بۆ ٣ ملیۆن تمەن، بڕە پارەیەکە کە ڕێکخراوی بێهزیستی وەک یارمەتی مانگانە دەیدات بە کەمئەندامانی توند. بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی کارەساتەکە، تەنها پێویستە ئەوە بزانین کە ئەم بڕە پارەیە، تەنانەت بەشی کڕینی یەک جۆر دەرمانی تایبەت، یان دابینکردنی تێچووی پێداویستییە سەرەکییەکانی یەک ڕۆژی کەسێکی کەمئەندامان ناکات. لە ناوچە سنورییەکانی وەک سیستان و بەلووچستان یان کوردستان، ئەم بێبەشییە چەند هێندەیە. شوێنێک کە ئەو کەسانەی بەهۆی مینە جێماوەکانی سەردمی شەڕ یان سەرکوتی کۆڵبەرانەوە کەمئەندامان بوون، لە بێدەنگیدا گیان لەدەست دەدەن.
شەقامەکانی ئێران بۆ کەمئەندامان، وەک مەیدانی مین وایە: ڕێگە و پیادەڕۆی نەگونجاو، دەست پێڕانەگەیشتن بە ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی و هەروەها ئەو ماڵ و بینا حکومییانەی کە سەرەتاییترین ستاندارتەکانی پێویستیان بۆ کەمئەندامان تێدا ڕەچاو نەکراوە. بەڵام کەمئەندامانی دەروونی و زەینی، تەنانەت لەگەڵ دیوارێکی بەرزتریش بەرەوڕوون: تێڕوانینی سووکایەتی ئامێزی کۆمەڵگا و ئەو تابۆ کلتووریانەی کە بنەماڵەکان ناچار دەکەن، ئەوان لە کونجی ماڵەکاندا بشارنەوە.
ئەگەرچی ماددەی ٢٧ی یاسای پشتگیری لە مافی کەمئەندامان، دامەزراندنی ٣ لەسەدی ئەم کەسانەی لە ناوەندە حکومییەکاندا کردووە بە بابەتێکی پێویست، بەڵام ئاماری ڕاستەقینە، نزیک بە سفرە. خاوەنکاران، تەنانەت لە ئەگەری دامەزراندنی کەمئەندامان، بە حەقدەستێکی زۆر کەم و لە هەلومەرجێکی سووکایەتی ئامێزدا کاریان پێدەکەن. لە بواری پەروەردەشدا، تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لە قوتابخانەکانی وڵات کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی قوتابیانی کەمئەندامیان هەیە.
ڕێکخراوی بێهزیستی، لە جیاتی بەرگریکردن لە کەمئەندامان، بووەتە باسکی سەرکوتی حکوومەت. گەندەڵی ٣٠٠ ملیارد تمەنی لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، فرۆشتنی زەوییەکانی تایبەت بە کەمئەندامان بە کەسانی نزیک لە دەسەڵات، تەنها چەند نموونەیەکن لە بوونی گەندەڵی سیستەماتیک لەم دامەزراوەیەدا.
کۆبوونەوەی بەردەم بینای سەرۆک کۆماری، لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا، ئەڵقەیەکی دیکە بوو لە زنجیرەی ناڕەزایەتییەکانی کەمئەندامان. پێشتریش، لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٢دا، کۆمەڵێک لە کەمئەندامان بە کۆبوونەوە لەبەردەم ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە، خوازیاری جێبەجێکردنی ماددەی ٢٧ی یاسای پشتگیری لە کەمئەندامان بوون. ماددەیەکی کە بەناو مافی مانگانەی یەکسان لەگەڵ لانیکەمی حەقدەست، گەرەنتی دەکات، بەڵام هیچ کات نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، کەمئەندامان نەک هەر لە مافی یەکسان لەگەڵ هاووڵاتیانی دیکە بەهرەمەندن، بەڵکوو تەکنەلۆژیا و یاسا پشتگیرییەکان، ئیمکانی ژیانی سەربەخۆ و بەشداری کۆمەڵایەتییان بۆ فەراهەم کردوون. لە ئاڵمان، کەمئەندامانی توند، مانگانە نزیکەی هەزار و پێنج سەد یۆرۆ یارمەتی وەردەگرن، لە کاتێکدا لە ئێران، ئەم بڕە بە زەحمەت دەگاتە ٣٠ دۆلار.
کەمئەندامانی ئێران ئەمڕۆ لەسەر دووڕێیانی ترس و هیوادا وەستاون. لە لایەکەوە، گوشاری ئابووری و بێباکی و کەمتەرخەمی حکوومەت، زۆرێک لەوانی نائومێد کردووە و لە لایەکی دیکەوە، تروسکاییەکی بچووکی بەرخۆدان و خۆڕاگریی لە شێوەی کۆبوونەوە و لەقاودانی مەدەنیدا هێشتا زیندووە. ئەزموونی جیهانی نیشان دەدات کە باشتربوونی دۆخی کەمئەندامان، نەک هەر چاکە و مەرحەمەتی حکوومەت نییە، بەڵکوو ئاکامی خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی خۆیان و هاوپەیمانەکانیانە. تا ئەو کاتەی کە بودجەی ئێران لە پێناو سەرکوتی ناوخۆیی و ئاژاوەگێڕییە نیزامییەکاندا خەرج دەکرێت، کەمئەندامان ناچارن ئەم هەلومەرجە قبووڵ بکەن. بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە تەنانەت سەختترین دیوارەکانی ستەم و سەرەڕۆییش، سەرەنجام ڕۆژێک بە ئیرادەی بەکۆمەڵ تێکدەڕووخێت.