2017-04-04 | ۱۳۹۶-۰۱-۱۵
پرسیار: سیاسه‌تی تۆندڕهوانهی كۆماری ئێسلامی له‌ئاستی ناوچه‌كه‌دا و ههزینهێكی زۆر كه سه‌رفی ده‌ست تێوه‌ردانی له‌كاروباری وڵاتانی سوریه، عێراق، یه‌مه‌ن، به‌حره‌ین و ئه‌فغانستان و … ده‌یكات، له‌گه‌ڵ بارودۆخی ناوخۆی ئه‌م رژیمه هاوسه‌نگ نێیه. پرسیار ئه‌وه‌یه كه ئایا به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و زه‌خته‌ی كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته ئێمپریالیستهكانهوه و به تایبه‌ت ئه‌مریكا، دوای ڕێككه‌وتنی ناسراو به “به‌رجام” خراوه‌ته سه‌ر كۆماری ئێسلامی، كاردانه‌وه‌ی ئه‌و رژیمه چی ده‌بێت و ئایا گۆرانكارێك له‌م سیاسه‌تانه‌ی پێك دێت؟
وڵام: هێشتا زووه كه هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ورد بۆ ڕاده‌ی كاریگه‌ری ڕێككه‌وتنی به‌رجام له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئێسلامی بكه‌ین. به‌ڵام ئاشكرایه كه لایه‌نێكی ڕانه‌گه‌یندراو و نه‌نوسراوی “به‌رجام” برێتی بوو له به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی گۆڕەپانی مانۆڕی كۆماری ئێسلامی له‌ناوه‌نده قەیرانییەکانی ناوچه‌كه. “به‌رجام” به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو و كه‌مال به‌ڕێوه ناچێت تا كاتێك كه ئه‌م لایه‌نه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه به‌چاو نهبیندڕێت. باس له به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ده‌كه‌ین و نه‌ك بڕینی ده‌ستی كۆماری ئێسلامی، چونكه كۆماری ئیسلامی هێشتا زهرفیهتگهڵێكی هه‌یه كه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا بۆ دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له ناوچەکەدا بێ مه‌یل نییه كه به‌كاریان بێنێت. ئه‌وه‌یكه ده‌وڵه‌تی ئا‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له‌ناوچه‌كه‌دا قه‌بوولی ناكه‌ن له‌ڕاستیدا زیادهخۆازهكانی كۆماری ئێسلامییه نه‌ك نه‌فسی حزووری ئه‌و. كۆماری ئێسلامی به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مریكا له‌بۆشاییدا نه‌چۆته سۆراغی ململانییهكانی ناوچه‌كه، به‌ڵكوو سواری شه‌پۆلی جیاوازییه‌كان، دووبهرەکایەتییەکان و ناكۆكییه‌كان، كه هه‌موویان واقعیین و ریشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مادییان له‌ناوی ئه‌و وڵاتانه هه‌یه، بووه. حزب الله، حه‌ماس، حوسی، عه‌له‌وی، موقاوه‌مه‌تی كه‌مایه‌تی شیعه به‌رانبه‌ر به هه‌ڵاواردنی مه‌زهه‌بی له شوێنه جۆراوجۆره‌كان، ئه‌مانه هیچ كامیان ده‌ستكردی كۆماری ئێسلامی نین، هه‌ر كام له‌مانه ڕیشه‌ی خۆجێی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه.
له كێبڕكێی خۆ تەیارکردنی چەکداری، كه داهاته‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته گیرفانی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌م هێنه‌ری چەک و تەقەمەنی له‌ئه‌مریكا، تا كردنه‌وه‌ی گڕێ کوێره سیاسییه‌كان لهشوێنگهلێكی وه‌كوو عێراق، كه كۆماری ئیسلامی ڕێگای كوشكی سپی به حیزبه شیعه‌كان نیشاندا، یا له‌ئه‌فغانستان كه دوای 11ی سپتامبر “هاوپه‌یمانی باکور”ی كرد به هێزی پیاده‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته، ئه‌مانه هه‌مووی نموونهگهڵێكن له هاوئاڕاستهبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆماری ئێسلامی و ئه‌مریكا.
ئه‌مڕۆكه له عێراق سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا و كۆماری ئێیسلامی، ئه‌گه‌ریش به ته‌واوی وه‌كوو یه‌ك وا نه‌بن، گه‌ڵێك له‌یه‌كتر نزیكن. سپای ئه‌مریكا وڵاتی عێراقی داگیر كرد، رژیمی سه‌دامی ڕۆخاند، بۆ ماوه‌ی زیاتر له یه‌ك ساڵ ئه‌مریكا ئه‌و وڵاته‌ی له‌ڕێگای فه‌رماندارانی ڕاسته‌وخۆی خۆی به‌ڕێوه برد و دواتر بهدڵخۆازی خۆی ده‌سه‌ڵاتی له‌و وڵاته دایه ده‌ست ئه‌و حیزبه شیعانه‌ی كه هه‌موویان پێگه‌یان له‌ئێران بوو و ڕێبه‌رانیان لایه‌نگری رژیمی ئێران بوون. ساڵانی دواتر لهبهڕهووڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ پاشماوه‌كانی رژیمی سه‌دام و گروپه چه‌كداره ئیسلامییه‌كان، كۆماری ئێسلامی و ئه‌مریكا به‌كرده‌وه هاوكار بوون و له‌یه‌ك به‌ره‌دا ده‌جه‌نگین. هه‌ر دووی ئه‌م ده‌وڵاتانه به‌رانبه‌ر به دابه‌ش بوونی عێراق و پێكهاتنی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ ڕاوه‌ستاون. ده‌وڵه‌تی ئێران له‌كاتێك كه خۆی له‌ژێر گه‌مارۆی ئابوری‌دا بوو، هیچ كوسپێكی نه‌هێنایه سه‌ر ڕێگای چالاكی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان له عێراق و هیچ گیروگرفتێكی بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌عێراقه‌وه به‌ره‌وو ڕۆژئاوا پێك نه‌هێنا. له‌به‌ر چاوی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا هه‌زاران كامیون نه‌وتی خاو له‌چاڵه نه‌وتییه‌كانی كوردستانی عێراقه‌وه بار ده‌كرێن و له‌ڕێگای ئێرانه‌وه به‌ره‌وو ئه‌فغانستان و بازاره‌كانی نه‌وتی جێهانی ده‌نێدرێن. كۆماری ئێسلامی هه‌رگیز ده‌وڵه‌تی به‌غدای بۆ سه‌ركێشی به‌رانبه‌ر به سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا هان نه‌دا. ئه‌وه‌یكه ئه‌مڕۆ وڵاتی عێراق تووشی شێواوی و هه‌رج و مه‌رج بووه، هۆكاره‌كه‌ی ململانێی نێوان ئه‌مریكا و كۆماری ئێسلامی نییه، به‌ڵكوو سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاوه‌یه كه به‌شێك له‌و سیاسه‌تانه هه‌ر به یارمه‌تی كۆماری ئیسلامی له‌عێراق به‌ڕێوه چوون.
سه‌باره‌ت به سوریاش پێویسته بۆترێت كه، ئه‌وه‌ی له‌گۆڕینی هاوسه‌نگی هێز به‌قازانجی رژیمی به‌شار ئه‌سه‌د چاره‌نووس ساز بوو، یارمه‌تیه‌كانی كۆماری ئێسلامی نەبوو، به‌ڵكوو گه‌ڕانه‌وه‌ی چالاكانه‌تری روسیه بۆ ناو کێشەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌م فاكتۆره نه‌كه‌وتبایه كار و پشتیوانی ئاسمانی و زەبری چەک و ته‌قه‌مه‌نی روسی بۆ ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د نه‌بوایه، ئه‌گه‌ر هه‌ره‌شه‌كانی روسیه ده‌وری ده‌وڵه‌تی توركیه‌ی به‌رته‌سك نه‌كردبایه، به بێ گومان رژیمی به‌شار ته‌نیا به‌یارمه‌تی كۆماری ئێسلامی خۆی پێ ڕانه‌ده‌گیرا. حیزب الله‌ی لوبنانیش سه‌ربه‌خۆ له نزیكایه‌تی له‌كۆماری ئێسلامی، به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی هەیه له پارێزگاری کردن له رژیمی به‌شار ئەسەد دا. بۆیه ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه ده‌كه‌م چونكه سەبارەت به ده‌وری كۆماری ئیسلامی له‌ناوه‌نده قهیرانیەکانی ناوچه‌كه‌دا جۆرێك بۆچۆنی یه‌ك لایه‌نه و ته‌نانه‌ت موباله‌غه هه‌یه. ده‌زگاكانی پڕوپاگه‌ندی كۆماری ئیسلامی ئاگاهانه ده‌وریان هه‌یه له‌وه‌یكه سیمای ده‌وڵه‌تێكی بەهێز له كۆماری ئیسلامی له‌ئاستی ناوچه‌كه‌دا نیشان بده‌ن. سەرنجدان به ئاڵوزی پرسه‌كه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌یكه ڕاستبینانەتر ده‌وری كۆماری ئێسلامی له‌ناوچه‌كه ببینین.
پرسیار: خامنه‌یی دوای ئهوهێكه دونالد ترامپ له‌ئه‌مریكا به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشت، ووتی كه نه خۆشحاڵه و نه ناڕه‌حه‌ت. ئه‌وه لهلایكهوه ده‌توانێت به‌واتای ئه‌وه بێت كه رژیمی ئێران چاوه‌ڕوانی گۆرانكارییه‌كانی دواجار ده‌بێت. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه كه باڵی خامنه‌یی له دیپلوماسی نێوان روسیه و ئه‌مریكادا چ سیاسه‌تێك زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی دا ده‌بێنێت؟ ئایا نزیك بوونه‌وه‌ی ئه‌م باڵه له روسیه ده‌توانێت به واتای به‌ئاگاكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكا بێت بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بكات به سیاسه‌ته‌كانی خۆی به‌رانبه‌ر به رژیمی ئێران؟
وڵام: پێوندی نێوان زلهێزگهلێكی وه‌كوو ئه‌مریكا و روسیه له‌ئاستی جیهانیدا دیاری ده‌كرێت. فاكتورگهلێكی دیپلوماتێك و سەربازی و ئابوری جوراوجۆر كاریگه‌رییان له سه‌ر دیاریكردنی چۆنیه‌تی ئه‌م په‌یوه‌ندییه هه‌یه. بۆ نموونه سه‌باره‌ت به ئێران ده‌زانین كه رژیمی شا له ده ساڵی كۆتایی ته‌مه‌نیدا، له‌هه‌مان كاتدا كه هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا بوو، په‌یوه‌ندی ئابوری و سیاسی نزیكی له‌گه‌ڵ یه‌كیه‌تی سوڤیه‌ت هەبوو. كارخانه‌ی ئاسن تواندنه‌وه‌ی ئێسفهان به‌یارمه‌تی ئه‌وان درۆست بوو و پروژهی ویزگه‌ی ئه‌تۆمی كاره‌بای بوشهر هه‌ر له‌م ده‌وره‌یه‌دا ده‌ستی پێ كرد. ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵێكی زۆر كه‌ل وپه‌لی نێزامی له‌لایه‌ن سوڤیه‌ته‌وه به‌رژیمی شا فرۆشرا. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ئه‌و كات هیچ چه‌شنه دژایهتیێكی له‌گه‌ڵ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی رژیمی شا نه‌بوو، چونكه دانوستانی نێوان دوو زلهێز له‌ئاستی جیهانیدا به‌راورد ده‌كرا. ئه‌مڕۆكه‌ش سیاسه‌ت داڕێژه‌رانی ئێران حیسابی كاریان له‌ده‌ست دایه و نیشانه‌كان وامان پێ ده‌ڵێین كه رژیمی ئێران هه‌وڵ ده‌دات له‌په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانی ڕۆژئاواییدا و زلهێزگهڵێكی وه‌ك چین و روسیه، هاوسه‌نگی پێك بێنێت. ئه‌وان نفوزی خۆیان له‌ناوچه‌كه‌دا بۆ معاملهكردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا به‌كار دینن و لهنیهایهتدا زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌ی خۆیان له ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا وه‌رده‌گرن. پرسیار: ئێوه بارودۆخی سوریه، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و بلوك به‌ندیانه‌ی كه هه‌یه چۆن ده‌بینن؟ له‌ناو گێژاوێك كه له‌و وڵاته‌دا كه‌وتووەته ڕێ ده‌وری بزووتنه‌وه‌ی ناسراو به ڕۆژئاوا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ چ مهترسیگهڵێك هه‌ڕه‌شه له‌م بزوتنه‌وه‌یه ده‌كه‌ن؟
وڵام: بارودۆخی ئێستای سوریا له‌ژێر كاریگه‌ری چه‌ندین فاكتۆر دایه كه به‌م شێوه‌یه هەلومەرجەکەی توشی ئاڵۆزی کردووه. به‌بێ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م فاكتورانه ناتوانین چاوه‌ڕۆانی ئه‌وه بین كه ئه‌و وڵاته ڕووی ئارامی به‌خۆیه‌وه ببێنێت. ئه‌م فاكتورانه بریتین له: په‌راوێز كه‌وتنی ده‌وری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ئاكامی میلیتاریزه بوونی ئه‌و وڵاته، پێكهاتنی دووبه‌ره‌كی له‌ڕیزی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و یان ئایینی جێاوازیان هه‌بوو، به‌جۆرێك كه رژیمی به‌شار ئه‌سه‌د توانی به په‌ڕه‌پێدان به نیگه‌رانی خه‌ڵكی عه‌له‌وی مه‌زهه‌ب و مه‌سیحی له‌مه‌ترسی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ڕه‌وته سوننییه‌كان له‌و وڵاته‌دا به‌شێک له‌خه‌ڵكی سوریه بێنێته پشت سه‌ری خۆی. تۆند بوونه‌وه‌ی ڕکەبرکێی نێوان ئه‌مریكا و روسیه، گه‌ڕانه‌وه‌ی روسیه بۆ جه‌رگه‌ی كێشەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌وڵه‌كانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته بۆ پاراستنی پێگه سه‌ربازییه‌كانی خۆی له‌سوریه و بوونی وڵاتی سوریه به‌مه‌یدانی ململانی و حیساب لێك ده‌ركردنی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه. هەروەها كۆماری ئێسلامی و حیزب الله لوبنان له لایەکەوه كه‌وتنه دیفاع له ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و له‌لایكی دیكه‌وه عه‌ره‌بستانی سعودی و قه‌ته‌ر و توركیه پشتیوانیان له‌نه‌یارانی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كرد. له گەڵ ئەمانەش ده‌وری تایبه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیه له‌دژایه‌تی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا فاکتەرێکی تری ئاڵۆزکردنی سورییەیه.
كورت بوونه‌وه‌ی ده‌ستی هێزه‌كانی ده‌رگیر له‌م قه‌یرانه، مه‌رجی پێویست بۆ پێكهاتنی بارودۆخێكن كه تێیدا جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته هێز بگرن و چاره‌نووسی سیاسی خۆیان دیاری بكه‌ن. به‌ڵام له‌بارودۆخی ئێستادا كه فاكتوری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌شانۆی گۆرانكارییه سیاسیه‌كانی ئه‌و وڵاته لادراوه، كورتكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌م هێزانه كارێكی ئاسان نێیه. كێشه و ناكۆكی نێوان به‌رژه‌وه‌ندی جیهانی خۆجێی ئه‌و هێزانه ته‌نیا له‌سه‌ر سوریه‌ش نێیه، به‌ڵكوو كێشه‌كه له‌سه‌رجه‌م ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ئارا دایه. ئه‌م هێزانه یان خۆیان ڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان له تێك ههڵچوونهكانداهەیه یان هێزه خۆجێیه‌كان به نیابه‌تی ئه‌وان كهوتونەته گیانی یه‌كتر. ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزانه، چ ده‌وڵه‌ته‌كان و چ هیزگهلێكی وه‌كوو داعش، ستراتیژی خۆیان له‌ئاستێكی ناوچه‌ییدا دیاری ده‌كه‌ن، له‌م حاڵەتەدا رزگاری خه‌ڵكی ئه‌م ناوچەیەش له‌چنگ شهر و ویرانكاری ڕێگاچاره‌یه‌كی ناوچه‌یی و ته‌نانه‌ت جیهانی دەخوازێت. له‌م ڕووه‌وه ڕێگای هاتنه ده‌ر له‌م بارودۆخه، شكل گرتن و به‌هێز بوونی ده‌وری هێزگه‌لێكی پێشكهوتنخۆاز و پێشره‌وه له‌هه‌موو ناوچه‌كه و پشتیوانی ئه‌نترناسیونالیستی لێیان بۆ زه‌خت هێنان بۆ سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی كه سهببكاری ئه‌م بارودۆخن.
هه‌ر وه‌كوو ئاماژه‌ی پێ كرا له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌م ئه‌زمه و تێكهولێكهیهدا، ئه‌زموونی كوردستانی سوریه جێگا و شوێن و گرینگیێكی تایبه‌تی هه‌یه. ئه‌وان تا ئێره توانیویانه ده‌ستی رژیمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌شوێنه كوردنشینه‌كان كورت بكه‌نه‌وه و له‌جێگای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رژیمه ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری دابمه‌زرێنن. توانیویانه له‌سه‌ر دووبهڕهكی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیدا زاڵ بن و هه‌موو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی دانیشتووی ئه‌م مه‌نته‌قه‌یه، سه‌ربه‌خۆ له نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌بیان له‌ده‌وری یه‌ك كۆ كه‌نه‌وه. “یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ڵ” و “یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنان” یان هه‌ر له‌م خه‌ڵكه ڕێكخستووه و شه‌رێكی قاره‌مانانه و سه‌ركه‌وتووانه‌یان له‌دژی هێزێكی كۆنهپهڕهستی وه‌كوو داعش به‌ڕێوه بردووه كه لوتكه‌ی ئه‌م نهبهردهمان له پاراستنی مێژووی و قاره‌مانانه‌یان كۆبانێ دا دێت. له‌بواری دابینكردنی مافی یه‌كسان بۆ ژنان و پێاوان و پێكهێنانی به‌ستینی پێویست بۆ به‌شداری ژنان له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌ركه‌وتنی به‌رچاویان به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌مانه ده‌سكه‌وتگه‌لێكی به‌نرخن كه قورسایی و ئێعتباری بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوای له‌لای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی دنیا و خه‌ڵكی ئازادیخوازی ناوچەکه گه‌لێك بردۆته سه‌ر. به‌هۆی هه‌ر ئه‌و دهسكهوتانهیه كه بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا ده‌توانێ ببێت به نموونه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌كه، دوژمنانێكی زۆریش به‌رانبه‌ریان ریزیان به‌ستووه. ده‌وڵه‌تی توركیه ڕاسته‌وخۆ خه‌ریكی په‌لاماری سەربازی بۆ سه‌ریانه و هه‌روه‌ها بۆ پێكهێنانی دووبه‌ره‌كی لهریزهكانیاندا هه‌وڵ ده‌دات. له‌هه‌موو لایكه‌وه له‌گه‌مارۆی ئابوریدان. وه‌كوو دركێك له‌چاوی به‌شار ئه‌سه‌د و كۆماری ئێسلامی هاوپه‌یمانی ئه‌و رژیمهدان و مه‌ترسی پیلانی هاوبه‌شی ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كات. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا كه ئه‌مڕۆكه له‌ڕووی كه‌ڵ و په‌ڵی شهر یارمه‌تیده‌ریانه تا كاتێك كه داعش له‌و ناوچه‌یه‌دا سه‌رزه‌مینی به‌ده‌سته‌وه‌یه، پێویستی به‌هێزی چه‌كداری ئه‌وان هه‌یه، دوای ئه‌وه ئاشكرایه كه به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی توركیه كه هاوپه‌یمانێكی ستراتیژێكی ئه‌مریكایه نانێته پێناوی پشتیوانی له‌بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا. له‌ئاستێكی ئه‌خلاقیشدا دیموكراسی و مافی مرۆڤ له‌هیچ شوێنێكی دنیا بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا پێوانێك نه‌بوون بۆ هه‌ڵبژاردنی دۆستان و هاوپه‌یمانانی خۆی. چاو له ریزی دیكتاتوره‌كانی ئه‌م په‌نجا، شه‌ست ساڵەی دوایی بكه‌ن كه هه‌موویان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه پشتیوانیان لێ كراوه، تا ڕۆشن بێته‌وه ئه‌م جۆره پێوانه‌یه‌ش جێگایه‌كی له‌دیاریكردنی سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر به ڕۆژئاوادا نێیه.
ئایا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌توانێت ئه‌م مه‌ترسیانه بره‌وێنێته‌وه؟ به‌بڕوای من وڵامه‌كه ده‌توانێت ئێجابی بێت، به‌و مه‌رجه‌ی كه ده‌سكه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بپارێزریت و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له ڕێبه‌ری كردنی بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه خۆیان تا ئێره هێناویانه و ڕاسته‌وخۆ به‌شدار بن. له‌و حاڵەتەدایە كه دەتوانن پشتیوانی خه‌ڵكی حهقخۆاز توركیه و سه‌رجه‌می ناوچه‌كه و بیروڕای گشتی بپارزن و به‌هێزتری بکه‌ن. ئه‌مانه هه‌مووی خاڵه به‌هێزه‌كانی ئه‌وان لهخهباتێك دایه كه ده‌ستیان داوه‌تی. هه‌ر چه‌ندیش زلهێزه‌كان و ده‌وڵه‌تانی ناوچەکه بیانهه‌وێت ئه‌وان له‌گفتوگۆكانی ئاشتیدا په‌ڕاویز بخه‌ن، دواڕۆژی سیاسی سوریه به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی به‌شی بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا دیاری ناكرێت.
پرسیار: بارودۆخی ئێستای عێراق چۆن ده‌بێنن؟ په‌یوه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ ده‌وری كۆماری ئێسلامی له‌كێشه‌كانی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا چییه؟
وڵام: به‌پێچه‌وانه‌ی ئێدیعای ئه‌وانه‌ی كه له بازاری شێواوی ئێستای عێراقدا به‌رژه‌وه‌ندی دیاریكراویان هه‌یه، زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته به‌سه‌ر حیزب و گروپه مافیایی و مه‌زهه‌بیه‌كاندا دابه‌ش نه‌بوون، به‌ڵكوو زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته كه‌وتونه‌ته داوی ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه. شارهستانیەت و ئینسانیەت له‌م وڵاته‌دا لەناو نەچووه. ئه‌وه‌یكه ئه‌مڕۆ له‌عێراق له‌ئارا دایه، میراتی رژیمی گه‌نده‌ڵ و جینایه‌تكاری به‌عس، ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌مریكا و ره‌قابه‌تی دوو ده‌وڵه‌تی كۆنه‌په‌ره‌ستی كۆماری ئێسلامی و عه‌ره‌بستانی سه‌عوودی و داوای سه‌هه‌م كردنی ده‌وڵه‌تی توركیه له‌داهاتی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌یه. له‌م نێوەدا ئه‌وه جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی عێراقن ده‌بنه قوربانی و ئه‌منیه‌تی گیانی ده‌بێته گه‌وره‌ترین ئاواتی ژیانیان.
زنجیره خۆپێشاندانه‌كانی یه‌ك ساڵی ڕابردوو له به‌غدا و له‌شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق نیشانی دا كه زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و به‌شه له عێراق كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبه شیعه‌كان دایه له‌م بارودۆخه بێزارن و گه‌نده‌ڵی ده‌وڵه‌تی مه‌زهه‌بی به سهببكاری ڕه‌نج و ئازارێك ده‌زانن كه له‌و وڵاته‌دا به‌سه‌ریان هاتووه.
ئه‌وه‌یكه ئایا عێراق وه‌كوو یه‌ك وڵات ده‌مێنێته‌وه یان به چه‌ند یهككهی جۆغرافی و ده‌سه‌ڵاتی جیا له‌یه‌ك دابه‌ش ده‌بێت، هیشتا ڕوون نییه. به‌ڵام ڕاستییەکەی ئه‌وه‌یه تا کاتێک که ده‌وڵه‌تانی ناوچەکه و ڕه‌وته كۆنه‌په‌رسته‌كانی خۆجێ ئاوری کێشەکان خۆش ده‌كه‌ن، به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر چه‌شنه پڕؤژەیەکی له‌م چه‌شنه بۆ داهاتووی عێراق له مهسیرێكی گه‌ڵێك خۆیناوی تر له‌وه‌ی كه تا ئێستا ڕوویداوه تێپه‌ر ده‌بێت.
ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌هه‌مان كاتدا له دوو دەهەی ڕابردوودا چاره‌نووسێكی جیا له‌چاره‌نووسی به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقیان هه‌بووه و له‌هه‌موو ڕویەكهوه له‌چاو شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق و ناوچه‌كه دوورگهیەكی ئارام بووه، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ گرفتاری و گیروگرفتێک ده‌سته‌ویه‌خه‌یه كه داهاتووه‌كه‌ی خستۆته مه‌ترسییه‌وه.
كه‌لێنی نێوان ده‌وڵه‌ت و حیزبه سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار، به‌هۆی ناكارامه‌یی و فه‌سادی دارایی و ئیداری، ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ قۆڵتر ده‌بێته‌وه و به‌پێچه‌وانه‌ی رابردوو خه‌ڵك ئیتر له‌پشت سه‌ری ڕێبه‌ری سیاسی دوێكه‌ی خۆیانه‌وه نین. كاردانه‌وه‌ی ئه‌زمه‌ی ئابوری و بێ تووانایی حكومه‌تی هه‌رێمی له‌دانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، قۆڵتربوونهوهی كه‌ڵێنی چێنایه‌تی، ئاستی لهخۆارهوهی خزمه‌تگۆزارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گه‌نده‌ڵی دارایی و بوروكراسی به‌ربڵاو و ده‌ست و پێگیر، ناكۆكی نێوان حیزبه سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار و بێ ئاكام مانه‌وه‌ی گفتوگۆ بۆ سازان، هاتنی زیاتر له دوو میلیون ئاواره له‌سوریه و له‌به‌شه‌كانی دیكه عێراق بۆ كوردستان، خه‌مسارد بوونی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ئاست ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی، مه‌ترسی ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تانی ئێران و توركیه و ده‌وڵه‌تی ناوەندی عێراق له‌و ناوچانه‌ی كه نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره كورد تێیدا ده‌ژین، وه‌كوو كه‌ركوك و شوێنه‌كانی دیكه و مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی ئاوری دوژمنایه‌تی و مه‌ترسی تێكهلچوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی “حه‌شتی شه‌عبی” دوای كۆتایی شه‌ری موسل، هه‌مووی ئه‌وانه ده‌ستیان داوه‌ته ده‌ستی یه‌ك و داهاتوی ئه‌و ناوچەیان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی گه‌وره‌دا داناوه. به‌رانبه‌ر به‌م بارودۆخه ئوپوزیسیونێكی كارا‌و و ڕێ نیشانده‌ر نییه. ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان له‌ژێر نفوزی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و هێزه ڕاست ڕه‌وه‌كانی ئوپوزیسیون دان. ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆی كرێكاری پێك نه‌هاتووه. هێزه چه‌پ و رادیكاڵه‌كان له‌كوردستانی عێراق هه‌ر وا پرژوبڵاون و به‌كرده‌وه كاریگهرێكیان له‌سه‌ر ڕه‌وتی رووداوه‌كان نییه. هه‌مووی ئه‌و فاكتورانهی كه ئاماژه‌یان بو كرا، بوشایی نه‌بوونی هێزێكی رادیكال و سۆسیالیستی و به‌رپرس كه لهئێعتبارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هه‌ره‌مه‌ند بێت له هه‌میشه زیاتر ده‌ر خستووه.
درێژەی هەیه …