به‌م جۆره ڕایده‌گه‌یه‌نین كه شه‌وی ڕابردوو ئێقباڵ مۆرادی هه‌ڵسووڕاوی سیاسی و چالاكی دژ به سزای ئێعدام، له شاری پێنجوێن له كوردستانی عێراق له كرده‌وه‌یه‌كی جنایه‌تكارانه‌دا تێرۆر كراوه. ئێقباڵ مۆرادی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان و باوكی زیندانی سیاسی مه‌حكووم به ئێعدام زانیاری مۆرادییه. هه‌موو نیشانه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن كه تێرۆریسته‌كانی كۆماری ئیسلامی تاوانباری ئه‌و جه‌نایه‌ته‌ن. ئه‌وه یه‌كم جار نییه كه ئێقباڵ مۆرادی ده‌كه‌وێته به‌ر هێرشی تێرۆریستی. پێشتریش له ساڵی ١٣٨٧ له ده‌ورووبه‌ری شاری پێنجوێن هێرشێكی له‌و چه‌شنه‌ی كرایه سه‌ر و به تووندی بریندار بوو. ئه‌و كات خێرا گه‌یه‌ندرا نه‌خۆشخانه و له مردن ڕزگاری بوو.
ئێمه ئه‌م تیرۆره جه‌نایه‌تكارانه‌یه به تووندی مه‌حكووم ده‌كه‌ین و داوا له به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، به زووترین كات تاوانباران بدۆزرێنه‌وه و به سزای شایسته‌ی خۆیان بگه‌ن. لێره‌دا به بۆنه‌ی گیان به‌ختكردنی هاوڕێ ئێقباڵ مۆرادی سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه و كه‌س و كار و هاوڕێیانی ده‌كه‌ین و خۆمان به شه‌ریكی غه‌میان ده‌زانین.
ده‌بیرخانه‌ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه
ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
٢٧ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٧ی هه‌تاویی