کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەو مەترسیانەی کە هەڕەشە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی عێراق دەکەن

irak

irak

لەگەڵ ئەوەیکە ڕاپەڕینی خەڵک لە عێراق دژبە ڕژیمی گەندەڵی دەسەڵاتدار و دژبە دەخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەهێز هەروا بەردەوامە، شایەدی چەندین ڕووداوین کە ڕەنگی پیلانگێڕییان بە ئامانجی خامۆش کردن و بەلاڕێدابردنی ئەو ڕاپەڕینە، پێوەدیارە.

حیزبە شیعە دەسەڵاتدارەکان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەوان لەناو “حەشدی شەعبی” و کۆماری ئیسلامی وەک پشتیوانی تاقمی دەسەڵاتداری عێراق، لە بەرامبەر حزووری ملیۆنی خەڵک لە سەر شەقامەکان داماون. ئەوان بە وەڕێخستنی کوشتاری خۆپیشاندەران نەیانتوانیوە شکست بە ئاخێزی خەڵک بێنن. کوشتنی پتر لە ٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران و بریندار کردنی ٢٠ هەزار کەس ، نەیتوانێوە خەڵک بترسێنێت و لە مەیدان بیانخاتە دەر. دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق نە دەیانهەوێ دەسەڵات بدەنە دەست خەڵکی ڕاپەڕیو و نە دەشتوانن سەرکوتیان کەن. کۆماری ئیسلامیش کە پێگەی خۆی لە عێراق زۆر ناسەقامگیر و مەترسیدار دەبینێ، بۆ پاراستنی دەست دەبا بۆ هەموو ئامرازێک. کەوابوو هەمووان هەوڵ دەدەن تا بە شەڕنانەوە و تیرۆریزە کردنی کەش و هەوای سیاسیی عێراق، بنبەستێک کە تێیدا گرفتار بوون، تێکبشکێنن. لەو نێوەدا دەوڵەتی ئەمریکا، لە باروودۆخی نوێی عێراق گەیشتووە و لە هەموو دەرفەتێک بۆ زه‌مانه‌ت کردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێ. دەوڵەتی ئەمریکا لە بۆسە دایە تا هێزەکانی لایەنگری ڕژیمی ئێران بەهۆی ئاخێزی خەڵکەوە تا ڕادەیەکی زۆر لاواز بن و لە کاتێکی گونجاودا دەستبەکار بێت. هەموو ئەمانە، بەستێنی شکڵ گرتنی ئەو پیلانگێڕیانەن کە لەم دوایانەدا خەریکن خۆیان نیشان دەدەن. لە لایەکەوە کۆماری ئیسلامی و لە لایەکی دیکەشەوە ئەمریکا، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی پەراوێز خستنی بەرەبەرەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، خۆیان لە دواهاتەکانی دەرباز کەن و داهاتووی سیاسی ئەم وڵاتە بەرەو لایەک بەرن کە بەرژەوەندیەکانیان بپارێزرێ.

بە هاویشتنی چەند گوللەی کاتیوشا بەرەو پێگەیەکی نیزامیی ئەمریکا، کلیلی وەڕێکەوتنی پیلانگێڕی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لێدرا. داڕێژەرانی ئەو پیلانە لێکیاندابۆوە کە بە یەک یان چەند هێرشی لەم جۆرە، سەرئەنجام دەوڵەتی ئەمریکا ناچار دەکەن کە دژە هێرشێک ئەنجام بدات و بەمجۆرە کەش و هەوای کۆمەڵگای عێراق جەنگی و میلیتاریزە دەبێت و لەگەڵ زاڵ بوونی کەش و هەوای جەنگی، ڕاپەڕینی خەڵک دادەمرکێ و سەرەنجام خامۆش دەبێت و کۆماری ئیسلامیش لە ڕێگەی شەڕی نیابەتی پێگەی خۆی لە عێراق دەپارێزێت و یان بە وەرگرتنی چەند پوانێک، لەگەڵ ئەمریکا موعاملەی پێدەکا. چاوخشاندنێک بەسەر ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بە ڕوونی ئەو دوو پیلانەمان پێ نیشان دەدا. لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە: هێرش بۆسەر پێگەی کەیوان و کوشتنی پەیمانکارێکی ئەمریکایی، کۆبوونەوە لە بەرامبەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و ئاگرتێبەردانی دیواری ئەو باڵوێزخانەیە و نواندنی هێز لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی قاسم سولەیمانی لە بەغدا و چەند ڕووداوێکی دیکە کە لە ڕێ دان. لە لایەن ئەمریکاشەوە: هێرش بۆسەر چەند پێگەی “حەشدی شەعبی” و کوشتنی ژمارەیەک لە ڕێبەرانیان، کوشتنی قاسمی سولەیمانی و چەند کەسی دیکە لە ڕێبەرانی حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا و چەند ڕووداوێکیتر کە لە ڕۆژانی داهاتوودا شایەدیان دەبین.

ئەوەیکە ئاکامی ئەو کێشەمەکێشە دەبێتە چی، بە هاوسەنگی تازەی هێز لە نێوان دوو لایەنی ئەو شەڕە پەیوەندی هەیە. تێگەیشتن لەوەیکە ئەم هاوسەنگیی هێزە لە باروودۆخی ئێستادا بە زەرەری کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە، زۆر دژوار نییە. کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری گەمارۆی ئابووری ئەمریکادا لە هەناسە کەوتووە و ڕێگایەشی بۆ دەرباز بوون لەم باروودۆخە پێشک نایە. ڕژیم ئەگەر لە ڕابردوودا هۆمێدوار بوو کە بە داوبازیی دیپلۆماتیک دەتوانێ لە کەلێنی نێوان زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا جێگایەک بۆخۆی بکاتەوە و خۆی لە بنبەستی ئابووری ڕزگار کات، ئەمڕۆکە ئەم هێوایەشی بۆ نەماوەتەوە. دەوڵەتەکانی ڕووسیە و چین، بەرژەوەندیی کەڵانی خۆیان فیدای پشتیوانی لە ڕژیمێکی ڕوو لە مەرگ نەکرد. ڕەخنە کردن و حزووری کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی عێراق و  لۆبنان و سووریە، کە بەشێک لە ستراتێژی ئەم ڕژیمە بوو، ئەمڕۆ نە تەنیا لە ڕێگەی گوشاری چەند لایەنەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کەوتووەتە مەترسیەوە، بەڵکوو بەرەوڕووی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی لوبنان و عێراقیش بووەتەوە، تا ئەو جێگایەی کە ڕاستەوخۆ لە سەرکوتی خەباتی خەڵکی ئەم وڵاتانەشدا بەشداری دەکات. لە ناوەوەی ئێرانیش، ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەک لە لایەن خەڵکی ناڕازییەوە کەوتووەتە ژێر گوشارەوە و لە ڕوانگەی ملیۆنان خەڵکی ئێرانەوە ئەم ڕژیمە بەرەو مەرگ و نەمان دەڕوات.

ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە عێراق ئەگەرچی پەیوەندیەکی بە دەوڵەتی ئەمریکا و سیاتەکانیەوە نییە، بەڵام هەڵوێستی سەرەکی ئەم ئاخێزە دژبە کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتە دەست کردەکانێتی لە بەغدا. بێ گومان لە بوار نیزامیەوە تواناکان ڕوون و بەرچاون. زەربەکانی ئەمریکا هەر لەم چەند ڕۆژەدا دەریخست کە کۆماری ئیسلامی لە بوار نیزامیەوە دۆڕاوێکی حەتمیە و بە هەڕەشەی بەتاڵ ناتوانێ چارەنووسی ئەم یاریە بگۆڕێ.

بەڵام ماهیەتی شەڕ و کێشمەکێشی ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق، لە هەردووک لایەوە کۆنەپەرستانەیە و پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی خەڵکی بێبەش و ستەملێکراوی ئەم وڵاتەوە نییە. ناسین و پووچەڵ کردنەوەی پیلانی هەر دووک بەر، مەرجی سەرکەوتنی خەڵکی عێراقە لەو نەبەردە چارەنووس سازەدا. حەفتەکانی داهاتوو دەرفەتێکن تا خەڵکی ڕاپەڕیو، کەسایەتیه‌كانی شۆڕشگێڕ و جێگەی متمانەی خۆیان بە کۆمەڵ بناسێنن و دەسەڵاتی دوو لایەنەی ئێستا لە ئاست کۆمەڵدا ڕەسمیەت پێبدەن و بەرەو پێکهێنانی دەوڵەتێکی کاتیی جێگای متمانەی خەڵک هەنگاو هەڵێننەوە. دەوڵەتێک کە ببێتە بەدیل بۆ دەزگای گەندەڵی ئێستا و بتوانێ بەشداربوونی گشتی بۆ یەکلا کردنەوەی دەستەڵاتی سیاسی لە داهاتووی عێراقدا، زەمانەت کات.