“شەهلا پیراستە” هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی ڕەتکردنەوەی پێشنیاری ڕژیمی تورکیا بۆ سیخۆڕی دژ بە لایەنە کوردییەکان، لە لایەن ئەو ڕژیمەوە مەترسی دیپۆرت کردنەوەی لە سەرە.
ناوبراو بۆ ماوەی ٨ ساڵە لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان نیشتەجێیە و ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە هێرشی هێزە کانی ڕژیمی تورکیا بۆ ماڵەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە، ڕادەستی ئیدارەی کۆچی تورکیا کراوە و لە حوکمێکی ناڕەوادا بڕیاری ڕادەست کردنەوەی بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دراوە. جێگای ئاماژەیە ئەو چالاکوانە مانگی دسامبری ٢٠٢٤، لە لایەن پۆلیسی تایبەتی تورکیاوە دیسان دەستبەسەر کرابوو، کە بە هۆی ڕەتکردنەوەی پێشنیاری سیخۆڕی دژ بە لایەنە کوردییەکانی باکووری کوردستان، هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوەی لێ کرابوو.