دەرێژەی خەباتی کرێکارانی عەسەلویە، درێژەی ناڕەزایەتی کرێکارانی موجتەمەعی نەیشەکەری حەفت تەپە، بەردەوامی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی دەرکراوی کۆمباین سازی ئەراک، درێژەی مانگرتن و کۆبونەوەی کرێکارانی مسی میدوک، مانگرتن و کۆبونەوەی کرێکارانی تونێلەکانی ٤ و ٦ ی مەعدەنی پابدانا، کۆبونەوەی کرێکارانی فولادی زاگروس لە بەردەم مەجلیس، کۆبونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینانی موجتەمەعی زەوبی ئاسنی ئیسفەهان، ناڕەزایەتی فەرهەنگیانی خانەنشین کراوی شارستانی تاکستان، و سەرکەوتنی کرێکارانی دەرکراوی واگۆن سازی زەرەند لە گەڕانەوە بۆ سەرکارەکانیان، کە لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەبەردەم کارخانەدا تەحەسونیان کرد و هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی ناوچەکەشیان بۆلای خۆیان ڕاکێشابو، ئەم نمونانە بەشێک لە هەواڵەکانی خەبات و تێکۆشانن كه تەنیا لە رۆژەکانی ٢١ و ٢٢ ی مانگی خاکەلێوەدا بهڕێوهچوون و ئەمەش كردهوهیهكی هەموو رۆژەیە. هەواڵی گەیشتو لەنێو زیندانەکانی ڕژیمەوە باس لە خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی لە بەرانبەر گوشار و ئەزیەت و ئازاری زیندان وانان دەکات. بەرز بوونی ورهی خۆڕاگری و ناڕەزایەتی لە زیندانەکانی ڕژیمدا بەردەوام کاردانەوەیەک لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و خەبات لە دەرەوەی زیندانەکاندا بووه.
ئەم ناڕهزایهتییانه لە بارودۆخی توند بوونەوەی ناکۆکی نێوان باڵەکانی ڕژیمدا لە ئارادایە. هێرشەکانی رۆحانی و ڕەفسەنجانی بۆسەر خامنەیی و هێرشی پێچەوانەی ئەو و فەرماندەکانی سپای پاسداران بۆسەر ئەم دووانە، لە ئاستێکی کەم وێنەدا بەردەوام بووە. لەپاڵ ئەم شهڕ و كێشانهدا مێهدی کەروبی، یەکێک لە مێعمارانی ڕژیمی ئیسلامی، کە ئێستا کەوتۆتەبەر غەزەب و لە ماڵەکەیدا زیندانی کراوە، لە نامەیەکی سهرئاواڵهدا روو بە رۆحانی، دەستیداوەتە هێرشێکی بێ وێنە لەدژی خامنەیی. ئەو لە نامەکەیدا سەبارەت بە خامنەیی نووسیەیەتی:
” پشت بەستن بە خۆ مێحوەر بینی، پێگەخوازی و تینوی ڕیاسەت و پەرەدان بە دەسەڵاتی هێندێک لە کهسایەتیەکان، کە پێیان وایە چارەنووسی باقی میلەتانی موسڵمان و وڵاتانی ناوچەکە لە دەستی ئەواندایە، وڵاتیان بە ئانقەست خستە داوی تەحریم و گەمارۆکانەوە. سەرمایە نەتەوەییەکانیان لە لایەکەوە بە تاڵان دا و به حاتەم بەخشی نابوودیان کرد و لە لایەکی دیکەشەوە دستیان خستە گیرفانی خەڵکەوە و هاوکات لەگەڵ هەژاری و ئاوارەیی و دەستکورتی ئەوان، وڵاتیان گەیاندە لێواری هەڵدێر.” ئەو لە شوێنێکی دیکەی نامەکەیدا دەڵی کە خامنەیی گەلێک زیاتر لە حکومەتی پەهلەوەی لە ئەرازل و ئەوباشی وەک شەعبان بێ مۆخەکان لەدژی نەیارانی کەڵکی وەرگرتوە.
توند بوونەوەی کێشمە کێشی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و زیاتر بوونی ناکۆکیەکانی نێوان باڵەکان، ڕیشەی لە ناکامیە سیاسی و ئابووریەکانی ئەم دواییەدایە. سەرجەم کاربەدەستانی حکومەتی و لە سەرەویانەوە کابینەی رۆحانی بەردەوام قەول و بەڵێنیان ئەدا کە دوای ئیمزای تەوافوقی هەستەیی و کەوتنە بواری کردارییەوە، گەلێک سەرمایە و تێکنولۆژی دەڕژێتە ئێرانەوە. بەملیۆن هەلی کار دەرەخسێ. ئاستی ژیان و بەڕێچونی خەڵک بەرز دەبێتەوە. بەڵام لە باغێکی سەوزدا کە دەوڵەتی رۆحانی پیشانی خەڵکی ئەدا، لە کردەوەدا بێجگە لە بیابانێک هیچی تر بەدی ناکرێت و نە تەنیا هیچ نیشانەیەک لە باشتر بونی بارودۆخی ئابووری نابیدرێت بەڵکو بە پێچەوانە نیشانەکانی دژواتر بوونی ژیانی خەڵک، واتە بێکاری و گرانی و حەقدەستی کەمتر، زیاتر ئاشکرا بوون. پێ بە پێی ناکام مانەوە لەم بوارەدا خامنەیی و لایەنگرانی و فەرماندە سەرەکیەکانی سپا هەوڵیاندا خەتای ناکامیەکان بخەنە ئەستۆی دەوڵەتی رۆحانی و لایەنگرانی وەک ڕەفسەنجانی. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ڕیشەی ئەم ناکامیانە، نە لە سیاسەتەکانی باڵێکی دیاریکراودا، بەڵکو لە پێکهاتەی حکومەتی و ئابووری کۆماری ئیسلامیدا و سیاسەتە نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیەکانی ئهم رژیمهدایە. درێژەی دەخاڵەتی نیزامی ڕژیم لە سوریە و بەردەوامی پشتیوانی لە حیز اللە لە لوبنان و حوسیەکان لە یەمەن و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی لێوارەی کەنداو، وێڕای ئەوەی کە ساڵانە بەملیارد دۆلار لە سەروەتی ئەم وڵاتە هەڵدەلوشێ، بۆتە هۆی ئەوەی تا دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی لابردنی هێندێک لە تەحریمەکانی پێشوو وەدوا بخەن، کۆمەڵێک تەحریمی تازەش بەسەر ڕژیمدا بسەپینن و کێشە بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکان بەتایبەت لەگەڵ ناوەندە ماڵیەکان دروست بکەن. لە هەمانحاڵدا دیاردەکانی وەک ئابووری مافیایی دەوڵەتی، ناهاوئاهەنگی ئابووری ئێران لەگەڵ یاساکانی سازمانی توجاڕەتی جیهانی، لاوازبونی ژێرخانی ئابووری، نادیار بوونی چارەنووسی ناکۆکیە نێوخۆییەکان، بوارە بەهێزەکانی بەردەوام بوون و گەشەی خەباتی کریکاری، هەرکام لەمانە بە نۆبەی خۆی بونەتە هۆی ئەوەی کە سەرمایە گوزارانی خاریجی بە پارێزەوە بجوڵێنەوە. لە ڕاستیدا ئەوان تا کاتێک کە لە میزانی پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لە بواری سیاسی و لە ئاڵوگۆڕی جێی سرنجی خۆیان لە ساختاری حکومەتیدا، لە ئەمنیەتی سەرمایەکانیان لە درێژ ماوەدا، دڵنیا نەبنەوە، سفرهی سەرمایەکانیان لە ئێران ڕاناخەن.
رۆحانی ئیدعا دهكات کە ئابووری ئێران دەخاتە سەر ڕەیلی:” بەرهەمهێنان بۆ هەناردە کردن” و ” ئابووری ئێران لە وابەستە بوون بە نەوت ڕزگار دەکات”. لە حاڵیکدا کە بەهۆی زیادەی بەرهەم لە ئابووریە پێشکەوتوەکانی دنیادا، بۆ نمونە لە وڵاتانێكی وەک ژاپۆن نرخی کالاکان بۆ ژێر هەزینەی بەرهەمهێنان دابەزیوە، رۆحانی ئەیەوێ ئابووری شپرزەی ئێران بەرەو تەولید بۆ سادرات بەرێت و مەسەلەن لەگەڵ ئابووری ئەم وڵاتانەدا بکەوێتە ڕقابەتەوە! لە بارودۆخی ئێستادا دروشمێکی لەم جۆرە پڕ زەرق و بەرق، تەنانەت ناتوانێ کەسانی موتەخەسسی نێو کابینە و دەروبەریەکانیشی فریوبدات.
ناکامی ڕژیم لە بەکردەوە دەرهێنانی ئەو وەعدە و بەڵێنانەی کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردودا بەخەڵکی داوە، دەتوانێ ببێتە دەرفەت و بەستێنێک بۆ پەرەسەندنی بزوتنەوە ناڕازەیەتەیەکان. بزوتنەوەی کرێکاری کە لە ئێستادا لە ناوەندی ناڕەزایەتیەکان و هێنانە گۆڕی داواکاری ماف خوازانەدا قەراری گرتوە، دەتوانێ هەنگاوی دواتری خۆی بەرەو رێكخراو بوون و کرداری هاوئاهەنگ بنێت. ئەم تواناییانە دەکرێ ببنە هێزێکی مادی بۆ گۆڕینی باردوخێک كه ئێستا لە ئارادایە.