بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی خۆراسان، هێندێک لە کچان و ژنان لە مەشهەد بەخاتری هەژاری ڕوویان کردووەتەوە فرۆشتنی قژی خۆیان. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ژنێک حازرە قژی بە ٢٠٠ هەزار تمەن بفرۆشێت تا قەرزی دکتووری دیابێتەکەی بداتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە دەنووسێت: “بەپێی جنس و پڕبوونی موو، ژنان دەتوانن ٢٠٠ تا نیهایەتەن دوو ملیۆن تمەن لەبری قژیان وەربگرن.” بەپێی ڕاپۆرتی مەیدانیی ئەم ڕۆژنانەمەیە، کچێکی دە ساڵە بۆ کڕینی تەلەفوون، ژنێکی ٢١ ساڵە بۆ دانەوەی قیستی جیازی خوشکەکەی، ژنێکی ٥٠ ساڵە بۆ دابین کردنی خەرجی دەرمانی مێردەکەی و هەروەها کچێکی ١٥ ساڵە بۆ دابین کردنی خەرجی ناونووس کردن لە مەدرەسەی مامناوەندی قژی خۆیان فرۆشت.
بەڵام کارەساتی کۆمەڵایەتی لێرەدا کۆتایی نایەت. دڵتەزێنتر لە فرۆشتنی قژی ژنان، فرۆشتنی کۆرپەڵەیە. “حەبیبوڵڵا مەسعوودی” جێگری کۆمەڵایەتی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران باسی لە چوونەسەرەوەی ئاماری فرۆشتنی کۆرپەڵە لە شەش مانگی ڕابردوودا کردووە و وتوویەتی کە کۆرپەڵەکەکان بەر لەوەیکە لە دایک بن پێش فرۆش دەکرێن. ناوبراو دەڵێت: “باروودۆخی نالەباری بنەماڵەکان و هەروەها ئێعتیادی دایکان و باوکان لە گرینگترین هۆکارەکانی فرۆشتنی کۆرپەڵە دێنە ئەژمار.” ڕۆژنامەی شەهرەوەند هەر لەم بوارەدا دەنووسێت: کوڕ نزیک بە ٥٠ ملیۆن تمەن، کچ نزیکەی ٧٠ تا ٨٠ ملیۆن تمەنە. قیمەتی منداڵ و کۆرپەڵە زۆر جیاوازن. کۆرپەڵەکان لە منداڵەکان گرانترن.
بەسەرهاتی کۆرپەڵەیەک کە پاش بەدنیا هاتنی دەفرۆشرێت، بەسەرهاتێکی دڵتەزێنە. واتە منداڵانێک کە نەخوازراو بەدنیا دێن تا ببنە پارەیەکی ڕەش و بۆ دایک و باوکیان. دەسەڵاتی ئیسلامی بەو هەژاری و فەلاکەتەی کە بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە، بە گەندەڵی و ئێعتیادێک کە لەناو کۆمەڵگادا پەرەی پێداوە، بە بێ ماف کردنی ژنان، گەلێک کارەساتی کەم وێنەی لە کۆمەڵگای ئێراندا خوڵقاندووە.
لەو نێوەدا ژنان پتر لە هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتیی دیکە باری ئەم هەژاری و گەندەڵی و نابەرابەری و بێبەشییەیان لەسەر شانە. درەنگتر لە هەمووان دادەمەزرێن و زووتر لە هەمووان بێکار دەکرێن، لەبری کاری یەکسان لەگەڵ پیاوان حەقدەستی بەرابەریان نییە. ژنان چ بەهۆی چوونەسەرەوەی ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە و چ بەهۆی ئێعتیاد و یان مەرگی هاوسەر، زۆر جار نان دەرهێنەری بنەماڵەن.
لە وەها باروودۆخێک دایە کە بەداخەوە بەشێک لە ژنان ناچار بە فرۆشی ئەندامی جەستەی خۆیان، بە قەبووڵ کردنی سیغە، بە لەشفرۆشی، بە فرۆشتنی قژی سەری خۆیان، بە فرۆشتنی کۆرپەڵەکەیان دەبن تا تیکە نانێک بۆ ئەندامانی بنەماڵەیان دابین بکەن. فرۆشتنی ئەندامانی جەستە لە گورچیلە و پێستەوە تا قژ، لە کاری دژوار و هەڵاواردنی سیستماتیکەوە تا ناچار بوون بە قەبووڵکردنی سیغەی ئیسلامی یان لەڕاستیدا لەشفرۆشی، ئەو کارەساتانەن کە ئەم ڕژیمە بەسەر خەڵکی هێناوە.
تاڵان و دزینی سەروەت و سامانی خەڵک لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیسلامی، سەروەتی نجوومیی ئاخوند و لات و چەقۆکێشانی حکوومەت، بۆشایی بەرین و قووڵی چینایەتی، لەگەڵ سەرکوت و هەڵاواردنی سیستماتیک، دیمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆی ئێرانن.
کرێکاران، جووتیاران، مامۆستایان، خوێندکاران، ژنان، خەڵکی کوردستان و ئەو جەماوەرەی کە کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان پێک دێنن هەر کامیان بەجۆرێک لەئاست باروودۆخی دژوار و تاقەت پڕووکێنی خۆیان ناڕازین و وڵامی حکوومەت بۆ ئەوان تەنیا زیندان و ئەشکەنجە، کوێر کردن بە تفەنگی ساچمەیی، کوشتاری بەندکراوانی سیاسی و کوشتنی کۆڵبەرانی زەحمەتکێش بووە و هیچی تر.
دەسەڵاتی ئیسلامی و سەرانی گەندەڵ و کۆنەپەرستی بەرپرسی ئەم هەژاری و فەلاکەتەی خەڵکن. ڕژیمێک کە لەجیات پێکهێنانی پیشە و دابین کردنی تەندرووستی، دەرمان، شوێنی نیشتەجێ بوون، دەست دەداتە تاڵان کردنی سەروەتی وڵات و سەرکوت لە ناوخۆ و تیرۆر لە دەرەوەی وڵات، بەرپرسی ڕاستەوخۆی بێبەشی و نەهامەتییەکانە.
ژنانی ئێران، دایک، خوشک، کچ و هاوسەری پیاوانن و ئەم ڕادەیە لە گوشار و هەژاری بۆسەر ژنان، نامرۆڤانە و جێگای شەرمەزارییە و تەحەمول ناکرێت. دەسەڵاتێک کە قژی ژنان بە حیجابی زۆرەملی دادەپۆشێت و بە بزوێنەری هەستی سێکسیی پیاوانی دەزانێت، شەرم لەوە ناکات کە ژنان بەهۆی هەژارییەوە قژیان بفرۆشن.
ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە هەنگاوی یەکەم و سەرەکییە لەپێناو بەرابەریی مافی ژن و پیاو و کەم و سنووردار کردنەوەی ئەو هەمووە سووکایەتی و بەدبەختییەیە کە بەسەر خەڵکی دا سەپاندوودە. ژنانی شەریف و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان بە پێست و گۆشتی خۆیان گوشار و هەڵاواردنی حکوومەتی ئیسلامییان تەجروبە کردووە و هێزی سەرەکی و چارەنووس ساز دەبن لە دامەزراندنی نیزامێکدا کە کۆتایی بە هەڵاواردن و ستەمی ژنان بێنێت.
مافی دایک و باوک و مافی منداڵ بۆ کۆماری ئیسلامی و مافیای حکوومەت و باندەکانی فرۆشتنی منداڵ و کۆرپەڵە هیچ بایەخێکی نییە. حکوومەتی ئیسلامی مۆدێلێک لە دەسەڵاتدارییە کە بووەتە نموونەی بەربەرییەتی ئەمڕۆ و نەنگی مرۆڤایەتیی سەردەم.
نیزامێک کە دایکان و باوکانی بێبەش و نەخۆش ناچار بە فرۆشتنی کۆرپەڵە و منداڵەکانی خۆیان بکات و کۆیلەداریی نوێ لە ناحەزترین و قیزەونترین شێوەی خۆیدا بەرهەم بێنێتەوە، ڕووخاندنی وەها نیزامێک و بەرپرسانی وەک جەنایەتکارانی پیشەیی، زەروورەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئینسانییە.