دەورەی دوازدەهەمی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و ” هەڵبژاردنی” میان دەورەیی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی و شوڕا ئیسلامییەکانی شار و دێهات لە ڕۆژی ٢٩ ی مانگی گوڵانی ٩٦ لە سەرتاسەری وڵاتدا بەڕێوەدەچێت. له ڕاستیدا بەڕێوەچوونی ئەم شانۆی هەڵبژاردنانه کە لە هەمان حاڵدا میکانیزمێکی یاساییە بۆ گۆڕینی ئاڕایشی سیاسیی هێزەکانی نێوخۆی حکومەت، بۆ باڵە جۆارو جۆرەکانی ڕژیم بوونەتە کێشە و گرفت. لەم ڕوەوە و بە لەبەرچاو گرتنی هەستیاریی بارودۆخی ئێڕان و ناوچەکە هەردوو باڵە سەرەکیی نێو حکومەت بە پارێزەوە خۆیان بۆ تهبلیغاتی” هەڵبژاردنی ئهم دهورهیه” ئامادە دەکەن.
باڵی ئوسول گەرا کە لە هەمان سبەی ڕۆژی هاتنە سەرکاری ڕووحانییەوە، کۆسپی دەخستە سەر ڕێگای بهڕێوهچوونی سیاسەتەکانی دەوڵەت، ئێستا کەوتۆتە بیری ئەوەی کە چلۆن و لە چ ڕێگایەکەوە بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی هەڵخڕاندنی توڕەیی جەماوەر، کاندیداتۆڕی دووبارەی حەسەن ڕووحانی توشی کێشە بکات. ئوسول گەراکان کە تا دوێنێ بە نیگەرانییەوە هێرشیان دەکردەسەر هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ سازش لەگەڵ ڕۆژئاوا لە مەسیری تەوافوقاتی هەستەیی و بەرجام و یان هەر جار ناجارێک هەڕەشەیان لە وەزیرێک دەکرد بەوەی کە ئیستیزاحی دەکەن، لەم ڕۆژانەدا و لە سهروبهندی ” هەڵبژاردن” دا هەوڵەکانیان زیاتر لەسەر دروست کردنی هاوجیهەتی و هەمگەرایی لە ڕیزی ئوسول گەراکاندا چڕ کردۆتەوە.
ئوسول گەراکان بەم ئەرزیابیە لە ئەزمونی شکست خواردن لە شانۆی هەڵبژاردنی ساڵی ٩٢ کە تێیدا ڕەوتی ئوسول گەرا نەیتوانی لەسەر ناساندنی کاندیدێک بۆ بەرەو ڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕووحانی بگاتە کۆدنگی و هەروەها شکست لە دەورەی دەیەمی مەجلیس لە تاران و هێندێکی دیكه لە شارەکانی ئێران، ڕهمزی سهركهوتنی خۆیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە دروست کردنی هەمگەرایی و یەک ڕیزی جەریانی ئەسول گەرا و کۆدەنگی لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریدا دەبینن. بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شپرزیی لە ڕیزی ئوسول گەراکاندا، ڕەوت و گوروپە جۆراو جۆرەکان، بۆ نمونە ” بەرەی یەکتا” کە زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر دامەزراندیدا تێپەڕبووه، بەرەی خەڵکیی هێزەکانی ئینقلابی ئیسلامیی ( جمنا)، ” بەرەی پایەداری” و بە کەمێک مەوداوە بازنەی یارانی ئەحمەدی نیژاد، چالاکیەکانیان توند کردۆتەوە. بەڵام کۆمەڵیک فاکت و دیاردە نیشانی ئەدەن کە پێکهاتنی ئەم گوروپ بەندیانە و چالاکیەکانیان لە سهروبهندی هەڵبژاردندا نە تەنها ئاسۆی وەحدەت و هەمگەرایی بە رووی ئوسول گەراکاندا نە کردۆتەوە بەڵکو تەفرەقە، ڕقابەت و دەستە بەندی لە نێویاندا زیاتر پەرە پێداوە.
بۆ نمونە عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ئیسلامیی و ئاڵقەی کەسانی نزیکی ئەگەرچی لە ڕێگای هێندێک مۆرەی خۆیەوە بەسەر بەرەی خەڵکیی هێزەکانی ئیسلامی ( جمنا) دا نفوزی هەیە، بەڵام نە تەنها بەم بەرەیەوە پەیوەست نەبووە بەڵکوو لە هەوڵ دایە کە مەودای خۆی لەگەڵ ئەم بەرەیە نیشان بدات. ” بەرەی پایەداری” بە ڕێبەریی میسباح یەزدی بە پشت بەستن بەو مۆرە و کەسانەی کە لە ناوەندە جۆراو جۆرە حکومەتیەکاندا هەیەتی بەردەوام وەک گوروپێکی گوشار جوڵاوەتەوە. جەبهەی پایەداری بە ئاگادار بوون لەوەی کە ڕێككهوتن لەسەر کاندیدێک دژوار بەرچاو دێت لەڕیز بەندی نوێی ئوسول گەراکاندا بە پاراستنی سەربەخۆیی ” بەرەی یەکتا” و ” جمنا” و پاراستنی مەودا لەگەڵ ئاڵقەی یارانی ئەحمەدی نیژاد دەیەوێ وەک گوروپێکی گوشار پێگەی کاریگەری دانەری خۆی بپارێزێ.
لەم نێوانەدا ئەحمەدی نیژاد کە بەر لەوەی بگاتە فیلتێری نزارەتی ئیستسوابی شوڕای نیگابان بە تەوسیەی وەلی فەقیە لە چوون بۆ نێو ڕقابەتەکانی هەڵبژاردن مەنع کرا، ئێستا حەمید ڕەزا بەقایی جێگری خۆی لە دەوڵەتەکانی نۆهەم و دەهەمیدا وەک کاندید ناردۆتە نێو گۆڕەپانەکە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەقایی ساڵی پار بە بۆنهی قەراری گرتن بە تاوانی ئیختیلاس بە کەفالەت، لە زیندان ئازاد کراوە و ئەگەری ڕەدی سەڵاحیەتی زیاترە لە تەئید بوونی. ئاشکرایە کە ئامانجی تیمی ئەحمەدی نیژاد لە چوون بۆ نێو یارییەکانی هەڵبژاردن و مەتڕەح کردنی بەقایی بردنەوە لە ڕقابەتەکانی هەڵبژاردندا نییە بەڵکوو یاری كردنێكه لە شەڕی دەسەڵاتدا.
هۆکاری سەرەکی شپرزیی ڕیزی ئەم باڵە لە حاکمیەت، بونبەستی ستراتێژیەتی لە وڵامدانەوە بە نیازەکانی سەرمایەداری ئێرانه. لە هەڵبژرادنی ساڵی ٩٢ دا لە حاڵێکدا کە خەڵکی ئێران لە ئاسەوار و دواهاتەکانی قەیرانی ئابووریی، ئاوسان و گرانی، بێکاریی بەرین، گەندەڵی ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر و هەژاری و فەلاکەتێک کە گهمارۆ ئابوورییەکانیان بە هۆکاری توند بوونەوەیان دەزانی، گەلێک توڕە و ناڕازی بوون و رەوتی ئەوسول گەرا و کاندیدەکەی ئەوانیان بە هێمای سیاسەتی توندتر لە بەرانبەر ڕۆژئاودا و هۆکاری سەرەکی بهردهوام بوونی گەمارۆکان دەزانی، حەسەن ڕووحانی بە ڕەخنە گرتن لەم سیاسەتانە، پێداگری لەسەر هەوڵدان بۆ لابردنی گەمارۆکان بە سیاسەتی نەرمی نواندن و متمانە دروست کردن لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکردەوە. لەو سەردەمەدا بەشێک لە خەڵک کە هێشتا هیوایەکیان بە ڕۆڵ گێڕان لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە هەبوو وە لە درێژەی بارودۆخەکەش ناڕازی بوون، تەنها ڕێگای مومکینیان بۆ پاشەکشە کردن بە ئوسول گەراکان وەک هێمای سەرەکی درێژەی بارودۆخی ئێستا لە دەنگ دان بە ڕووحانیدا بینی. بەڵام ئێستا بارودۆخی سیاسی ئێران گۆڕاوە. زۆربەی خەڵکی ئێڕان نە تەنها لە باڵی ئوسول گەر،ا بەڵکوو لە ئیعتیدال گەراکان و ئیسلاح خوازانی حکومەتیش بێزارن. زۆربەی جەماوەر کولیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری درێژەی بارودۆخی مەوجود دەزانن. هێرشی بەردەوامی دەوڵەتی ڕووحانی بۆسەر کار و ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە و بارودۆخێکی کارەساتبار کە بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە، جێگای هیچ چەشنە خۆش باوەڕیەکی بە وەعدە و بەڵێنە درۆینەکانی ئەم باڵە حکومەتیەش نەهێشتۆتەوە. کوتانی دەهۆڵی بەرجام و هێرشی هەمە لایەنە بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچوونی خەڵک نیشانی ئەدات کە باڵی ئیعتیدال گەرا و ئیسلاح خوازەکانی حکومەتی بۆ چوونی دووبارەی ڕووحانی بۆ نووسینگهی سەرۆک کۆماری زیاتر لەوەی کە لەسەر تەوەهومی بیروڕای گشتیی حیسابیان کردبێتەوە، هیوایان بە پشتیوانی چینی سەرمایەداری ئێران و چینی مامناوندی دەوڵەمەند کە خوازیاری پاراستنی بارودۆخی ئێستان بەستوە.
بەڵام باڵە حکومەتییەکان هەر ئامانجێکیان لە بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردندا هەبێت و هەر سیناریۆ و تەکبیریکیان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لە مێشکدا بێت، کرێکاران و خەڵکی ئازادی خوازی ئێران دەتوانن بە وشیاری و ئیرادەی یەکگرتوانەی خۆیان و بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان ئەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنانە بکەنە گۆڕەپانی ڕیسوایی و شکستی ڕژیم. کرێکاران و خەڵکی ئێران دەبێ بزانن کە شەڕی باڵە حکومەتییەکان لەسەر چلۆنایەتی دابین بوونی قازانج و بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران و زەمانەت کردنی مانەوەی ڕژیم، هیچ پێوەندیەکی بە قازانج و بەرژەوەندی ئەوانەوە نییە. هیچ یەک لە داخوازیە ئابووریی و سیاسیەکانی چینی کرێکار و خەڵکی ستەمدیتوی ئێران لە ئاکامی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم و کردارەکانی باڵە حکومەتیەکاندا دەستەبەر نابێت. کرێکاران بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا و دەستەبەر بوونی داخوازیەکانییان ڕێگهیەکیان جگە لە دەرێژەدان بە خەبات و ڕێکخراو بوون لە ئاستی جەماوەریدا لەبەر دەمدا نییە.