سەرەڕای تێپەڕینی یەک ساڵ لە دەستبەسەرکرانی نایاسایی “گوڵاڵە مورادی” بەندکراوی سیاسی خەڵکی شاری پیرانشار، ناوبراو هێشتا دادگایی نەکراوە و لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.
بەگوێرەی تۆمارێکی دەنگی “گوڵاڵە مورادی” کە لە لایەن ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ناچاریان کردووە دانپێدانانی کوڕە مێرمنداڵەکەی کە دژ بە خۆی بووە و هەروەها کۆمەڵێک ڕاپۆرتی دیکە قەبووڵ بکات و لە کۆتاییدا ناچاریان کردووە کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دان بە کۆمەڵێک تاواندا بنێت کە ئەنجامی نەداوە. جێگای ئاماژەیە “گوڵاڵە مورادی” تەمەن ٤٨ ساڵ ڕۆژی شەممە ٢٨ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی “مەتین بەزازی” ١٤ ساڵە و “تاهیر بەزازی” ٢١ ساڵە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ ورمێ گوازرانەوە. ناوبراو پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لەو ناوەندە ئەمنییە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە. دوو کوڕەکەشی پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.