بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕێزگه‌رده‌كان، ئاسمانی خوزستانیان داگرتووه و ڕێژه‌ی پیسبوونی هەوا لە ئەهواز، ناوەندی ئوستانی خوزستانی ئێران و چەند شاری دیكه‌ی ئەم ئوستانەیان گەیاندۆتە سنووری قه‌یران و مەترسیدار و ژیانی خەڵکی فه‌له‌ج کردووە. ئیدارە دەوڵەتییەکان و مەدرەسەکان لە ده‌وری سه‌عات ١٢ی نیوەڕۆی شەممە ٩ی مانگی ڕێبەندانەوە کارەکانیان ڕاگرتووە. مودیر کوللی ئاموزش و پەروەرشی ئوستانی خوزستان، بە هەواڵنێری دەولەتی ئێران واته “ئیرنا”ی وتووە كه : “مەدرەسەکانی شاری ئەهواز، سووسەنگێرد، هێندیجان، گێتوه‌ند، شووشتەر، دێزفوول، حەمیدییە، کاروون، باوی، ئەندیمێشک، هۆوه‌یزە و ماهشەهر داخراون. به‌شێك لە هێڵەکانی ئاو، بەرق و تەلەفون و ئینتێرنێت لەم شارانه بڕاون و ئاوی خواردنەوەش کەم بووه‌ته‌وه. ئەمە یەکەمجار نییە کە ئاستی چڕیی ڕێزگه‌رده‌كانی ناو هەوا دەبێتە هۆی په‌ككه‌وتنی کارە ئاساییەکان له‌سه‌ر ئاستی ئه‌م شارانه. مودیری ڕەوابتی عموومیی دانیشگای علوومی پزیشکیی “جۆندی شاپور”ی ئەهواز وتوویەتی: “ڕۆژی هەینی ٢٧٠ کەس بە هۆی كێشه ته‌نه‌فوسیی واته هەناسەدانه‌وه، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئوستان کراون”.
لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی‌دا، كێشه‌ی پیسبوونی هەوا و وێرانبوونی ژینگەش، زۆر ده‌مێكه کە گه‌یشتۆتە ئاستی قەیران. بە پێی ڕاپۆرتی “ئەنستیتووی جیهانیی سەرچاوە سرووشتییەکان”، ئێران بە بەرهەمهێنانی ساڵانە ٧١٥ میلیۆن تۆن ئۆکسیدی کەربۆنه‌وه پلەی دەیەمی لە بەرهەمهێنانی گازە گوڵخانەییەکاندا هەیە. بە پێی ڕاپۆرته‌كانی” ڕێكخراوی بێهداشتی جیهانیی”، شاری ئەهواز هه‌تا ئێستا دوو جار وەک پیسترین شاری جیهان ناسراوە. بەڵام کارەساتی ژینگەیی لە ئێران تەنها بەمانەوە به‌رته‌سك نابێته‌وه. وشککردنی تاڵاوەکانی هۆوەیزە گەورەترین تاڵاوی ئۆستانی خوزستان، بە ئامانجی کەمكردنەوەی هەزینەی هه‌ڵهێنجانی نەوت، ڕۆڵێكی به‌رچاوی گێڕاوه لە دروستکردنی پیسکەرەکانی ژینگە، بە شێوەیەک کە خەڵکی باقی ناوچەکانی ئێران، بە دەیان کیلۆمێتر مەودا، گیرۆدەی لێكه‌وته و ده‌ره‌نجامه زیانباره‌كانین. لە لایەکی دیکەوە پیشەسازیی و وزه‌خانه‌كانی بەرهەمهێنانی بەرق، به هۆی مەسرەفی بێ ڕەوییەی سووختە فۆسیلییەکان و هەروەها ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی “ئاسن”یش ڕۆڵێكی زۆری هه‌یه لە پیسکردنی هەوادا. خه‌ڵك له تاران لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا تەنها ٢٠٠ ڕۆژ لە هەوای تاڕادەیەک پاک، بەهرەمەند بوون و باقی ڕۆژەکان، هه‌وا یان ناسالم بووه، یان ده‌نا لە ئاستی هۆشداردا بووه، بە شیوەیەک کە ساڵانە ٤ هەزار کەس بە هۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە. لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، زیانێکی زۆری بە کەشاوەرزانی دەوروبه‌ری دەریاچەکە گەیاندووە و ڕێزگه‌رده‌كان و ڕه‌شه‌بای نمه‌ك واته خوێ، بووه‌تە هۆی جێگۆڕكێ و كۆچی دانیشتووانی زۆربەی ئاواییەکانی ئه‌م ناوچەیه‌ش. دروستکردنی ناكارناسانه و بێ بەرنامەی سەددەکان بە ئامانجی دابینکردنی وزە و ئاو بۆ کشتوکاڵی سەنعەتیی، یه‌كێك لە فاكته‌ره گرنگەکانی وشکبوونی کارێزەکان و پەرەسەندنی ناوچەی بیابانیی و شۆرەکاتە. ئەم فاکته‌رانە، تەنها وێنایەکی گشتین لە ئاستی کارەساتباری قه‌یرانی ژینگە لە ئێران. بەم وێنایەوە دەبێ شوێنە پیس و نائەمنەکانی کار و بەرهەمهێنان کە تێیاندا کرێکاران سەروکاریان لەگەڵ ماددەی شیمیایی و گازە ژه‌هراوییه‌كاندا هەیە و ڕۆژانە لە ئۆردووی کاردا قوربانیی دەستێنن، دەبێ زیاد بکرێت. ئەم بارودۆخە قەیراناوییە و کەوتنەمەترسیی ژینگە و ژیان و ڕیفاهی بەرەی ئێستا و بەرەکانی داهاتوو، بەرهەمی چاره‌هەڵنەگری مۆناسباتی زاڵ و ئیستیفادەی قازانج پەرستانەی سەرمایەداریی ئێران و بەهرەبەرداریی کورتبینانەی لە زەوی و سەرچاوەکانی ژێرزەویی و موجود لە ناخی سرووشتدا و هەوڵدانی بەرده‌وام بۆ هێنانەخواری هەزینەکانی بەرهەمهێنان بۆ دەستەبەرکردنی سوودی خێرای زیاترە. ئەم بارودۆخە لە ماوه‌ی ئه‌م ساڵانەی دواییدا، بووه‌ته هۆی شکڵ‌گرتنی ناڕەزایەتیی و خەباتی جەماوەریی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، لەدژی وێرانبوونی ژینگە و سیاسەت و کرداری وێرانگەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەم بوارەدا.
واقێعییه‌ت ئەوەیە کە زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی پیسکەرەکانی هەوا لە شارە گەورەکاندا گرفتێکی بێ چارەسەر نییە. هه‌ر به تەنها ئەم حاڵەته‌ی پیسبوونی هەوا، نیشانی دەدات کە چۆن، بە تەرخانکردنی کەمتر لە ١٠ لەسەدی ئەو به‌دەیان میلیارد دۆلارەی کە ساڵانە لێره و له‌وێی جیهان، خەرجی سیاسەتە سەرکوتگەرانەکان، ئاژاوه‌گێڕییه نیزامییەکان و تەرحە تێرۆریستییەکان دەکرێت، ده‌تواندرێت بارودۆخی هەوای شارە گەورەکانی ئێرانی پێ باشتر بكرێت. لەسەر بنەمای ئەو توێژینەوانەی کە كراون، “ڕێژەی سەرانەی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پیسبوونی هەوا لە ئێران، کەمترین بوودجه‌ی لەسه‌ر ئاستی سەرتاسەری جیهان پێ ته‌رخان دراوه. زیاد لە ٣٥ ناوەند، ڕێكخراو و دامه‌زراوه، ساڵانە بۆ بابەتی فەرهەنگیی ناوخۆی وڵات و تەبلیغات، بوودجەیان هەیە. کۆی بوودجەیەک کە ئەم ٣٥ دامه‌زراوه‌یه لە ساڵی ١٣٩٣ وەریانگرتووە، ده‌وری ٦ هەزار میلیار تمەن بووە. ئەوە لەحاڵێکدایه كه هه‌مان ساڵ، سەرجەمی بوودجەی ژینگەی وڵات، بەو زیاد لە ٦ هەزار کارمەند و ژینگەپارێزەشه‌وە، له ده‌وری ١٧٥ میلیارد تمەن بووە. ئایا بەم پارەیە دەکرێ بەر بە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ بگیرێت؛ كوا به‌شی ئه‌وه ده‌كات كه ڕووباری کاروونی پێ ببوژێته‌وه کە بۆوه به فازڵاو و زێراب؛ كوا به‌م بڕه بوودجه‌یه ده‌كرێ بەر بە هێرشی ڕێزگه‌رد و خۆڵبارین بۆ پارێزگای خوزستان و ڕۆژئاوای وڵاتی بگیرێت؛ تاڵاوی ئەنزەلیش کە بووه به لیتەجاڕ كه‌نگێ به كام بوودجه ده‌ژێته‌وه؛ ڕووبارەکانی گیلان و مازندەران کە زێرابی شارەکان و پیشەسازیی شارەکانی باکوور بۆ ناو دەریای مازندەران ڕاده‌ده‌ن، به‌م بڕه كه‌مه بوودجه‌یه‌ی كه ته‌رخان كراوه، پاک ناكرێته‌وه؛ به‌م بڕه كه‌مه بوودجه‌یه‌ی كه ته‌رخان كراوه، هەوای تاران و باقی گه‌وره‌شاره‌كان پاك نابێت و بەر بە ئاگرگرتنی دارستانەکان و سووان و فه‌رسایشی خاك ناگیرێت!!”
گومان له‌وه‌دا نییە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی سەبەبکاری هەموو ئه‌و کارەساتە ژینگەییانه‌یه. ئەم ڕژیمە هەرچی زیاتر دەوام بێنێ، زیاتر ژیانی ئەم نه‌سله و نەوه‌كانی دواتری ئەم وڵاتە بەرەو له‌ناوچوون دەبات. کەواتە هه‌تا کاتێک کە نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامیی زاڵ بێت، بەشداریی چالاکانە لە بزووتنەوەکان و حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکانی دیفاع لە ژینگە و هەوڵدان بۆ په‌ره‌پێدان و به‌هێزتركردنی ئەم خەباتە دژه سەرمایەدارییە، ئەرکی کۆمۆنیستەکان و گشت ئەو ئینسانانەیە كه بیر لە ڕزگاریی مرۆڤ، لە چنگ مه‌ینه‌تیی و موسیبه‌ته‌كانی کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداریی دەکەنەوە.