کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێراندا روو ئەدات، چارەنووسی چارهەڵنەگری منداڵانی هه‌ژار نییه‌

ئیسنا، هەواڵنێری خوێندکارانی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا ئەنووسێ: دەوڵەتی رۆحانی دوای ٨ ساڵ ڕاوەستانی چالاکی ” شوڕای باڵای منداڵان”، ئەم ناوەندەی خستۆتەوەکار. بە شێوەیەک کە لە ئێستادا بە ملیۆن منداڵی دەستفرۆش، بارکێش، ئەوانەی زبڵەکان ئەپشکنن، کرێکار، چەرخی و هیتر وەک ” منداڵی کار” لە ئێراندا خەریکی کارن. ئەم ئیعتیڕافەی ئیسنا نیشانەی گۆشەیەک لە ئازارێکی کۆمەڵایەتی قوڵە کە کۆمەڵگەی ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی گیرۆدەیەتی.گرفتی منداڵانی کار و خیابانی لە ئیڕان هەموو رۆژێک ئاستێکی نوێ بە خۆیەوە دەگرێت. بەهۆی پەرەگرتنی هەژاری و توند بوونەوەی بێکاری لەم مانگانەی دواییدا ژمارەی منداڵان لە کارگا چکۆلەکاندا و سەرگردان بە شه‌قامه‌كاندا، بۆ دەستەبەر کردنی داهاتێکی مه‌مره‌ و مه‌ژی، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە. لە دۆزەخێکدا کە ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی لە ئێران بۆ ئەم منداڵانەی بەدی هێناوە، ئەوان بۆ مانەوەیان و یان بە ئامانجی یارمەتیدانی بژیوی بنەماڵەکانیان ناچارن بە جێگای خوێندن و فێربوون و گەشە و شکۆفانەوەیان کە مافی سروشتی هەموو منداڵێکە، خەریکی کاری سەخت و تاقەت پروکێن بن. سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی کار و خیابانی لە ئێران، تا ئێستا ئاماری جۆراو جۆر بڵاو کراوەتەوە. لە کاتێکدا پێشتر ئامارە ڕەسمیەکان باسیان لە بوونی تەنیا دوو ملیۆن و حەوت سەد هەزار منداڵی کار و خیابانی دەکرد ئامارە نا ڕەسمیەکان باس لە بوونی حەوت ملیۆن منداڵی کار و خیابانی لە ئێراندا ده‌كه‌ن.760
منداڵانی کار وێڕای بێبەش بوون لە مافە سەرەتاییە ئینسانیەکانیان، لەبەر مەترسی هەموو جۆرە ئاسیب و توندوتیژیەکی رۆحی، جەستەیی و جنسی دان. بینینی کۆمەڵێکی زۆر لەم منداڵە بێبەشانە کە لە خیابانەکاندا و لەسەر چوار ڕێیانەکان، لە بازاڕ و شوێنەکانی ترافیک و لە گەڕەکەکان، لە هەوڵدان تا بە کاری وەک واکس لێدان، خاوێن کردنەوەی شوشەی ماشێنەکان، فرۆشتنی دەستماڵ کاغەزی، سیگار، بنێشت، کۆکردنەوەی وردەنان و ئاسنەواڵە پارەیەک بەدەست بێنن بۆ ئەوەی لەبرسان نەمرن، ویژدانی هەر ئینسانێک ئازار ئەدات.

بەشێکی بەرین لە منداڵانی کار لە ئێران لە کارگاکانی بەرهەمهێنان، کورەخانە و مەزاراکاندا خەریکی کارن. کار کردن لە قاڵیبافیەکاندا، لە کارگا چکۆلەکان و کار لە مەزراکاندا جەستە و رۆحی ناسکی منداڵان دەژاکێنێ. بوونی ژەمێک خواردنی گەرم، سەرپەنایەکی ئەمن و ئاسودە بۆ خەوتن و ئیمکانی خوێندن و یاری کردن بۆ ئەم زۆرلێکراوە چکۆلانە بۆتە خەون و خەیاڵ.

نیزامی سەرمایەداری هۆکاری سەرەکی بەرهەمهێنانی منداڵانی کارە، هێزی کاری منداڵان هەرزانە. ئەوان ناتوانن داکۆکی لە مافەکانی خۆیان بکەن، ناچارەن موتیع و تەسلیم و کەم تەوەقوعبن. ئەم منداڵانە زیاتر لە شوێنە نا ئەمنەکاندا دەخرێنە بەرکار و بە شێوەی رێژه‌یی زۆر ترین روداوی کاری تەحەمول دەکەن. بێبەش بوون لە دەورانی منداڵی و گەشە و هەڵدانی سروشتی، بێبەش بوون لە خوێندن، بێبەش بوون لە بێهداشت و دەرمانی کافی و گونجاو لە پاڵ روداوی کاریدا لە لانیکەمی ئەو موسیبەتانەن کە بەسەر منداڵانی کاردا دێن. بە هۆی ئەوەیکە بەشێک لە منداڵانی کار، ” منداڵانی خیابانی”ن، بەردەوام دەکەونەبەر مەترسی سوئیستیفادەی جنسی و بەکار هێنانیان لە گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکاندا. نە تەنیا قاچاقچیانی مادەی هۆشبەر سوئیستیفادە لەم منداڵانە دەکەن، بەڵکو سپای پاسداران و هێزە ئینتیزامیەکانیش لەم مەیدانەدا چالاکن. سپای پاسداران هەموو ساڵێک لە وەرزی هاویندا دەیان منداڵ لەژێر ناوی بەسیجی لە پرۆژە جۆراو جۆرەکانیدا بەکار دێنێ. منداڵانی ئەفغانستانی لەم بارەیەوە بارودۆخێکی گەلێک دژوار تریان هەیە. ئەوان نە تەنیا وەک منداڵی کار بە توندی دەچەوسێنەوە، وەک ئەفغانیش دەکەونە بەر مەترسی ستەمکاری و هەڵاواردن لە لایەن خاوەنکاران و شوینیزمی ئێرانیەوە. کۆماری ئیسلامی وەک خاوەنکار زۆرترین ئیستیفادەی لە هێزی منداڵان و لەوانە لە منداڵانی ئەفغانستانی کردوە، بەڵام وەک دەوڵەتیش لە منداڵان لە بەسیج و هێزە چەکدارەکاندا کەڵکی وەرگرتوە و کەڵک وەردەگرێت.

نابێ مندڵان لە خویندن بێبەش بکرێن. ژیان و ڕێفاهی منداڵان، سەربەخۆ لە بارودۆخی بنەماڵەیی، پێویستە لە لایەن دەوڵەتەوە زەمانەت بکرێت. ئەرکی دەوڵەتە ستانداردێکی وەک یەک لە ڕیفاه و ئیمکانای گەشەی مادی و مەعنەوی منداڵان و تازەلاوان لە بانترین ئاستی مومکیندا تەزمین بکات. کۆمەک هەزینەی پێویست و دانی خزمەتگوزاری بەخۆرایی پزیشکی و ئاموزشی و فەرهەنگی بۆ تەزمینی ئیستانداردی ژیانی منداڵان و تازە لاوان سەربەخۆ لە بارودۆخی بنەماڵەییان دەبێ پەرداخت بکرێت و ئەمری ئاموزش و پەروەرشی بەخۆڕایی و ئیجباری تا تەمەنی ١٨ ساڵی دابین بکرێت. نابێ بێڵن کە جسم و رۆحی منداڵان لەژێر باری کاری حیرفەییدا بپروکێت.

ئاشکرایە کە منداڵان خۆیان توانایی گۆڕینی ئەم بارودۆخە وەحشەتناکەیان نییە و هیچ ئینسانێکی شەریف نایەوێ منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە ئاوا بارودۆخێکی فەلاکەتباردا ببینێ و خوازیاری گٶڕانی نەبێت. ئەوەی کە ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا روو ئەدات چارەنووسی چار گەڵنەگری منداڵان نییە. ئەم بارودۆخە دەکرێ و دەبێ بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە و ڕزگار کردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لەم بارودۆخە ڕێگایەک نییە بێجگە لە دەستدانە دەستی یەکتر و تێکۆشان لەدژی ڕژیمێک، لەدژی نیزامێک و مناسباتێک کە منداڵانی بێتاوانی ئێمەی بەم شێوەیە بێ ڕەحمانە لە مافە سەرەتایی و بنەڕەتیەکانیان بێبەش کردوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-