کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەوەی کە ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا روو دەدات چارەنووسی چاره‌هه‌ڵنه‌گری منداڵان نییە

مناڵانی کار و سه‌ر شه‌قام ئیتر ئه‌مڕۆكه‌ بۆته‌ دیارده‌یه‌كی ئاسایی له‌زۆربه‌ی وڵاتانی دواكه‌وتووی سه‌رمایه‌داری. بوونی سەدان ملیۆن لەم مناڵانە کە لە زومڕەی مه‌زلوم ترین و بێ ماف ترین بەشی کۆمەڵگەن لە گه‌لێك له‌ وڵاتانی دنیادا، پەڵەیەکی شەرمەزاریە بە سه‌ر داوێنی ئەم نیزامە دژی ئینسانیەوە. بەپێی ئاماری هەڵسوڕاوان و ناوەندەکانی دیفاع لە منداڵان، لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی منداڵانی کار و سه‌ر شه‌قام نزیکەی له‌سه‌دا ١٠ی دانیشتووانی ئێران پێكدێنن. به‌واتایه‌كی دیكه‌ ژمارەیان ٨ ملیۆن کەسه‌.ئەم کۆیلە کەم تەمەنانەی نیزامی سه‌رمایه‌داری کە سەربە بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشانن و ته‌مه‌نیان لە نێوان ٥ تا ١٥ ساڵە، هێزی کاری هەرزانی بازاڕی کارن و به‌دڕندانه‌ترین شێوە دەچەوسێنەوە. ئەم ئینسانە پاکە کەم ته‌مه‌نانه‌ کە بە پێچەوانەی گەورەکان تەنانەت توانایی دیفاع لە خۆشیان نییە، دەکەونە بەر لێدانی جەستەیی، هه‌ڵسوكه‌وتی بێ به‌زه‌ییانه‌ و نائینسانی، منداڵ ئازاری و ده‌ستدرێژی سێكسی و تەنانەت کوشتنیش. ئاسەوار و خەسارە جەستەیی و دەرونیەکانی ئەم كرده‌وانه‌ هه‌تا کۆتایی تەمەن به‌سه‌ر ئه‌و نه‌ونه‌مامانه‌دا قوورسایی ده‌كات.570

ئەم منداڵانە لە دۆزەخێک دا کەکۆماری ئیسلامی بۆی خو‌لقاندوون، بۆ مانەوەی خۆیان یا بە مەبەستی یارمەتیدان بە دابین کردنی بژیوی بنەماڵەکانیان ناچارن بەجێگای خوێندن و گەشە و شکۆفا کردنی تواناییەکانیان کە مافی سروشتی هەموو منداڵێکە، خەریکی کاری تاقەت پڕوکێن بن. لە شارەکانی ئێران هەر ساڵە ژمارەیەکی زیاتر لە منداڵانی کار ناچار دەبن دەرس و مەدرەسە بەجێبلێڵن و بۆ دۆزینەوەی کار روو بکەنە بازاڕی کویله‌یی. بینینی ژمارەیەکی زۆر لەم منداڵە بێبەشانە کە لە سەر شەقام و چوارڕاکان، لە بازاڕ و شوێنی قه‌ره‌باڵغ و پڕ لە ترافیکه‌کان و لە گەڕەکەکان، لە هەوڵدان تا بە کارگەلێك وەک بۆیاغچێتی، خاوێن کردنەوەی شوشەی ماشێن، فرۆشتنی دەستماڵ کاغەزی، سیگار، بنێشت، کۆکردنەوەی نانەوردە و ئاسنەواڵە پاره‌یه‌ك بەدەست بێنن بۆ نانێكی مه‌مره‌و مه‌ژی، ویژدانی هەموو ئینسانێک ده‌هه‌ژێنێ. کاری ئه‌و مناڵانه‌ لە کارگا چکۆلەکان و فه‌ڕش چنین و کار لە مەزراکان، رۆح و دەروونی پاکی ئەم منداڵانە شلوێ ده‌کات. بوونی یەک ژەم خواردنی گەرم، سەرپەنایەکی ئەمن و ئاسودە بۆ خەو و ئیمکانی خوێندن و یاری بۆ ئەم زۆرلێکراوە بچوکانە وەک خه‌ونێك، دورە دەست دەنوێنێ. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی ڕژیم بۆ شاردنەوەی ئەم ڕاستیە کە هەژاری و نەداری گەلێک لە بنەماڵەکانی سەرەڕای ویستی دەرونیان ناچار کردوە کە ڕازی بن بە کار کردنی جگەر گۆشەکانیان، لە بۆق و كڕنای سەدا و سیماوە، هەموو ئەم منداڵانە بە بێ سەرپەرست یان سه‌ر شه‌قام دەناسێنێت. هەڵبەت نەفسی بوونی منداڵانی سه‌ر شه‌قامیش لە ئێراندا مایەی شەرمەزاریی ده‌سه‌ڵاتی ئەم وڵاتەیە. دابین کردنی سەرپەنا و ئیمکاناتی ژیان و فیربوون بۆ منداڵانی بێ سەرپەرست ئەرکی سه‌ره‌تایی هەموو دەوڵەتێکە.

لە ئێران کچانی کار و سه‌ر شه‌قام و کارتۆن خەوەکان بەشێک لەم منداڵانە پێکدێنن کە لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەیان زیادی كردوە. بوونی یاسای کۆنەپەرستانە و دژی ژنی کۆماری ئیسلامی و فەرهەنگی پیاومه‌زنی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، گرفت و موسیبەتی ئەم کچانەی دوو قات کردوە و ئەوانی زیاتر خستۆتەبەر هێرشی باندەکانی قاچاغی ئینسان و مادەی هۆشبەرەوە.

کچانی بنەماڵە کەم داهات و هەژارەکان تەنانەت ئەگەر نەشچنە نێو بازاڕی کارەوە، بەهۆی هەژاری و دەستکورتی بنەماڵەکانیانەوە و بەپێچەوانەی مەیلی خۆیان لە تەمەنێکی کەمدا بەشو ئەدرێن. لە پاڵ ئەم بێبەشی و بێ مافیانەدا شوکردنی کچانی کەم تەمەن شەرعی و قانونیە. مادەی ١٠٤١ی یاسای مەدەنی کۆماری ئیسلامی رێگای به‌ ماره كردنی کچان بەرلە گەیشتن بە تەمەنی ١٣ ساڵیش داوه‌. هه‌ڵبه‌ت كۆماری ئیسلامی به‌گیانی ناخێریه‌وه‌ ریفۆرمی له‌ئه‌و یاسایه‌دا كردووه‌ كه‌ رێگا ده‌دا به‌وه‌ی كه‌ كچان له‌ته‌مه‌نی ٩ ساڵیشدا به‌شوو بدرێن! به‌شوودانی ٧٥ منداڵی ته‌مه‌ن ژێر ١٠ ساڵ لە ساڵی ١٣٩١ دا تەنیا لە ئیداره‌ی سەبتی ئەحواڵی تاران و به‌شوودانی ٣١ هەزار کچی کەم تەمەنی ژێر ١٥ ساڵ لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٢ هه‌ر له‌و شاره‌و درێژەی ئەم دستدرێژیە سێكسیه‌ بۆسەر منداڵان لە قانونی کۆماری ئیسلامیدا، بۆە هۆی ئەوە کە خانمی “ناوی پیلای” کومیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رۆژی ١٧ی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ بە ناردنی نامەیەک داوا لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان بکات تا بە لەبەرچاو گرتنی ئەندامیەتی ئێران لە کۆنوانسیۆنە جیهانیەکانی مافەکانی منداڵان و میساقی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی- سیاسی کە لە هەر دوکیاندا به‌شوودانی منداڵانی ژێر تەمەنی گەشە کردن، واته‌ ژێر ١٨ ساڵ قەدەغەیە، لە وتووێژەکانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاگاداری ناڕه‌وابوونی به‌شوودانی كچانی كه‌م ته‌مه‌ن بكه‌ن.

کەم نین ژمارەی ئەو بنەماڵانەی کە تواناو ئیمکانی دابین کردنی ژیانی کچانی کەم تەمەنی خۆیانیان نییە و بە به‌شوو دانیان به‌ کەسانی گەلێک بەتەمن تر لەخۆیان ڕازی دەبن. بەپێی ناوەندی زانیاری رێكخراوی “سەبتی ئەحواڵی” ڕژیم، ساڵانە نزیکەی هەزار و پێنج سەد تا ٢ هەزار کورپە لە دایکانی کەمتر لە ١٥ ساڵ لە ئێران دێنە دنیاوە. ئه‌و بارودۆخه‌ پڕ لە شەرمەزاریه‌ لە زۆربەی وڵاتانی دنیا وه‌ك دەستدرێژی کردنەسەر مندالان ده‌ناسرێ و وەک تاوان بەحیساب دێت، بەڵام ئه‌مڕۆ لە ئێران ئه‌و تاوانه‌ بۆته‌ بابەتێکی قانونی و باوە.

بەشێکی تر لە مناڵانی کار و سه‌ر شه‌قام لە ئێران یان مناڵانی بنەماڵەی كرێكارانی كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رن یان مناڵانی ئەو ژنە ئێرانیانەن کە شوویان بە پیاوانی کۆچبەر و په‌نابه‌ری وڵاتانی دیكه‌ کردوە و مناڵیان لێیان بووە. بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە لە رۆژنامەکانی ئێراندا بڵاو بوونەوە، ژمارەی ئەم مناڵانە دەگاتە یەک ملیۆن کەس. تاوانی ئەم مناڵە بێ تاوانانە تەنیا ئەوەیە کە باوكیان ئێرانی نییه‌. بەم تاوانەش بەپێی قانونی کۆنەپەرستانە و دژە بێگانەی کۆماری ئیسلامی، بوونیان لە ڕوانگەی ڕژیمەوە لە ئێران نایاساییە و بە ڕەسمی ناناسرێن. ئەم مناڵانە تەنانەت خاوەنی پێناسیش نین و لە ئاکامدا لە ئیمکاناتی خوێندن، دەرمان و هەموو جۆرە خزمه‌تگوزاریه‌كی کۆمەڵایەتی و ته‌ندروستی بێبەشن.

ئاشکرایە کە منداڵان خۆیان توانایی گۆڕینی ئەم بارودۆخە سامناكه‌یان نییە و هیچ ئینسانێکی شەریفیش نایەوێ منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە ئاوا بارودۆخێکی فەلاکەتباردا ژیان به‌سه‌ر ببه‌ن. ئەوەی کە ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا روو دەدات چارەنووسی چاره‌هه‌ڵنه‌گری منداڵان نییە. دەکرێ و دەبێ ئەم بارودۆخە بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە و ڕزگار کردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لەم چارەنووسە ڕێگایەک بێجگە لە یەکێتی و خەبات بۆ روخاندنی رژیمێک کە منداڵانی بێ تاوانی ئێمەی بەم جۆرە بێ به‌زه‌ییانه‌ لە مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانیان بێبەش کردوە، وجودی نییە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-