چەند ڕۆژ زیاتر بۆ ئهوهڵی مانگی مهی ڕۆژی هاوپشتی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستی کرێکارانی جیهان نەماوە. ڕێوڕهسم و ئاکسیونەکانی ڕیزگرتن لە ئەوەڵی مانگی مەی لە ئێران لە ماوەی زیاتر ٣ دەیەی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر بریسکەی سەرنێزەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، بەڕێوەچوون. ئەگەر لە لایەکەوە ناوەند و ڕێكخراوه دژی کرێکارییەکانی سەربە ڕژیم هەوڵیانداوە بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە فەرمایشییەکان ئەوەڵی مانگی مەی لە ناوەرۆکە چینایەتیەکەی بەتاڵ بکەن و کرێکاران بکەنە هێزی زەخیرەی شەڕ و کێشەی نێوان باڵەکانی حکومەتی، لە لایەکی دیکەوە هێزی ئینتیزامی و پۆلیس و یەگانی تایبەتی دژی شۆڕشی ڕژیم بە هێرش کردنە سەر کۆبوونەوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و ڕەچاو کردنی توندووتیژی لەدژی ڕێكخراوه سەربەخۆ کرێکارییەکان، هەوڵیان داوە لە هەر بارودۆخێکدا تەنانەت لە گەمارۆی پۆلیس و پاسدارانیشدا، ڕیز لەم رۆژە بگرن.
ئەمساڵ بە لەبەرچاو گرتنی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی خەباتی ماف خوازانەی کرێکاران و ئەو سەحنە پڕ شورانە لە هاوپشتی چینایەتی و ناوەندە کرێکارییەکانی ئێران لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی داخوازییەکانیان لە خۆیان نیشانداوە، پێشبینی دەکرێت کە کرێکارانی ئێران لە حاڵ و هەوایەکی نوێدا ڕێوڕهسمهکانی ئەوەڵی مانگی مەی بەڕێوەبەرن. ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت کە کرێکارانی کۆمۆنیست و هەڵسوڕاوانی کرێکاری بە پشت بەستن بە ئەزمونی ڕابردوویان و بە پشت بەستن بەو ڕێكخراوه کرێکاریانەی بوونیان هەیە و هەروەها لەژێر کاریگەری حەڕەکەت و جموجوڵی هاوچینەکانیان لە سەرتاسەری جیهاندا، بە ئامادەیی پێویستەوە بێنە مەیدان و ئهوهڵی مانگی مهیی ئەمساڵ بە شکۆیەکی زیاتر لە ساڵانی پێشو بەڕێوەبەرن. وەها چاوەڕوانیەک بە سرنجدان به ڕووحییهی خەباتکارانەی کرێکاران و وێڕای بوون و حوزوری هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کارزانی کرێکاری، و پێشینەی بەڕێوەچوونی وەها ڕۆژێک لەم ساڵانەی دواییدا، چاوەڕوانیەکی نا واقعی نییە.
لە ئێرانێکدا کە کرێکاران زۆر بێ ماف ترن لە هاوچینەکانیان لە زۆربهی وڵاتانی جینهادا و بە شێوەی یاسایی و بە ڕەسمی لە مافی مانگرتن و ڕێکخراو بێبەشن، بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمهکانی ئهوهڵی مانگی مهی لە ئاستێکی بەریندا، زەمینە و بەستێنی یەکێتیی و ڕێكخراوی کرێکاری و چینایەتی خۆشتر دەکات و بەرەی کار لەدژی سەرمایە بەهێز دەکات. ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ لەسەر ناوەرۆکی درێژەی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران و لەسەر ناوەرۆکی ناڕەزایەتی گشتی و پەرەگرتنی خەباتی کرێکاران لە دژی بێکاری، هەژاری و فەلاکەتێک کە بەسەریاندا سهپاوه و لەسەر ناوەرۆکی داماوی باڵە جۆراو جۆرە حکومەتییەکان بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە کارەساتبارە، بە کرێکارانی ئێران حوکم دەکات کە یەکگرتوتر لە هەموو کاتێکی دیكه، هاوپشتی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستی خۆیان پیشان بدەن.
بزوتنەوەی کرێکاری لەم ڕۆژانەدا نەک تهنها دەبێ ئاڵای داواکاریە هەنوکەییەکانی بەرز بکاتەوە، بەڵکوو پێویستە زەرفییەت و تواناییەکانی بۆ ڕێبەری کردنی خەباتی ئازادی خوازنەی خەڵکی ئێرانیش پێشان بدات. چینی کرێکار لەم ڕۆژانەدا بە نەخشاندنی درووشمی ئازادی و یەکسانی، بەرابەری ژن و پیاو و ڕزگاری ژنان لە قەیدی ستەمکێشی، ڕزگار بوونی نەتەوەکان و مەزهەبەکان لە کۆت و بەندی ستەمگەری، جیایی دین لە دەوڵەت هەنگاوێکی گەورە لە ڕێگای پێوەندی و هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرەو پێشەوە هەڵبگرێت.
ئەم ڕۆژانە، ڕۆژی ناڕەزایەتی بە لە زینداندا ڕاگرتنی ڕێبەران و چالاکانی کرێکاری و ڕۆژی خەبات بۆ ئازادی خێرای سەرجەم بهندكراوانی سیاسییە. ئەم ڕۆژە، ڕۆژی خەباتە لەدژی هەقدەستی لەژێر هێڵی هەژاریدا و بۆ زیاد کرانی هەقدەستی گونجاو لەگەڵ هێڵی ڕیفاه و دابین کردنی ژیانێکی مرۆیی، ئەمرۆ ڕۆژی خەباتە بۆ ئازادی پێکهێنانی ڕێكخراو و مانگرتن، ڕۆژی تێکۆشانە لەدژی بێکاری و بێکارسازیەکان، و ڕۆژی خەباتە بۆ دابین بوونی بیمەی بێکاری کافی بۆ گشت بێکاران و سەرجەم کەسانی ئامادەی کار؛ ئەم ڕۆژە ڕۆژی تێکۆشانە لەدژی وێران بوونی ژینگە و ڕۆژی مەحکومیەتی کاری منداڵان و دیفاع لە مافی منداڵانە؛ ئەم ڕۆژە ڕۆژی دەرکردنی ئەو بڕیارنامهیه کە دەربڕی سەرجەم داخوازی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و خۆشبژیوی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان و منداڵانن. هەروەها کرێکاران لە ڕۆژی ١١ی مانگی گوڵان، ڕۆژی جیهانی کرێکاردا پێویستە بە دەنگی بەرز ڕابگەیەنێ لەوێوە کە هیچ یەک لە داخوازییە ئابووری و سیاسییەکانی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتوی ئێران کە ساڵانێک خەباتیان بۆ کردوە لەژێر حاکمیەتی هیچکام لە باڵە حکومەتیەکاندا دەستەبەر نابێت، لە شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیمدا بەشداری ناکەن.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمه سەربەخۆ کرێکارییەکان لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا، لە نمایشاتی فەرمایشی خانەی کارگەر و باقی ناوەندە دژی کرێکارییەکانی ڕژیم ئەرکێکی گرنگی چینی کرێکارە. گومانی تێدا نییە کە هەڵسوڕاوان و سازماندەران لە شوێنەکان خۆیان تەشخیسی دەدەن کە چلۆن ئەم ڕیزە چینایەتی و کۆبونەوە سەربەخۆیانە بەڕێوەئەبەن. بەڵام باشترین و کاریگەر ترین ڕێوهڕهسمهکان، ڕێوڕهسمی چڕ و ڕێکخراو و بەرینە لە ناوەندی قەرەباڵغی شارەکاندا. ئەو ڕێوڕهسمانهی کە یەکێتیی کرداری لایهن و ڕێكخراوه جۆراوجۆرە کرێکارییەکانی سەرەڕای هەر ناکۆکیەک کە بە یەکەوە هەیانە، تێیدا ببیندرێت و خسڵەتی سەرتاسەری و مۆری هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێوڕهسمی باقی شارەکانی، پێوەبێت. لهڕاستیدا ئەم جۆرە ڕێوڕهسمانه بەڕێوەناچن؛ مەگەر بە بەشداری بەرین و گهرم و گوڕی توێژێکی بەرین لە کرێکاران و بنەماڵەکانیان و پێشەنگایەتی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی پێشڕەو و هاوڕێیەتی ئەو ئینسانە شەریفانەی کە دژی چەوسانەوە و بەهرەکێشین هیوایان بەرابەری ئینسانەکانە. لەم ڕۆژانەدا پێویستە ژنانی تێکۆشەر، مۆعەلیمان، پەرستاران، خوێندکاران و لاوانی سۆسیالیست، چالاکانی پارێزەری ژینگە و ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان، ئامادەبن تا لە پێوەند لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریدا و بە پشتگیری کردن لێی و بە پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاری بەخشی کرێکاران، لەم مەراسمانەدا حوزوریان هەبێت.
با بچین بە پیر بەڕێوەچوونی هەرچی شکۆدارتری ڕێوڕهسمهکانی ئهوهڵی مانگی مهی یهوه و لەم ڕێوڕهسمانهدا بە دەرکردنی کەیفەر خاستی هاوبەشمان لەدژی سەرمایە، بە سەرمایەداران و ڕژیمی ئیسلامی پشتیوانیان بڵێین کە: هیچ واده و بەڵێنێک و ئەمڕۆ بۆ سبەیەک قەبوڵ ناکەین. ڕایبگەیەنین کە ئەمساڵ بە خەباتێکی ڕێکخراو تر و سازماندراو تر و بە کەڵک وەرگرتن لە گەلێک شێوازی کاریگەر تر دەست پێدەکەین.