ئەو زیندانانەی کە دەتوانن ببنە تەڵەی مەرگی زیندانیان
لەو ڕۆژانەی کە هەموو سەرنجەکان لەسەر شەڕ و وێرانکارییەکانی شەڕ بوو، هەزاران کەس لە پشت دیواری زیندانەکانی ئێران، نە ناویان لە هەواڵەکانی شەڕدا دەهات و نە دەنگیان لە پشت میلەکانەوە دەگەیشتە گوێی کەس. زیندانی ئێڤین، کە هەمیشە هێمای سەرکوتی سیاسی بووە لە ئێران، ئەم ڕۆژانە لە هاوکات لەگەڵ نیگەرانییەکان لەوەی کە هەر ساتێک ئەگەری هەیە بۆمبێک بەر ئەو زیندانە بکەوێت، لەگەڵ شەپۆلێک لە کێشەی کەڵەکەبوو بەرەوڕووە. ئەو ڕاپۆرتانەی لە ناوخۆی زیندانەکەوە بەدەست دەگەن، نیگەرانییەکان بە چەند قات زیاتر دەکەن: کەمیی دەرمان، کەمبوونەوەی بەشەخۆراک، نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییە تەندروستییەکانی وەک فڵچەی ددان و شامپۆ و لە هەمووی گرنگتر، بێسەرشوێنبوونی چەندین مانگەی ئەو زیندانیانەی کە نە حوکمیان بۆ دەرچووە و نە وەڵامی داواکاریی مەرەخەسییەکانیان دراوەتەوە.
لە بەشی دەرمان و چارەسەر، دۆخەکە زۆر لەوەش خراپترە. ئەو زیندانیانەی کە بەدەست ئازاری تاقەتپڕووکێنی ددان یان نەخۆشییەکانی گورچیلەوە دەناڵێنن، دەستیان بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە پسپۆڕییەکان ڕاناگات. ئەو دەرمانانەی بنەماڵەکان بە هەزار ئومێد و دەستەو دواینی ئەم و ئەو دەینێرن، زۆر جار ناگەنە دەستی زیندانییەکان. ناردنی زیندانیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان بە کردەوە ڕاگیراوە و تەنها کاتێک ڕوو دەدات کە زیندانییەکە گەیشتبێتە لێواری مردن.
لە سەرەتای ئەو شەڕەوە، کەشوهەوای ئێڤین بە توندی ئەمنییەتی تر بووە. زیندانییەکان لە ژوورە جیاوازەکاندا زیندانی کراون، پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بڕاوە یان زۆر سنووردار کراوە و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی زیندان بە چەکی تەواو ئۆتۆماتیکەوە هاتووچۆی دەکەن.
لە باشووری وڵات، زیندانی شەیبانی ئەهواز، وێنەیەکی زۆر تاریکتری هەیە. هەندێک لە بەشەکانی ئەم زیندانە بە تایبەت بۆ ئەو خۆپیشاندەرانە تەرخان کراوە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا دەستگیرکراون. بە دەیان کەس لە ناو ژوورە بەرتەسک و بچووکەکاندا جێ کراوەنەتەوە و بە گشتی سەدان زیندانی لە فەزایەکی زۆر تەنگ و نەگونجاودا ڕاگیراون. کەمیی ئاو، کۆنترۆڵ و چاوەدێری توند لە کاتی چوون بۆ سەرئاو و بڵاوبوونەوەی کێچ و ئەسپێ، دۆخی تەندروستی گەیاندووەتە ئاستێک کە جۆرها نەخۆشیی پێست لە نێو زیندانیاندا بڵاو بووەتەوە. دەرمانە بەردەستەکانیش کوالێتییان خراپە و تەنانەت دەوترێت هەندێکیان ماوە بەسەرچوون. زۆربەی ئەم زیندانیانە لە دۆخێکی نادیار و بەبێ حوکمدان، بە تۆمەتی قورس، بەبێ دادگاییکردن و لەژێر گوشاری لێپرسینەوەی بەردەوامدان.
لەمنێوەندەدازیندانیورمێ،دۆخێکیتایبەتیهەیە. ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسیی کورد لەم زیندانەدا ڕاگیراون و ڕاپۆرتەکان باس لە ئەگەری لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و گوشارێکی ئەمنییەتی لەڕادەبەدەر دەکەن. هەروەها زیندانەکانی سنە و بۆکانیش بەهۆی کۆبوونەوەی دۆسیە سیاسییەکانی زیندانیانی کورد و حوکمەکانی سێدارە، ئەو ناوەندانە بوونەتە چەقی نیگەرانییەکان.
لە هەفتەکانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی سیاسی، ئێرانی گرتووەتەوە. لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانەوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ململانێ سەربازییەکان، ژمارەی ئیعدامەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە کەمتر لە دوو مانگدا، لانیکەم ۱۳ بۆ ۱۴ زیندانی سیاسی لەسێدارە دراون، کە هەندێکیان لەخوار تەمەنی یاساییەوە بوون.
۱۷یخاکەلێوە: عەلی فەهیم، گەنجێکی ٢٦ ساڵان کە لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کرابوو، لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا.
دووڕۆژپێشئەوە،محەممەدئەمینوئەمیرحسێنحاتەمیتازەلاوێکی١٨ساڵانکەلەکاتیخۆپیشاندانەکاندادەستگیرکرابوو،لەسێدارەدران.
پێشتریش،ئەبولحەسەنمۆنتەزرووەحیدبەنیعامریانیشلەسێدارەدرابوون. هەروەها سێ خۆپیشاندەری گەنج، لەوانە لاوێکی ١٩ ساڵان، هەر لەو ماوەیەدا لەسێدارە دران.
لەپاڵئەمئێعدامانەدا،بەگوێرەیڕاپۆرتەکانحوسێنغاوی (ناسراو بە سێلاوی) لە کۆتاییەکانی خاکەلێوەدا لە گرتووخانەی سپای پاسداران لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە.
هەر ئێستا، ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیان لەژێر مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای حوکمی سێدارەدان. ناوی حەوت کەس بە دیاریکراوی لە ڕاپۆرتکانی مافی مرۆڤدا هاتووە، کە بریتین له: پەخشان عەزیزی، حاتەم ئۆزدەمیر، یۆسف ئەحمەدی، مێحراب عەبدوڵڵازادە، ناسر بەکرزادە، ڕەئووف مەعروفی و محەممەد فەرەجی. ئەم کەسانە لە زیندانەکانی ئێڤین، ورمێ، سنە و بۆکان ڕاگیراون.
کەسانێکی تریش لە دۆخێکی ناڕوون بەڵام نیگەرانکەردا بەسەر دەبەن، لەوانە: وریشە مورادی، عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بەگزادە. جگە لەمانە، لانیکەم پێنج هاودۆسیەی ئەمیرحسێن حاتەمی لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراون و ئەگەری هەیە حوکمەکانیان بەم زووانە جێبەجێ بکرێت. بە گشتی مەزەندە دەکرێت کە لانیکەم ٥٦ زیندانی سیاسی، مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانەکانی ئێراندا بن و سەدان کەسی تریش مەترسیی دەرچوونی حوکمی ئێعدامیان لەسەرە.
ئەوەی ئەم شەپۆلە لە قۆناغەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە، بریتییە لە خێرایی و پێکهاتەکەی. ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم فەرمانی داوە کە پڕۆسەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی سێدارە لەدژی تۆمەتبارانی سیاسی، خێرا بکرێت. تۆمەتگەلێکی وەک “محاربه” و “هاوکاری لەگەڵ دوژمن” بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکار دەهێنرێن. زۆربەی تۆمەتباران لە دادگاییکردنێکی چەند کاتژمێریدا، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، سزا دراون و ئەو دانپێدانانانەی لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا وەرگیراون، بنەمای سەرەکیی دەرکردنی ئەو حوکمانەن.
زیندانی قزڵحەساری کەرەج بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی حوکمەکانی سێدارە. لە زیندانی ئێڤین، زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی لە بەندە ئەمنییەکانی ٢٠٩ و ٢٤٠دا ڕاگیراون و پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان پچڕاوە.
لە سەرەتای شەڕەوە، دەستگیرکردنی بەربڵاو بەڕێوە چووە کە ژمارەیان دەگاتە دەیان هەزار کەس. لە نێوان دەستگیرکراوەکاندا، چالاکوانان، خوێندکاران و تەنانەت منداڵانیش بەرچاو دەکەوێت. زۆر کەس لە گرتووخانە نهێنییەکاندا ڕاگیراون و بنەماڵەکانیان بێ هەواڵن لە چارەنووسیان.
لە ناو هەموو ئەم هەواڵانەدا، ئەوەی دەبێت زیاتر لە هەموو شتێک باسی لێوە بکرێت، حاڵ و ڕۆژی ئەو کەسانەیە کە لە پشت ئەم ئامارانەوەن. دایکێک کە هەموو ڕۆژێک لە پشت هێڵی تەلەفۆنەوە چاوەڕێی هەواڵێکی منداڵەکەیەتی. باوکێک کە کارتۆنێک دەرمانی ناردووە و نازانێت بەدەست جگەرگۆشەکەی گەیشتووە یان نا. هاوسەرێکی کە بۆ ماوەی چەندین هەفتە دەنگی لایەنی بەرامبەری نەبیستووە. ئەو منداڵانەی کە تێناگەن بۆچی باوک یان دایکیان نایەتەوە بۆ ماڵ.
دۆخی شەڕ، زیندانیان لەگەڵ مەترسییەکی زیاتر بەرەوڕوو دەکاتەوە. ئەو زیندانانەی کە تەنانەت لە دۆخی ئاساییشدا لە پێوەرە مرۆییەکانەوە دوورن، لە کاتی شەڕدا دەتوانن ببنە تەڵەی مەرگ. بۆردومان و پەرەسەندنی نایاسایی لەژێر سێبەری شەڕدا، هەموویان گیانی زیندانیان هەرچی زیاتر دەخەنە مەترسییەوە.
ئەو داخوازییەی کە دەبێت لە هەموو کاتێک بەرزتر دووبارە بێتەوە بریتییە لە ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانیانی سیاسی و ئەقیدەتی، بە تایبەت لە دۆخی شەڕدا. بەڵام تا ئەو ڕۆژە، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە ناوەکانیان لەیاد نەکەین، ڕاپۆرتەکان بڵاو بکەینەوە و هاوخەمی بنەماڵەکانیان بین و بە تەنیا جێیان نەهێڵین.
