کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بابەهەموو هێزمانەوە پشتیوانی بکەین لە بزووتنەوەی بەفرانباری ١٤٠٤

photo 2026 01 04 11 01 48 1

ئێران لە هەشتەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیدا

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران کە ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ دەستی پێکرد، ئێستا پێی ناوەتە هەشتەمین ڕۆژی خۆیەوە. ئەم ئاخێزە کە لە سەر بەستێنی قەیرانێکی قووڵی ئابووری و داڕمانی ڕیاڵ هاتووەتە ئاراوە، پانتایی جوگرافیایی بەرچاوی لەخۆگرتووە و لەگەڵ کاردانەوەیەکی سەرکوتگەرانەی توندی ڕێژیم بەرەوڕوو بۆتەوە. بەپێی زانیارییەکان، خۆپیشاندانەکان تا ئێستا ٤٦ شاری ٢٢ پارێزگای وڵاتی گرتووەتەوە. لە گەڕەکەکانی نارمەک، سادقییە و تارانپارس لە پایتەختەوە بگرە تا شارەکانی شیراز، کازرون، ئیسفەهان، مەشهەد، کرماشان، یاسوج، دزفوول، بۆجنوورد و زابول و هتد، خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان دۆخێکی ئەمنییەتی زۆر توند بەسەر شاری سنەدا زاڵبووە و لە دوانیوەڕۆی دوێنێوە هێزە نیزامییەکان جێگەی خۆیان داوە بە هێزە تایبەتەکانی سپای پاسداران. کۆنتڕۆڵی توند و لاوازکردنی بەرچاوی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و بەشی پەیوەندییەکان، ئیمکانی چاوەدێریی سەربەخۆ و دەستبەجێی دۆخەکەی گەلێک دشوار کردووە.

سەرکوتی توندوتیژانەی ئەم ناڕەزایەتیانە تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم یازدە کەس لە شارە جۆراوجۆرەکان. قوربانیان لە شارەکانی ئازنا، فولادشار، لۆردەگان، کوهدەشت، مەرڤدەشت، کوار، هەرسین و دولفان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت یان لە کاتی سەرکوتکردندا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها دەیان کەسیش بریندار بوون و لانیکەم ١١٩ کەسیش دەستگیر کراون. یەکێک لە ڕاپۆرتە هەرە تاڵەکان سەبارەت مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلامە. بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێییەکان، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی توند هێرشیانکردووەتە سەر کۆبوونەوەی هێمنانەی هاووڵاتیان، کۆبوونەوەیەکی کە پێکهاتبوو لە بنەماڵەکان و ژنان و منداڵان. عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا، خۆپیشاندەرانی بەئاژاوەگێڕناوبرد و وتی،قسەکردن لەگەڵ ئاژاوەگێڕ هیچ سوودێکی نییە، ئاژاوەگێڕ دەبێت لەسەر جێگەی خۆی دابنرێت”. ئەم هەڵوێستە زەمینەی سەرکوتی خۆش کردووە. بەڵام ئەم شێوە لێدوانە نەک هەر لەڕووی هێزەوە نییە، بەڵکوو لەڕووی داماوییەوەیە. واقیعییەت ئەوەیە کە تا ئێستا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان پایەکانی هێزی ڕژیمیان هێناوەتەلەرزە.

هەرچەندە ئەم ناڕەزایەتیانە لەسەر بەستێنی قەیرانێکی قووڵی ئابووری و داڕمانی ڕیاڵ هاتووەتە ئاراوە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی زۆر لەوە قووڵترە. هەژاری و نایەکسانی لەڕادەبەدەر، بە پارەکردنی پەروەردە، سەرکوتکردنی سیستماتیکی فەزای زانکۆ، ستەمی چینایەتی و جێندەری و هەروەها قەیرانە ژینگەییەکان بە تێکڕا ڕۆلیان هەبووە لە شکڵگرتنی ئەم ئاخێزە دا.

لە زانکۆکانی تاران، بەهەشتی، عەلامە، عیلم و سەنعەت و هەروەها زانکۆی تەربییەت مودەڕس، کۆمەڵێک لە چالاکانی خوێندکاریی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی مێژوویی زانکۆ لە خەبات لەدژی ستەم و سەرەڕۆیی، هەڵوێستێکی ڕوونیان دەربڕیوە. ئەوان بە دروشمینە پەهلەوی، نە ڕێبەریی، ئازادی و بەرابەریونە کۆماری ئیسلامی، نە پاشایەتی و نە موجاهید، هەرسێکیان ڕەتکردۆتەوە.

ئەم خوێندکارانە کە خۆیان بە درێژەی نەریتی ئازادیخوازانەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە سەردەمی پەهلەوییەوە تا ئێستا دەزانن، بە وەبیرهێنانەوەی ئاخێزیژن، ژیان، ئازادی، خوازیاری هاودەنگی و یەکگرتن لە دەوری ئازادی، یەکسانی و ڕزگاربوون لە هەر چەشنە دیکتاتۆرییەتێک بوون. ئەوان زانکۆ بەناوەندی پەیوەندی نێوان بۆچوونە جۆراوجۆرەکاندەزانن. سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاریی، کرێکارانی خانەنشینکراوی خوزستان و گرووپی یەکێتی خانەنشینان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئەم دۆخەی ئێستایان بە دەرئەنجامیقەیرانێکی پێکهاتەیی قووڵلە سیستەمی سەرمایەداریی دەسەڵاتداردا وەسف کردووە.

ئەم ڕێکخراوانە بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی کرێکاران، موعەلیمان، ژنان، لاوان و نەتەوە ستەملێکراوەکان لە ناڕەزایەتییەکاندا، ئەو سەرکوتە بەربڵاوەیان ئیدانە کردووە. ئەوان بە دروشمیبا یەکگرتوو بین، ڕێکخراوبین و چارەنووسی خۆمان بگۆڕینجەخت لەوە دەکەنەوە کە بەبێ ڕێکخراوبوون و یەکڕیزیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان، بوونی ستراتیژێکی ڕوون و خۆڕێکخستنی کرێکاران و ڕۆشنبیرانی پێشکەوتنخواز، هیچ بزاڤێکی شۆڕشگێڕانە سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت. دایکانی پارکی لالەی ئێران لە بەیاننامەیەکی نوێدا ئاخێزی بەفرانباری ١٤٠٤یان بە درێژکراوەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادیناوبردووە. ئەوان بە خستنەڕووی ناوی ژمارەیەک لە گیانبەختکردوانی ئەم دواییە، سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەرانیان بە توندی ئیدانە کردووە. ئەو دایکانە هەشت داواکاری سەرەکییان خستۆتە ڕوو کە بریتین لە: ئازادی بێ شەرت و مەرجی زیندانیانی سیاسی و ئەقیدەتی، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و جۆرەکانی تری توندوتیژی دەوڵەتی، دادگاییکردنی ئاشکرای بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی سەرکوت، ئازادی ڕادەربڕین و جل و بەرگ، مافی ناڕەزایەتی و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ، نەهێشتنی هەڵاواردن و جیایی دەین لە دەوڵەت. بەڵام هۆشداریی گرنگی دایکانی پارکی لالە، سەبارەت بە مەترسییەکانیدیکتاتۆریەتی نوێە. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پشتبەستن بە دەستێوەردانی دەرەکی دەتوانێت ئێران بە چارەنووسێکی هاوشێوەی وڵاتەکانی وەک ئەفغانستان و عێراق دووچار بکات.

ئەوەی لە بەیانییەی هێزە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکاندا بەرچاو دەکەوێت، بریتییە لە یەکگرتووییەکی بابەتی سەرەڕای بوونی ئەدەبیاتێکی هەمەچەشن. خوێندکاران، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕزگاربوون لەدەست هەر چەشنە دیکتاتۆرییەتێک، کرێکاران بە شیکاری چینایەتی و جەختکردنەوە لەسەر قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداری و دایکان، بە جەختکردنەوە لەسەر مافی مرۆڤ و هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان، هەموویان جەخت لەسەر مافی ناڕەزایەتی و پێویستی خۆبواردن لە سەرکوتی توندوتیژانە دەکەنەوە. ئەم هاوپشتییە لە نێوان هێزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، لە خوێندکارەوە بگرە تا ڕێکخراوە کرێکارییەکان، دۆکیۆمێنتاران، دایکانی دادخواز و چالاکانی سیاسی، بە ئەدەبیاتێکی جیاواز بەڵام دەربڕی ئامانجی هاوبەش، یەکێکە لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئاخێزی بەفرانبار. لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لە دەیان شار هەروا بەردەوامە، ئاسۆیان لە سایەی سەرکوتی سیاسی و خراپتربوونی قەیرانی بژێوی ژیانیاندا نادیارە بەڵام هەروا بە تین و تەوژمن. سنووردارکردنی ئینتەرنێت و گوشارە ئەمنییەکان، کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی بەربڵاو، سەرجەم ئاماژەن بۆ ئیرادەی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی توندتر. بەڵام هەروەک مێژوو نیشانی داوە، سەرکوت هەرگیز ناتوانێت بۆ هەمیشە هاواری چەوساوەکان کپ بکات. ئاخێزی بەفرانباری ١٤٠٤ قۆناغێکی دیکەیە لە خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەپێناو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دا. قۆناغێکی کە ئاسۆی سەرکەوتنی بە ڕووی کۆمەڵگای ئێراندا کردۆتەوە.