کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بارودۆخی موعەلیمانی ئێران و هۆکارەکانی هەڵاتن لە پیشەی موعەلیمی

IMG 6292

لە ڕابردوویەکی نەک زۆر دووردا، موعەلیمی لە ئێران یەکێک بوو لە ئارامترین و ئابڕوومەندانەترین پیشەکان. بنەماڵەکان شانازییان بەوەوە دەکرد کە ڕۆڵەکەیان موعەلیمە و بۆ چوونە ناو ئەم پیشەیە کێبڕکێیەکی سەخت لە ئارادا بوو. بەڵام ئەمڕۆ دیمەنێکی دیکە دەبینین. زۆرێک لە موعەلیمان، چ ئەوانەی تازە دامەزراون و چ ئەوانەی ساڵانێکی زۆر ئەزموونی وانەوتنەوەیان هەیە، واز لەم پیشەیە دەهێنن و دەستلەکارکێشانەوەیان لە مانەوە پێ باشترە. شەپۆلی دەستلەکارکێشانەوەکان کە ئەم ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینرێت، تەنیا ناڕەزایەتییەکی کاتی و تێپەڕ نییە، ئەم شەپۆلە نیشانەی قەیرانێکی قووڵە کە ڕیشەی لە پێكهاتەی ئابووری، شێوازی بەڕێوەبردن و باری کۆمەڵایەتیی وڵاتدا هەیە.

ئێلنا، ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەم بابەتە و یەکەم هۆکار و ڕەنگە گرنگترین هۆکاری وازهێنان لە پیشەی موعەلیمی بۆ بوونی جیاوازی و مەودایەکی زۆر لەنێوان حەقدەست موعەلیمان و تێچووەکانی ژیان گەڕاندۆتەوە. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، هێڵی هەژاری لە ئێران بە نزیکەی ۷٥ ملیۆن تەمەن مەزەندە دەکرێت و هەندێک هەڵسەنگاندن تەنانەت باس لە سەبەتەی بژێویی ۹۰ ملیۆن تەمەن دەکەن. لە هەمان کاتدا، مامناوەندی حەقدەستی موعەلیمان نزیکەی ۲٥ ملیۆن تەمەنە، واتە تەنیا نزیکەی سێیەکی هێڵی هەژاری.

کاتێک کەلێنێکی لەم شێوەیە هاوکاتبێت لە گەڵ هەڵاوسانی هەوسارپچڕاودا، ئەنجامەکەی بریتییە لە ناڕەزایەتییەکی

کە ساڵ بە ساڵ زیاتر کەڵەکە دەبێت. موعەلیمێکی کە مانگانە و ساڵانە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەستو‌پەنجەی کردووە، سەرەنجام دەگاتە ئەو جێگایەی کە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم ناڕەزایەتییە ئەمڕۆ لە قاڵب و شێوەی دەستلەکارکێشانەوەی هێمایی و هەروەها چوونەدەرەوەی ڕاستەقینە لە سیستەمی پەروەردەدا خۆی نیشان دەدات.

دۆخی موعەلیمانی تازەدامەزراو لە هەمووان دژوارترە. حەقدەستی ئەوان لەنێوان ۱٦ تا ۱۷ ملیۆن تەمەندایە، ژمارەیەکی کە لە لانیکەمی کرێکارێکی ئاساییش کەمترە و تەنانەت تێچووی هاتوچۆی ڕۆژانەشیان دابین ناکات. سروشتییە لە ئاوا دۆخێکدا زۆرێک لەو کەسانەی کە تازە دەستیانکردووە بەو پیشەیە، بەتایبەت ئەوانەی پابەندبوونی خزمەتکردنیان نییە، زۆر زوو لە سیستەمەکە بچنە دەرەوە.

دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە ئەم وازهێنانە لەبەر بێزاربوونیان لە پەروەردە و پۆلەکانی درس نییە. زۆرێک لەم گەنجانە بە خۆشەویستی و عەشقی مامۆستایەتییەوە ئەم پیشەیەیان هەڵبژاردووە، بەڵام کاتێک حەقدەستی مانگانە وەڵامدەرەوەی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان نییە، مانەوە بە کردەوە مەحاڵ دەبێت. وازهێنان پیشەکەیان، بژاردەیەکە لەڕووی ناچارییەوە، نهک لەسەر مەیلی کەسەکان.

وێنەی وەرەقەکانی دەستلەکارکێشانەوە کە ئەم ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەست دەکات، تەنیا بەڵگەیەکی وازهێنان لە کار نییە، بەڵکوو شێوازێکە لە ناڕەزایەتیی مەدەنی. موعەلیمان بەم کارە هێماییە دەیانەوێت سەرنجی کۆمەڵگە بەرەو دۆخی نالەباری بژێوی خۆیان ڕابکێشن و نیشان بدەن کە کارد گەیشتووەتە سەر ئێسک.

ئەم بزاڤە دەبێت لە درێژەی سێ دەیە داواکاریی و مافخوازیی موعەلیماندا ببینرێت. موعەلیمان لەم ساڵانەدا ڕێگەی جۆراوجۆریان تاقی کردووەتەوە: لە نامەنووسین بۆ بەرپرسانەوە بگرە تا کۆبوونەوەی سەرشەقام و مانگرتنی سەرانسەری. ئەمڕۆ ئەم مافخوازییە لە شێوەی دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵدا سەری هەڵداوەتەوە. موعەلیمان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دەنگیان لە ڕێگەکانی دیکەوە ناگات و نابیسترێت.

ناکرێت دەستلەکارکێشانەوەی موعەلیمان تەنیا وەک کێشەیەکی پیشەیی و سنفی سەیر بکرێت. ئەم دیاردەیە هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر داهاتووی پەروەردەی گشتی لە ئێران. لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەی ئەو موعەلیمانەی لە پەروەردە چوونەتە دەرەوە دوو هێندەی ئەو کەسانە بووە کە هاتوونەتە ناو سیستەکەمەوە. شەپۆلی خانەنشینبوونیش پەرەی سەندووە و ئەم کەلێنەی قووڵتر کردووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ساڵی نوێی خوێندندا لەنێوان ۱۰۰ تا ۱۳۰ هەزار موعەلیم کەم هەیە، کەمبوونێکی کە هەموو ئاستەکان و ڕشتەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا گرتووەتەوە.

دەرئەنجامەکانی ئەم کەمبوونە لە پۆلەکانی خوێندندا بەڕوونی دەبینرێن. قەرەباڵغی و چڕیی پۆلەکان لە هەندێک قوتابخانە گەیشتووەتە ٤٥ قوتابی. کوالێتیی پەروەردە دابەزیوە و تەرکی خوێندن زیادی کردووە. گوشاری دەروونیش بۆسەر قوتابیان و موعەلیمان، لەم دۆخە سەختە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی ئەمڕۆدا، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

ئەو موعەلیمانەش کە دەست لەکار ناکێشنەوە لە دۆخێکی باشتردا نین. زۆرێکیان بۆ دابینکردنی تێچووی ژیان ناچارن پیشەی دووەم و سێیەمیان هەبێت. موعەلیمێکی کە بەیانیان لە قوتابخانە وانە دەڵێتەوە و ئێواران و شەوان لە شوێنێکی دیکە کار دەکات، ئیتر وزە و دەرفەتی بۆ ئامادەکردنی وانەکان، ڕاگەیشتن بە قوتابیان و بەڕۆژکردنەوەی زانیارییەکانی خۆی نامێنێتەوە. ئەنجامەکەشی بریتییە لە دابەزینی بەرچاوی کوالێتیی وانەوتنەوە.

لە پاڵ قەیرانی پەروەردەی حکومیدا، دۆخی موعەلیمانی قوتابخانە تایبەتەکان تەنانەت لە قوتابخانە حکومییەکانیش خراپترە. جگە لە چەند قوتابخانەیەک کە خاوەن ئابوورییەوە بەهێزن، دارشتە و سازوکاری زاڵ لە قوتابخانە تایبەتەکان لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی هێزی کار دامەزراوە. زۆرێک لە موعەلیمانی ئەم قوتابخانانە بە حەقدەستێکی زۆر کەم و بێ هیچ ئەمنییەتێکی پیشەیی کار دەکەن. دۆخی ئەم قوتابخانانە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ئاڵۆزتریش بووە. بە زیادبوونی هەڵاوسان و داڕمانی چینی ناوەڕاست، زۆرێک لە بنەماڵەکان ئیتر توانای دانی شەهریە یان شایستەی دارایی قوتابخانە تایبەتەکانیان نییە. ئەم بابەتە بووەتە هۆی داخرانی قوتابخانە لاوازەکان و گواستنەوەی قوتابییەکانیان بۆ قوتابخانە حکومییەکان، گواستنەوەیەکی کە بارێکی قورستڕ دەخاتە سەر شانی پەروەردەی حکومی، کە خۆی لەگەڵ کەمبوونی بەرچاوی هێزی کار بەرەوڕووە.

هۆکار هەڵاتن لە پیشەی موعەلیمی تەنیا بۆ کێشە ئابوورییەکان ناگەڕێتەوە. گوشارە دەروونی، ئەمنی و بەڕێوەبەرییەکانیش پشکێکی گرنگیان هەیە. هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ هەڵسووڕاوانی پیشەیی، بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی موعەلیمانی ناڕازی و دروستکردنی بەربەستی توند لەبەردەم چالاکییە پیشەییەکان، بووەتە بابەتێکی ڕۆژانە. موعەلیمێکی کە لە پێناو مافی خۆیدا دەنگ بەرز دەکاتەوە، دەبێت هاوکات نیگەرانی بانگهێشتکردن، پەروەندەسازی و تەنانەت لەدەستدانی کارەکەی بێت. ئەم کەشوهەوایە هەستی نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی بەهێزتر کردووە و پاڵنەری پیشەیی موعەلیمانی لەناو بردووە. وازهێنان لە کار لەلایەن مامۆستایانەوە، دەستلەکارکێشانەوە هێماییەکان، کەمبوونی ئێجگار زۆری هێزی مرۆیی و دابەزینی کوالێتیی پەروەردە، هەموویان نیشانەی قەیرانێکی یەکگرتوو و یەکپارچەن. ئەم قەیرانە تەنیا کاریگەریی لەسەر ژیانی موعەلیمان دانەنناوە، بەڵکوو مەترسی لەسەر داهاتووی پەروەردەی گشتی و پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتووش دروست دەکات.