کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەزمونی خەڵکی تێکۆشەر، گەلێک تاکتیک و حەرەکەتی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت

“غوڵامحسێن موحسنی ئیژەیی”، وتەبێژی قوەی قەزاییەی ڕژیم رۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵیدا جارێکیتر قسەی لەبارەی بابەتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبارەوە کرد و وێڕای ئیعتیراف بە کوشتنی ٢٥ کەس لە خۆپیشاندەرانی خیابانی، جارێکی دیكه‌ تاوانی “خۆکوشتن و ئیعتیاد”ی خستە پاڵ گیانبەخت کردوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لە گرتوخانەکاندا لەوانە “سینا قەنبەری و وەحید حەیدەری” لە تاران، ئەوە لە حاڵێکدایە کە دوێنێ هەواڵنێرییەکان باسیان لە گیان لەدەستدانی لانیکەم دوو کەسی دیکە کردبوو. رۆژی شەممە ٢٣ی مانگی بەفرانبار هەواڵی مەرگی “سارۆ قارەمانی”، ٢٤ ساڵان لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەش بڵاو بۆوە. بە وتەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سارۆ، ناوبراو نزیکەی ١١ رۆژ لەوەپێش لە کاتی ناڕەزایەتیەکاندا لە شاری سنە گیرا و بەیانی رۆژی شەممە تەرمی بێ گیانی لە حاڵێکدا ئاسەواری لێدانی پێوە دیار بوو، لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە درایەوە دەست دایک و باوکی. لە لایەکی دیکەوە و به پێی هەواڵ گەیشتوە ، لاوێکی ناڕازیی دیكه‌ بە ناوی ” کیانوش زەندی” کە لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لە سنە گیرابوو، لە ئیدارەی ئیتلاعاتدا گوژراوە. هاوکات رۆژی شەممە ٢٣ی مانگی به‌فرانبار، مەرگی لاوێکی تر لە گرتووخانەی چالوس بە هۆی ئەشکەنجەوە بڵاو بۆوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە بێ کە دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکانی ڕژیم بە ئامانجی دروستکردنی فەزای ترس و خۆف لە کۆمەڵگادا و لە کردارێکی ئاگاهانەدا زەمینەیان بۆ بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئەو جەنایەتانەی لە زیندانەکاندا روو ئەدەن فەراهەم کردوە تا بە خەیاڵی خۆیان خەڵکی پێ چاوترسێن بکەن. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم جۆرە شێوازانە ناسراو و شکست خواردون، بەڵام وەک مەیدانێک لە گۆڕەپانی خەباتێک کە لە ئارادایە، نابێ لە بەدواداچوونی چارەنووسی زیندانیانی سیاسی بەندکراو لە لایەن ڕژیمەوە غافڵ بین. هەر ئێستا بنەماڵەی گیراوەکان کە نیگەرانی چارەنووسی ئازیزانیانن هەموو رۆژێک لەبەر زیندانەکاندا دەست ئەندەنە کۆبوونەوە و بۆ دەست خستنی زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی گیراوەکان هەوڵ ئەدەن. لەم هەوڵانەدا نابێ ئەوان بە تەنیا بێڵینەوە. لەم نێوانەدا ئەوەی کە بۆ پاراستنی ریزی خەباتکارانەی خەڵکی ڕاپەڕیو جێگای گرینگیەکی حەیاتیە، دەستەبەر بوونی بەکردەوەی دروشمی: “نەترسن، نەترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین”ە، کە لە رۆژەکانی ئاخێزی خەڵکدا گەلێک جار دەوترایەوە. بە کرداری بوونی ئەم دروشمانە لە ئیستادا خۆی لە دیفاع لە زیندانیانی سیاسی بەندکراودا نیشان ئەدات. لەم پێوەندەدا پێویستە کە بە شێوەی ڕێک و پێک و بەکۆمەڵ بچنە ملاقاتی بەندكراوان. لەبەر دەم گرتوخانەکاندا کۆببنەوە و ڕیزی ملاقات بکەنە سەفی خەڵکی ناڕازیی. با بە دەنگی بەرز “زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن”، لە هەموو شوێنێکی ئێران بوترێتەوە.13

سەرانی ڕژیم بە کورت بینی تەواو باس لە کپ کرنەوەی دەنگی ناڕەزایەتیە خیابانیەکان دەکەن و وا پیشان ئەدەن کە گۆیا خەڵکی راپەڕیو و ناڕازییان چاوترسێن کردوە. بەڵام ڕاستیەکە بە جۆرێکی دیکەیە. بەرەی نوێ لەو خەباتکارانەی کە لەم رۆژانەی دواییدا لە خیابان و مەیدانی شارەکان خەباتی سنگەر بە سەنگەری خەڵکیان لەگەڵ ڕژیم ڕێبەری کرد، لەمڕۆدا چاوترسێنی کرداری ناوەندەکانی سەرکوتی ڕژیم نابن، بەڵکوو لە هەر حەرەکەتێکی خۆیان تەرجروبەیەکی نوێ فێر دەبن و کارەکانیان وشیارانە تر و ڕێکخراو تر دەبەنە پێشێ. کرێکاران، ژنان و لاوانی پێشڕەو، سوننەتی خەباتکارانەی خۆیان بەرز دەکەنەوە و لە شکڵ و شێوەی تایبەت بە خۆیاندا، ناڕەزایەتیەکانیان ئەنجام ئەدەن. هیچ ڕادەیەک لە سەرکوت و جەنایەت و وەحشیگەری کەسانی سەربە ڕژیم و بڵاو کردنەوەی لە ڕاگەیەنەرە خەبەریەکاندا ناتوانێ خەبات بۆ ئازادی و بەهەرەمەند بوون لە ژیانێکی ئیسانی کە نیازی حەیاتی ئەم کۆمەڵگایەیە، لە مەیدان بکاتە دەرەوە.

ئەوەی کە ناو ئەندرێت کپ بوونەوەی خۆپیشاندانی خیابانی، دەتوانێ سەرەتای فازیکی تر لە خەبات و خۆڕاگری خەڵک بێت بۆ دەستەبەر بوونی هەمان ئەو ئامانجانەی کە لە فازی یەکەمدا بۆی ڕژانە سەر شەقام. خۆپیشاندانی خیابانی تەنیا مەیدانی خۆ دەرخستنی خەباتکارانەی خەڵکی ڕاپەڕیو نییە. ئەزموونی خەڵکی تێکۆشەر، تاکتیک و حەرەکەتی جۆراو جۆر لەخۆی دەگرێت. ئەوەی کە لە ماوەی دوو حەوتوی ڕابردودا بینیمان، تەنیا گۆشەیەک لە هێزی لەبن نەهاتووی خەڵکی خوازیاری ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی بوو. هێشتا کارێکی زۆر لە بەردەم دایە کە دەکرێ ئەنجام بدرێن. دەکرێ بە دروستکردنی رێکخراوی سەربەخۆ لە شوێنەکانی کار و ژیان بەستێنی خەباتێکی یەکگرتووانە تر و هاوئاهەنگ تر و ئامانجدار تر فەراهەم بکرێت، دەکرێ بە مانگرتنی کرێکاری، ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان ئیفلیج بکرێن و چەرخەی سودپەرەستی سەرمایە بخرێتە مەترسیەوە، دەکرێ بە مانگرتنی گشتی لە یەکە ئیداری، ئاموزشی و خزمەتگوزاریەکاندا، نەزمی سیستمی حاکم بشێوێندرێت.

ئەگەر کرێکاران بە شێوەیەکی یەکگرتوانە بێنە مەیدان، ئەگەر پشڕەوانی بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکان بە باوەڕ بەخۆیی زیاترەوە بێنە مەیدان و وێڕای نمایشاتی خیابانی شکڵ و شێوازی دیکەش لە خەبات ئەزمون بکەن و زنجیرەیەک مانگرتنی هاوئاهەنگ بخەنە دەستورت کاریانەوە، ئەگەر کرێکارانی ناوەندە سەرەکیەکانی بەرهەمهێنان لەم مانگرتنانەدا دەوریان هەبێت، نە تەنیا هێرشی هەوسار پچڕوانەی ڕژیم لەغاو دەکەن، بەڵکوو هاوکات هێندێک لە داخوازییە سیاسی و ئابووریەکانی خۆشیانی بەسەردا دەسەپینن.