کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەمنییەتی ژیانی خەڵک بەبێ ڕزگاربوون لە دەست کۆماری ئیسلامی دابین نابێت

3368105

تەیمور حوسێنی، بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی فەراجا، بە بۆنەی حەوتی گوڵان ڕۆژی گواستنەوە ڕایگەیاند: “ساڵی ڕابردوو، نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەست داوە. ئەم ئامارە نیشانی دەدات کە لە بواری کەمکردنەوەی ڕووداو و کوژراوانی ڕێگاوبان، لەگەڵ کێشەی جدی بەرەوڕوو بووینەتەوە.”

واقیعییەت ئەوەیە کە ڕووداوەکانی ڕێگاوبان یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی ئەمنییەت لە ئێران. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی پزیشکی دادی ئێران، ساڵانە بە گشتی زیاتر لە بیست هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکانی ڕێگاوبانەوە گیانیان لەدەست دەدەن. ئامارە جیهانییەکان نیشان دەدەن کە ڕێژەی مردن بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە بەبەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان و ئۆتۆمبێل لە ئێران نزیکەی ١٤ هێندە زیاترە لە وڵاتی سوئێد و ١٠ هێندەش لە وڵاتی ئاڵمان زیاترە. زۆرترین هۆکاری مردن لە نێوان گەنجانی ١٥ بۆ ٣٠ ساڵدا، ڕووداوەکانی هاتوچۆ ڕاگەیاندراون.

ڕێگاکانی نێوانشار، بەتایبەت ڕێگا قەرەباڵغەکانی وەک ڕێگای قومتاران یان ڕێگای هەراز، بوونەتە ناوەندی سەرەکی ئەم ڕووداوانە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئێران لە ڕووی ڕێژەی مردن بەهۆی ڕووداوەکانی ڕێگاوبان، لە بەرزترین پلەی جیهانیدایە.ئەم هەڵسەنگاندنە ئامارییە نیشان دەدات کە کارەساتە مرۆییەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، تەنها خۆی لە بەربڵاوی جینایەتە بەردەوامەکانی حکوومەتدا نابینێتەوە. بەڵکوو گەلێک ڕووداو و کارەساتی پێشبینیکراو و شیاوی پێشگیریش لە بۆسەدان تاکوو گیانی مرۆڤەکان بستێنن. کۆماری ئیسلامی تەنها بەهۆی ژمارەی لەسێدارەدانی زیندانیانی بێ دیفاع نییە کە خاوەنی پلەی یەکەمە لە جیهاندا، ئەم ڕژێمە شوێنی کار و ژیانی سروشتیی کرێکاران و زەحمەتکێشانیشی کردووە بە  قەتڵگا. هەر کات دەکرێت شایەتی ڕووداوێکی دڵتەزێن، ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو و کارەساتێکی مرۆیی بین.

کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای جینایەتە بەردەوامەکانی، هێندە بەرانبەر بە تەندروستی ژینگەی هاوڵاتیان نابەرپرسیار و ئەمنییەتی شوێنی کار و ژیانی خەڵک و بەتایبەت کرێکارانی هێندە تێکداوە کە هەر گۆشەیەکی شوێنی کار و ژیانی خەڵک بووەتە بەستێنێکی لەبار بۆ ڕوودانی هەر ڕووداو و کارەساتێکی تاڵ و دڵتەزێن. پەرەسەندنی ڕووداوەکانی ڕێگاوبان لە ئێران، هۆکاری زۆری هەیە کە لە هەموویاندا شوێن پێی ڕژێمی دەسەڵاتدار و سیاسەتەکانی بەرچاوە: لە دروستکردنی زۆربەی ڕێگاکانی ئێراندا سەرەتاییترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ڕەچاو نەکراون. بۆ نموونە، نەبوونی هێڵی جیاکەرەوەی نێوان ڕێگای ڕۆیشتن و گەڕانەوە لە ڕێگا دوولایەنەکاندا. نەخشەی ئەندازیاری نەکراوی خاڵە یەکتربڕ و پێچە توندەکان و هەروەها نەبوونی ڕووناکی پێویست لە ڕێگاکانی شەوانە، ئەمانە لە پاڵ ئۆتۆمبێلە نائەمنەکانی بەرهەمی ناوخۆ یان ئۆتۆمبێلە کۆنەکانی بەرهەمی دەرەوە، یەکێکن لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران. گەندەڵی لە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، هەندێک شۆفێر بەبێ ڕاهاتن و تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەی پراکتیکی پێویست، لە ڕێگای بەرتیل و ڕاسپاردە و واستەوە، مۆڵەت وەردەگرن. نەبوونی کامێراکانی خێرایی لە زۆربەی ڕێگاکاندا.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ڕێگاکانی ئێران بەهۆی بێتوانایی و نالێهاتوویی بەرپرسانی ڕژێم لە بواری بەڕێوەبردنی هاتوچۆی ناوشار و دەرەوەی شار، لە زومرەی مەترسیدارترین ڕێگاکانی جیهانن. لەناو شارەکاندا گەلێک ڕووداو بەهۆی نەبوونی پرد و تونێلەکانی تێپەڕبوونی پیادە و لە زۆر شوێندا بەهۆی کەمی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانی وەک چرای هاتوچۆ، هێڵکێشی شەقامەکان، تابلۆی هێماکانی لێخوڕین و هتد، ڕوویانداوە کە بە ئاسانی دەکرا پێشگیرییان لێ بکرێت. ئاماری مردن لە ئێران بە زۆر هۆکار، بووەتە دیاردەیەکی سەرسوڕهێنەر. مردن بەهۆی پیسبوونی هەوا، مردن بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، هەر تاوناتاوێک تەقینەوەی کارەساتبار، مردن بەهۆی کارەساتە سروشتییەکان و مردنی منداڵان بەهۆی کێشەی دەرمان و خۆراک. ئەم بابەتانە ئەوەندە دووبارە بوونەتەوە کە وەک بڵێی خەڵک بە دووبارەبوونەوەیان ڕاهاتوون. لەم نێوانەدا ئاماری زۆری مردن بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە لە هەمووی دڵتەزێن ترە.

دۆزینەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکانی مردنی مرۆڤەکان بە هەر هۆیەک و لەوانەش بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، بەبێ لێکۆڵینەوە لە سروشتی سیستەمی حکوومەت و سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی و ئیرادەی سیاسی ئەو کۆمەڵگایە مومکین نییە. ڕاستە کەس ناتوانێت بە وردی کاتی ڕوودانی بوومەلەرزە و هەندێک لە بەڵا سروشتییەکان دیاری بکات، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی بەرپرسیارانە لە ئارادا بێ و سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی، لە گەندەڵی کارگێڕی و دارایی تێوە نەگلابێت، تەنانەت دەتوانرێت ئاستی کارەساتەکان بەهۆی بەڵا سروشتییەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر کەم بکرێنەوە. لە دەزگای کارگێڕی گەندەڵ و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامیدا، لە بنەڕەتدا نە پلانێک بۆ خۆپاراستن لە ڕوودانی ڕووداوەکان بوونی هەیە و نە سیستەمی کارگێڕی ناکارامە و گەندەڵی کۆماری سەرمایەداری ئیسلامی، توانایی جێبەجێکردنی پلانی کارناسانەی هەیە. تەنانەت ئەگەر پلانێکیشیان هەبێت، لە بنەڕەتدا بیانوویەکە بۆ خراپ بەکارهێنانی دارایی و تاڵان و بڕۆ. حکوومەتی ئیسلامی کە سامان و داهاتی خەڵک، بۆ سەرکوت لە ناوخۆ و تیرۆریزم لە دەرەوە بەکاردەهێنێت، ئەوەی بۆی گرنگ نییە، بریتییە لە تەندروستی و ئەمنییەتی خەڵک. دابینکردنی ئەمنییەتی ژیانی خەڵک، بە بێ ڕزگاربوون لە دەستی ئەم ڕژێمە مومکین نابێت.