کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەسپەکان لە سەرەو ژووریدا گازلەیەک دەگرن

بە نزیک بوونەوە لە ٧ ی ڕەشەمە ی ٩٤ رۆژی شانۆگەریی هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان و مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ناکۆکی هەردوو باڵی ئوسولگەرا و ئیعتیدالیون زیاتر توند بۆتەوە. مەسعود جەزایری، جێگری ستادی گشتی هێزە چەکدارەکان رۆژی دووشەممە ٣٠ ی مانگی سەرماوەز نووسیویەتی کە ” ئامریکا دەیەوێ خامنەیی لاواز بکات و ژمارەیەکیش لە نێوخۆدا لایەنگری لەم سیاسەتە دەکەن.” ئەو هەروەها ئەو کەسانەی بە ئەفرادێک ناوبرد کە لە حکومەت و حاکمیەتدا جێگایەکیان نییە. قسەکانی جەزایری هەڵوێستەکانی هاشمی ڕەفسەنجانی سەبارەت بە شوڕای ڕێبەری و ئەگەری بەکردەوە دەرهاتنی لە هەڵبژرادنی مەجلیسی خوبرەگانی کردوەتە ئامانج. رۆژی ٢٧ ی سەرماوەز حەسەن فیروزئابادی، سەرۆکی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکان، و ٢٨ ی سەرماوەز، وەزیری ئیتلاعاتیش لەدژی مەتڕەح بوونی ئیدەی شوڕای ڕێبەریی لە لایەن ڕەفسەنجانیەوە هەڵوێستیان گرت.بەڵام توند ترین هەڵوێست گرتنەکان لەم بارەیەوە لەلایەن موحسنی ئیژەیی، جێگری یەکەمی قوەی قەزاییەی ڕژیمی ئیسلامیەوە، دربڕدرا. ئەو رۆژی ٢٩ ی سەرماوەز لە کۆبونەوەی فەرماندەکانی ناوەندی موقاومەتی بەسیجدا، حەسەن رۆحانی و هاشمی ڕەفسەنجانی بە منافق ناوبرد و هەڕەشەی گرتنی لێ کردن. ئەو لەم کۆبونەوەیەدا وتی:” مونافقەکانی ئەمرۆ دانیشتن لەگەڵ زاڵمان و سەرانی زاڵمین و ئیستکباری رۆژئاوا بە شانازی دەزانن و قارەمانان و گیان لەسەردەستانی خەڵکی خۆیان سوک دەکەن، ئەوان بە دواکەتو، قەلەڕەشە و بێ سەواد ناودەبەن”. واژەگەلی ” بێ سەواد” و ” قەلەڕەشە” حەسەن رۆحانی و ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی لە تەوسیفی ئوسولگەرا و دڵنیگەرانەکاندا بەکاریان ‌هێنابوو.611
هەڕەشەی فەرماندەکانی سپا و دەم و دەزگای خامنەیی تا ئاستی پاڵپێوەنرانی ڕەفسەنجانی بەرەو ڕۆحانی لە حکومەتدا و تەنانەت گرتنیان نیشانەیەکی ترە لە قوڵ بوونەوەی ناکۆکی باڵەکان. ئەگەرچی ئەم توند بوونەوەی ناکۆکیانە لە حەفتەکانی نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردن ئەم دوو ناوەندە حکومەتیە بە شێوەیەکی ئاشکراتر لە ڕاگەیەنەرەکاندا دەرکەوتوە، بەڵام توند بوونەوەی ئەم شەڕ و کێشانە دەگەڕێتەوە بۆ دوای تەسلیم بوونی سەرشۆڕانەی ڕژیم لە بەرانبەر دەوڵەتی ئامریکادا و قەبوڵ کردنی بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش یان بەرجام و ڕیشەی لە داماوی ڕژیم لە روو بە روو بوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە هەمە لایەنانەدایە کە گیرۆدەی بووە. باڵی ڕەفسەنجانی- ڕۆحانی ئیستراتیژی سیاسی سپای پاسداران و ئوسولگەراکانی دەوری خامنەیی بە هۆکاری سەرەکی توند بوونەوەی ئەم قەیرانانە دەزانن. بەڵام باڵی سپا- خامنەیی یەکدەست نەبوونی هێزە حکومەتیەکان و سیاسەتی غەرب گەرایانەی باڵی بەرانبەر بە هۆکاری شکستەکان دەزانن. بەڵام لە بنەڕەتدا هەردوو باڵەکە لە دەربڕینی هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانانە و توندبونەوەی قەیرانە حکومەتیەکان خۆ دەدزنەوە.
نیزامی ویلایەتی فەقیەی کۆماری ئیسلامی دەمێکەیە لەسەر بەستێنی پەرەسەندنی نەفرەت و بێزاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە بەردەوامی ئەم بارودۆخەدا درێژە بە ژیانی خۆی ئەدات. لە ئێستادا بە ئیدەی گۆڕان و شکڵدان بە ویلایەتی فەقیە و لە ڕێگای بە شوڕایی کردنی ئەم هێمای کۆنەپەرستیەوە ناکرێ بەربە توند بوونەوەی ئەم بێزاری و نەفرەتە گشتیە بگیرێت. ڕیشەی سەرەکی توند بوونەوەی کێشەی هەردوو باڵی سەرەکی حکومەتی ئیسلامی لەم ڕاستیەدایە کە هیچکام لەوان ئاڵترناتیو و ڕێگا چارەیەکی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی ئابووری و کارەساتی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتێکی بێ وێنە کە داوێنگیری زۆربەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران بووە نییە. نە ئابووری مقاومەتی خامنەیی، نە ئابووری نیوە دەوڵەتی سپای پاسداران و نە مۆدێلی تەوسعە لەسەر بنەمای سیاسەتی نیئۆلیبڕالیستی بازاڕی ئازادی دەوڵەتی رۆحانی ڕێگا چارەی دەرچون لەم قەیرانە نین. قەیرانێک کە ئاسەوارەکانی کاسەی سەبری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی لێوڕێژ کردوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هاتبو تا بەقەولی خومەینی خەڵک لە سایەی ئیسلامدا لە گەندەڵی و تەباهی ڕزگار بکات، ئێستا خۆی سەر تا پێ نوقمی گەندەڵی بووە. ئاسەوار و دواهاتەکانی ئەم گەندەڵیە بەر لە هەمووان داوێنی کرێکاران و زەحمەتکێشان واتە ئەو کەسانەی گرتوە کە خومەینی ئەوانی بە کوخ نشین ناو دەبرد و وەک خاوەنی حکومەتی پیشان ئەدان. ئێستا ئەم ڕیاکاریانە بە پاڵپێوەنرانی هەرچی زیاتری زۆربەی خەڵکی دانیشتیوی ئێران بەرەو ژیان بەسەربردن لەژێر هێڵی هەژاریدا و بێ مافی سیاسی بە تەواوی کاڵ بونەتەوە. ئەم خەڵکەی کە داغی هەزاران گیانبەختکردویان لە زیندانەکاندا و کوژرانی سەدان هەزار کەس لە مەیدانەکانی شەڕیان بە دڵەوەیە لەبیری ڕزگار بوون لە چنگی ڕژیمدان.
لە ئێستادا بەرجام لە سایەی توند تر کردنەوەی بەندەکانی ئیستبداد لە ڕێگای توند کردنەوەی گوشار بۆسەر کرێکاران و هەڵسوڕاوەکانیان، هەوڵدان بۆ خستنە ژێر گوشاری ژنان، گرتنی وێبلاگ نووسان، رۆژنامە نیگاران، هەڵسوڕاوانی مەدەنی، و پەرەدان بە ئێعدامی زیندانیانی عادی و سیاسی لە زیندانەکاندا قەرارە لایەنی ئیجرایی بەخۆیەوە بگرێت. بەڵام دەوڵەتی ئامریکا بە تەسلیم کردنی بەتەواوەتی ڕژیم لە مەسەلەی هەستەییدا و ئیجرای بەرجامەوە ناویستێ. ئامریکا بە گوشارەکانی لەسەر کولیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیە ناڕاستەوخۆکانی لە باڵی رۆحانی درێژە ئەدات تا ئەم ڕژیمە سیاسەتە ناوچەییەکانی زیاتر لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئامریکا هاوئاهەنگ بکات. ئامریکا بە پشت بەستن بە هاوپەیمانانی ناوچەیی خۆی وەک عەرەبستان، تورکیە و ئیسرایل و ئەوانیتر درێژە بە گوشارەکانی بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئەدات تا دخاڵەتگەریەکانی لە ناوچەکەدا کۆنترۆڵ بکات. پێکهێنانی ئیئتیلافێک لە هێزە ناوچەییەکان بە ڕێبەری عەرەبستان و یان دەور و نەخشی سعودیەکان لە نزم ڕاگرتنی نرخی نەوت لە حاڵێکدا کە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکیەکانی داهاتی کۆماری ئیسلامی دۆلاری نەوتیە تەنیا چەند نمونەیەکن لەم گوشارانە.
رۆحانی کە قەولی باشتر بوونی بارودۆخی کرێکارانی لە ڕێگای ئاسایی بوونەوەی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی دابوو، بەرلە هەموو شتێک هێرشێکی هەمەلایەنەتری بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکارانی خستە دەستوری کارەوە. تا ئەو جێگایەی کە لە ئێستادا بە ڕاشکاوی باسی لە زیاد بوونی حەقدەستەکان گونجاو لەگەڵ ئاستی تەوەرومی ڕەسمی کردوە و قەرارە بە کرێکارانی ژێر ٢٩ ساڵیش ٧٥ لەسەد لانیکەمی حەقدەست بدات کە لە مانگی ڕەشەمەدا دیاری دەکرێت. بەڵام لە بەرانبەردا کرێکاران بەتایبەت لە پیشەسازیە کلیدیەکانی پیتروشیمی، موعەلیمان و لەم دواییانەدا خوێندکاران بەبێ سرنجدانە وەعدەکانی دەوڵەتی رۆحانی، بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان، بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکان و دژی خوسوسی سازی پەرەیان بە ناڕەزایەتیەکانی خۆیان داوە. ئەم خەباتە لەسەر ناوەرۆکی پەرەسەندنی نەفرەت و بێزاری گشتی لە ڕژیم، نیگەرانی لە مەترسی ئاخێزە جەماوەریەکانی وەک ئاخێزی ساڵی ٨٨ خەوی ئاسودەی لە چاوی سەرانی ڕژیم زڕاندوە. سەرانی ڕژیم دەزانن کە ئەمجارە و لە ئەگەری هەر ئاخێزێکدا بزوتنەوەی کرێکاری بە هیممەتی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی دەور و نەخشێکی بەرچاوی دەبێت، لەم روەوە بە گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و بە توند کردنەوەی گوشار لەسەریان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەستێنی سەرەکی فەعالیەت دەیەوێ خۆی لە شەڕی ئەوان ڕزگار بکات، سیاسەتێکی کە دەبێ بە وشیاری هەڵسوراوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری پوچەڵ بکرێتەوە.

·