کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەوانەی کە خەڵک لە شۆڕش ئەترسێنن

بەم دواییانە ١٥ کەس لە هەڵسوڕاوانی سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، کە هەرکامەیان یان پێشینەی کاریان لە ئۆرگانە حکومەتیەکاندا هەیە و یان دەکرێ بوترێت کە لەباری سیاسیەوە لە باشترین حاڵەتدا سەربە تەیفی ئیسلاح خوازانی حکومەتین. بە بڵاو کردنەوەی بانگەوازێک داخوازی بەڕێوەچوونی گشت پرسی لەژێر چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیان، بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی داهاتوی کۆماری ئیسلامیان هێناوەتە گۆڕێ. چەند رۆژ لەوەپێش بەرلەوان روحانیش لە سوخەنڕانیەکیدا بە بۆنەی ساڵیادی روخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران، باسی لە ڕیفڕاندۆم، وەک یەکێک لەو مادانەی کە لە قانونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیشدا بوونی هەیە، کردبوو.

هێنانە گۆڕی وەها بابەتێک هەڵبەت تازە نییە، لەبیرمان نەچێتەوە کە لەوەپێشیش لە جەریانی وتووێژی هەستەییدا، بەشێک لە ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێران، نە تەنیا خوازیاری وتووێژی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئێران و ئەمریکا بوون، بەڵکو خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد بوون تا بە بۆچوونی ئەوان دوڵەتی بەناو پێکهاتو لەم ” هەڵبژاردنە ئازادە”، بە مەشروعیەتی زیاترەوە دەست بکات بە وتووێژ. ئەم داخوازیە هەم لە لایەن سیما ناسراوەکانی ڕیفۆڕم خوازان لە نێوخۆ و هەم گوروپەکانی وەک فیداییانی ئەکسەریەتەوە وەک باڵی چەپی ئوپوزسیۆنی بورژوایی لە دەرەوە هاتە گۆڕێ. چ داخوازی هەڵبژاردنی ئازادی ئەو کات و چ گشت پرسی تەرح کراو لەم رۆژانەی دواییدا، کە خۆی لە دەربڕینی ” تێپەڕینی ئاشتیانە لە نیزامی ئیسلامی”، دا دەردەخات، هیچ شتێک نییە بێجگە لە هەوڵدان بۆ داخستنی ڕێگای شۆڕش بەرووی خەڵکێکدا کە لە حاکمیەتی ئەم ڕژیمە وەگیان هاتوون. تەڕاحانی ئەم دروشمانە خۆیان باشتر لە هەر کەسێکی تر دەزانن کە ئەو حاکمانەی کە دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیان بە دەستەوەیە، لە هیچ بارودۆخێکدا ڕازی نابن ئەم یارییە به‌ڕێوه‌بچێت و بەم شێوازانە دەسەڵات بەرنادەن. بەڵام بە ئاگادار بوون لەم ڕاستیە، هیوادارن ڕەنگە بە وەها گەڵاڵە گەلێک بتوانن خەڵکی وەگیان هاتوو لە دەست بردن بۆ شۆڕش و تێکشکاندنی بناغەکانی ئەم ڕژیمە سارد بکەنەوە.

دەبێ پرسیار بکرێت مەگەر لە رۆژەکانی ڕاپەڕینی مانگی به‌فرانباردا، خەڵک بەشێوەی ئاشتیانە نە ڕژابوونە سەر شەقامەکان، کێ ئەوانی سەرکوت کرد؟ کێ بە هەزاران کەسی لەوان زیندانی کرد و کێ ژمارەیەکیانی لە زینداندا لەژێر ئەشکەنجەدا کوشت؟ کێ مانگرتن و ناڕەزایەتی ئاشتیانەی کرێکاران ئەداتەبەر هێرش و زەبروزەنگ؟ چ دادگایەک حوکمی شێڵاق بۆ ئەو کرێکارانەی کە داوای سەرەتایی ترین مافەکانیان دەکەن دەر دەکات؟ چۆن دەکرێ پێت وابێ ئەوانەی کە لە پرۆسەیەکی نزیک بە چوار دەیەدا هەموو ئەهرومەکانی ئابووری و سیاسی ئەم کۆمەڵگایەیان لە ئیختیاردا بووە، ئەوانەی کە بە بەرەکەتی جێگیر بوون لە ئاستی سەرەوەی نیزامدا، مافیایەکی گەورەی ئابوورییان بەدی هێناوە، ئەوانەی کە دەستیان بە خوێنی هەزاران کەس لە کومونیستەکان و ئازادی خوازانی ئەم کۆمەڵگایە سورە و بە کورتی ئەوانەی کە بە تاوانی جەنایەت لەدژی بەشەریەت لە سبەی رۆژی روخانیان دادگایی دەکرێن، دڵخوازانە ڕازی بە بەڕێوەچوونی گشت پرسیەک دەبن کە ئامانجی دیاری کردنی شێواز و جۆری حکومەتی داهاتوی ئێران بێ؟

روحانی ئامانجی لە ڕیفڕاندۆم ” ڕاپرسی لە خەڵک بوو سەبارەت بە ناکۆکی هەردوو باڵی” حاکمیەت. بەڵام هەر لەم ئاستەشدا بینیمان کە لایەنی بەرانبەر بە خێرایی کاردانەوەی نیشاندا و هەڕەشەی لێکرد کە دادگایی دەکات. ئەم هەڕەشەیە واتایەکی بێجگە لەوە نییە کە باڵی ڕەقیب تەنانەت ئیمکانی دەخاڵەتی خەڵک لە ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو باڵی نێو حاکمیەتیش بە هەڕەشە بۆسەر خۆی دەبینێ، چبگات بە گشت پرسی بۆ لادانی ئاشتیانەیان.

ئەو کەسانەی ئەم بەیانیەیان ئامادە کردوە گۆیا تازە لە خەو هەستاون و باس لە ” تەجروبەی چل ساڵەی ئیسلاح پەزیر نەبوونی نیزامی کۆماری ئیسلامی” دێننە گۆڕێ. لەبیرمان نەچێت کە هێندێک لە واژۆکارانی ئەم بەیانیە بونیانگوزارانی سپای پاسداران ئۆرگانی سەرکوتی ئەم نیزامە و مافیای ئابووری مەوجود، دواتر لە زومرەی ئیسلاح خوازانی حکومەتی بوون. هێندێکیان لە داکۆکیکارانی سەرسەختی ئیسلامێکن کە گۆیا شان و شکۆ و کەرامەرتی ئینسان دەپارێزن و هێندێکیان لە دیفاع لە شەریعەتی ئیسلامێک کە گۆیا هیچ ناکۆکیەکی لەگەڵ مافەکانی ژنان نەبوو، بەرۆکیان دائەدڕی.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە حیکمەتی تەرحی ئەم دروشمە لەم قۆناغەدا دەبێ لە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەهێزدا بۆی بگەڕێی کە لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لە شەقامەکاندا کەوتە ڕێ. لەو هاواری :” مەرگ بۆ دیکتاتۆڕ، مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بەر روحانی”، ” ئیسلاح تەڵەب، ئوسولگەرا، ئیتر تەواو بوو مەجرا”، بۆنی شۆڕش گەیشتە بەر لوتیان. گوروپی واژۆکارانی ئەم بەیانیە، لە بارودۆخێکدا کە جەماوەری بەرینی برسیەکان دەستیان داوەتە شۆڕش و خوازیاری نان و ئازادی بوون، دەست بەکار بوون و خەڵک لە شۆڕش ئەترسێنن. ئەوان هەوڵ ئەدەن تا بە خەیاڵی خۆیان ڕێگایەکی میانبڕ بۆ گۆڕێنی دۆخی ئێستا پیشان بدەن.

ئەوانەی ئەم بەیانیەیان مۆر کردوە پوتانسیەلی تەقینەوەی مەجود لە کۆمەڵگایاندا لەم رۆژە پڕ شۆرانەی مانگی بەفرانباردا بینی. ئەوان دەزانن کە نیزامی حاکم لە بونبەستێکی ئابووری و سیاسیدا گیری خواردوە و دیمەنگای شۆڕشی داهاتوو لە ئاسۆدا دەرکەوتوە. ئەوان بە دروستی تەشخیسیان داوە و مەترسی شۆڕش کە هەڵبەت ئەوان خوازیاری نین، هەست پێدەکەن. ئەگەر زەمانێک بە تەرجیح بەندی” هەڵبژاردنی ئازد”، دەهاتنە مەیدان، ئێستا کە ئیتر ئەم شگردە کارایی خۆی لە دەست داوە، بە دروشمی گشت پرسی دەیانەوێ بۆ بەرگرتن لە ڕوودانی شۆڕشی داهاتوو دەور بگێڕن. لە جەریانی ئەم فریودانی گشتیەدا دەبێ خەڵک بڕوا بکەن کە گۆیا دەکرێ داوا لە سەرکوتگەرانی خەڵک بکرێت بە شێوەی ئاشتیانە دەست لە دەسەڵات بەردەن. سەرجەم باڵەکانی بۆرژوازی ئێران لە بابەتێکدا شەریکن و ئەویش لە ڕاستیدا ترساندنی خەڵکە لە شۆڕش، بەم جیاوازیەوە کە، بۆرژوازی شۆڕشەکانی لە هەموو جێگایەکی دنیادا ساڵانە جێژن دەگرێت، بەڵام هه‌موویان لە شۆڕشێک ئەترسن کە سەرجەم ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی چینایەتیان تێکوپێک ئەدات.

خەڵک دەبێ خۆیان لە شەڕی ئەم نیزامە و ئاڵترناتیوە بۆرژواییەکانی ڕزگار بکەن. ئەمەش تەنیا بە هاتنە مەیدانی چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ، بە هاتنە مەیدانی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان و بە هاتنە مەیدانی خەڵکی وشیار و ئاگادار بە بەرژەوەندیەکانی ئیمکانی هەیە و دەستەبەر دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-