کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەو دە رۆژه ی ئێرانی هەژاند

رۆژی هەینی ٧ ی مانگی بەفرانبار ساڵ رۆژی دەستپێکی ئاخێزی هەژارانی شاریی لە ئێرانە. ئەم ئاخێزە کە زیاتر لە ٩٠ شاری گرتەوە و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ درێژەی هەبوو، ئێرانی هەژاند. ساڵێک لەوە پێش، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ٧ ی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٦ هەزاران کەس لە خەڵکی شاری مەشهەد هاتنە سەر شەقامەکان و لە ناڕەزایەتی بە هەژاری و گرانی، بێکاری بەرین و ئیختیلاس و دزی کاربەدەستانی حکومەتی دروشمیان وتەوە. ناڕەزایەتی هەژارانی شاری مەشهەد کە ڕیشەی لە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، قوڵتر بوونەوەی کەلێنی چینایەتی و بێ مافی سیاسی و گه‌نده‌ڵی کاربەدەستانی حکومەتیدا بوو، وەک پڕیشکێکی ئاگر ئاخێزی سەرتاسەری لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڵێسەدار کرد. وەک بڵێی ڕەنج و ئازاری هاوبەش و نەفرەتی گشتی لە نیزامی سیاسی و چینایەتی زاڵ و باوەڕ بە ئیسلاح ناپەزیر بوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە شەوێکدا بەشێکی بەرینی لە خەڵکی ئازار دیتوی ئێرانی بە یەکەوە گرێدابوو، هەژاران لە دیان شاردا هاتنە سەر شەقامەکان، لاوان بە شور و شوقێکی بێ وێنەوە سنگیان کردە قەڵغان و بە دەنگی بەرز دروشمەکانی” مردن بۆ روحانی”، ” مردن بۆ دیکتاتۆڕ”، ئیسلاح تەڵەب، ئەوسولگەرا ئیتر تەواو بوو مەجارا”، نان، کار، ئازادی”، و هیتیتریان وتەوە و بە دروشمی” مەترسن، مەترسن ئێمە هەموو پێکەوەین” بەرەنگاری هێزە سەرکوتگەرەکان بوونەوە.

بەڵام ئاخێزی سەرتاسری مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ بە هیچ شێوەیەک دیاردەیەکی کتوپڕ و وەک بوروسکە لە ئاسمانی بێ هەوردا نەبوو. دواهاتەکانی وێرانگەری سیاسەتە نێئۆلیبڕالیسمی ئابووری و بارودۆخی فەلاکەتباری ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا لە زۆر لەوە پێشەوە بواری ئەم ئاخێزە جەماوەریانەی فەراهەم کردبوو. ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکارایەکان لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و خەباتی جەماوەریدا ئیمکانی سەرهەڵدانی ئەم ئاخێزە سەرتاسەریەی کردبوە بابەتێکی حەتمی. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران ساڵانێک بوو کە لە ژیان بەسەربردن لە قوڵایی هەژاری، بێکاری میلیۆنی، نەبوونی ئەمنیەتی پیشەویی، وەدوا خرانی دانی حەقدەستی چەند جار لەژیر هێڵی هەژاری، لە دیاردەی منداڵانی کار و سه‌رشه‌قام و پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی تر وەگیان هاتبوون. لە بەرانبەر ئەم بارودۆخە کارەساتبارەدا، پێداگری دەوڵەتی روحانی لەسەر درێژەی خوسوسی سازییەکان و به‌ڕێوه‌بردنی بەرنامە نیئۆلیبڕاڵیەکان بارودۆخەکەی گەلێک خراپتر کردبوو. درێژەی ئەم بارودۆخە کارەساتبارە لە لایەکەوە و لەلایەکی دیکەوە داسەپاندنی هەزینیەکی قورسی دخاڵەتی نیزامی و پشتیوانی لە ڕەوتە تیرۆریستیەکان لە کانوونەکانی قەیرانی ناوچەیی بەسەر خەڵکی ئێڕاندا، ئاشکرا بوونی پەروەندەی ئیختیلاس و دزی هەزاران میلیارد تەمەنی و گوشاری ئەو جەنایەتە مەزنانەی کە سەرانی ئەم ڕژیمە بەرانبەر بە خەڵکی ئێران کردوبویان، كاردی گیاندبووە سەر ئێسقانی کرێکاران و چین و توێژەکانی خوارەوە و ستمدیتوان. ئاخێزی سەرتاسەری و ناڕەزایەتی پڕشوری خەڵکی ئێران ڕیشەی لەم ڕاستیانەی ژیاندا بوو. لەژێر ئەم بارودۆخەدا نەسیمی شۆڕش هەڵی کرد و کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا لە جەریانی ئەم ناڕەزایەتیانەدا بە روونی نیشانیاندا کە نایانەوێ وەک پێشو بژین.

دوژمن کە خێرایی سەرسوڕ هێنەری ناڕەزایەتیەکان غانفڵگیری کردبوو، بە خۆیدا هاتەوە و توانایی سەرکوتی لە بەرانبەر ئاخێزی شۆڕشی خەڵکدا بەکار هێنا. خامنەیی ئیدیعا هەمیشەییەکەی دیکتاتۆڕەکانی تێکرار کردوە و ئاخێزی جەماوەری بە بەرهەمی” پۆڵ، چەک، سیاسەت و دەزگای ئەمنیەتی دوژمنان” پێناسە کرد. روحانی ئیعتیدال گەرا و خاتەمی ئیسلاح تەڵەب خوازیاری بەرەنگار بوونەوەی یاسایی لەگەڵ” ئاژاوە گێڕان و تێکدەرانی ئەمنیەتی” وڵات بوون. فەرماندەکانی سپای پاسداران تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان ڕاگرت و هێزی سارەاللە و بەسیجیان لە تاران و باقی شارە گەورەکانی ئێران هێنایە مەیدان و حکومەتێکی نیزامی توندی ڕانەگەیاندراویان پەیڕەو کرد. لە ئاکامی ئەم کردارانە و هێرشی توند بۆسەر ڕیزی خۆپیشاندەران لە کاتی دەستپێکەوە تا کپ بوونەوەی بە دەیان کەس گیانیان لەدەست دا، سەدان کەس بریندار و زیاتر لە ٣ هەزار کەسیش دەست بەسەر کران.

ئاخێزی مانگی بەفرانبار لە شکڵێکی هاوئاهەنگ و سەرتاسەری و ئاوێتە بە شەڕ و تێک هەڵچوونی خیابانی دوای ١٠ رۆژ هێور بوویەوە. بەڵام ئەمە تەنیا لە توانایی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیەوە سەرچاوەی نەگرت، بەڵکو توانایی تەشخیس و بلوغی سیاسی ڕێکخەرانی ئەم ئاخێزە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لە هێور بوونەوەی ئاخێزە سەرتاسەریەکەدا دەورێکی یەکلا کەوەی هەبوو. هەژارانی ڕاپەڕیو کاتێک کە زانیان وادیاره‌ هێشتا ناكرێ بەرگی شۆڕش بكه‌ن به‌ به‌ری ئاخێزه‌كه‌یانه‌وه‌ و هێشتا ئامادەیی چوونە نێو نەبەردی کۆتایی لەگەڵ دوژمنیان نییە، کاتێک کە زانیان هێشتا ئامادەکاری روخاندنی ڕژیمیان فەراهەم نەکردوە، ئیرادەیان کرد کە خەباتی خۆیان لە شێوازی تردا درێژە پێبدەن. بەڵام سەرەڕای ئەمانە، ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار لوتکەی ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە ئاگاهی زەینی جەماوەردا سەبارەت بە ماهیەتی ڕژیمی ئیسلامی پیشاندا و خەبات بۆ روخاندنی ئەم ڕژیمەی خستە فازێکی ترەوە.

ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار وەک بەرەوپێش چوونێك، کۆتایی بە گوفتمانی ئیسلاح خوازانی حکومەتی بەسەر فەزای سیاسی ئێراندا هێنا. لە کاتی هاتنەسەر کاری دەوڵەتی خاتەمیه‌وه‌ ماوەی زیاتر لە ٢٦ ساڵ بوو کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی هەوڵیان ئەدا خەبات لە چوارچێوەی تەسکی یاسا ئیسلامیەکاندا بکەنە بەستێنی سەرەکی ناڕەزایەتی لەدژی بارودۆخی مەوجود. ٢٦ ساڵ بوو کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی ژەهری ستراتیژی ئیسلاح تەڵەبییان ده‌كره‌ گیان و جەستەی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان. لە جەریانی” هەڵبژاردنەکاندا” خەڵکیان لەبەردەم هەڵبژاردنی خراپ و خراپتردا ڕادەگرت. ئاخێزی مانگی بەفرانبار بەساتی ستراتیژی و گوفتمانی ئیسلاح تەڵەبی حکومەتی تێکەوەپێچا.

ئاخێزی مانگی بەفرانبار هاوسەنگی هێزی بە قازانجی بەرەی خەڵک گوڕی و رۆحێکی تازەی دایە جەستەی خەباتی کرێکاری و جەماوەری. شەپۆلێک لە خۆپیشاندان و ڕێپێوانی خیابانی لە نیوەی یەکەمی مانگی گەلاوێژدا کە بەشێک لە شارەکانی ئێرانی گرتەوە، مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی ڕێگای ئاسن، مانگرتنی سەرتاسەری و بەردەوامی شۆفیر کامیۆنەکان و خاوەن کامیۆنەکان، مانگرتنی سەرتاسەری مۆعه‌لیمان، مانگرتنی دوو هەزار کرێکاری کورەپەزخانەکانی تەورێز، مانگرتنی گشتی لە کوردستان، مانگرتن و ناڕەزایەتی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز و سەدان حاڵەتی تر لە خەباتی کرێكاری و ناڕەزایەتی جەماوەری بە روونی واقعیەتی بەردەوام بوون و ڕەوتی کامڵ بوونی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و خەباتی جەماوەری پیشان ئەدات. ساڵێک دوای ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار، داماوی ڕژیم لە کۆنترۆڵ کردنی قەیرانەکان و بێ توانایی لە وڵامدانەوە بە داخوازیە هەنوکەییەکانی کەڵکەبووی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا، ئەم واقعیەتە نیشان ئه‌دا کە خەباتی کرێکاری و جەماوەری بەردەوام دەبێت، كه‌ کۆمەڵگای ئێران لە دەورەیەکی شۆڕشگێڕانە و ئاڵگوڕی چارەنووس ساز نزیک دەبێتەوە، دەبێ بۆ ئەم دەورەیە خۆمان ئامادە بکەین.

پیرۆز بێت یاد و بیرەوەی گیانبەخت کردوانی ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباری ٩٦

بابەتی پەیوەندیدار

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-