بەشوێن شەپۆلی ناڕەزایەتیە جەماوەریە سەرتاسەریەکان لەدژی” عەبدولعەزیز بوتەفلیقە” سەرۆک کۆماری ئەلجەزایر کە لە ٥ حەفتە لەوە پێشەوە دەستی پێکردوە،” ئەحمەد قاعد سەلاح” فەرماندەی گشتی ئەڕتەشی ئەلجەزایر رۆژی سێ شەممە ٢٦ ی مانگی مارس، لە بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنیدا خوازیاری ئەوە بوو کە سەرۆک کۆمار بە هۆی بێتواناییەوە لە پۆستەکەی وەلا بندرێت. ناڕەزایەتیەکان کاتێک دەستیان پێکرد کە بوتەفلیقەی ٨٢ ساڵە بۆ پێنجەمین جار وەک کاندید لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا ناو نووسی کرد. کشانەوەی لە کاندید بوونیشی یارمەتی دەری هێور بوونەوەی ناڕەزایەتیەکان نەبوو و ناڕازانیان خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەین. بوتەفلیقە، ٢٠ ساڵە سەرۆک کۆماری ئەلجەزایرە و لە ساڵی ٢٠١٣ سەکتەی کردوە و لەو کاتەوە زۆر بەکەمی لەبەر چاوی خەڵک خۆی دەرخستوە و نزیک بە ٧ ساڵ بەسەر ئاخرین سوخەنڕانیدا تێپەڕ دەبێت. رۆژێک دوای قسەکانی فەرماندەی گشتی ئەڕتەشی ئەلجەزایر،” ئەحمەد ئەویحیی” سەرۆک وەزیرانی پێشو و دەبیری گشتی حیزبی” ئیجماعی میللی بۆ دیموکراسی”ش خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی بوتەفلیقە بوە و ڕایگەیاند سەرۆک کۆمار دەتوانێ” قۆناغی تێپەڕ بوون” هاسان تر بکات.
ئەم ئاڵوگۆڕانە لە سەحنەی سیاسی ئەلجەزایردا و هەواڵەکانی پێوەندیدار بە وتووێژی پشتی پەردە بۆ دیاری کردنی داهاتووی ئەم وڵاتە لەژێر سەرپەرستی ئەخزەر ئیبڕاهیمی دیپلۆماتی ئەلجەزایریدا کە لە ئێستادا نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانە بۆ کاروباری سوریە، سەرجەم نیشانەکان ئەوە نیشان ئەدەن کە هەوڵێکی بەرین بۆ دەستاو دەست کردنی دەسەڵات لەسەرەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاخێزە جەماوەریەکان و پاراستنی مناسباتی سەرمایەداری لە ئارادایە.
ئەمجار ئاخێزە جەماوەریەکان لە ئەلجەزایر لە ١٥ ی مانگی فێوریەوە لە وەرزشگاکانەوە دەستیان پێکرد. لە یەکەم جومعەی دوای ڕاگەیەندرانی نامزەدی” عەبدولعەزیز بوتەفلیقە”وە، لایەنگرانی دوو تیمی فوتباڵ هاودەنگ بوون و دروشمەکانی:” نا بۆ پێنجەمین دەورە، نا بۆ بوتەفلیقە و براکەی سەعید”، ” نا بۆ گەندەڵی” و ” ئەلجەزایر ئاڵوگۆڕی دەوێ” یان هاوار دەکرد. دواتر ئەم دروشمانە لە لایەن بە هەزاران کەسەوە لە خەڵکی ئەلجەزایر لە سەرتاسەری وڵاتدا وترانەوە. یەک حەفتە دواتر لە کاتی مسابەقەی فوتباڵدا، لەسەر بانگەوازێكی بێ ناو و نیشانی بڵاوکراوە لە فەیسبوک و باقی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، لە زیاتر لە ٤٠ شار خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. لە جەریانی ئەم خۆپیشاندانە سەرتاسەریانەدا بە سەدان هەزار کەس لە خەڵک خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بوون و لەسەر داخوازی ڕاگەیاندنی ئازاد و دیموکراتیک جەختیان کردوە. دوای ئەوە شارە گەورەکانی ئەلجەزایر هەموو حەفتەیەک شاهیدی خۆپیشاندانی بەرین بووە کە لاوان و بە تایبەت خوێندکاران لەم ناڕەزایەتیانەدا دەور و نەخشی بەرچاویان هەیە. بە وتەی هەڵسوراوانی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیانە، ئاستی بهشداری خەڵک لەم ئاخێزە سەرتاسەریانەدا وەها بەرین و بەرچاوە کە شارەکانی ئەلجەزایر لە ساڵی ١٩٨٨ وە وەها سەحنەگەلێکیان بە خۆیانەوە نەبینیوە. ئەگەرچی داخوازی دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆمار و دەوڵەت یەکێک لە مێحوەری خواستهكانی ئەم ناڕەزایەتیانەیە، بەڵام لە ڕاستیدا خەڵک لە بێکاری بەرین، تەوەڕوم، بارودۆخی نالهباری بەڕێچوونی ژیان، هەستی بێبەش بوون و سوکایەتی هەموو رۆژە و گەندەڵی دەسەڵاتداران و دامودەزگا حکومەتیەکان و هەڵسوکەوتی توندی پۆلیس توڕەن.
لە ئەلجەزایر دەمێکەیە کە بوارە عەینیەکان بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە جێبهجێ بووە. لەم وڵاتەدا بە جەمعیەتێکی زیاتر لە ٤٢ ملیۆن کەسەوە کە ٦٠ لەسەد لە بودجەی دەوڵەتی لە فرۆشتنی نەوت و گاز دابین دەبێت لە ساڵی ١٩٨٠ دا و بە کەم بوونەوەی نرخی نەوت بارودۆخێکی دژواری ئابووری بەسەر خەڵکدا سەپاوە. لەگەڵ توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری و ڕەوتی خوسوسی سازیەکان نزیکەی ٣٠ لەسەد لە لاوانی بێکار بوون و ئەویش لە حاڵێک دایە کە ٥٤ لەسەد لە كۆی جەمعەتی ئەو وڵاتە لاوانی ژێر ٢٠ ساڵ پێکی دێنن. لە حاڵێکدا کە ئەلجەزایر سێهەمین هەناردەکاری گەورەی گازی سروشتی بۆ ئوروپایە و نیوەی گازی مەسرەفی ئیسپانیا دابین دەکات، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە دانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ناڕەزایەتی لەگەڵ داخوازی دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆ کۆمار و دەوڵەت خەریکی گەڕان بەشوێن ڕێگایەکەوەن بۆ کۆتایی هێنان بە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و سوکایەتی هەموو رۆژەیان. درێژەی ئەم ناڕەزایەتیانە فەزای سیاسی کۆمەڵگای ئەلجەزایری گۆڕیوە. خۆپیشاندهران سەرەڕای توند بوونەوەی هەڵسوکەوتی پۆلیسی دژه شۆڕش ئیتر ترسێکیان لە هێزە سەرکۆتگەرەکان نییە، بەم حاڵەشەوە هێشتا تا ئامەدە کردنی بارودۆخ و پێداویستیەکانی سەرکەوتن بەسەر دوژمندا فاسیلەیان هەیە.
ناڕەزایەتی جەماوەری لە ئەلجەزایر لە بارودۆخێکدا دەستی پێکردوە کە ٩ ساڵ بەسەر ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوری ئافریقا و داڕمانی دیکتاتۆڕی تونێس، میسر، لیبی و یەمەن تێپەڕیوە. بەڵام لە ئەلجەزایر دەیەمین وڵاتی گەورەی دنیا، گەورە ترین وڵاتی ئەفریقا بە دەیەمین سەرچاوەی گازی سروشتی، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردودا هیچ گۆڕانێک لە ساختاری حکومەتی و ئیسلاحاتێکی جیدی لە ڕاستای باشتر بوونی ژیانی خەڵکدا روی نەداوە. شەڕی وێرانكەری نێوخۆیی لە ساڵەکانی ١٩٩١ وە تا ٢٠٠٢ لە نێوان دەوڵەتی ئەلجەزایر و ” بەرەی ڕزگاری ئیسلامی” و باقی گرووپە چەکدارە ئیسلامیە سیاسیەکان کە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کوژراوی لێکەوتۆتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی وەدوا کەوتنی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لەم وڵاتەدا بووە. بەڵام ئێستا بە لەبەرچاو گرتنی بوونی زەمینە عەینیەکانی پەرەسەندن و ڕادیکاڵیزە بوونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، سەران و فەرماندەکانی ئەڕتەش مەحفەلەکانی نزیک لە ئاڵقەی دەسەڵات کە بەردەوام پشتیوانی سەرۆک کۆماری بوتەفلیقە بوون ئێستا بە ئامانجی بەرگرتن لە ڕەوتی روو لە پەرەسەندن و ڕادیکاڵیزە بوونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و کۆنترۆڵی ئەم ناڕەزایەتیانە هەمویان خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆماری بوون تا ئامادەکاری سەرەتایی بۆ دەستاو دەست کردنی دەسەڵات لە سەرەوە فەراهەم بکەن. دیاردەکان وای نیشان ئەدەن کە فەرماندەکانی ئەڕتەش و سەرانی ئەحزابی بۆرژوایی و پشتیوانانی لە نێو دەسەڵاتە رۆژئاواییەکاندا بە دەرس وەرگرتن لە ئەزمونی ئاڵگۆرە شۆڕشگێڕانەکان لە خاوەرمیانە و باکووری ئافریقا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە سەرەوە ئامادەکاریان کردووە. ئایا خەڵکی راپەڕیوی ئەلجەزایر ئەو دەرفەتە بە خاوەنانی دەسەڵات ئەدەن؟ لە وەها باوردۆخێکدا کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و لاوانی توڕە لە هەژاری و سوکایەتی رۆژانە، تەنیا بەهەڵکردنی پەرچەمی داخوازیە ئابووری و سیاسیەکان و بە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانیان و شکڵ دان بە ڕێبەریەکی شۆڕشگێڕ بە دیمەنگای ڕوون لەسەر ناوەرۆکی دەرێژەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا دەتوانن بەرەو پێش چوونی ئەم خەباتە مافخوازانەیە زەمانەت بکەن.